٦\٤\٢٠١١
یاده‌وه‌ریی:
له که‌ڵه‌وێنجه تا فێرگه.

ئیبراهیم کۆنه‌پۆشی
-
به‌شی یه‌که‌م -
که‌ڵه‌وێنجه ناوی ئاواییه‌که
له ناوچه‌ی مەریوان، ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ پاییزی ساڵێ
١٣٦٤ی هه‌تاویی.
دونیا لام گۆڕدرابوو، به‌شه‌و
رێمان ئه‌کرد، قه‌ره‌باڵغی ناوشار و بینینی دۆست و هاوڕێ نه‌ما، بۆ من
و هاوڕێکه‌م که تازە هاتبووین بۆ پێشمه‌رگایەتی و نه‌مانه‌زانی
دونیای پێشمه‌رگایه‌تی چییه و ته‌نیا حه‌ماسه و سه‌ر که‌وتنه‌کانیمان
له ناو خه‌ڵکدا بیستبوو له‌و سه‌ره‌تاوه موشکل بوو، تا ئێره بۆ ئێمه
ته‌نیا ماندوویه‌تی بوو، گه‌ڕان و دانیشتن له ناو دار و ده‌وه‌ن و
کێواوکێوکردن بوو.
ئێوارەی رۆژی ٢٤ی مانگی ٧ له‌گه‌ڵ
هاوڕێیانی گوردانی کاک فواد گه‌یشتینه ئاوایی هه‌زارخانی لە ناوچەی
شامیانی مەریوان، له ماڵان دابه‌شکراین، چه‌ند که‌سێکی تریش پێش ئێمه
هاتبوون بۆ پێشمه‌رگایه‌تی و له‌گه‌ل هاوڕێیانی گوردان بوون، ئێمه چه‌کوچۆڵمان
پێ نه‌بوو، چاوه‌ڕوانمان ئه‌کرد کاروانێک به‌ره‌و باره‌گاکانی کۆمه‌ڵه
بڕواته‌وه و ئه‌وکات ئێمه‌یان له‌گه‌لدا بنێرن بۆ فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی،
ئه‌و شه‌وه له ئاوایی هه‌زارخانی خه‌ڵکێکی زۆر هاتن بۆ پێشوازی
هاوڕێیان، خه‌ڵکه‌که زۆر به‌گه‌رموگوڕی پێشوازییان له پێشمه‌رگه کرد،
یه‌کێک له کچه پێشمه‌رگه که ناوی (ن. سه‌وڵاوا) بوو کرابووه به‌رپرسی
ئه‌م کۆمه‌ڵه که‌سه که خوازیاری پێشمه‌رگایه‌تی بوین. پاش خواردنی
نان و چایی، له ماڵان هاتینه‌ده‌ر، جه‌ماعه‌ت سه‌ر قاڵ بوون خۆیان
رێکخه‌ن بۆ چوونه ده‌ره‌وه له ئاوایی، له‌گه‌ل کۆمه‌ڵیک له
هاوڕێیان چووین بۆ حه‌وز بۆ ده‌ست به ئاو گه‌یاندن، له‌و کاته‌دا یه‌کێک
له هاوڕێیان ئه‌رواته به‌شێکیتر له ئاوایی و ژماره‌یه‌ک چه‌کدار ئه‌بینێت،
پێ وائه‌بێ ئه‌وه هاوڕێیانی خۆمانن، ئه‌چێته ناویان، توڕه ئه‌بێت ئه‌ڵێ
ئه‌وه چی ئه‌که‌ن؟ زووکه‌ن وه‌رن، جه‌ماعه‌ت ماتڵی ئێوه‌ن، گه‌ره‌کمانه
بڕۆینه ده‌ر، ئه‌وانیش که جاش و پاسداربوون، ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه که
ناوی کاک عوسمان ئارێنان بوو ئه‌ده‌نه به‌ر ده‌ستڕێژی چه‌ک و له‌وێدا
ده‌ستی کاک عوسمان بریندار ئه‌بێت،( زۆر به داخه‌وه هاوڕێ عوسمان چه‌ند
ساڵێک دواتر گیانی به‌ختکرد و چووه ریزی کاروانی گیان به‌ختکردوانه‌وه)
ئه‌و شه‌وه شه‌ڕ ده‌ستی پێ‌کرد. له‌و کاته‌دا من و چه‌ند هاوڕێیتر له
حه‌وز بوین خه‌ریکی ده‌ست به ئاو بووین، زۆر ترسام، یه‌که‌م جار بوو
ده‌نگی ته‌قه‌م له نزیکه‌وه ئه‌بیست، دونیا‌م لێهاتبوه‌وه یه‌ک، نه‌مه‌زانی
چۆنی دۆخینه‌که‌م ببه‌ستم، له هه‌ر کوێوه فیشه‌کێک ئه‌ته‌قی وامه‌زانی
به منیه‌وه ئه‌نێن، له‌گه‌ل هه‌ر فیشه‌کێکدا من سه‌رم دائه‌نه‌واند،
ئه‌وه‌نده ترسام که بیری شۆڕش و پێشمه‌رگه و هه‌موو شتێک له
مێشکمدا هاته‌ده‌ر و خواخوام بوو زوو له‌وێدا نه‌جاتم بێ، پێشمه‌رگه
ده‌ستیان کرد به شه‌ڕ و له ئاوایی هاتینه ده‌ر، ئه‌وه‌نده ترسابووم
که له‌گێڕانه‌وه نایه‌ت، که‌وتمه ناو ده‌ریای خه‌یاڵات، بیرم ئه‌کرده‌وه
که ڕه‌نگه بۆ من نه‌کرێ، به ڕاستی به لای منه‌وه خۆفناکترین و
ترسێنه‌رترین رووداو بوو تا ئه‌و کاته‌ی به‌سه‌رمدا هاتبوو، ئه‌مه له
کاتێکدایه ئه‌و ته‌قه ڕه‌نگه سووکترین شه‌رێک بووبێ که ببوو به
توشی هاوڕێیانه‌وه.
زۆر له ئاوایی دوور که‌وتبوینه‌وه، ده‌نگی ته‌قه به کزی ئه‌بیسترا،
پاش هاتنه‌ده‌ری ئێمه له هه‌زارخانی و دوور که‌وتنه‌وه‌مان هێشتا
جاشه‌کان هه‌ر ناوه‌ناوه و به‌یناوبه‌ین ته‌قه‌یان ئه‌کرد، ده‌نگی ته‌قه
به حاڵ ئه‌بیسترا، من هه‌ر ترسم بوو، هه‌رکات له دووره‌وه‌یش ده‌نگی
فیشه‌کێکم ئه‌بیست سه‌رم دائه‌نه‌واند وامه‌زانی به منیه‌وه ئه‌نێن،
به کورتی ئه‌و شه‌وه به بریندارێکه‌وه له ئاوایی هاتینه‌ده‌ر و به
جه‌وله‌کردن و ئاوایی به ئاوایی ڕۆیشتن به‌ره‌و ده‌وروبه‌ری مه‌ریوان.
پاش ماوه‌یه‌ک گه‌یشتینه پشت گاگل، له‌وێ له‌گه‌ل کۆمه‌ڵێک هاوڕێیتر
که نه‌مه‌زانی له کوێوه هاتون پێک گه‌یشتین، پاش یه‌ک دوو رۆژ مانه‌وه
له پشت گاگل چوین بۆ ئاوایی ئه‌سراوا، دوای یه‌ک دو کاتژمێر مانه‌وه
له ئه‌سراوا به‌ره‌و ئاواییه‌کانی گوێزه‌کوێره‌و وه‌سنه وه‌رێکه‌وتین،
شه‌و تابه‌یانی به رێگاوه بوین، به‌رە به‌یانی ١ی٨ی ١٣٦٤ی هه‌تاوی له
کاتێکدا هه‌وا رووناک ببوه گه‌یشتینه دۆڵێک له پشت ئاوایی وەسنه.
