٢٨\١٠\٢٠٢٠
لە
ئێوارەیەکی
زەردەپەڕدا
عیشقی
تۆ بووم.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
لەئێوارەیەکی زەردە پەڕدا
لەکەناری شەپۆلی دەریایەکی
پڕ لە زەردەخەنەی ماتەمدا
چیرۆکی ژوانێکی پڕ لە خۆشەویستی
ھەردووکمانی لە ئامێز گرت
شنەی شەماڵی گەڵای وەریوو
شنەبای پڕ لە نەغمەی باڵندەکان
بوونە زمانی عشقمان.
٢
لەئێوارەیەکی زەردەپەڕدا
گۆرانیەکی غەمگین و
سەمفۆنیای رۆحی تۆ
بوونە لاولاوی دڵم و
خەمی دەرونمی تاسان و، بوونە پشکۆ.
٣
لەئێوارەیەکی زەردەپەڕدا
تابلۆی رۆحت
پڕبوون لە نمە نمەی باران
دەستەکانت بوونە نزای پاڕانەوەو
وشەکانم پڕبوون لە رەنگی کازیووەو.
گەردنییشم پڕبوون
لە دەنکە مرواری بۆجێ ژوان.
٤
لە خۆرنشینی دڵتەوە
لە باخچەی پر لە ژاکاوی رۆحتەوە
چاوەڕوانی زەردەپەڕی ئێواران بووم
تاکوو سیلەی رەحمت
باوەش بە کۆڵانی دڵما بکا
سیلەی ناسۆریم بیرباتەوەو
پەلکەگیای دەستت ببێتە
نووسینەوەی خۆشەویستی.
٥
چاوەکانت خەمێکی قووڵی لێ دەبارێ
ھەناسەی گەرمی ،رۆحی پاک و بێگەردت
کراسی سپی بووکێنیمی بیرکەوتەوە
بۆیە لەدەلاقەی وشەکانما
گوڵی لێوت ھاتنە نێو دنیای شیعرمەوە.
٦
خەونەکانم پڕن لەملوانکەو
مرواری گەردنت
پڕن لەچیرۆکی تاساوو،ئازاری شەوی تەنھایی
خەونەکانم پڕن لە چارەنووسی نادیارو
ھەگبەی ئازارو ،خەمێکی کۆتایی.
٧
لەباوەشی پڕلە پەپوولەی خۆشەویستیما
حەشارم دایت
لەنێو رۆحی پڕ لە ئەندیشەی خەیاڵما
ئازارت دام
کاتێ عەشقم بانگی کردی
تۆ پریاسکەی حەزو ئارەزوەکانت
لەنێو نەغمەی دەنگی باڵندەیەکدا
توند کلیل دا.
٨
لەنێو رەنگی پڕ لە زەردەخەنەی نیگاکانم
لێوەکانم بوونە شەونم و شنەی بەربەیان
تاسەی دووری خەمەکانم
بوونە جۆگەلەی یادگاری و
شۆڕەبی رۆحت دەبەخشیە
رەنگی و رووی روخسارمان.
٩
لەگەڵ ھاژە ھاژی شەپۆلی رووبارێکدا
لەگەڵ بارین و پر لە کڕێوەی بەفردا
بە نەشئەیەکی نەشمیلیەوە دەھاتی بۆلام
تاکوو چرکەی کاتژمێرەکەی چاوەڕوانی و
پەرداخێ لە شەرابی سووری
ئۆقرەیت کۆتایی بێت.
١٠
چاوەڕوانی فریشتەی عەشقی تۆبووم
چاوەڕوانی پڕ لەماچی
پرتەقاڵی لێوی تۆبووم
تاکوو دڵم بگاتە لات
ئای چەند بەئازارە
فرمێسکەکانی دیدەت و
خەم و نیگای پڕ لەئازاری بەژن و باڵات.
١١
تۆ ھەورێکی سپی بوویت و
پڕبوویت لە گزنگی بەیانی
تۆ دەسماڵی شەبەنگی
پڕ لەلاولاوی شۆخێک بوویت
پڕبوویت لە نەشئەی خۆشەویستی و جوانی.
١٢
سنگم پڕ لە بیرەوەری مناڵی و
گۆرانی پڕ لەئازارو
شاریش بەدەمانەوە پێ ئەکەنێ
ھەتاو جوانی خۆی دەبەخشێ
بەفریش سەما دەکا
رۆژگارەکانی رابردووم
بێ باکانە خونچەی گوڵی شیعر دەگرێ و
بۆجوانی عشقی تۆ لەنگەر دەگرێ.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|