په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٧\٢٠١٤

لە ‌کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی ‌بەریتانیادا بڕیار دەدرێ

ھەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ گوشار خستنە سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان

بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی کوشتنی ژنان لەسەر "شەرەف" بەڕێبخرێ!

 


لە ئەنجامی کۆبونەوەی ڕۆژی دووشەممە ٧/٧/٢٠١٤ لە ھۆڵێکی پەرلەمانی بەریتانیا بڕیار درا کە ھەڵمەتێکی فراوان لە لایەن چەند ڕێکخراو و کەسایەتیەوە دەست بەڕێبخرێت، بۆ دروست کردنی گوشاری نێونەتەوەیی لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کارکردن بۆ کۆتایی ھێنان بە دیاردەی کوشتنی ژنان لەسەر شەڕەف!


کۆبوونەوەکە لەسەر داوای رێکخراوی ژنانی کورد و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر لیستی پارتی لەیبەر "جێرمی کۆربن" ئامادەیی بۆ کرابوو. جگەلە بەشدار بوونی فراوانی خەڵک، نوێنەر وئەندامانی چەند رێکخراوێکیش ئامادە بوون لەوانە پرۆژەی مافی ژنی کورد، گروپی گەنجانی کوردستان یونیتی، سەرۆکی رێکخراوی لیبرەیشن لە ئەوروپا، سەرۆکی کۆمیتەی ژنانی یەکێتی کرێکارانی ھاتوچۆ لە بەریتانیا، بەرپرسی ھەڵمەتی نیشتمانی دژی بڕین و چەندین لایەنیتر.


لە کۆبوونەکەدا چەندین وتار و لێکۆڵینەوە پێشکەشکران کە تیایاندا ئامارەکانی کوشتن و خۆکوژیی ژنان، چەند کەیس و بەسەرھاتی توندوتیژی دژی ژنان. لەوانە کەیسی "دونیا"، ھەڵاواردن و جیاکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی دژ بەژن، کێشەکانی نیو یاساکان و سیستەمی دادوەری، بارودۆخی شێلتەرەکان درانە بەرباس. ھەروەھا چەند لایەنێکیش پەیامی پشتیوانیان پێشکەشکرد و بەڵینیاندا بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە دووپات کردەوە. تەواوی ووتار بێژان و ئامادەبووانی نیو کۆبونەوەکە جەختیان کردەوە کە زۆر گرنگە زنجیرەیەک چالاکی بەڕی بکەوێت بۆ دانانی گوشاری نیو دەولەتی لەسەر حکومەتی ھەرێم و پشتیوانی کردن لە خەبات و ھەوڵی ریکخراوەکانی ژنان لەکوردستان. ھەروەھا نامەی گروپی ژیان خوێندرایەوە کە ئاراستەی کۆبوونەوەکە کرابوو کە چەند داواکاریەکی لەخۆ گرتبو،‌ وە داوای پشتیوانی جیھانیان لەمبارەوە خستبوە ڕوو. لە کۆتاییدا کۆبوونەکە بە بڕیاردان و جەخت کردنەوە لەسەر چەند خالێکی گرنگ کۆتایی پێھات:


١. بڵاو کردنەوەی فراوانی نامەی گرووپی ژیان و ڕاکێشانی پشتیوانی بە گرتنە بەری رێگای جۆرا و جۆر بۆ داواکاریەکانی نیو ئەو نامەیە لەوانە بەستنی چەند سیمینار و گفت وگۆ و دانانی کۆبونەوەی تایبەت لەگەڵ ڕێکخراوە نێو دەولەتیەکان.
٢. کۆبونەوکە لیژنەیەکی دیاری کرد بۆ سەردانی کردنی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم بە زوترین کات بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی ژنان و ئەو ئیمزایانەی کە بۆ کەمپینی "دادپەروەریی بۆ دونیا" کۆکراونەتەوە.
٣. جێرمی کۆربین - ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا بریاریدا کە نامەیەکی تایبەت ئاراستەی ھەموو ئەندام پەرلەمانانی بەریتانیا بکات و تیایدا داوا بکات کە پشتیوانی بکەن لەوەی پەرلەمانی بەریتانیا باسی مەسەلەی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف وەک دیاردەیەکی ترسناک لە ھەرێمی کوردستان بخاتە ئەجیندەی خۆیەوە.
٤. ھەموو ڕێکخراوەکانی ئامادەبوو لەکۆبونەوەکە پشتیوانی خۆیان راگەیاند بۆ داواکاریەکانی گروپی ژیان و رێکخراوی ژنانی کورد وخۆرھەڵاتی ناوەراست وپەیمانیاندا کە ئەم باسە بەرنە نیو کۆمیتەکانی بەڕیوەبردنی ریکخراوەکانیان و لەوێ بریاری جالاکی جۆراو جۆر بدەن سەبارەت بەم مەسەلەیە.

داواکاریەکانی گروپی ژیان و رێکخراوی ژنانی کورد وخۆرھەلاتی ناوەراست : داوای پشتیوانی ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا و ئەوروپا، ریکخراوەکانی مافی و مرۆڤ و مافەکانی ژنان، کەسایەتی و ئامادەبووانی نیو کۆبوونەوەکە دەکەن کە گوشار دروستکەن لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئەم داواکاریانەی خوارەوە وەلام بداتەوە و جێبەجێیان بکات:


١- چارەسەرکردنی مەسەلەی توندتیژیی لە دژی ژنان بکاتە یەکێک لە ئەولەویاتە سیاسیەکانی خۆی، لەم بارەوە بودجەی پیویست تەرخان بکات بۆ مەشق پیکردنی ھیزی پۆلیس و ھێزیەکانی بەڕیوەبەرایەتی توند تیژی بۆ بەدواداچوونی کیشەکانی ژنان، دادگا و کارمەندانی لێکۆڵینەوە تا بتوانن بە شیوەیەکی مۆدێرن و ورد لێکۆڵینەوە و بە دواچوون کەن بۆ کەیسەکانی ژنان.
٢- بە پشتیوانی ریکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژنان ھەڵمەتێکی نیشتمانی فراوان بەڕی بخەن بۆ بەر کردنەوەی ئاستی ھوشیاری کۆمەڵگە لەدژی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف و توندتیژیی لە دژی ژنان.
٣- کردنەوەی مەلەفی کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە ڕابردوودا و دەستپێکردنەوەی لێکۆڵینەوە لەسەریان بۆ دابین کردنی دادپەروەری بۆ ژنان و بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی کوشتنی ژنان. گرووپی ژیان ئاگادارە کە چەندین تاوانی کوشتنی ژنان کراوە و تاوانباران تا ئیستا ئازادن و نەگیراوان و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە لەوانە کەیسی کوشتنی ھەردوو خوشک " شۆخان و شادی".
٤- دەرکردنی رینوێنی یاسایی پیویست بۆ وەزارەتەکان بۆ کارکردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆیان لەسەر یەکسانی گشتی.
٥- چاودێری کردنی پا‌بەند بوون بەو ئەرکانەی کە یاسا نیو دەولەتیەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان دەیخاتە سەر حکومەت لە ھەرێمی کوردستان.
٦- کردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و کەلتووری د‌ژە توندوتیژیی بە بەشیک لە وانەی سەرەکی خویندن لە قوتابخانەکان.
٧- بەکار‌ینانی دەزگاکانی راگەیاندن وەک تەلەڤزیۆن و رادیۆ بۆ بلاو کردنەوە کەلتووری ریز گرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ھوشیار کردنەوەی خەڵک بە جۆرەکانی پیشلکاری مافی مرۆڤ و راگەیاندنی ئەوەی کە ھەر ڤۆرە تون دتیژیەک لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە ژنان دژی مافی مرۆڤە و بە توندی سزا دەدریت.
٨- مسۆگەر کردنی مافی چالاکوان و ریکخراوەکانی ژنان بۆ ئازادی رادەربڕین و ھەڵسوران و جالاکی لە دژی توندوتیژیی و پاراستنی سەلامەتیان لە دەست ھەڕەشە و توندوتیژیی.
٩- جاککردنی بار ودۆخی شێلتەرەکانی ژنان و ئاستی خزمەتگوزاری تێییاندا بە ستانداردێکی سەردەمی گونجاو و دابین کردنی چالاکی جۆرا و جۆر و توێژەرەوەی دەروونی بۆ یارمەتیدانیان. دروست کردنی شەلتەری تر و بە پێی پیویست لە ناوچە جیاجیاکاندا . راپۆرتەکان لەسەر ئاستی شێلتەرەکانی ئیستا پێمان دەلێن کە ژنان لە بار ودۆخێکی زۆر خراپدا کە لە زیندان باشتر نییە ژیان بەسەر دەبەن و ھەندێکیان لەبەر خراپی ژیانی شێلتەر گەڕانەوە بۆ لای کەسوکاریان ھەڵدەبژێرن و دەکەونەوە بەر مەترسی کوشتن و توندوتیژیی، لە نمونەی ئەمە ھەردوو خوشک " شلێر و حەلیمە " بوون کە دوای جی ھێشتنی شێلتەر لە ڕووداوێکی نادیاردا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ ھەردووکیان بە خنکاوی دۆزرانەوە.
١٠- دانانی پیلانی پیویست بۆ ئەو ژنانەی کە دەرفەتی جوونە دەرەوە لە شێلتەریان ئەبێت بۆ پشتیوانی کردنی مادی و مەعنەوی خۆیان و مندالەکانیان و یارمەتیدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ نیو ژیناێکی ئاسایی لە نیو کۆمەڵگەدا.
١١- دابین کردنی پارێزەری خۆرایی بۆ ژنان و دابین کردنی ڕێ و شوێنی پیویست بۆ سەلامەتیان لە کاتی داوای جیابونەوە و کەوتنە بەرھەڕەشە و توندوتیژیی.
 


رێکخراوی ژنانی کور د و خۆەرھەلاتی ناوەراست لە بەریتانیا
٩\٧\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک