په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١\٢٠١٥

لەگەڵ خۆشەویستتدا نەبێ، هەرگیز لەگەڵ کەسدا گەشت مەکە.


بەنگین پیرۆت     


"ئێرنست هەمنگوەی" دەڵێ بڕوام نەدەکرد هیچ کەس بەهیچ شێوازێک بتوانێ بنووسێت، ئەگەر هەمو توانای خۆی نەخاتە کار بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بنووسێت. دەشڵێ، زۆر جار، تا پەڕەگرافێکم دەنووسی، هەمو بەیانیەکەم بەکارەوە دەبرد.


هەندێک جار، کە دەستم بە چیرۆکێکی تازە دەکرد و نەم دەتوانی لەسەری بەردەوام بم، دەمگوت نیگەران مەبە. تۆ پێشتر هەمیشە نووسیوتە و ئێستاش هەردەنووسی. وەختێکیش دەم نوسی، بۆ من وا پێویست بو، دوای نووسین بخوێنمەوە. ئەگەر هەر خەریکی بیر لێکردنەوەی بوویتایە، ئەو شتەت لێ ون دەبوو کە دەتنووسی.


هەمنگوەی دەڵێ کەسێک کەوتە باسکردنی نووسینەکانم و من ئیتر گوێم لێ نەگرت. هێڵنجم دەهات خەڵک لەبەردەم خۆمدا باسی نووسینەکانم بکەن.


ئەو نووسەرانەی پەرتووکەکانیان دەدەن بەم و بەو، هەمنگوەی دەربارەی پەرتووکەکەیان دەڵێ هەر بەوەدا دەزانیت بێ بەهان.


ئەم پەرتووکە "پاریس جەژنی نەبڕاوە" کە لە بارەی ساڵانی ١٩٢١ بۆ ١٩٢٦ی پاریسەوەیە و هەمنگوەی یاداشتی کردوە، دەڵێ:


ئەگەر خوێنەر پێی باشتر بێت، دەشێ ئەم پەرتووکە بە ڕۆمان دابنرێت.


ئەو نوسەرە مەزنە لەگوزەرانێکی سادە و هەژارانەدا ژیاوە، بەڵام هەژاری ڕێگەی ئەوەی لێ نەگرتوە تا ڕادەی خنکان، لەبەحری ژیان قوول بێتەوە. جگە لەوەی هەمو بەیانیەک دەینوسی، لەکافێیەکانیش دادەنیشت و بەدەم قاوە دەخواردەوە چیرۆکی دەنوسی، سەیری کچە جوانەکانیشی دەکرد و پێیان سەرسام بو. هەمنگوەی دەڵێ:


بەیانیەک چومە کافێییەک دەمێک بو دەستم بە نووسین کرد بوو، سەرم هەڵبڕی کچێک هاتە کافێکە و بە تەنیا لەسەر مێزێک، لەبەر پنجەرەکەدا، دانیشت. کچەکە زۆر جوان بوو، بەودەمو چاوەیەوە، کە هێندە تەڕ و تازە بوو، ئەگەر سکە لە گۆشتی ساف و پێستێکی بارانشۆردوو لێ بدرایە، دەتگوت سکەی تازە لێدراوە، قژیشی وەک باڵی قەلەڕەش تۆخ و تیژ و لار بەسەر گۆنایدا بڕدرابوو.


هەمنگوەی پێش ئەوەی وەک ڕۆماننووس بناسرێت چیرۆک نوس بوو، پێش ئەوەی چیرۆکنووسیش بێ ڕۆژنامەنووس بوو، یاخود لەگەڵ پیشەی ڕۆژنامەوانیش چیرۆکی دەنووسی.


خواردن و خواردنەوە، نووسین و خوێندنەوە، گەشت و گەڕان و سەردانی بەردەوام بۆ پەرتووکخانەکان بۆ ئەو چێژبەخش بوون.


ئەم پەرتووکە بۆ نوسەرانی چیرۆکنووس و قەڵەمی تازە پێگەیشتوو، کاریگەرە تا بزانرێت نوسەرە مەزنەکان چۆن نووسیویانە و چۆن ژیاون و ژیانی ئەدەبیان چۆن بووە.


من ئەو پەرتووکە ئەفسوناوییە نایابە بە کەمترین ماوە خوێندەومەوە و چێژی تایبەتی خۆی هەیە. دەست خۆشی لە وەرگێڕەکەی ژوان جەلال دەکەم.


ئەم پەرتووکە بە کوردیەکی ڕەوان، ژوان جەلال لە ئینگلیزیەوە وەری گێڕاوە و ناوەندی غەزەلنووس بۆی چاپ و بڵاوکردۆتەوە.

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک