١٨\٧\٢٠٢٥
لە ئاتاتورک و ئەردۆغانەوە هەتا کورد و
حیزبەکانی!

برایم فەڕشی
لە پاش شەڕی یەکەم ئیمپڕاتوری عوسمانی لەبەریەک ترازا و کۆماری تورک
لە سەر ئیدئۆلۆژی فاشیستی دامەزرا. لەو کاتەوە حیزبی چەپ و ڕاست و
ئیسلامی تورک، ئامانجیان حکومەتی یەک نەتەوە، یەک زمان و دژایەتی
ئەوانیتر بووە. ئەم هژمۆنی و ستراتێژییە لە لایەن سۆسیال دێموکرات،
ناسیۆنالیست، فاشیست و ئیسلامی تا ئێستا پارێزراوە و حیزبی کۆمۆنیستی
تورکیا و سەرۆکوەزیرانی بە ڕەچەڵەک کورد، تورگوت ئۆزال و وەزیر و
وەکیلی بە ڕەچەڵەک کورد، لەم ستراتێژییە لایان نەداوە. پڕۆسەی لە
ناوبردن و ئاسمیلەکردنی کورد، بە بێ بەشداری کورد خۆی، سەری
نەگرتووە!
لە تورکیا حیزب و گرووپی کوردی هەبوون و داوای مافی کوردیان کردووە،
پارتی سۆسیالیست، پارتی دێموکرات، پارتی خەجێ و هەشت حیزبی تر هەبوون و
شۆڕشی شێخ ڕەزا، دەرسیم، کۆماری ئارارات، دوکتور شوان(سەعید گڵە
سوور/سەعید کرمزی توپراخ) ، ئیحسان نووری پاشا و دەیان ناوی تر وەک
لەیلا زانا و مووسا ئەنتەر، بەڵگەی خەبات و تێکۆشانی باکووری
کوردستانە.
پاش کۆتایی شەڕی دووهەم(١٩٤٥) لە سەر داوای حکومەتی ئاڵمان هەزاران
کورد و تورک وەک کرێکاری میوان هاتنە ئاڵمان و لە درێژەدا دامودەزگای
کوردەکان دامەزرێندرا و چالاکی ئەوان لە ناوخۆ گوێزرایەوە بۆ دەرەوەی
وڵات. کە ئەمە خۆی لایەنی باش و خراپی هەبوو. کار وخەباتی حیزب و
کەسایەتییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە کەمترین کارتێکەریی لە سەر حکومەتی
تورکیا لە مەڕ بە ڕەسمی ناسینی مافی کورد هەبوو. لە کتێبی خوێندنگاکانی
تورکیا و ئەو کتێبانەی لە خوێندنگەی تورکمان لە هەولێر و شارەکانی تر
دەخوێندرێن، تورک وەک تاکە نەتەوەی ئەم وڵاتە دەناسرێ کە ئەوە بۆتە
تێگەیشتنی خەڵک و حکومەت! ،، بیر تورک دونیایە دەیر،، واتە هەر تورکێک
یەک دونیا دەهێنێ، تەنیا تێگەیشتنی گورگە بۆر و فاشیست و ئیسلامی و
حیزبەکانی نییە و تێگەیشتنی زۆرینەی تورک لە تورکیا و دەرەوەی ئەو
وڵاتەیە!
ئیدئۆلۆژی فاشیستی گرێدراو لە تەک ئیسلام بە خەستی بۆتە سیاسەتی ڕەسمی
و گرێدەدرێتەوە بە ئاڵمان کە تورکەکان بە هەموو شێویەک خۆیان نزیک لە
هیتلێر و حکومەتەکەی دەبینی. پێشینەی بەکارهێنانی ئیسلام بۆ مەبەستی
سیاسی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قەیسری ئاڵمان کە سەردانی ئەستانبوڵی کرد
و سۆڵتانی عوسمانی وادار کرد، جیهاد دژی ڕووس و بریتانیا ڕابگەێنێت.
قەیسەر لەم سەفەرەیدا سەردانی سەر گۆڕی سەلاحەدین ئەیوبی کرد و ئەم
دەنگۆیە لە ناو موسڵمانەکان بە کوردەوە، بڵاو بووە، کە قەیسەری ئاڵمان
بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی کردۆتە موحەممەد. ئەم نزیکییە لە سەردەمی
هیتلێر دانیشتنی ئەو و موفتی موسڵمانانی لێکەوتەوە و ئەم بەڵێنە بە
مفتی درا، کە ئەگەر سپای نازی وڵاتانی باڵکان داگیر بکات، جوولەکەی ئەم
وڵاتانە لە ناو دەبەن، کە ژمارەیان دوازدەهەزار کەس بوو.
لە سەدەی نۆزدە و کۆتایی سەدەی هەژدە نەتەوەکانی ژێر سەیتەرەی
ئیمپراتوری عوسمانی، یەک لە دوای یەک خۆیان لە ژێر چنگی حکومەتی
عوسمانی ڕزگار کرد. کورد وەک موسڵمان گرێدراوی عوسمانییەکان مایەوە و
تاقمێک لە کورد بەشدار بوون لە قڕکردنی ئەرمدنییەکان، هەرچەند خۆیان
شاهیدی کارەساتی دەرسیم و قەتڵوعامی کوردەکانی دەرسیم بوون کە ئایینیان
جیاواز لە باقی کوردەکان بوو. ئەوەش ئاشکرایە کە کورد لە ناوخۆ و
دەرەوە، ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەی پاش کۆتایی شەڕی یەکەم نەبوو،
دەوڵەتی خۆی دامەزرێنێ یان وەک کورد بەشدار بێ لە حکومەت. دەوڵەتی بە
ناو لاوی تورکیا بە هاوکاری کورد و ڕەگەڵ کەوتنی خەڵکەکەی سەری گرت!
سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
کۆتایی هاوینی ساڵی ١٩٧٨ لە ڕێگای چوون بۆ ئاڵمان بە مەبەستی درێژەدان
بە خوێندن، لە قەتاری تاران- مونیخ لە ڕێگای دوو خوێنکاریی فارسی چەپ
کە دەگەڕانەوە بۆ ئۆتریش لە گەڵ گریلایەکی کوردی باکوور ئاشنا بووم کە
خۆی وەک ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان ناساند و گوتی داوای
سەربەخۆی بۆ کوردستان دەکەن.
ئەو ساڵە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرێکاران لە ڕێگای نێوان سنووری
ئێران و تورکیا بە ناوی کاری شۆڕشگێریی، دەهاتنە ناو قەتاری تاران-
مونیخ بۆ دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت و پارەی موسافیرانی ئێرانی. ئەوە
هەمان کار بوو کە چریک و موجاهید لە ئێران دەیانکرد و هەڵیان دەکوتایە
سەر بانکەکان، ئەوە هەمان کار بوو کە RAF لە ئاڵمان و PLO ی فەلستین
دەیانکرد.
پارتی کرێکاران لە باکوور تەشەنەی ساند و گرێدراویان بە گرووپە چەپە
تووندڕەوەکانی مارکسیستی ناوچە و ئاڵمان و ئوتریش پەیدا کرد. کۆمەڵێک
لەو کوردانەی ئەندام و لایەنگری حیزبی کۆمۆنیستی تورکیا بوون لە گەڵیان
کەوتن و لە کۆنگرەی یەکەم(١٩٨٠-٨١) کە لە شاخەکانی باشوور پێکهات،
تووشی کێشە و یەکتر کوشتن هاتن و تاقمێکیان لێ جیا بووە و پەنایان بردە
حیزبەکانی باشوور.
ساڵی ١٩٨٧ بۆ یەکەمجار لە شاری کۆڵنی ئاڵمان شەقامی بەرلین،
لایەنگرانیان بە دەهۆڵ و زوڕنا لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز دەرکەوتن. ئەوان
ئەو ساڵانە و ساڵانی دواتر حەولی ئەویان دا دامودەزگای کوردەکانی تر
وەک کۆمکار، کاکادکا، کۆمەڵەی مامۆستایان، جەواتا کورد، کۆمەڵەی
کرێکاران لە مەیدان دەربکەن یان کەسانیان بکێشنە ژێر ڕێکێفی خۆیان،
ئەو کارەی لە گەڵ ئەنستیتۆی کورد لە بۆن کرا و سەرئەنجام لە ململانەی
ناو کوردەکان هەڵوەشێندرایەوە. ئەوان دواتر توانیان دەست بەسەر
ڕێکخراوی خوێندکاری کورد لە زانستگای کۆڵن و شوێنیتردا بگرن و
ئەندامانی حیزبەکانی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، لەوانە ئەندامانی کوردی
حیزبی کۆمۆنیستی تورکیا کە دواتر دەوری کارگەریان لە ڕێکخستنی
دامودەزگای سەر بە پارتی کرێکاران بە تایبەت ئاواکردنی "مەد تی وی"دا
گێڕا.
لە درێژەدا کۆڕ و کۆمەڵی کوردی عەلەوی و دامودەزگا و حیزبی ئیسلامیان
دامەزراند و گەلێک کۆبۆنەوەیان بە ناوی کۆنگرەی هونەرمەندان و
نووسەران و شانۆکاران ڕێکخست و لە درێژەدا فستیواڵی شانۆ و فیلم بەڕێوە
چوو. وەشانخانە بۆ چاپی کتێبی کوردی، ئاڵمانی و تورکی دامەزرا و دەیان
شوێنی ئابووریی، ڕێستوڕان و دووکان و شیرکەت و شوێنی فەرهەنگی
دامەزرێندران و کەسانیان لە ناو حیزبەکانی ئاڵمان، حیزبی مارکسیست
لینینیست، سەوزەکان و دواتر چەپەکان بوونە ئەندام و هێندێکیان کەوتنە
ناو پاڕلەمانی شار و ئەیالەت و هەروەها کەسانیان بە پێی پیشەکەیان
بوونە ئەندامی ئیتحادییە و سەندیکا و لەم شار و ئەو شار بوونە بەرپرس.
سازکردنی ئاکادێمی هونەر لە شاری نۆیس، ئەنستیتۆی کورد لە کۆڵن،
بەڕلین، بلژیک و هەروەها سازکردنی دامودەزگای هونەریی، کۆمەڵایەتی،
ئابووریی، چاپخانە، وەشانخانە، گرووپی هونەریی، شانۆ، سینەما، مۆسیقا
لە ئەستانبول، ئامید و شوێنیتر و گرێدانیان بە ئورووپا، پارتی
کرێکارانی کوردستانی لە باکووری وڵات و ئورووپا هەتا مۆسکۆ و
کازاخستان، کردە تەنیا هێزی کورد و دواتر بە دامەزراندنی کۆنگرەی
نەتەوەیی، پژاک و هادپ و کەنەکە و دامودەزگای تر لە باشوور و ڕۆژهەڵات
و ڕۆژئاوا، خەتی فکریی، سیاسی، ئیدئۆلۆژی پارتی کرێکارانی کوردستان
سنووری باکووری وڵاتی تێپەڕاند، هەرچەند حیزبی دایک و دامودەزگاکانی لە
لایەنی سیاسی و ئیدئۆلۆژی و ستراتێژی لە ئامانجی سەرەتای خۆیان، واتە
سەربەخۆیی کوردستان، دوور کەوتبوونەوە. پەیدابوون و گەشەپەیداکردنی
پارتی کرێکارانی کوردستان گۆڕانێکی سیاسی فەرهەنگی، نەتەوەیی،
کۆمەڵایەتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بوو کە هەزاران کچ و کوڕ
خۆیان لەم حیزبەدا دیتەوە.
نووسەری ئەم دێڕانە ساڵەکانی ١٩٧٨، ١٩٨٥، ١٩٨٩، ١٩٩٤،١٩٩٧، ٢٠٠٥
هاتوچۆی کوردستان و ئەستانبوڵی کردووە و لە نزیکەوە پێوەندی لە گەڵ
نووسەر، هونەرمەند، سیاسی و دامودەزگای فەرهەنگی، زانستی و حقووقی کورد
لە ئەستابوول و ئامێد هەبووە و لە نزیکەوە شاهیدی گۆڕانی خەڵکی کورد
بە نیسبەت مەسەلەی کوردەوە بووە.
ساڵی ١٩٧٨ لە ئەستانبوول لە ناو بازاڕ کە زۆر تاجری کوردی لێیە و لە
ناو شار گەلێک هوتیل و دامودەزگایی تیجاریی و بازرگانی، ڕیستۆڕان،
چاییخانە، خاوەنەکانیان کورد بوون، کەس بە کوردی قسەی نەدەکرد و بە
ئاشکرا کەس خۆی بە کورد نەدەزانی. نووسەری ئەم دێڕانە ئەو ساڵە لە
ئاکسارای لەگەڵ کوڕێکی تورک کەوتمە گفتوگۆ، کاتێک زانی کوردم، لەگەڵم
بە کێشە هات و دەیگوت کورد "بوونی نییە" و بە زۆر دەیویست ڕاکێشی
بەردرم پۆلیسم بکات.
ساڵی ١٩٨٥ هەر لەو شارە لە هوتێل، چاییخانە، سەر شەقام و ناو ڕێستۆڕان
کە دەیانزانی کوردم هەواڵی پێشمەرگە و ڕۆژهەڵاتیان دەپرسی. ساڵی ١٩٨٩
گۆڕان لە ئەستانبووڵ بەرچاو بوو. نەورۆزی ساڵی ١٩٩٢ بوو بە خۆپیشاندنی
مەزن لە ئەستانبوول و بە خوێن کێشرا و لە هەموو مێدیای جیهان دەنگی
دایەوە و بوو بە هۆی خۆپیشاندانی مەزن لە ئورووپا و ساڵی ١٩٩٤ لە
ئاڵمان گەیشتە ئەو جێگایەی بۆ چەند سەعات هاتوچۆ لە ئاتۆبانەکانی
ئاڵمان بە هۆی کوردەکانەوە ڕاگیرا. هەر هەمان ساڵ ئێمە وەڤدی یەکیەتی
مامۆستایانی ئاڵمان لە ئەستانبول و ئامێد لە گەڵ کۆمەڵێک سیاسی و
کارناسی بواری ئابووریی، فەرهەنگی، سیاسی کورد دانیشتین و لە نزیکەوە
ئاگاداری گۆڕانکارییەکان لە ناو کۆمەڵگا کراین. ساڵی ١٩٩٧ دامودەزگای
کوردی وەک ئەنستییۆی کورد، وەشانخانە و ستۆدیۆی کورد و کورسی زمانی
کوردی و ناوەندی هونەریی و شانۆ و مۆسیقا لە ئەستانبوڵ دامەزرابوو.
ساڵی ٢٠٠٥ لە شارداری ئامێد بینەری شانۆ بە زمانی کوردی بووم.
ساڵی ١٩٩٤ و ٢٠٠٥ هەر لە ئامێدەوە هەتا سەر پردی برایم خەلیل شارە وشار
چووین و لە هەموو شارەکان لە گەڵ ئەو کوردانە ڕووبەڕوو بووین کە لە
ئامێزیان دەگرتین. لە ئامید ساڵی ٩٤ دووکاندارێک کە ئیزنی دابوو لە گەڵ
ئاڵمان بە تەلەفوونەکەی قسە بکەین، کە زانی بە کوردی قسە دەکەم، خۆی
پێڕانەگیرا و لە ئامێزی گرتین و هەر لەو شارە حاجی خاوەن مینی بووس،
برازاکەی خۆی ڕەگەڵ خستین هەتا برایم خەلیل. ئەو هەستە ساڵی ١٩٧٨ لە
شاری وان و ئەستامبوڵ بەرچاو نەدەکەوت و فاشیستە بەرگ
شینەکان(ئاویی) لە شاری وان ڕاپێچی زیندانیان دەکردین ئەگەر
بیانزانیبا کوردین و خۆمان بە کورد دەزانین، هەرچەند ئەمڕۆش پۆلیس و
میت و حکومەتی ئیسلامی تورکیا، هەڵوێستی سیاسی و کردەوەیان بەرانبەر بە
کورد نەگۆڕاوە، بەڵام ئیتر لە گەڵ کوردی ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٨٠ ڕووبەڕوو
نین!
سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان تەنیا سازکردنی گرووپێکی چریکی
تووندڕەوی مارکسیست نەبوو. سازکردنی دامودەزگایەکی سیاسی، ئابووریی،
تیجاریی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی بوو کە زۆرجار خۆی لە نزیک دەزگایەکی
مافیایی دا دەدیتەوە. ساڵی١٩٨٧ لە شاری "تریەری" ئاڵمان من و دۆستەکەم،
لە تەک چەند کوردی باکوور بە هەڵکەوت لە ڕستۆڕانێک ئاشنا بووین، خاوەن
ڕستوڕان ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو. ئەو کوردانەی لەوێ
کاریان دەکرد و شەوانەش لە رستواڕانەکە دەخەوتن، چەند کەسێکیان هیچ
وەرەقەیەکی ڕەسمی ئاڵمانیان نەبوو، بە قاچاخ هێندرابوون بۆ ئاڵمان.
دواتر لە شارەکانی تر کەسانی ترم ناسی کە بەم شێوە لە باکووری وڵاتەوە
هێندرابوون بۆ ئاڵمان.
ساڵی ١٩٩٥- ١٩٩٦ و پێشتر زۆر جار ڕۆژنامە و مێدیای ئاڵمان باسیان لە
دەستبەسەرکردنی کەسانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، بە تاوانی
قاچاخ، پووڵی ڕەش سپیکردنەوە، ترۆری نەیار و ئەندامانی پێشووی خۆیان کە
لێیان هەڵگەڕابوونەوە، دەکرد.
ساڵی ١٩٩٦/٩٧ وەک شانۆپێداگۆگ لە زیندانی شاری کۆڵن بەڕێوەبەری کورسی
شانۆپێداگۆگی بۆ زیندانیانی لاو، نێوان ١٧ بۆ ٢١ ساڵ بووین. سەرەتا
دەبوو لە گەڵ نوێنەرانی زیندانییەکان کە تەنیا ئاڵمانی نەبوون، قسە
بکەین. ئەو خانمەی وتەبێژی زیندانییەکان بوو، کاتێ زانی ئێمە دوو کەس
کوردین، گوتی ئەویش کوردە. لە وڵامی ئەم پرسیارە کە چەند کوردی تر لەو
زیندانە هەن، گوتی سەد وبیست. لەم زیندانە و زیندانەکانی تری ئاڵمان
سەدان کەس گرێدراو لە گەڵ پارتی کرێکاران بە تاوانی جیاوازی سیاسی و
ناسیاسی خرابوونەوە زیندان. هەروەها "مەد تی وی" بە تاوانی سپیکردنەوەی
پارە، ماوەیەک داخرا. ساڵانی ١٩٨٧ بەو لاوە پارتی کرێکارانی کوردستان
لە ئاڵمان یارمەتی کۆ دەکردەوە، دواتر لە دووکاندار و خاوەن شیرکەت و
کیۆسک و رستۆران و چاییخانەی تورک و کورد، باجیان وەردەگرت و هەر لەو
ساڵانەوە خۆیان دەستیان کرد بە سازکردنی دامودەزگای تیجاری. یەکەم
ڕیستورانیان لە شاری کۆڵن لە شەقامی لۆگزمبۆرگ دامەزراند.
پارتی کرێکارانی کوردستان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان، سیستەمێکی
سیاسی- نیزامی- ئابووریی- تیجاریی هەمە چەشن بوو، کە سەرێکی لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و کوردستان و سەرەکەی دیکەی لە ئورووپا و
وڵاتانی پێشووی سۆڤیەت بوو. ئەم سیستەمە سەرەڕای بە ترۆریست ناسینی لە
لایەن ئورووپا و تورکیا، بەردەوام گەورەتر بۆتەوە و بۆتە هێز و
ڕێکخراوێک کە هەرچەند تا ئێستا حیسابی سیاسی بۆ نەکرابێت، نەشکراوە،
بچووک کرێتەوە و لە ناو ببردرێ. ئەم کارە نە تورکیا پێیکرا و نە
ئورووپا.
ئەم سیستەمە پاش دامەزراندنی "مەد تی وی"، کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەنستیتۆی
کورد و دامودەزگای تر، لە گەڵ پشتگیریی نووسەر، ڕۆژنامەنووس،
هونەرمەند، پرۆفسۆری زانستگا، سیاسی بە ناو و دەنگ لە ناوخۆ و دەرەوە و
لە هەر چوارپارچەی کوردستان ڕووبەڕوو بوو. زۆر کەسی شارەزا لە
سکاندیناوی هەتا کانەدا و ئەستانبوول و شارەکانی تر، ڕوویان کردە
دامودەزگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام هەموو ئەو خاوەن بیر و
هزر و هونەر و شارەزا و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستی و
هونەریییە، تاراندران و لە ناو سیستەمی نادێموکراتیک و ڕێکخراوی شێوە
ستالینی نوخبەتارێن، جێگایان نەبووە و بەوەش پارتی کرێکارانی کوردستان
بوو بە شوێنی پڕاکتیککار هەتا تئۆرسین و پسپۆر!
ئەوە حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە و سیستەمی زاڵی ناو
حیزبی کوردییە! پارتی کرێکاران وەک حیزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات بە
دەگمەن شارەزا و پسپۆڕ و دیپلۆمات و زمانزانیان لە گەڵ ماوەتەوە، کە لە
دەرەوەی وڵات کاری دیپلۆماسی و مێدیایی بۆ حیزبەکەیان بکەن. ئەو کاتەش
عەبدوڵا ئوجەڵان دەستبەسەر کرا، لە ئاڵمان کەسیان نەبوو، بچێتە بەر دەم
مێدیا! ئێستاش ئەوە چەند مانگە بانگەوازی چەکدانان و هەڵوەشانەوەیان
جاڕ داوە، بەڵام کەسیان نییە، بێتە بەر مێدیای ئورووپا و داکۆکی لە
سیاسەتەکەیان بکات و زانیاریی ڕاستەوخۆ بداتە ڕای گشتی!
سیاسەتی نوێ کە ئێستا نوێ دەنوێنێ و پێشتر بە فۆڕمێکی تر لە تورکیا
تاقیکراوەتەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان و قۆڵی نیزامی ئەو،
ناتوێنێتەوە و سووتاندنی سی دانە کەڵاشینکۆڤ، کۆتایی ئەوان و حیزب و
سیستەمەکەیان نییە. ئەم سیستەمە دەتوانێ ئەم لایەن و ئەو لایەنی خۆی
تووشی گۆڕان و هەڵوەشانەوە بکات، کە ئەوە هەڵوەشانەوەی سیستەم نییە و
بەڵکە جێگۆڕکەی هێز و گۆڕینی کار و چالاکییە. ئەوەی ڕوون نییە دوورنمای
سیاسی و کاروچالاکی و ڕێکەوتن و ڕێنەکەوتنی ئەم پارتە و حکومەتی
ئەردۆغانە. ئەم سیستەمە لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابوردوو، گەلێک گۆڕانی
سیاسی- ئیدئۆلۆژیک و فۆڕم و ناوەرۆکی بەسەردا هاتووە و لە داهاتووشدا
بەسەر دێت و دەبێ هەمەلایەن سەیر بکرێ.
ئێستا پرسیار ئەوەیە تورکیای دابەشبوو لە لایەنی سیاسی، کە دووچاری
قەیرانی ئابووریی، پووڵی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک بووە و قەیرانی ناوچەکە و
دۆخی جیهانیش کارتێکەریی لە سەری هەیە، لە گەڵ کورد و پارتەکانی کە
بەشێکیان لە ناو پاڕلەمانی ئەم وڵاتەدان و شارەکانی کوردستانیان لە چنگ
پاشماوەکانی ئاتاتورک و فاشیستەکان و ئیسلامییەکان دەرهێناوە و لە گەڵ
٢٢ ملیۆن کورد و ١٥حیزب و دامودەزگا ڕووبەڕوون ، چۆن مامەڵە دەکەن؟
پارتی کرێکارانی کوردستان و قۆڵی چەکداری ئەگەر بە تەواوی
هەڵوەشێندرێتەوە، مانای ئەوە نییە، کۆمەڵگای کوردستان و کورد، کۆتایی
هاتووە!
پاشماوەکانی ئاتاتوتک و فاشیستە بەرگ شین و گورگە بۆر و حیزبی ئیسلامی
ئەردۆغان، ناتوانن کورد بەرنەوە ناو قەفەسەکەی ئاتاتورک، چ پارتی
کرێکاران هەبێ، نەبێ، یان وەک تورگوت ئوزالەکانیان لێ بێت! ئورووپاش
ئیتر لە گەڵ کوردی سەد و بیست ساڵی پێش، رووبەروو نین، کە دابەشیان
بکەن بەسەر چوار وڵاتدا.
جیهان لە گەڵ ئەوکوردانە ڕووبەڕوون، کە ستراتێژی و بەرنامەی هاوبەش و
ڕێکخراوی یەکگرتوو و دیپلۆماسی نەتەوەیی هاوبەشیان نییە و لە هەر کام
لەو وڵاتانە ستراتێژی و بەرنامەی نەتەوەیی نابیندرێ و بە پێچەوانە
بەرنامە و تاکتیکی حیزبی و گرووپی وەک پارتی کرێکارانی کوردستان
بەرچاوە، کە بەرپرسی یەکەم نەگۆڕ و چەسپاو بە کورسییەوە، ئەم لا و ئەو
لا بە حیزب و بەرنامە و تاکتیکیان دەکات، وەک پارتی دێموکراتی
کوردستانی عێراق، یەکیەتی نیشتمانی کوردستانی عێراق، حیزبی دێموکراتی
کوردستانی ئێران ، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و ئەوانیتر!
ئەوەی ئەمڕۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەیکات، بە شێوەیەکی تر پارتی
دێموکراتی کوردستانی عێراق ساڵی ١٩٧٥ کردی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی
ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی تر لە پاش
ساڵی ١٩٨٢ بە شێوەی خۆیان کردیان. پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق،
سەرەڕای چەکدانانی هەزاران پێشمەرگە لە ناو نەچوو، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات
سەرەڕای نووشستی گەورە لە ناو نەچوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان هەر مەبەستێکی سیاسی و ناسیاسی بۆ بەرژەوەندی
و دژ بە بەرژەوەندی کورد هەبێ، وەک سیستەم دەمێنێ و دەوری ئەرێنی و
نائەرێنی لە بواری سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی لە تورکیا و
ناوچەکە دەگێڕێ. ئەم ڕەوتە لە هەموو کوردستان بەردەوام دەبێ، هەتا
کۆمەڵگای کورد، تاک و کۆ، بگات بەو ئاستە لە تێگەیشتن، خۆی و دەوری خۆی
و مافی خۆی بناسێ و ببێت بە کارێکتێر و کەسایەتی سەرەکی گۆڕان، ئەوەش
بە بێ بەشداریی هێزی فکریی- سیاسی- فەلسەفی و بە بێ تئۆری و بەرنامە و
ستراتێژی و بە بێ رێکخراوەی ئەمڕۆیی و دیپلۆماسی، کە کورد نیەتی، سەر
ناگرێ.
تورکیای ئاتاتورک و فاشیستەکان پاشەکشەیان پێکراوە. کورد ئیتر ترکی
کێوی نین و لە پارلەمان و کۆمەڵگا و لە سیاسەت و مێدیا و ئابوریی
دەوریان هەیە و هەنگاوی تر دەبێ هەڵهێننەوە. ئایا تورکیا واز لە
سیستەمی داخراوی یەک نەتەوە و یەک وڵات دەهێنێ و سیستەمەکەی بۆ کورد
تووشی گۆڕان دەکات؟ ئایا ئورووپا، ناتۆ، ئامریکا و وڵاتانی تر هاوڕێ
دەبن لە گەڵ کورد، بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیمایەکی تر پەیدا
بکات؟ ئایا کورد و پارتەکانی لە باکوور خۆیان لە یەک بەرنامە و یەک
ستراتێژی وەک یەک نەتەوە، دەبیننەوە، یان حیزبایەتی نەتەوە تووشی
کارەسات دەکات؟
وڵامی ئەم پرسیارانە و گەلێک پرسیاری تر بە تەنیا گرێدراوی پارتی
کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا نییە و گرێدراوی کورد خۆی و
تێگەیشتن لە سیستەمی سیاسی، پراکتیکی سیاسەت و ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و
ناوچەیە، کە کورد تا ئێستا دەوری تێدا نەدیتووە!
ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهانی سیاسەت و سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی دەبیندرێ،
ناڕوونی سیاسی و قەیران و کێبەرکێی نێوان ئاسیا و ئورووپا و ئافریقا و
ئامریکایە. کورد لەم جیهانەدا خاوەن ستراتێژی، بەرنامە و دیپلۆماسی وەک
یەک نەتەوە، یەک خاک نییە و تا ئێستا نەیتوانیوە و نەیویستووە ببیت بە
هێزی کاریگەر لە ناوچە و جیهان. هەرچەند ئەم پۆتانسیلە لە کوردستان،
وەک سەرزەوینێکی یەکجار گرنگ و نەتەوەیەکی شەشت ملیۆنی هەیە، ئەگەر
بەخۆ بزاندرێ و کورد خۆی وەک خەڵکی یەک سەرزەمین و یەک نەتەوە ببینێ و
بناسێنێ!
_________________________________________________
https://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Braym/saied%20glesur.pdf
١٢\٧\٢٠٢٥
ماڵپەڕی
برایم فەڕشی
|