١٧\٧\٢٠١٢
لە
کوێستانەوە.

بێستوون مینە
لە گەرمەى شەڕى
ساردى جنۆکەکان و مرۆڤە لاسارەکان
"من" دووبارە شتێکم بەر دەکەوێت و شەهید دەکرێم
نە جنۆکەکان لە خوێنم خۆشدەبن نە مرۆڤەکانیش.
*
* *
منیش بە لاشەى ساردوسڕى خۆمەوە چاوەڕێى
گیان لەدەستدانی هاوەڵەکانى خۆمم،
ئەوانەى لە کوێستانەکانەوە تا ئێرە لەگەڵم هاتبوون.
*
* *
گومانى مرۆڤبوونى ئەوان دەکرێ َو منیش وایان
دەبینم جنۆکەبن
نا.. ڕوون نییە ئەوان چین!
ڕەنگە ئەوانیش خۆیان بن و
من دەبێ چى بم؟
*
* *
ئەوان لە شەڕەکانى خۆیان بەردەوامن و
لاشەى ساردوسڕى منیش هەروا
نە جنۆکەکان بە هی خۆم دەزانن نە
مرۆڤە لاسارەکانیش.
*
* *
منی بەدبەخت لەوە دەگەڕێم کەسێ بێت و
لاشەکەم فڕێبداتە دۆزەخێک
ئەوەى ساڵانێکە چاوەڕوانى دەکەم لەسەر دەمى کوێستان نشینییەوە.
*
* *
خەمى نەمردنى هاوەڵانیشم زیاتر دڵگرانم دەکات
ئەوانە لە کوێستانەوە تا
ئێرە بۆ مردن لەگەڵ من هاتن
دەستیان بەردا لە کچە شۆخەکانى ژێر
رەشماڵەکانى ئەوێ.
*
* *
باوەشى کچێکى شارنشین بۆ کوڕێکى شوانى کوێستان نشین
من بەو خەیاڵەوە خەڵتانى خوێن کراوم
نازانم کێ و بۆچى؟
*
* *
من لە شەڕى ساردى جنۆکەکان و
مرۆڤە لاسارەکان
شەهید دەکرێم.
*
* *
کەسێک نییە دڵم خۆشبکات، بڵێت:
هاوەڵەکانت مردوون
ئەوان لە رەگەزى
مرۆڤ بوون و
تۆش جنۆکەیەکى هەژارى کوێستان نشین
بە سوارى ئەسپێکى تیژڕۆى قاوەیى
هاتوویتە ئێرە
بێ چۆم
بێ کانى
بێ ئەشکەوت.
bestunmina@yahoo.com
|