لە فتوای خومەینی بۆ کوشتنی کورد دەبێت چی فێربین؟
جهمال عهزیز
لەو سەردەمەی ڕاپەڕینی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بۆ دژایەتی کردنی سیاسەتی چەوتی پاشایەتی لەئێران ، لەکاتی ڕاپەڕینی خەڵکانی ئێران بۆ ڕوخاندنی ئەو ڕژێمە داپڵۆسێنەرەی ئێران، گەلی کورد وەک نەتەوەکانی تری ئێران ڕاپەڕیو دەوری کاریگەری هەبوو لەخۆنیشاندانو ناڕەزای دەربڕین بەرامبەر بەسیاسەتی چەوتی پاشایەتی لەئێراندا، تاکو ڕوخاندنی پادشای ئێران لە خەباتو قوربانیدان نەوەستا. مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەو بەروارە دوورترە کە خەڵکانی ئێران تێیداڕاپەڕین دژ بە ڕژێمی پاشایەتی ئێران ، ساڵانی 1979 تاکو 1980 و فتوادانی خومەینی بۆکوشتنی گەلی کورد دوێنێ بوو بە بەراورد کردنی خەباتو قوربانی دانی گەلەکەمان بۆ ئازادیو سەربەخۆیی، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایان ساڵە خەبات دەکات بۆ ئێرانێکی دیموکرات کە گشت نەتەوەکان بتوانن لە سایەی ئەودیموکراتیەدا بە ئاواتو ئامانجە نەتەوەییەکانیان شاد بن تاکو بتوانن لەو ڕێگەیەوە پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەییوکلتوری خۆیان بکەن . بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە چەندین زاناو سەرکردەو لاوی خێر نەدیوو لە نێرو مێ گیانی خۆیان فیداکردوە ،زیندانێک نیە لە سەرتاسەری ئێرانداکە لاوێکی کوردی تێدا زیندانی نەکرابێتو ئەشکەنجە نەدرابێ یان بەلەسێدارەدان پاداشتی نیشتیمان پەروەریان دراوەتەوە. بۆ باسکردن لەو سەردەمە کە فتوای کوشتنی کوردی تێدا درا، بۆ باسکردن لەو فتوایەی کە بەتاڵان بردنی ماڵی کوردی تێدا حەڵاڵ کرا، چەندڕاستیەک هەیە دەبێت ئێمەی کورد بیزانین، هەروەها پێویستە ئێمەی کورد دەرس و وانەی لێوە فێربین ، پێویستە ئەو ڕۆژانە لە مێژووی کوردا بنووسرێ تاکو ڕۆڵەکانمان وەک وانەی مێژووی وڵاتەکەیان لەقوتابخانەکاندا بیخوێنن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، تاکو بۆ گشت کوردستانیەک ئاشکرا بێت ئەم فتوای کوشتنەو ئەم تاڵانی کردنەی ماڵی کوردو حەڵاڵ کردنی لەپایی چی بوو!؟ یەکەم جارنیە لەمێژووی گەلی کوردا فتوای بەکۆمەڵ کوشتنی گەلی کورد دەربکرێ، یەکەم جارنیە کە ماڵو موڵکی کورد بەتاڵان بردن حەڵاڵ بکرێ لەلایەن دوژمنانی گەلی کوردەوە ، کورد لەباکوری کوردستان دوچاری بەکۆمەڵ کوشتنو ماڵ تاڵان کردنو گوند سوتاندن بوو بەفتوای توورانیەکان کەگوایە ئێمەی کورد بەردی بناغەی دەوڵەتی تورکی دەڕووخێنین ئەو دەوڵەتەی لەسەر دەستی گەورەترین دکتاتۆری سەردەمی خۆی بنیات نرا، ئەو دەوڵەتەی بوو بەزیندان بۆ گەلی کوردو تاکو ئەمڕۆش گەلەکەمان لەهەموو مافێکی نەتەوەی بێبەشە، ئەم زیندانەی بەناوی دەوڵەتەوە بۆ کورد بنیات نراوەو گەلی کورد ناتوانی داوای هیچ مافێک بکات گەر لەسایەی شۆڕشگێڕاندا نەبێت . لەعێراقی عەرەبی لەسایەی زۆر لە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی 80 ساڵی ڕابردوودا چەندین جارفتوای کوشتنی گەلی کورد دراوە، هەرجارەی لە ژێر ناوێکی بۆگەن ڕێگە خۆشکراوە بۆ کۆمەڵ کووژی دەرهەق بەگەلی کورد، هەرجارە ناو و ناتۆرەیەکی ناشیرینیان لە ئێمەی کورد دەنا بۆ ئەوەی بکوژانیان سڵ نەکەنەوە لە کوشتنمان ، دوا فتواو دوا کۆمەڵ کوژیان دەرهەق بەگەلەکەمان بە ناوی ئەنفالی بەدناو بوو کە گەورەترین جینۆساید بوو لە مێژووی نزیکدا دەرهەق بە ئێمەی کورد کردیان، ئەم فتوای کوشتنەو ئەم ئەنفالانەش کە بەرامبەرمان دەکرێت لە خۆڕا نەهاتوەو مێژوویەکی بۆگەنی هەیە کە دەبێت ئێمەی کورد زانیاریان لەسەر وەربگرین ،بزانین بۆ کۆمەڵکوژمان دەکەن!!؟ دەبێت ئێمەی کورد لەخۆمان بپرسین ئایە؟ هۆکار چی بوو خومەینی ، سەدام ،حوکمەتە توورانیاکانی تورکیا فتوای کۆمەڵ کوژیمان دەدەن ، دەبێت بزانین بۆ !؟ تاڵان کردنی ماڵی کورد حەڵاڵە بۆ بەزۆر زینا کردن لەگەڵ ژنی کورد ناچێتە خانەی زیناوە !؟ ئایە کورد هەوڵی داگیرکردنی خاکی فارسو عەرەبو تورکی داوە؟ ئایە ئەو خاکەی پێیدەوترێ کوردستان کوردەکان داگیریان کردوە وەک توورانیاکان؟ ئایە گەلی کورد مافی نەتەوەکانی تری پێشێل کردوە بە نەتەوەو کەمەنەتەوەکانی تریان وتووە مافتان نیە بەزمانی دایک قسەبکەن یان نابێ پارێزگاری لەناسنامەی نەتەوەی خۆتان بکەن؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر پێویستە ئێمەی کورد لەخۆمانی بکەین و بەدوای وەڵامیدا بگەڕێین، دەبێت بپرسین ئایە ژیانێکی پڕ ئابڕوومەندانەو داوای دەوڵەتی دیموکراتیو پاراستنی مافی مرۆڤ شایستەیە بەکوشتنو فتوادان بەکوشتن؟ کورد چی زیادەی ویستتوە لەوەی نەتەوەی سەردەست بەزیادەوە هەیبووە ، ! دەبێت ئێمەی کورد هەرگیز سڵ نەکەینەوە لەو پرسیارەی کەدەبێت لە دوژمنانی بکەین بۆ فتوای کۆمەڵ کوژی کوردتان دەرکرد؟ بۆ پەشیمان بوونەوەتان ڕانەگەیاند بەڵکو درێژەتان بە کۆمەڵ کوژیمان دا؟ دەبێت بپرسین بۆ لەکاتی بێهێزیتاندا دەڵێن گەلی کوردی برا بەڵام لەکاتی بەهێزیدا دەمانکەن بەدوژمنو فتوای کوشتنمان دەدەن؟ دەرسو پەندەکان کەدەبێت ئێمەی کورد فێریان بین لەدەرئەنجامی ئەو کۆمەڵ کوژیانەی بەرامبەرمان کرا لەسایەی فتوای ڕیش درێژەکانو عەلمانیەکان، کەدەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی ئێمەی کورد هەر بیروباوەڕێکمان هەبێت هەر چەشنە بیربکەینەوە بۆ ژیان ، هەر تێڕوانینێکمان هەبێت بۆ وڵاتانی دراوسێ لەئەنجامدا دەبێت بگەینە ئەو ڕاستیەی ئێمەی کورد بە گشتی یەک چارەنووسمان هەیە ، هەر کەس گەر نەتەوەیی بیر دەکاتەوە ،هەر کەس مارکسیانە یان چەپو عەلمانیانە بیر دەکاتەوە یان کەسێکی دیندارەو باوەڕی بەخوداو بە پێغەمبەرەکانی هەیە ،دەبێت باش بزانێت گەر خاکی نەبوو ، نەتەوەی نابێ ، گەر خاکی نەبوو کرێکاری نابێ ، گەر جاکی نەبوو ئەستێرەو ئاسمانو خوای نابێ!!! دەبێت ئێمەی کورد هەستی نەتەوەی خۆمان بەهێز بکەین تاکو بتوانین لە سایەی کوردستانێکی ئازاددا مافی هەموو خەڵکو نەتەوەیەکی دانیشتووی سەرخاکی کوردستان بپارێزینو مسۆگەریان بکەین.
پێویستە هەموو حیزبو ڕێکخراوێکی عەلمانی یان مارکسی کەبۆچینی کرێکارو زەحمەت کێشان خەبات دەکات ئەو ڕاستیە بزانێت ئەگەر خاکو وڵاتی نەبوو مانایی تێکۆشانی بۆ ڕزگاری کرێکارانو زەحمەتکێشان وەک کوتانی ئاسنی ساردە! چونکە مێژوو سەلماندی کەهەموو کرێکارێک یان گشت زەحمەتکێشێک خاکێکی هەیەو ژیانی لەسەر گوزەر دەکات، لەسەر ئەو خاکەش درێژە بەخەباتی چینایەتی خۆی دەدات، کرێکار و زەحمەتکێش لەهەر کوێیەکی ئەم دنیایەبێت دوو قاچی لەسەر خاکێکەو پێویستە پارێزگاری لەو خاکە بکات بۆ بەردەوام بوونی ژیان.
دەبێت ئێمەی کورد ئەو ڕاستیە بزانین لەهەر کاتو سەردەمێکدا کۆمەڵ کوژی بەرامبەر بەکورد کرابێ ، هەرگیز پرسیار لەهیچ تاکێکی کورد نەکراوە کەئایە؟ تۆ کەسێکی نەتەوەییت یان کەسێکی عەلمانیت یان کەسێکی دینداری ، تەنها زانراوە کە کوردەو بەبێ دوو دڵی فتوای کوشتن بەسەریدا جێبەجێ کراوە، هێندەی کەنیسەو مزگەوتو پەرستگای دینە جیاوازەکان لەکوردستاندا هەیە نیوو ئەوەندە لە شارەکانی تری ئەو وڵاتانەدا نیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەو مرۆڤە کوردانەی لە سایەی فتوای خومەینیو لەسایەی ئەنفالی سەدامو لە سایەی بڕیاری توورانیاکان گیانیان بەخت کرد بە ژنو منداڵ و پیرو لاوانەوە نزیکەی %95 یان مسوڵمان بوونو خودایان پەرستوەو قورئانیان بەکتێبی پیرۆزی خۆیان زانیوەو محمەدیان بە ڕابەری خۆیان زانیوە.
jamalrangin@yahoo.se
|