٢٧\١٢\٢٠١٦
لە هەر کوێ دیوار
هەبوو، لە دەرگە و پەنجەرەی بدە!

نەهرۆ
ئەم رستەی سەرەوەم لە هاورێیەکی چەپی ئێرانیی گوێ لێ بوو، بۆ تێگەیشتن
لەم رستە میتافوریە، دەبێ روونکردنەوەمان هەبێ بۆ خوێنەری بەرێز، دیوار
ئەو بەربەست و چەمکە سایکۆلوژیەیە کە فروغی فروخزاد لە شیعرەکانی دا
باسی دەکا!
وەک ئاشکرایە گرنگی قسەی چەپەکان لەوە دایە زۆر کاریگەرە، هەر وەک
دەڵێن دونیا چەند تاریک بێ رووناکی مۆمێک لێوەی دیارە، چەپەکان چەند
بەژمارە کەم بن کە کەمیش نیین ! کاریگەری رەفتارو کرداریان لە نێو
کۆمەڵگا دیارە، ئەو هاورێیە چەپە سەرپەرشتی رادیوی رێگای ئاوریشم ئەکا
لە نەرویج، بۆیە ئەو قسەی کرد کە رادیوکەی ئینتەرناسیوناڵییەو جێگای
فارس و کورد و نەتەوەکانی دیکە تیا ئەبێتەوە، زۆر جار باسی رژیمی سیاسی
و گەل دەکرێ کە ئەم دوو چەمکە جیاوازیان لە نێوان دایە، بەڵی رژیمە
سیاسەکانی دەوروبەر کە کوردستانیان داگیر کردووە کەوتونەتە وێزەی ئەم
گەلە خیر لە خۆ نەدیوە بە ئاگرو ئاسن و تیرور کردن و گرتن دەیانەوێ
دیوار لە نێوان نەتەوەکان و گەلان دروست بکەن، ئەوان لە قازانجیان دایە
نەتەوەکان ببنە دوژمنی یەک و رقیان لەیەک بێتەوە، دیارە لە هاوکێشەیە
نەتەوە سەردەستەکان براوە ئەبن چونکە زورینەن بەڵام ئەرکی چەپەکان لەو
وڵاتانە ئەوەیە لە دەرگە و پەنجەرەی دوستایەتیی نێو دیواری بەربەستی
گەلانی دراوسێ بدەن!
جگە لەمەش هەر بەخۆرسکی گەلی کورد وەک میللەت، فەرهەنگ و کەلتورو
تەنانەت زنجیرە فیلم و گۆرانی گەلانی دراوسی لە فارس و عەرەب و تورک
خۆش ئەوێ و رۆژانە چاوی لێ ئەکا!
کەواتە زەمینە ئامادەیە بۆ لێدانی دەرگەو پەنجەرە و رایەڵکردنی پردی
پتەو لە نێوان ئەم گەلانە کە میژوویەکی لە میژینەیان هەیە لە رووی
تێکەڵاوی و کارلێکردنەوە!
لەبەر سێبەری ڕستەی پێشەکی دەبێ باسی هاورێ یەکی شیوعی و تیکۆشەر بکەم
کە لە نێو قەیران و کێشمەکێشی ئەمرۆی کوردستان دا کە خۆی لە بێ مووچەیی
و بێ نەوتی و نەبوونی کەل و پەل دەدوزیتەوە هەوڵ ئەدا کاری هەرەوەزی
ئەنجام بدا کە ئەویش هاورێ سەلام عەبدوڵلایە، ئەم بەرێزە وەک
کەسایەتیکی ناسراو دەستی داوەتە دروستکردنی ساختمانی قوتابخانەی هاوجەم
لە گەرەکی سەرکەوتنی شاری خانەقین! لەراستی دا گرنگی چەپەکان لەوە دایە
کە لە نێو قەیرانەکان دا گەشبینن، نە گەشبینی ساویلکەیی بەڵکو گەشبینی
واقیعی!
ئەم پروژەیەی سەلام عەبدوڵلا لە ناوخۆو دەرەوەی کوردستان دەنگی
داوەتەوە، چەندین چاوپێکەوتنی تەلەفزیونی ورادیویی لەگەڵ کراوە، دیارە
کاری هەرەوەزی لای ئەم ماندوونەناسە تەنیا بە دروستکردنی ساختمانی
قوتابخانە نەوەستاوە بە ڵکو دەیەوێ لە قوناغی دواتر نەخوشخانەو هوڵی
کۆبوونەوەو یاریگا دروست بکا !
ئێمە کە باسی سەلام عەبدوڵلا ئەکەین وەک داهێنەرو سەرپەرشکاری ئەم
پروژەیە دەبێ لە هەمانکاتدا روڵی ئەوانەمان لە بەرچاو بێ کە بەخۆبەخش
ئیش دەکەن و دەستی یارمەتی و کومەک درێژ ئەکەن، وەک من ئاگادارم
وەستایەکی تورکمانی خەڵکی سەعدیە خۆبەخش ئیش دەکا لەوانەیە عەرەبی
ئاوارەش دەستی درێژ کرد بێ، کەواتە پروژەیەکی وا پروژەیەکی هەرەوەزی
ئەنتەرناسیونالییە!
لە زەمەنی قەیران خەڵکی ساویلکە، چاوچنوک و دەستە وەستان ئەبێ بەڵام
خەڵکی بە ئاگاو هوشیارو چەپ و بەرچاویان روونتر ئەبێ، بیر لە داهێنان و
کردەی وەڵامدانەوە بەو قەیرانە ئەکەن، دیارە ئەو گروپەی کاک سەلام
ئیشیان لەگەڵ ئەکا تەنیا بە کاری دروستکردنی قوتابخانەو نەخوشخانەو
یاریگاوە نەوەستاون بەڵکو وەک دەستپێشخەری زیاتر خولی فیربوونی زمانی
ئینگلیزی بۆ قوتابی یە هەژارەکانیان کردوتەوە بە بێ بەرامبەر هەروا
سەردانی سەرتاشخانەکانی شاریان کردووە هەر سەرتاشیک خۆبەخش سەعاتێک یان
دوو لە هەفتەیەک دا بێ بەرانبەر ئیش بکەن وەک هەڵویست و وەڵامدانەوەی
قەیرانەکانی ئەمرۆی کوردستان، تەنانەت پسولەش ئامادەکراوە بۆ
دکتۆرەکانی شار کە بڕی ١٠ هەزار دینار لە خەڵک وەرگرن بۆ پشکنین و
سەردانیان، ئەمەش وەک هاوسۆزی بۆ خەڵکی هەژار!
بێگومان ئەم هەنگاوانەش هەستی خەڵک ئەجوڵێنی بەرەو کاری هەرەوەزی و
هاوبەش و بەرجەستە کردنی بیری چەپ لە کوردستان و جیهان دا بە گشتی!
لە چلەکانی سەدەی رابوردوو رەشاد رەسام لەگەڵ هاورێ فەهەد سکرتیری حزبی
شیوعی زیندان ئەبێ، روژیکیان هاورێ فەهەد پێ دەڵێ بۆ وێنە ناکێشی،
ئەوەیش لە وەڵام دا ئەڵی لە نێو ئەم چوار دیوارە وینەی چی بکێشم، هیچم
لێوە دیار نییە، هاورێ فەهدیش دەڵی لە ئەندیشەدا دیوارەکان بروخینە
جوڵەی جەماوەر ببینە کە لە هەموو سات و کات دا لە جوڵەو تیکوشانی
بەردەوام دان، بەڵی کاک نیزام و سەلام عەبدوڵلا وەک دوو کەسایەتی چەپ
جوڵەی پوزەتیڤی نیو جەماوەر ئەبینن بویە لە خەبات کوڵ نادەن هەمیشە یان
دەرگەو پەنجەرە لە دیوارەکان چی ئەکەن یا بەجارێ دیوارەکان دەروخێنن،
ئەمەیە وینەی واقیعی چەپ لە نێو قەیرانەکان دا! کە شوین دەستیان هەمیشە
دیارە!
٢٧\١٢\٢٠١٦
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|