په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

.له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌کانی (ئاو) دێم

سەرهەنگ خامۆش

بێدەنگ نابم
من هەمیشە هاوڕێی (ئاو)م
ڕۆژێ دادێ
دەبارێمە ڕووی پایزیت
هەرچى گەڵاى زەردى خەزان هەیە
بە ڕەنگى (ماچ)
دەینەخشێنم

تۆ وەک چۆلەکەیەکى سرک
چی پووش و پەڵاشی
دارستانى ڕۆحم هەیە
دەیکەیت بە هێلانەى شیعرەکانت
لە نێو جۆڵانەى دڵم
دەیانخەوێنى

من هەرگیز
لە زمانى (با) ناگەم
ساتێک هێمنە..ساتێکیش شێت
بۆیە ئازیز..دڵم نایێ
بە هەنگاوەکانى (با)ت بسپێرم

زەمەنێکە
ئەستێرەکانى گومان
وەک زەنگیانە دەڕژێنە نێو
سۆماى چاوم
پەلە هەورە کۆچەریەکانیش
جێم دێڵن
کەچى من
هەر چاوەڕوانى تۆم
بباریتە کێڵگەى تینوى ماچەکانم

بێدەنگ نابم
دێم...
دەستى ئەو خەمانەم بگرە
کە وەکو (ئاو)
بە نێو ڕۆحتا گوزەر دەکەن
دەبن بە دەسرازەى
نێو خەونەکانى منداڵیت
یارى بە پەیڤە بێ ئارامەکانت دەکەن

دەستم بگرە
با پەنجەکانم
لەگەڵ تەوژمى هەسارەى خەم
هەڵنەوەرێن
تا دێم
ماچە پەمەییەکانیش
کاڵترنەبنەوە
تا ملوانکەکەى موحیبەت
لە گەردنت دەئاڵێنم

دێم...
بۆنى نیشتیمانى تۆم لێ دێ
هەناسەم پڕە
لەجێی پەنجەکانى فیراق
لێوم سەبەتەیەکە لە گوڵ
پڕ لە بەیبوون
لێوان لێویشە لە (ماچ)

بێدەنگ نابم
لەپەنجەرەى قاوەخانەیەکى
ئەم بەستەڵەکە نامۆیەى ئەوێ
چاوەڕوانم بە
من لەگەڵ گەڵا ڕێزانا دێم
لەگەڵ بەفر
لەگەڵ(با)
لەگەڵ باران
بەڵام ئازیز
من قاوەیەکى ئێجگار تاڵم
بە فنجانەى لێوى ناسکى تۆ
ناخورێمەوە..

لەگەڵ هەنگاوە بێ دەنگەکانى
(ئاو) دێم
لە دەرگاى شیعرەکانت دەدەم
لەنێو سەرابى تەنیایی
وەئاگات دێنم
پێش ئەوەى خەم
سەر بەماڵی غوربەتت دابگرێ
دەڕژێمە نێو باوەشى نەرمت
لە گوناهەکانى عیشقت دەشۆمەوە...!!



Xamosh_s@hotmail.com