په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٣

    لە ژێر ناوى مندا.

بێستوون مینە

پەنجەرە چاوێکى گەورەیە
کە بە هۆیەوە سەیرى باخچە و دیوار و
بێ هودە هاتوو چۆى مرۆڤەکان لە سەر شەقام
هەندێک جاریش هیچ دەکەم.
دەرگاش هیچ نییە!
جگە لە برینێکى قوڵ بەجەستەى ئەم ژوورەوە
ڕۆژانە سەدان میکڕۆب تێیدا دێن و دەڕۆن.
   *   *   *
پێمخۆشە هەمیشە دەستکارى دڵت بکەى
وەک ئەو سەدان مرۆڤەى بەهۆى دەستکارى کردنى چەکەوە
هاوڕێکانى خۆیان کووشتووە
تۆش ڕۆژێک لە دەستت دەرچێت و بڵێى
خۆمشمدەوێیت.
   *   *   *
لاریم نییە ئەگەر بارانیش نەبارێت
من بە ـ باـ یەکى وشکیش ڕازیم
با پەنجەرەش سەرماى ببێت
خۆ هەرنەبێت سەماى درەختەکان دەبینم.
   *   *   *
وەک ئەو بەردەى لەسەر چیایەک غلۆر دەبێتەوە
خەونەکانم ئاوا شۆڕ دەبنەوە
ئەى باڵندەى نەفرەتى لە کوێى؟
مەهێڵە بەربنەوە..مەهێڵە.
   *   *   *
بەر لە خوێندنەوە کتَێبەکان
من باشبووم هەموو ڕۆژێکیش دەژیام
تاکە پێشبینیم بۆ ژیان ئەوە بوو
"ڕۆژێک دێت منیش دەمرم "
نەمردم وگەیشتمە سەردەمى
دواى خوێندنەوە کتێبەکان
ئێستاش هەر باشم!
هیچ شتێک نەگۆڕا پێشبینییەکەم نەبێت
"ڕۆژێک دێت منیش دەژیم".
   *   *   *
چۆڵە ئەو ڕێگایەیى پێیدا ڕادەکەى
بووەستە! هەناسەیەک هەڵمژە
هیچ لە شکۆى خێراییت کەم ناکات
ئاوڕێک بدەوە هێشتا لە خۆت زیاتر
کەس بەدواتەوە نییە...
   *   *   *
تا دەتووانى سەیرى هەرەسى بەفر بکە
ڕەنگێکەو ناگۆڕێت
هیچ لە شکۆى سپیێتى کەم ناکات
سەرت بەرز بکەو تاریکى لە شاخەکانەوە دەبینى..
   *   *   *
کەبیر لەدەریا دەکەمەوە
شەپۆلەکان پاڵمدەدەن و
لە کەنارەوە بۆ قوڵایى دەمبەن!
ماسییەکان ڕاوم دەکەن
مەرجان و مروارى وەک گەوهەر کۆمدەکەنەوە..
   *   *   *
شەوەکان کورتتر دەبن و سوتان بەشى چراکان ناکات
هێندە کورتن ناتوانن تۆسقاڵێک ڕووناکیم پێبدەن
منیش ناتووانم سەیرى تۆسقاڵێک تاریکى بکەم
مێشوولەکان چەند داماون
ناتووانن خوێنى یەک مرۆڤ بنۆشن
هەر دەزانن کزە لە جەرگى من بێنن
مێشوولەکان دەرکەوتنەوە و تۆش دەنگت نییە
ئەى درێژترین شەو..
   *   *   *
من سواڵکەرێکم لە ژوورەکەمدا
چرکە چرکە کات کۆدەکەمەوە
بەداخەوە هێشتا کاتم نییەکە تێیدا
بیر لە ئاسودەیى نەکەمەوە..
   *   *   *
چەند جوانە جیهانى مردووان
نە وەرز بوونى هەیە نەمانگ نە ئەستێرە
شەپۆلە ڕەشەکانى تاریکى هەمووشتێکى داپۆشیوە
تەنیایى نەبێت..
   *   *   *
بڕیارمداوە هێڕش بکەم
شەڕیش نییە
دڵم پڕدەکەم لە ئاشتى و
بۆ شەڕێک دەڕۆم!
   *   *   *
من دڵنیام ئێوارەیەک بەزۆر
خۆم دەبەمە سەر ئەو گردەى
دووشاخ و
چاڵێک و
هێندەى چەترێک ئاسمانى لێوە دیارە.
   *   *   *
خانم من نەکارگەى خۆشبەختیم و
نەدووکانم و ئاسودەییم تێدا هەڕاج کرابێت
من ئەو منداڵەش نیم
لە شەقامە برسییەکان
ڕێت لێبگرم و
سواڵى ئارامیت لێبکەم
من زادەى برینێکى قوڵم بەجەستەى زەمینەوە
قوڵ تا ڕادەى ساڕێژ نەبوو!
   *   *   *
کاتژمێرە درەنگەکان
لە شەو و لە ڕۆژان
سێ
چار
هەندێک جار لە پێنجدا
دەگەرێمەوە بۆ دوونیا..
   *   *   *
ئەگەر کۆمەڵگا پەرژینى کێڵگەکەم بێت
من ئیدى جوتیار نیم
لە ئەمڕۆشەوە دەهێڵم
بەرازەکان لاسکە گەنمەکان بقرتێنن..


ماڵپه‌ڕی بێستوون مینە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک