په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٥

لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دھۆک

کۆمەڵێک فیلمی کوردیی و بیانی نمایشکران.

 

مەنسوور جیهانیی


لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دھۆک" کۆمەڵێک فیلم لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد و بیانی نمایشکران.

سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بە نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا و لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵە و لە ڕۆژی ڕێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵ ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دھۆک لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.

لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٨ رۆژ نمایشکران. لە دەسپێکی نمایشی ھەر فیلمێکدا سەرەتا ستافی ئامادەبووی ئەم فیلمە لەبەرچاوی کامێڕاکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێدەپەڕین و پاشان نمایشی ھەر فیلمێک کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن لە لایەن کارناسی کۆڕەکە و ھەروەھا بینەرانەوە بەڕێوەدەچوو.

لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بێجگە لە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" چەندین فیلمی دیکە لە سینەماکاری کورد نمایشکران، ھەندێک لەو فیلمە کوردیانەی کە لەم بەشەی فیستیڤاڵەدا نمایشکران بریتین لە: "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرھێنانی "ھیشام زەمان"، فیلمی سینەمایی "سەمای ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "سەردار خەلیل"، فیلمی سینەمایی "ماڵئاوا دیجیتاڵ" لە دەرھێنانی "ھیوا ئەمین نژاد" و چەندین فیلمی سینەمایی دیکە.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "ئان دێمی گێرۆ" مامۆستای زانکۆ، شارەزا لە بواری سینەما و بەرپرسی ھونەریی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا'' و چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی دیکە لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا، "مارینا کابا ڕاڵ دەرھێنەر و ڕۆژنامەنووس لە ئیسپانیا، سینەماکاری ناوداری کورد "عەلی بەدرخان" دەرھێنەر لە وڵاتی میسر، "گیبلیا دووبرێ" ڕەخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا و ھەروەھا نووسەر و ڕۆمانووسی کورد "عەتا نەھایی" لە وڵاتی ئێران.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "وێرنێر رۆزیکا'' بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دۆیسبۆرگ'' و مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا، "فرێدی ئۆلسۆن'' بەرھەمھێنەر و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵەکان لە سوید، "عایشە پۆلات" نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "جانی بوردایس" بەرپرسی ئەنستیتۆی فەڕەنسی لە ھەولێر لە فەڕەنسا و "سوپۆم سوھن" دەرھێنەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەمەریکا.

ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "پیتێر ئوت" نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "پیتێر بۆی" بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە نۆڕوێژ، "سەھیم عومەر خەلیفە'' نووسەر و دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان و بەلژیکا، "بنویسە بریڤان" دەرھێنەر لە بەلژیکا و "دیمیتری گلۆبنیچی" بەرھەمھێنەر لە ڕووسیا.

یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"، نمایشی بەرھەمە بەرچاوەکانی ئەمساڵ و ساڵی پاری سینەمای جیھان بوون کە ھەڵگریی خەڵاتە گرینگەکانی سینەمابوون لەوانە: ئۆسکار، گۆلدێن گلۆب، بەڕلینالە، ڤێنیز و ... کە لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان" نمایشکران، لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی "ئایدا'' لە پۆڵەندا، "لۆڤیاتان" لە ڕووسیا، "مەدیتەرانە'' لە ئیتاڵیا، ئەمەریکا و فەڕەنسا، "تیمبۆکتۆ" Timbuktu لە موریتانی، "ئفریم!" لە ڕۆمانیا، "سیواس" لە تورکیا و چەندین بەرھەمی دیکە.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک