په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١٥

    لە فڕینی دوا سەفەری گەڕانەوەم

  بە ئاسمانی نیشتیمامدا...

 

شوان عوسمان

١
دایکم...

تۆ ئەوەندە لە بەرزی دایت ،من تا بەرز ئەبمەوە،
لەو ئاسمانە سپیەدا،
نە سپیتر ئەبم،
لەوەی تۆ ،
نە بە لەچکە سپیەکەی ملی تۆ ئەگەم..
من هەر لە خوار پێیەکانی تۆوە،
لە ئەرزم ،
بە پێڵاوی تۆ و بە ئەرزی بن پێڵاوی تۆدا ئەچم..
من هەر زارۆیە مەکربازەکەی جارانم،
کاتێک لێم دوور ئەکەویتەوە بە گریانێک پەلم ئەگرتی...
تا دوور نەکەویەوە ،
لێم...
حەزم لێیە هەمیشە لەگەلم بی ئەگەر بەرەو ئاسمانیش بچم،
بۆ بەهەشت بێ یان بۆ راکردن لە نیشتیمان بێ،
لەگەلت بم..
سەرنجت راکێشم ئامێزت رامکێشێت..
نەک لە دوورەوە،
دوور بم لێت...
تۆ بەدوا سەرنج لە دووریدا هەموو سەفەرەکانم وەکو سیحرێک،
بەتاڵ دەکەیەوە...
تا نەڕۆم،
بەجێت نەهێڵم...
تۆ بە چاوت پەلم رادەکێشی،
تامن بگەڕێمەوە،
بۆ ئامێزی گەرم و گوڕی تۆ...
تۆش چیتر لە چاوڕێمدا دانەنشیت ،
من بێمەوە لە تەنیشتت دانیشم..
دوایی بە سەفەر و غەریبی بێنم،
جارێکی تریش لە تۆ جودا نەبمەوە...


٢

نیشتیمان...

راستە من ئێستا بە ئاسمانەوەم،
تۆ بەجێدێڵم،
پێم لەخاکت بۆتەوە ،بەبێ باڵ بە ئاسمانێکیئازاد ئەفڕم...
من هەرچەند ئازاد بم،
پێیەکانم ئازادیش بن خۆم ئازاد نابم،
لە تۆ...
لە خاکی تۆشنابمەوە،
ئەمڕۆکە بێ یان سبەی هەر ئەگەرێمەوە...
من لە خاکت نابم،
خاکت لە پێم نابێتەوە..
ناتوانم لە بیرت بکەم،
کاتێک لە تۆ دوور ئەکەومەوە..
من لە دووری تۆدا ئازاد نیم هەر غەریبم،
هەمیشە پەتێک هەیە لە دوورەوە،
بەرەو خۆترامدەکێشێت...
بۆ هەر کوێیەک بچم ،زاکیرەیەکی تۆ هەیە لە خۆتم دەپێچێت...
من هەر دەبێت بێمەوە،
تا سەرلەنوێبگەڕێمەوە باوەشت...
من بە مقەستی دەستی هیچ کەسێک ،پەتی ناوکی تۆم لێ نابێتەوە،
من لەتۆ نابمەوە،
هیچ ساتێک.....


٣

ژنەکەم...

تۆ ئەوەندە جوانی لە خوارەوە،
کاتێک من لە سەرەوەی تۆ ئەبم ،بە تیلەی چاو لێت ئەڕوانم...
من جگە لە جوانی،
هیچ شتێکی ناشیرین لە تۆ نابینم...
من نامەوێ زۆر لە تۆ بەرزتر بم،
تۆ وەکو خواەوەندێکی سەر ئەرز، لە ئەرزی زیکری مندا بە بەرزی،
خۆت دووبارە دەکەیەوە....
من لە ئاسماندا ئەوەندە دوور کەوتوومەتەوە،
تەنیا ئەگەر خوا بزانێت من لە کوێم...
لە ناو هەور و تەمی سپیدا غەرقم،
هیچ شتێک ناتوانێت من دوور بکاتەوە نغڕۆم بکات،
تەنیا تۆ نەبیت...
من لە ناو سۆمای رەشوسپی چاوی تۆدا،
بزرم،
شەو و رۆژم لێ بزرە،
خەریکم لێرە بە بێ باڵ لە تۆ ئەگەڕێم..
من لێرەوەش لەو سەرەوەدا هەر ناتوانم،
تۆ لەبیر بکەم....
هەرچەند بە هەورازدا ئەچم،
لە تۆ هەورازتر نابم، با جیاواز نەبم لێت،
بە ئامێزت شۆڕ ئەبمەوە...
تۆ لە بیرم ناچیت،
ناکرێ زیکری تۆم لەبیر بچێت...
من بە بێ تۆ مولحیدێکی سۆفیم،
نامەوێ بە کافری بمرم...
تۆ لە ناو مندا ئاسمانێکی ساماڵی،
من لە ئاسمان بم یان نا،
لە ناو ئاسمانی تۆدام هەمیشە،
هەمیشە مەلە ئەکەم...
تا بیر لە تۆ بکەمەوە،
لەگەل تۆ بفڕم...
کاتێک بەیەکەوە دەبین، لە ئاسمان بێت یان نا،
بیرت لێ ئەکەمەوە....


٤

گەڕان بە دوای خوادا..

تۆ لە ئاسماندا لە دوای خوا دەگەڕێی،
من لە ئەرزدا بەدوای ئەو ئەگەڕێم..
دەبێت کامەمان زووتر بە خوا بگات،
بەرلەوەی خوا بە خۆی و بە شمشێرێکی تیژەوە،
لە دوای من و تۆدا بگەڕێت،
تا بە فەتوایەک یەک لە یەکمان جودا بکاتەوە...


٥

من لە ئاسماندا،
بۆنی گوڵی ناو ئینجانەیەکم بۆ دێ، دێتە ناو ژوورەوەی فڕۆکەکە،
ئەو بۆنە پەلم رادەکێشێت تا بەرەو سەر ئەرزم دەبات...
کاتێک ئەنۆڕم،
نیگام لە پەنجەرەی سەر باڵی فڕۆکەکە،
شۆڕ دەبێتەوە..
بۆنی تۆ ئەکەم ،گوڵێک ئەبینم،
کاتێک ئەو لەبەردەم ئینجانەی تۆدا،
خەریکە یەک دوو رکات نوێژت بۆ دەکات...


٧\٢\٢٠١٥ - هۆلەندە

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک