٧\٤\٢٠١٤
لە گەنجێکی
رەشبینەوە نامەیەک لۆ کۆمۆنیستەکان.
هۆگر موحسین
ئەمن وەک خۆم پشتگیری تەواوی هزری هەر کۆمۆنیستێکی ئازادیخواز و
مرۆدۆست.. دەکەم، باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە کوو "دیموکراسی"
لە کیشوەری ئاسیا تەبا نییە و هەرگیز
ناتوانێت جێی خۆی چێبکا، چەمکی "دیموکراسی"ش
تەنیا گوێمان لێی دەبێ بەڵام وەک کردار بوونی نییە ئەمیش لەبەر دوو
هۆکارە. یەکەمیان: فکرەی دینی تەواو ڕەگی داکوتاوە
لەسەر تاکی ڕۆژهەڵاتی، دیموکراسیش هەرگیز لەگەڵ دین هەڵناکا
و دوو دوژمنی سەرسەختی یەکترن..
دووهەمیان: سیستەمی سەرمایەداری وە ڕابەرایەتی ئەمەریکا
و خۆرئاوا.. هەرگیز مەیلی ئەوە ناخوازێت دیموکراسی بچەسپێت لە
کیشوەری زەرد، بەرژەوەندی قازانج خۆری ئەمەریکا لەوەدایە بەردەوام
لاشەی مردووی خوێناوی میوانی ماڵەکان بێت! لە پێناو درێژەدان وە
مانەوەی خۆی و کەڵک وەرگرتنی لە سامانی ژێر زەوی..
کەواتە دین و بەرژەوەندخوازی ئەمەریکا
و خورئاوا گۆڕێکی قوڵی تاریکیان پێشکەش وە دیموکراسی کردووە،
کەواتە چۆن دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێنا، کەوتە ژێر
ڕەشەبای دین و سیستەمی بۆرژوازی..، هزری کۆمۆنیستیش وەکو "پارت" وە
هەمان شێوە کەوتۆتە بەر شاڵاوی بەهێزی فکرەی دینی و سەرمایەدارانی
زلهێز و تا نووکەش وەکو شکستێک نێوی هاتووە؟
کەواتە بیری ئەو شەپۆڵە دینی و سەرمایەدارییە کارێکی ئاسان نابێت لۆ
هەرسکردنی هزری کۆمۆنیستی.
هەر چەند پرسیارەکان سادەن، وەلێ زۆر پێویستە هەڵوەستەیان
لە سەر بکرێ.
بەرد هاویشتن پیشەی من نییە، بەڵکە نووکی
پێنووسەکەم ڕەخنەکان ئاڕاستە دەکا نووکە
دەپرسم ئایا پارتێک هەیە وە نێوی کۆمۆنیست لە هەرێم کە داکۆکی بکا لە
چینی زەحمەتکێش و کرێکاران..؟ ئەگەر هەن لە کوێن؟ ئایا گۆڕەپانی سیاسی
لە باوەشی ناگرێ یا هەر ئیرادە نییە و تەنێ ڕەخنە و هیچی تر؟ ئایا هزری
کۆمۆنیستی توانیویەتی کار لەسەر فکرەی دینداری تاک بکات سەرنجی وەلای
خۆی ڕابکێشێ یان هەر پلان نییە و ناتوانن
خۆتان لە قەرەی بیری دینداران بدەن؟ تۆ کە بە دیار کۆمپیوتەرەکەتەوە
ئاغایانە دانیشووی گوێ لە درۆ و هەڕاجکردنی
سامانی وڵات دەگریت، جگە لە ڕەخنەیەکی هزری هیچیتر هەیە؟ لای دەسەڵاتیش
نە بایە و نە باران تاکی داماوی ئەو هەرێمە
قەلەندەرە کرداری دەوێ نەک قسە و نووسینی بێ
کردار، بەرپرسە گەندەڵەکان هێندەیان درۆ و
قسەی سواو وە گوێدا چرپاندوون وەڕەس بوون لە بێ ناوەڕۆکی و بێ کرداری،
تۆ لە وڵاتە جۆر وە جۆرەکانی دەرەوە گردبوونەوە، خۆپیشاندان.. دەکەیت
بەڵام گەنج، ژن، سیستەم...ی داماو لە
کوردستان گەرەکییەتی نەک ئەوپەڕی دونیا! ئایا دەتوانن لە ناوچە
جیاجیاکانی کوردستان لۆ نموونە ١٠٠٠ کەس بهێننە سەر شەقام دژی ئەو
حکومەتە گەندەڵ و پەڕپووتە؟
کوردستان بۆتە مۆڵگەی کوشتار و ئەتکی ژنان؟
تۆ لە دەرەوەی چەندین سنوور گردبوونەوەیەکی
بێ سوود ئەنجام دەدەیت ئایا کەستان ئامادەن لەو هەرێمە خەبات دژی
چەوساندنەوە، کوشتن... بکەن؟ ئایا توانا هەیە ٥٠٠ ژن بخەیتە سەر شەقام؟
تۆ، ئەو، تێکڕای پارت.. هەر یەکەتان لە
وڵاتێک تەنها لە میدیاکانەوە ڕووداوەکان دەبیستن بەشێکی ناکاریگەر لە
هەرێم خەریکی دوکاندارین.. کوا بەرهەم؟ گەنجی کرێکار
و ژنی چەوساوە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ژێر حوکمی قەرەقووشی
دەسەڵات دەرد و مەینەت دەجێژن ئێوە لە کوێن؟
ئێوە خۆتان هەریەکەو دیوار و سنوورێکی
فراوانتان لە نێوانە کوو دەتوانن ئاوێتەی کۆمەڵگە بن و بە ئاگا بن لە
دژوارییەکانی ژیانی تاک؟ ڕۆژانە کرێکار بێ ڕێزییان
پێ دەکرێ گیان لە دەست دەدەن.. وە هۆی چاوچنۆکی سەرمایەداران ئێوەش وەک
مریشکێکی کڕکەوتووی سەر هێلکە ناوە ناوە دوقەدوقەکی دەکەن کوا
کاریگەریتان؟ حکومەتە گەندەڵەکەی هەرێم زیاتر لە شەش مانگە بوونی نییە
بانگەواز و بڵاوکراوەی سەر کاغەز کوو تینوێتیی
داخباری ناخی تاک دەشکێنێ.
ماڵپەڕی هۆگر
موحسین
|