١٤\٥\٢٠١٥
لە کاتی خوێندنەوە
نووسەری خۆت بە.

بەنگین پیرۆت
"ھەست دەکەم کتێب لەگەڵم دەدوێ و پێم دەڵێ من
ھاوڕێتم تۆش خۆت بە".
سپێدە، ئەفسونەکەی فەلەکە زۆربەی نووسەرە مەزنەکان ھێزی فیزیکی لەوساتە
وەختە وەردەگرن،حەز دەکەن بنووسن و بخوێننەوە. لە زۆربەی کاتەکانی ڕۆژ،
منیش حەزدەکەم بەیانیان زوو لاپەڕەکانی کتێب قژە زەردەکانی باوەش بە
ڕۆحمدا بکات ھەر جارە یەکێکمان ناخ بۆ یەکتر بکەینەوە، من ئەو
بخوێنمەوە ئەویش من بنووسێتەوە.
بەیانیان ھەستەکان ئارامترن، جەستە و مێشک حەساوەیە،دوێنێ لەبیر دەکەین
و ئەمڕۆمان ڕوونتر دێتە بەر زەین، لاپەڕەی کتێبەکەی ناو باوەشم و
قەڵەمی ناو پەنجەکانم، وا لە وشەکان دەکەن خۆش و جوان و بە چێژتر سەمای
تێگەیشتن لەگەڵ زمان و ھزرمان دا بکەن. من ھەست دەکەم کتێبەکە لەگەڵم
دەدوێ و پێم دەڵێ من ھاوڕێتم تۆش خۆت بە، بۆ خۆت بژی منیش لەگەڵ خۆت
بھێنە ناو ژیانەوە با ژیان بکەم. ھەست دەکەم ھەروەک بەیانیان، بێدەنگی
درەنگی شەوان جادویەکی بەھێزە بۆ قوتدان و ڕامانی مرۆڤ، ھەردووک
ساتەوەخت بۆ من دەبن بە تنوکی شەو و ئاوەنگی سپێدە.
نووسەری ڕاستەقینە، حەز دەکات ھەمیشە لە دوای خوێندنەوەی دەقێک،
تێڕامانێکی قوڵ لەگەڵ بیر و خەیاڵی خۆیدا بکات و جیاواز لەو دەقەی
خوێندویەتیەوە دەقێک بنووسێت. کە حەز بکەی بخوێنیتەوە ڕەنگە حەزیش بکەی
بنووسیت، مەرجیش نیە حەز بکەیت ببیت بە نووسەر. بە بڕوای من خۆت لەو
وشانەدا دەبینیتەوە کە دەیان نووسیت و نووسینەکەشت وەک نووسینی
نووسەرێک لای خۆت گرنگە. چەند حەز بکەیت ئەوانی دی بخوینیتەوە ھێندەش
حەز دەکەیت خۆت ناخی خۆت بۆ ئەوانی تر بنووسیتەوە. مەرج نیە لەو
نووسینانەدا خۆت ببینیتەوە کە دەیان خوێنیتەوە،ھەروەک مەرجیش نیە
نووسینەکەت جێگەی ئەو نووسینانە بگرێتەوە کەسانی دی نووسیویانە و
کەسانی دی دەیان خوێننەوە. زۆر نووسین ھەیە لەلایان کەسانێک نووسراوە
لە تۆ زیاتر زانیاری پێیە و لە تۆش باشتر دەرکی بە شتەکان کردوە، ھەر
ئەمەشە وا دەکات نووسینی ئەوانی دی لە نووسینەکەی خۆت بە چێژ تربێت و
ھەوێنێکیش بێت بۆ نووسین و خوێندنەوەی باشتر و زیاتر.
زۆر جار، بێزاری و وەڕەزی ناخمان دەھاڕێت، خوێندنەوەی کتێبیش دادمان
نادات و ناتوانێت لە کابوسی بێ تاقەتی ڕزگارمان بکات، بەڵام نووسین
بەشە وورد بووەکەی ناخمان کۆدەکاتەوە. تۆ کە خۆت وون کردبێ چۆن دەتوانی
لە ڕێگەی خوێندنەوەی نووسینی ئەوانی دی خۆت بدۆزیتەوە! بۆیە کە بە بیری
خۆمان خەیاڵ و بیری ھاڕدراوی خۆمان کۆکردەوە ئەوسا دەتوانین و
بەلامانەوە ئەستەم نیە ناخ وێران و شکاوی ئەوانی تر لە ڕێگەی خوێندنەوە
بە یەکەوە بنووسێنینەوە، چونکە پێش ئەوانی تر دەبێ، خۆمان بنووسینەوە
پاشان ھەر خۆشمان خۆمان بخوێنینەوە، تا خۆمان پێش ئەوانی تر لە خۆما
تێبگەین و خۆمان بۆ خۆمان بە نووسین و خوێندنەوەی خۆمان، خۆمان دروست
بکەینەوە.
ھەروەک چۆن خاڵی ھاوبەش لەم ژیانە ھاوبەشەدا کۆی کردونیەتەوە ، خاڵی
ھاوبەشیش لەنێوان نووسەرو خوێنەرد اھەیە، نووسەر بۆ خۆی دەنووسێت،
خوێنەریش بۆ خۆی دەخوێنێتەوە، لە دواجاردا نووسینەکەی نووسەر، خوێنەر
دەبێتە خاوەنی، بۆ نمونە چیرۆکی ڕوداوێک لەناو ڕۆمانێکدا، نووسەر
کارەکتەرێکی بۆ دروست دەکات کارەکتەرەکە ئەگەر خودی نووسەریش خۆی بکاتە
کارەکتەر، ھەر خودی خوێنەر خاوەنی ئەو دەقەیە، چونکە نووسەر بۆ خوێنەری
نووسیوە، ڕەخنە و تێبینی خوێنەریش گریمانە ناکرێ، بوونی ڕەخنەیە وا
دەکات بڵێم خوێنەر خاوەنی دەقی نووسینی نووسەرە.
تۆ بەیانیان بنووسە منیش ئێواران دەتخوێنمەوە، یان بەیانیان زوو ھەستە
لە خەو ئێوارانی من بخوێنەوە.
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت
|