ویستمان پشو بده‌ین وئه‌و رۆژه له‌وێ بمێنینه‌وە، له پڕ له چه‌ند
لاوه دراینه به‌ر ده‌ست رێژ، شه‌ر ده‌ستی پێ‌کرد، هێرش کرایه سه‌رمان،
هێرشی جاش وپاسدار هێنده توند‌و تیژ وخه‌س بو که سه‌ری له هه‌موهاوڕێیان
شێواندبوو، تومه‌س هێزێکی یه‌کجار زۆر له سه‌ر ئه‌و که‌ژو کێو وشان
ودۆلانه که‌مینیان دانابو، هه‌ر تیمێک پێشمه‌رگه به‌ره‌و هه‌ر لایه‌ک
بڕۆیشتایه‌ت بۆ خۆی به جییا ئه‌که‌وته بۆسه‌یه‌ک وگه‌مارۆیه‌کی
تایبه‌ته‌وه، شه‌ڕه نارنجۆک وشه‌ری ده‌سته‌و یه‌خه تا نزیک نیوه‌ڕۆ
درێژه‌ی هه‌بوو، من ئیتر له‌شم نیوه گیان ببو له ترسان، خۆمم گوم
کردبوو،نه‌مه‌زانی چی بکه‌م، چۆن خۆم بشارمه‌وە، له‌کویا خۆم بشارمه‌وە،
دۆڵ وکه‌ناوێکم شک نه‌ئبرد که‌بتوانم خۆمی تێدا حه‌شار بدەم وهه‌ست به
ئه‌منیه‌ت بکه‌م، وتم خوایه ئه‌گه‌ر بمزانیبایه‌ت پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌وه‌نده
سه‌خته هه‌رگیز بیرم لێ نه‌ئه‌کرده‌وه، من چی وئێره چی؟؟؟
هه‌زار جۆر بیرۆکه به مێشکمدائه‌هات، ترس سه‌ری لێشێواندبووم که نه‌یشمه‌توانی
تۆز کاڵێک له سه‌ر بیر کردنه‌وه‌یه‌ک به‌ر ده‌وام بم، نزیک نیوه‌ڕۆ
ورده ورده سامم شکا، ئیتر ده‌نگی ته‌قه‌کانم ئه‌ناسی، ئه‌مزانی کام
ده‌نگه مه‌ترسیدارتره وکامه دوره له من، ورده ورده خه‌ریک بو
هێمن ئه‌بوومه‌وه.
دوکتۆر عوسمان حه‌قیقه‌ت بانگی کردم وتی:
وه‌ره بۆ لای من، بێکار مه‌وه‌سته، تۆ ئه‌زانی له به‌ر قورسی شه‌ڕه‌که
که‌س ئاگای له خۆی نه‌ماوه، هه‌م وریای خۆت به، هه‌م وه‌ره یارمه‌تی
من که، هه‌ستام وچوم بۆ لای، سه‌یرم کرد چه‌ند پێشمه‌رگه له شێوه‌ڵێکدا
ڕاکێشراون ودۆکتۆر عوسمان له‌ژێر ئاگری گوله‌و خومپاره‌دا سه‌ر قاڵێ
تیمار کردنی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یه، شه‌ڕێکی بێ ئه‌ندازه سه‌خت وبه‌ر
بڵاو توند به‌ر ده‌وام بوو، دوژمن هێزی زۆر وته‌یار، پێشمه‌رگه‌یش جه‌نگاوه‌ر
وخۆڕاگر، منیش که هێشتا نه‌ببوومه پێشمه‌رگه ببومه هاوکاری دوکتۆر
عوسمان، یه‌کێک له برینداره‌کان که‌سێک بوو به ناوی حه‌ومه‌ومین خه‌ڵکی
ئاوایی چاوگی مه‌ریوان، له ناو پێشمه‌رگه‌دا به چیا ئه‌ناسرا،
دوکتۆر عوسمان سرۆمێکی لێ وه‌سڵ کردبوو به منی وت ئه‌و سرۆمه ڕاگره،
منیش وام کرد، دوکتور عوسمان سه‌ر قاڵی مداواکردنی بوو که به داخه‌وه
کاک حه‌ومه‌مین گیانی به‌خت کرد.
دوکتۆر عوسمان بێ‌سیمی پێ بوو، منیش لای ده‌ستی بووم، به‌و بۆنه‌وه
ئاگاداری قسه‌و باسی بێسیمه‌کان بوم، هه‌ر تیمه‌ێک باسیان له سه‌ختی
وگوشاری شه‌ڕه‌که‌یان ئه‌کرد، له په‌سا هه‌واڵی بریندار بون وگیانبه‌خت
کردنی هاوڕێیان له‌رێگای بێسیمه‌وه به یه‌کترین ڕائه‌گه‌یاندرا.
ئه‌و شه‌ڕه ١٢ کاتژمێر درێژه‌ی خایاند، له عه‌سر به دواوه پێشمه‌رگه
زاڵ بوون به سه‌ر دوژمن‌دا وتوانیان ڕاویان بنێن، مه‌ودای شه‌ره‌که
زۆر به‌ر بڵاو بوه‌وه به‌چه‌شنێک که شه‌ر نزیک ئاوا ییه‌کانی گوێزه
کوێره، سه‌ر که‌ل، خێرئاباد، بالک، وه‌سنه وله‌نج‌ئاوا ببوه‌وه، له
چه‌ند شوێنه‌وە پێشمه‌رگه فیشه‌ک وته‌قه‌مه‌نییان روو به کزی ئه‌رۆیشت،
داوای ته‌قه‌مه نییان ئه‌کرد، منیش وهاوڕێکه‌م خێرا فیشه‌ک
ونارنجۆکمان هه‌ڵگرت وبه‌خێرایی وسه‌نگه‌راو سه‌نگه‌ر ئه‌مان گه‌یاند
به هاوڕێیان، ئه‌و شه‌ڕه بۆ من ئه‌زمونێکی سه‌خت بو، هه‌م ته‌قه‌ی
زۆرم لێ‌کرا، ته‌قه‌م به سه‌ردا کرا، هه‌م زۆرێک له هاوڕێیان گیانیان
به‌ختکرد وهه‌م ژماره‌یه کیش بریندار بون، ئه‌وه ئیتر ته‌واو له دڵه
ڕاوکێی خستم، ده‌نگی ته‌قه‌م ئیتر ئه‌ناسی، ئه‌مزانی چی بکه‌م نه‌په‌شۆکێم
ئه‌مزانی چیبکه‌م خۆم بپارێزم وترسیش به‌سه‌رمدا زاڵ‌نه‌بێت، له عه‌سر
به‌دواوە منیش وهاوڕێکم به هه‌ر جۆرێک پێمان بکرایه‌ت یاریدە دەری
هاوڕێیان بوین، له‌و شه‌ڕه‌دا زیاتر له سه‌د که‌س له جاش وپاسدار وبه‌کرێگیراوانی
رژیم کوژران، به‌ڵام به داخه‌وه ٥ هاوڕێ که بریتی بوون له‌١ قاسم ئه‌مین
وەزیری(کامیاران)، ٢ حه‌مه‌ومین ئه‌مینی (چاوگ)، ٣عه‌تا شه‌وکه‌تیاری (سنه)،٤
که‌ریم قادری (یه‌مێنان) ٥، ئه‌حمه‌د به‌هه‌شتی گیانیان به‌خت کرد و٦
نه‌فه‌ر له‌هاوڕێیان بریندار بوون.
ئه‌وشه‌ڕە هه‌م بۆ هه‌موو جه‌ماعه‌تی پێشمه‌رگه به‌گشتی وبۆ ئێمه‌یش
کا هاتبوین ببینه پێشمه‌رگه کارەساتێکی ناخۆش بوو، رۆژی پێشتر له‌گه‌ڵ
ئه و هاوڕێیانه قسه‌م کردبوو، باسمان بوو پێکه‌وە، به‌ڵام ئه‌مرۆ له‌ناکاو
و زۆر کتو پڕ ٥ نه‌فه‌ریان گیانیان به‌خت کرد و٦ نه‌فه‌ریان بریندار،
به هه‌ر حاڵ له‌و شه‌رەدا من ئه‌زموونی زۆرم وەر گرت، له‌و پێشمه‌رگانه
فێر بووم چۆنی خۆڕاگر بم ورۆحی فیداکاری بۆ هاوڕێیان له‌خۆمدا په‌روەردە
بکه‌م، چی بکه‌م ترس به‌سه‌رمدا زاڵ نه‌بێت وچلۆن به‌ره‌نگاری دوژمن
ببمه‌وە، دوانیوەرۆی رۆژی شه‌ڕه‌که زۆر چالاک بووم وله‌و به‌ره‌نگارییدا
زۆر شێلگیرانه به‌شداریم ئه‌کرد وبه‌پێی توانای خۆم ئه‌رکم به‌ئه‌ستۆ
ئه‌گرت وجێبه‌جێم ئه‌کردن، پاش شه‌ڕەکه له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی ناوچه‌ی مه‌ریوان
قسه‌یان له‌گه‌ڵ من وهاوڕێکه‌م کرد وته‌شویقیان کردین، له‌به‌ر ئه‌وەی
له و شه‌ڕەدا زۆر چالاک بوین، تا ڕادەیه‌ک که بۆ ئه‌وان چاوەروان نه‌کراو
بوو.
شه‌وی دوای شه‌ڕه‌که له‌نزیک وه‌سنه ماینه‌وه، تیمی پزیشکی سه‌رقاڵی
تیمارکردنی برینداره‌کان وجه‌ماعه‌تیش شاردنه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ته‌رمه‌کان
بوون، بۆیه ئه‌ڵێم بڕێک له ته‌رمه‌کان، ته‌رمی هاوڕێ قاسم ماراو ده‌ست
هاوڕێیان نه‌که‌وته‌وه، هاوڕێ قاسم له گه‌ل چه‌ند که‌س له هاوڕێیانی
تر له کاتی پێشڕه‌ویدا ئه‌بن که خومپاره‌یه‌ک به‌ر هاوڕێ قاسم ئه‌که‌وێت
به چه‌شنێک که ته‌رمه‌که‌ی تیکه تیکه کردبوو.
دوای شه‌ڕی پشت وەسنه، هه‌مو خه‌مبار و نگه‌رانی گیان له‌ده‌ست دانی ئه‌و
هاوڕێیانه بووین، عه‌سری ڕۆژی دواتر به‌ره‌و کانی‌کوزه‌ڵه وه‌رێ که‌وتین،
سه‌فێکی دوور و درێژ له‌پێشمه‌رگه به‌٧برینداره‌وه که زۆربه‌یان بۆ
خۆیان نه‌یانه‌توانی به‌رێدا بڕۆن ملی رێگامان گرت و به‌ره‌و کانی کوزه‌ڵه
وه‌رێ که‌وتین، نزیکه‌و ئێواره گه‌یشتینه پاڵ ئاوایی، هێشتا دونیا
رووناک بو، هه‌م ئێمه ئه‌مانتوانی خه‌ڵک له‌ناو ئاوایی ببینین و هه‌م
خه‌ڵک له ناو ئاواییه‌وه ئه‌یان توانی ئێمه‌ببین.
کانی کوزه‌ڵه هه‌ڵکه‌وتوه له ده کیلومه‌تری ناوشاری مه‌ریوان له
سه‌ر رێگای مه‌ریوان بۆ سه‌قز و جاده‌ی کۆنی سنه، کانی کوزه‌ڵه له
سه‌ره‌تای گاڕان هه‌ڵکه‌وتوه وپاڵی داوه به‌شاخی سه‌خت و به‌رز و به‌ناو
بانگی قاراوا، به‌٧ برینداره‌وه نزیک ئاوایی کانی کوزه‌ڵه
بوینه‌وه، سه‌ره‌تا دو پێشمه‌رگه به ناوه‌کانی (ع، و) و (عه‌لی
چۆری) ناسراو به‌عه‌لی خوری بۆ وه‌ده‌ست هێنانی هه‌واڵ و زانیاری ناو
ئاوایی له‌بوون و نه‌بوونی جاش و پاسدار به‌ره‌و ئاوایی به‌رێکران، ئه‌و
دو که‌سه به مه‌ودایه‌کی زۆره‌وه له‌پێش جه‌ماعه‌ته‌وە بوون، ئه‌م
دوکه‌سه هه‌ر که گه‌یشتنه نزیک یه‌که‌م ماڵی ئاوایی له‌پڕ درانه به‌ر
ده‌ست ریژ و هاوڕێ عه‌لی چۆری ده‌ستبه‌جێ گیانیبه‌خت ئه‌کات، ئه‌و
هاوڕێکه‌ی تریش توانی خۆی بکشێنێته‌وه، پاش ئه‌و ته‌قه‌یه جه‌ماعه‌ت
که‌وتنه خۆ، به‌ڵام ئیتر هه‌وا تاریک داهات و ته‌قه‌که‌ره‌کان ده‌رچون،
له‌و شه‌ڕه‌دا ته‌نیا ئه‌و ده‌سترێژه‌کرا، که‌دواتر ده‌رکه‌وت، ٢ پێشمه‌رگه‌ی
حیزبی دیموکرات بون، که‌سێکیان به‌ناوی( ئه، پادگانی) ئه‌و ده‌ست
رێژه‌ی کردبوو و ده‌ر چووبون، به‌داخه‌وه له‌ویاش کاک عه‌لی چۆری که‌یه‌کێک
له‌کادره دڵسۆز و هه‌ڵسووڕاوه‌کانی کۆمه‌ڵه بوو گیانیبه‌ختکرد،
ئێواره هه‌وا تاریک داهات و ئه‌و دو پێشمه‌رگه‌ی دیموکراته توانییان
له‌تاریکی هه‌وا که‌ڵک وه‌رگرن و له‌شوێنه‌که دور که‌ونەوه.
زۆر ئازاراویی بو، له‌لایه‌ک ئه‌بوا به‌ره‌نگاری دوژمنێکی دڕنده
بوایه‌یت و له‌لایه‌کی تریشه‌وه حیزبی دیموکرات به‌هه‌مو هێزییه‌وه
بۆ له‌ناو بردنی کۆمه‌ڵه قۆلێ لێ هه‌ڵماڵیبوو، ئه‌م شه‌ڕه ناو خۆییه
که له‌لایه‌ن حیزبی دیموکراته‌وه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵه‌دا داسه‌پا بو، خه‌ساری
زۆری له‌بزووتنەوه‌که‌دا، زۆر که‌س له دولایه‌ن دڵیان له‌خه‌بات کردن
سارد بوه‌وه، خه‌ڵک توشی ناهومێدی بون، ده‌وڵه‌ت پێخۆشحال بوو، ئه‌م
شه‌ره زه‌ره‌ری بۆ خه‌ڵلک و پێشمه‌رگه‌و بزوتنه‌وه‌که بوو قازانجیشی
ته‌نیا بۆ نه‌یاران بوو.
له‌گه‌ل هاوڕێیان درێژه‌م به‌جه‌وله‌کردن دا، هێشتا هه‌ستم به‌غه‌ریبی
ئه‌کرد له‌ناو جه‌ماعه‌تدا، رووم نه‌بوو هه‌ندێک پرسیار که له‌مێشکمدا
بوون بیان پرسم.
ڕۆژێک دوکتۆر عوسمان پێی وتم:
کاتت هه‌یه پێکه‌وە تۆزێک قسه‌بکه‌ێن؟
منیش له‌ناخی دڵه‌وە وتم:
زۆر زۆریش پێخۆشحاڵ ئه‌بم.
دوکتۆر عوسمان سه‌رەتا باسی گرینگی خه‌بات وتێکۆشانی بۆ کردم، دواتر له
سه‌ر گرینگی دروشمه‌کانی کۆمه‌ڵه و سیاسه‌ت و رێباز و پێویستی به‌هێزتر
کردنی کۆمه‌ڵه دوا، ئینجا باسی له‌وە کرد که‌هه‌مو ئه‌رکێکی ته‌شکیلاتی
بایه‌خ و گرینگی‌یان وەک یه‌که، وتی نمونه‌ت بۆ دێنمه‌وە که‌سێک شه‌ر
ئه‌کات، که‌سێک ته‌داروکاتی بۆ دابین ئه‌کات، کەسێک بابه‌تێک ئه‌نوسێت
و رێکارێکی باش پێشنیار ئه‌کات، ئه‌مانه هه‌موی خزمه‌تن به‌شۆڕش و
کارەکانی ئێمه لێک گرێدراون، کاری گشتمان چالاکی و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵه
ته‌واو ئه‌کات، دواتر وتی من له‌م چه‌ند رۆژەدا تۆم خستوەته‌ژێر
چاوەدێری، من پێشنیارت پێ ئه‌که‌م پاش کۆتایی فێرگه بڕۆیت بۆ خولی
پزشکیاری.
من پێشنیارەکه‌یم به‌دڵ نه‌بوو، ئاخر من لام وابو پێشمه‌رگه به‌و که‌سه
ئه‌ڵێن که به‌ردەوام خه‌ریکی شه‌ر بێت.
وتم: دوکتۆر قسه‌کانت له‌سه‌ر سه‌رم، به‌ڵام من بۆ پێشمه‌رگایه‌تی
هاتوم، من هاتوم شه‌ڕ بکه‌م له‌گه‌ل دەوڵه‌ت.
دوکتۆرعوسمان بزەیه‌کی کرد‌و وتی:
تۆ پێت وایه به‌شی پزشکی کاری خه‌وتن و خواردنه؟
تۆ له‌م چه‌ند رۆژەدا چه‌ند هاوڕێت بینی که گیانیان به‌ختکرد؟ ئێسته‌یش
چه‌ند هاوڕێمان بریندارن، بۆ تۆ ئه‌گه‌ر فێری کار و باری پزیشکی بیت و
بتوانیت کۆمه‌ک بکه‌یت به هاوڕێیه‌ک که گیانیبه‌خت نه‌کات پێشمه‌رگایه‌تی
نییه؟ ئه‌و جار تۆ وەک پزشکیار به‌ردەوام له‌ناوچه‌ئه‌بیت، گشتمان
کۆماری ئیسلامیمان کردۆته نیشانه، هه‌مو ئه‌م کارانه سه‌نگه‌ر گه‌لێکن
که دوژمن لاواز و کۆمه‌ڵه‌یشی پێ به‌هێز ئه‌بێت، تۆ بیر له‌وە بکه‌وە
کاتێک هاوڕێکه‌ت بریندار ئه‌بێت تۆ هه‌م به‌چه‌که‌که‌ت به‌رگریت
لێکردوە، هه‌م به زانستی پزشکیش یارمه‌تیت کردوە، ئه‌وە یانی ئه‌بێت
خۆت ئامادە که‌یت چه‌ند چه‌ک هه‌ڵگریت، چه‌کی زانست و تێگه‌یشتویی بۆ
ئه‌و مه‌به‌سته به‌ردەوام بخوێنه‌وە، پرسیار بکه‌و به‌دوادا چونت هه‌بێت،
دوهه‌م چه‌که‌که‌ی شانت و سێهه‌م چه‌کی دەواو دەرمان بۆ یارمه‌تی به‌هاوڕێکانت
و جه‌ماوەری زه‌حمه‌کێش. ئێسته‌ئه‌ڵێی چی؟
منیش وتم باشه: که‌وای لێهات من بۆ هه‌ر کارێک له‌هه‌ر کوێی ئه‌م ته‌شکیلاته‌دا
پێم بسپێرن به شانازییه‌وە ئامادەم وله ئه‌و په‌ڕی توانای خۆما هه‌وڵ
ئه‌دەم بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ئه‌رکانه‌ی وا بۆم دیاری ئه‌کرێت وپێم ئه‌سپێردرێت.
ماڵپه‌ڕی ئیبراهیم کۆنه‌پۆشی
|