٢\٦\٢٠١٥
لە کەرخی یارەوە!*

دارا خونچە
دیدەیەک..
لەسەر شووشەی پەنجەرەکەم خزیی
تێڕامانم
دنک دنک
داوەرینە نێو تارمایی
لێ هێشتاکەش..
چاوەکانم باش بڕ دەکەن؛
دەتوانم
پنتە رۆشنەکانی دوڕ شەوەزەنگ و
تەلیسم و رازی پشت دیوارەکانیش
ببینم!
دەتوانم
جوانییەکانی هندوڕ و**
هندوڕی جوانییەکانیش
ببینم!
ئەوەی هەردەم
لەسەر سەرم دەسووڕێنی و لوولم دەدا
تەنێ ئەو
جۆتە چاوانەن؛
نە لە رامانم دەچنەوە
نە هەرگیز بیرم دەچنەوە!
رۆژانە لە رۆژ
دەپارێمەوە
تا دەرفەتەک
وە شەو بدا و
خۆشی قیچەک بسێتەوە..
خۆ ئەز هەمیشە ئاسوودەم
لە بن باری شەو بسرەوم
چونکێ چاوانی
لە هەیوەشەوێ***
داگیریان کردم!
_________________________
*
کەرخ: جێ، شوێن، وەک
دەبێژن: ''لە چ کەرخەک؟'' واتە لە چ جێیەک؟ یان دەبێژن: ''کەرخت دیار
بی'' واتە جوولە و بوونت دیار بی وەک شوێن.
**
هندوڕ: نێو، ناخ،
دەروون.
***
هەیوەشەو: مانگەشەو.
سەرەتای حوزەیرانی
٢٠١٥ - لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|