په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠١٤

لە فیستیڤاڵی سان فڕانسیسکۆ

رێز لە "پووران درەخشەندە" گیرا و فیلمەکەی ٤ خەڵاتی بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی

 

لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی سان فڕانسیسکۆ ڕێز لە سینەماکاری کورد "پووران درەخشەندە" گیرا و فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" چوار خەڵاتی سەرەکی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستهێنا.


فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" بە ئامادەبوونی خانمە سینەماکاری کورد "پووران درەخشەندە" لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان" لە سان فرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی ئێرانی و ئەمەریکییەوە پێشوازیی لێکرا بە شێوەیەک کە تەواوی بلیتەکانی نمایشی ئەم فیلمە فرۆشراو و پاشان کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنیی ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی دەرهێنەرەکەی بەڕێوەچوو و ئەم فیلمسازە کرماشانییە وڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانی دایەوە.


دوای نمایشی ئەم فیلمە بەرپرسانی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان" لە سان فرانسیسکۆ بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵ، لەوحەی فەخری و خەڵاتی تایبەت، ڕێزیان لە تەمەنێک چالاکی هونەری خاتوو "پووران درەخشەندە" لە بواری سینەمادا گرت.


خانمە سینەماکاری کورد "پووران درەخشەندە" دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" وڵامی پرسیاریی بینەرانی ئێرانی و ئەمەریکی دایەوە و هەندێک لە بنەماڵە ئەمەریکییەکان لەو بڕوایەدابوون کە پێویستە ئەم فیلمە لە قوتابخانەکانی ئەمەریکایش نمایش بکرێت، تاکوو دایک و باوک و بەرپرسانی منداڵەکانیشیان لەگەڵ بابەتی لەم چەشنە کە لەڕاستیدا مەسەلەی ئەوانیشە ئاشنابن و هەر چی زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە قسەبکرێت و بە قوتابییەکان و بنەماڵەکانیان زانیاریی بدرێت، کاریگەریی ئەوتۆی دەبێت.


بینەرانی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان" لە سان فرانسیسکۆ بە هۆی سازکردنی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" و ئاگاداریی ئەوان لە باروودۆخی وردی منداڵەکانیان، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی "پووران درەخشەندە" کرد و ڕێزی تایبەتیان لێگرت.


لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان" لە سان فرانسیسکۆ، هەڵبژێردراوانی ئەم فیستیڤاڵە دیاریکران و فیلمی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" توانی چوار خەڵاتی سەرەکی بەدەستبێنێت، کە خەڵاتەکانی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ بریتی بوون لە:

ـ خەڵاتی باشترین فیلم بۆ فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن" لە دەرهێنانی پووران درەخشەندە.
ـ خەڵاتی باشترین دەرهێنانی بۆ "پووران درەخشەندە" بە هۆی دەرهێنانی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن".
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ بە شێوەی هاوبەش بۆ "پووران درەخشەندە" و "میترا بەهرامی" بۆ نووسینی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن".
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بۆ "فەرامەرز قەریبیان" بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی "تاوانباران".
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەت بۆ "تەناز تەباتەبایی" بۆ ڕۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی"بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن"
ـ خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ سینەماکاری کورد "سالم سەڵەواتی" بۆ وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی کوردی "دوایین زستان".

فیستیڤاڵی "فیلمە ئێرانییەکان" لە سان فرانسیسکۆ بە ناونیشانی IFF دیمەنێکە لە ڕووداوەکانی سینەمای سەربەخۆی ئێران، کە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم سەبارەت بە ئێرانییەکانە و یا لە لایەن هونەرمەندانی ئەو وڵاتەوە بەرهەمهاتوون.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەلًَێک فیلم لە سینەماکارانی کورد و ئێرانی سەرتاسەری دنیا لە رۆژانی ٢٧ و ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە رێکخراوەی هونەری شاری سان فرانسیسکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.


بۆ زانیاریی پتر:
http://www.iranianfilmfestival.org/all-date-list/hush-girls-dont-scream
http://www.iranianfilmfestival.org  
 

بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێدەنگ! کچەکان ناقیژێنن".

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک