په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠٢٥

    لەگەڵ خۆردا هەڵدێم.


خولیا حوسێن

لە نێوان خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا 
هەر ساتێک و کڵاوێک دەخەمە سەرم 
کڵاوی دایک، ئارامیی و 
بەرپرسیاریەتی و
تا ئەوپەڕی ئەشق و شێتیی و خۆشەویستیی دایکایەتیم بەسەر کۆرپەکانمدا دابەشدەکەم
دڵم لەگەڵ هەموو خورپەکانی 
دڵیان، خورپە دەکا
دەزانم ئەوان ئیتر نە کۆرپەن 
نە منداڵ و نە هەرزە 
بەڵام ڕوونە هیچ کەسێک نازانێ و ناتوانێ  وەکو خۆم خۆشیانی بووێ 
کاتێک کڵاوی خوشکایەتی دەخەمە سەر 
لە دوورەوە بە ئارامییان ئارامم، 
بە خەمیان خەمدەخۆمەوە.
کڵاوی فریشتە و فریاکەوتنی ئەوانەی لەو ساتانەدا لە من پتر کەسیان نییە
ئەو کڵاوەیان لە هەموو کڵاوەکانیتر
پڕڕەنگترە 
دڵی تاریان ڕەنگڕێژ دەکا
کە کڵاوی ڕاوێژکاریی دەخەمە سەر 
دەبمە ڕابەری بێکەسان تنۆک تنۆک فرمێسکەکانیان چکدەکەم بە 
بەخشینی ئومێد، هیوا
لە کاتێکدا هیوا و ئومێد لە ناخیاندا
گیانیان داوە
ئێوارانیش 
کڵاوی ژنێتیم، کڵاوی سەروەرییم، 
کڵاوی خۆدی خۆم
دەخەمەوە سەرم و 
دەپرسم
ئێرە تاراوگەیە یان نیشتیمان  
من لەوێدا لە خۆم ونبووم
ئەلێرانە خۆم دۆزیە 
لەوێ هیچ کڵاوێکم نەبوو 
لێرە دەیانی سەروەرییم خستۆتە سەر.

 

ماڵپه‌ڕی خولیا حوسێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک