په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠٢١

لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری سەبارەت بە وەحی
لە نێوان دینی کریستیان و دینی ئیسلامدا.


سه‌‌لاح رێبوار      

دوو تێبینی بۆ خوێنەر:
ئەو بابەتە بریتییە لە تێڕوانینی دەقی دوو دین، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو دەقانە پیرۆزن یان نا!! بۆیە گەر دەتەوێ لێی تێبگەی،
یەکەم: دەبێ وەک تاکێکی بێ لایەن بیخوێنیتەوە. نەک بە چاوێلکەی پیرۆزی و لایەنگیری دینێک دینەکەیتر ببینی. ئەگەر وانەکەی هەرگیز ناتوانی بە شێوەیەکی دادوەرانە تێبگەی و بڕیار بدەی.
دووەم: خودای هیچ دینێک لە دینەکەی تر باشتر نییە، ئەوە کولتووری ژینگەی کۆمەڵایەتی دینە، خوداکەی خۆی دروستکردووە. و بە پێی پرینسیپەکانی کۆمەڵایەتی و دەروونی فۆرم و ناوەرۆکی پێداوە. و ئاکار و تێڕوانینەکانیشی، هەمان ئاکار و تێڕوانینی کۆمەڵگەن، بوونەتە بنەڕەتە پیرۆزەکان بۆ پەرستن.


بەرکوڵی باس.


دین بەرهەمی هزری مرۆڤە. دیاردەیەکە هەر لە سەرەتای پەیدابوونی هۆش و گەڕانی بەداوی ناسنامەیەکدا، چەکەرەی کردووە و ئیتر هەنگاو بە هەنگاو پەرەی سەندووە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی قۆناخی ڕاووشکار و بەرەو کۆمەڵگەی کشتوکاڵی. ئەنجامی تەمی ئەو ئەندیشە و گەشەسەندنیان، بە درێژایی دەیان هەزار ساڵ، هەر لەو کاتەی مرۆڤ زمانی گڕوگاڵی کردووە. و هەستی بە سرووشتی بێ لەمپەری دەوروبەری کردووە. لە هەمانکاتدا هەنگاو بە هەنگاو ئەو ئەندیشانە تەڕاویلکەی ئاسۆییەکی دووریان لە مێشکی مرۆڤ دا کردۆتە چەقی بیرو باوەڕيک. و بوونەتە هۆی بزواندن و فراوانترکردنی ئاستی هوشیاری.


ئەو چەکەرەکردنی هزر و پەیدابوون لەلایەک، و لەلایەکیتر داکوتانی ڕیشەی کولتوور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە پێویستی بیروباوەڕێک کە بتوانێ بەلای کەمی وەڵامی هەندێک پرسیاری گرنگی پێبێ. ئەوەش وایکردووە کولتووری کۆمەڵایەتی و هزری پرسیارە گرنگەکان، دیاردەیەکی نوێ بێننەدی. و ناوی لي بنێن دین. بە درێژایی مێژووی هەزاران ساڵ کولتووری کۆمەڵایەتی و دین بە شێوەیەکی هاوتەریب یەکتریان تەواو کردووە. و ڕەگو ڕیشەی کۆمەڵگە و نەرێتەکانی ڕۆچوونەتە ناو دین. و توانیویانە فۆرم و ناوەرۆکی پيکبێنن. لەلایەکی تریش دین ڕەنگدانەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتییە و لە چوارچێوەی ئەو کولتوورە گەشە دەکا. یان بە شێوەیەکیتر دین لە هەناوی کۆمەڵگە و شێوەی بیرکردنەوەی چەکەرەی کردووە. بۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەرکامیان دین یان کۆمەڵگە ناکرێ ڕەچاوی ئەو ڕەگوڕیشە مێژووییە نەکرێ کە پێکی بەستوونەتەوە.

لێکۆڵینەوە لە بوراەکانی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و دەروونناسی. ئەوەی دووپاتەکردۆتەوە .کە گرنگی گەڕان بەدوای ڕێچکە باریکەکانی پەرسەندنی هزری مرۆڤ و کاریگەرییەکانی. وەک پاشخانێک بۆ کۆمەڵگە و بیروباوەڕەکانی، بەردی بناخەن بۆ گەیشتنە ئەنجامی ساخکردنەوە. (١)

بۆ بەراوردکردنی دوو دین، چەند چمکێک هەن، کە وەک چەقی پیرۆزی دین دەبینرين. ئەو چمکانە دیندار بە دین و پیرۆزییەکانی دەبەستنەوە.، لە چاوێلکەی ئەو چمکانە، پەیوەندی دین و دیندار دەبینین. لە هەمان کاتدا، هەر ناوەرۆکی ئەو چمکانەن بنەڕەتێکی هاوبەش لە دین پێکدێنن. و ليکدانەوەیان دەبيتە فاکتەری یەکلاکەرەوە. بۆ لەلایەک تێگەیشتن لەبەهای پیرۆزی ئەو چمکانە.


لە بەرئەوەی وەک دیاردەیەک بە شێوەی جیاوز و ناوچەیی، لە ناو گشت دینەکاندا بوونیان هەیە. لێکۆڵەرەوە بۆ ساخکردنەوەی ئاستی پێشکەوتنی هەر یەک لە دینەکان و ژینگەیان. دەتوانێ وەک کۆمپاسێک بەکاریان بێنێ، بۆ ئاستی بیرکردنەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و شێوەی پەیوەندیان بە خودا.

ئەو چمکانەش: وەحی، خودا(اللە)، باوەڕ (عقیدە)، مرۆڤ، ڕاستی، هەڵە، نەبیەتی، پیرۆزی و هتد. لە هەر دینێک دا، وەک کلیل وان بۆ کردنەوەی دەرگای ژوورە نهێنییەکانی پەیوەندی نێوان دیندار و دین و خودا، و شێوەی پەرستن. هەر یەکیش لە دینەکان بە شێوەیەک تێڕوانینی لەسەریان هەیە. مرۆڤ بە خوێندنەوەی هەمان چمک، لە ناو دەقەکانی دوو یان چەند دینێک. دەرفەت وەردەگرێ، تا بەراوردێکی فرە ڕەهەندیان بۆ بکا.

لەم باسەدا چمکی (وەحی) هەڵبژێردراوە، بو پەیوەندی خودا بە نەبییەکانەوە، بەراورد دەکرێ. لێکۆڵینەوەکە سەبارەت بە جیاوازی ڕێگای وەحی. و چۆنییەتی دروستبوونی فۆرمی دین. و پەیوەندی دیندار بە دەقەکانی وەحی و کۆمەڵگە بەگشتی گرێدەدا.

وەحی.
وەحی یان پەیامی خودا بۆ پەیامبەران لە هەر دینێک، شێوەیەکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو شێوەیەش دەتوانێ هەم ئاڕاستە و هەم ناوەرۆک و فۆرمی دین دروست بکا. ئەو فۆرم و ناوەرۆکەش لە ڕێگای لێکۆڵینەوە، دەتوانرێ چۆنییەتی دین و پیرۆزییەکانی، لە ڕێگای پەیامەکانی وەحی بەدی بکرێ. هەروەها هۆکاری دیاردە و ڕەفتاری دینداران دەستنیشان بکرێ. تا دەگاتە ئاستی فەرمانبەرداری تاکی باوەڕدار. بۆیە بە قووڵبوونەوە لە شێوە و ناوەرۆکی وەحی، سیما و جیهانبینی دین ئاشکرا دەبێ. مرۆڤ لە ڕوانگەیەکی تر و بە شێوەیەکی روونتر، بە ناوەرۆک و ڕەوتی دین ئاشنا دەبێ. تا دەگاتە چوارچێوەی پەرەسەندنی کۆمەڵگە و شێوەی پەیوەندی دیندار لەگەڵ خۆی و دینەکەی. ئەوەش لە بنەڕەتدا، کاردانەوەی دوولایەنەی دین و کۆمەڵگەیە لەسەر یەکتری. کە ڕەگەکانی لە قووڵایی کولتووری شارستانی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆچوون. ئەوەش لە چوارچێوەی ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو. کە شوێنەواری لەو چەند هەزار ساڵەی دوایی، مۆرکی خۆی بە ڕاشکاوی لەسەر داناوە. (٢)

ئەو باسە، بە نۆ خاڵ یان نۆ ڕەهەند، چمکی وەحی و ڕەنگدانەوەی لە نێوان دوو دینی کریستیان و ئیسلام بەراورد دەکا. هەوڵێکە بۆ ڕەواندنەوەی تەم و مژ لەسەر تێکستە پیرۆزەکانی هەردوو دینەکە. و دیاردە و شێوەڕەفتاری دیندار . کە بە ڕۆڵی خۆی هاوسەنگییە لە نێوان ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دین. ئەوەش دەرفەتمان دەداتێ، کە گرێ ئاڵۆزەکانی دین بە شێوەیەکی سادەتر ببینین و تێبگەین.

کە دەڵێین وە‌حی کریستیانی ئەوە هەردوو پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ دەگرێتەوە. لەبەر ئەوەی دینی کریستیانی بەردەوامی دینی یەهودیە. و باوەڕیشی بە پەیمانی کۆن (لە دینی یەهودی دەبێتە تەناخ) هەیە. ئەوەش بە شایەتی ووتەی یەسوی کریست، لە ئینجیلی مەتیاس (مەتی) دا.

لە ئینجیلی مەتیاس (مەتی) ٥: ١٧ - ٢٠
(١٧) وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پیامبەران بسڕمەوە. نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان. بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان(١٨) ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، تیپێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێ، هەتا هەمووی دێتە دی (١٩) بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکا، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبري. بەڵام ئەوەی پەیڕەوی بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێ (٢٠) ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاست و دروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمان (٣)

تێبینی:
ڕەنگە هەندێک چمک و دەربڕین لە نێوان خاڵەکاندا دووبارە ببنەوە، ئەوەش دەگێڕێتەوە بۆ هاوبەشی ئەو چمک و دەربڕینانە لە نێوان خاڵە جیاجیاکان.

خاڵی یەکەم.
وەحی وەک پەیامی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.
وەحی لە دینی کریستیانی پەیامێکی مێژووییە. واتە لەسەر بنچینەی مێژوویی و کرۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان و کاریگەریان وەستاوە. بۆیە هەر پەیامێک بە کۆنتێکستی خۆیەوە بەندە. هەمیشە بە ڕووداوێک یان چەند ڕووداوێک بەستراوەتەوە. و لە گەڵیان کاردانەوەی هەیە. لە هەر ڕووداوێک یان دیدارێکی خودایی دیاردەی شوێن و کات بە ڕوونی دیارە. بەو پێیەش ڕووماڵی دۆخی کەسەکان و گۆڕانکارییەکان، بە شێوەی چیڕۆکی پر ووردەکاری دەگێڕدرێتەوە. کە تێیدا هەمیشە ڕەچاوی کولتوور و شارستانی و نەرێت، لە گەیاندنی پەیامەکان دا کراوە. ئەو پەیامە بە پێی هونەر و ئەدەبی تایبەتی کات و شوێن لە شێوەی گێڕانەوە دا، بە ڕاشکاوی دیاردەکەوێ.

ئەم دەربڕینەش بە ڕاشکاوی لە کۆنگرەی دووەمی ڤاتیکان، بەو شێوەیە دەربڕدرا:
پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ووشەی خودا و ڕووداوە مێژووییەکاندا هەیە. کە بە تەنیا هزر و تیوورییەکان ناگرێتەوە. بەڵکوو مێژوو و ڕووداوەکانیش بەشێوەی کرۆنۆلۆژی، تێگەیشتنی هەڵومەرجەکان لەخۆدەگرێ. (٤)

دەتوانین بۆ سەلماندنی شێوە و فۆرمی ئەو پەیوەندیە، بەدواداچوونێک دەربارەی سەفەری ئیبراهیم لە ئوری کلدانی بۆ حاران و دوایی بەدیداری لەگەڵ خودا دا(٥) . یان دۆزینەوەی موسا لە قەراخی نیل. تا دەگاتە دیداری لەگەڵ خۆدا لە کێوی هۆریب. سەرەڕای ئەوەی بە شەقکردنی دەریا و گەیشتنە خاکی بەنی ئیسرائیل (٦)


دوای مردنی موسا، چۆن خودا فەرمانی بە یەشوی کوڕی نون کرد، بۆ کۆکردنەوەی هۆزەکانی بەنی ئیسرائیل . هتد. دەبینین چۆن وەحی شێوەیەکی کرۆنۆلۆژیای هەیە. و لە هەر هەنگاوێک، دیدارەکانی شوێن و مێژوو و دەرئەنجامی ڕوونی سەبارەت بە ڕووداوەکان ئاوەڵاکردووە. لە دینی کریستیانیش گشت ڕووداوەکانی لە چوارچێوەی ئینجیل دان. هەنگاو بە هەنگاو(٧) گشت ئەو ڕووداوانە، ئەگەر چیڕۆکی جیا جیا و لە سەردەمی جیاجیان لە ناو تەورات و دواتر ئینجیل هاتوون. کەچی تەواوکەری یەکترین و مرۆڤ هەم شوێنی جوگرافی، هەم سەردەمی ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان هەست پێدەکات. ئەوەش وادەکا بە ووردبوونەوە، هەڵە و خورافیە نالۆژیکییەکانی ناو دەقەکانیش بە ئاسانی ببینرێن. بەوەش ڕیگا ئاوەڵادەبێ بۆ ڕەخنە و بە دواداچوون.

وەحی لە ئیسلامدا.
لە ئیسلام دا وەحی پەیوەندی بە ڕووداوی مێژووییەوە نییە. تەنانەت ڕەچاوی کەسی گەیێنەریش (محمد) ناکا. کات و شوێن بوونیان نییە. هیچ پەیوەندی لە نێوان دەقی وەحی و ژیانی بەرفراوان و کولتووری دەوڵەمەندی کۆمەڵگە دا نییە. تەنانەت ئامۆژگاری و بێ پەندەکان بێ بنەمان یان هەڵەی تێدایە. بۆیە وەحی لە ئیسلام پەیامێکی ئەبستراکتە، بەبێ بوونی کات و شوێن. ئەوەش هۆکاری سەرەکییە کە باوەڕدار ناتوانێ، بە ئاسانی خۆی تێدا بناسێتەوە. بەڵکوو وەک دەقێکی پیرۆزی سەپاو وەریدەگرێ. بەبێ ئەوەی بزانێ کەی و لە کوێ و بۆ ئەو پەیامە هاتووە. با وەک نموونە سەیرێکی ئەو چەند ئایەتە بکەین:

قرآن الکریم - سورەتی یس ٣٦: ١٣ - ١٧
دە بەسەرهاتی خەڵکی ئاواییەکەیان بە نموونە بۆ بگێڕەوە، کە نێردە چوونە لایان (١٣) ئەو دەمەی دووکەسمان ناردن، کەس بڕوای پێ نەکردن، نێردەی سێ یەمیشمان نارد، کە یارمەتی ئەوان بدا. گوتیان ئێمە بێگومان بۆلای ئێوە نێردراوین (١٤) گوتیان ئێوە وەک خۆمان مرۆڤن. خودا هیچی نەناردۆتە خوار، ئێوە تەنیا درۆزنن (١٥) گوتیان پەروەردگارمان خۆی دەزانێ، کە ئێمە بۆ لای ئێوە ڕاسپێردراوین (١٦) گوتیان: ئێمە ئەوەندەمان لەسەرە، پەیامی ئەو بە ڕوونی بگەینین (١٧). (٨)

لەو چەند ئایەتە خودا دەیەوێ باوەڕداران بە پەندێک ئامۆژگاری بکا. کە چی بەسەر ئاواییەک هێناوە، تەنیا لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە نێردەکانی ئەو نەکردووە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نە کات، نە شوێن، نە کام نەتەوەیە تەنانەت نێردەکان دیار نییە کێن. دیمەنێکی پڕ تەمومژ. باوەڕدار ناتوانێ، خۆی تێدا بناسێتەوە. و دوور لە تێگەیشتنی پەیرەوکارانی ئیسلامە. بۆیە بە ناچاری دەبێ سیناریۆی بۆ دروستبکرێ. ئەو سیناریۆیانەش چ پەیامبەر خۆی وەک پاشکۆ بە فەرموودە یان ڕاڤەکاران و مێژوو نووسانی موسوڵمان، بۆ پینەکردن و دۆزینەوەی ڕوونکردنەوەیەک تووشی هەڵەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی دەبن. ناتوانن چۆن ڕوونی بکەنەوە. هەر یەکەیان دەقی ڕاڤەی پێشتری خۆی دووبارە دەکاتەوە.


لە فەرموودەیەکی محمد دەگێڕنەوە، کە لەگەڵ هاوارێک شاری ئەنتاکیا وێران بوو. یەک لەوانەی کە دەگێڕێتەوە قتادەیە، ئەویش لە ابن عباس وەریگرتووە، کە دەڵێ جوبرائیل هاوارێکی کرد، ئەو کافرانەی کە مابوون، ئەوانیش مردن (٩)


ابن اسحاق لە وهب بن منیە و کعب دەگێڕێتەوە: لە شاری ئەنتاکیا یەک لە فیرعەونەکان، بەناوی أنطیخس کوڕی أنطیخس کوڕی أنطیخس، بوتی دەپەرست. و هاوبەشی بۆ خودا دروست دەکرد. خودا نێردەی بۆ ناردن، کە سێ کەس بوون. سادق و سادوق و شەلوم. خودا دوو کەسی بۆ شارەکەی ناردن . کە بە درۆیان هێنانەوە، خودا سێیەمیشی نارد. (١٠)


ابن اسحاق بەردەوام دەبێ و دەڵێ ئەوانە لە قوتابیانی کریست (مسیح) بوون. کاتی فیرعەون سوور بوو، لەسەر کوشتنی ئەو قوتابیە نێردراوانەی کریست لە ئەنتاکیا. خودا فیرعەون و سەرجەم خەڵکەکەی لەناوبردن. دواتر ابن اسحاق بۆ ڕاڤەکردنی قوڕئان دەڵێ : ئەو پاشایە و خەڵکی ئەنتاکیا لەناو چوون، لەسەر ڕووی زەوی نەمان، هیچ کەسیان دەرنەچوون (١١)

ئەوەی جێگای هەڵوێستەکردنە، ئەو پێنج ئایەتە چەند ئەبستراکتن و دوورن لە تێگەیشتنی دیندار. دوو ئەوەندە ڕاڤەکاران بە دروستکردنی مێژووێکی ساختە تێکیانداوە: هەموو ڕاڤەکارانی ئیسلام، ئەو ئاواییە، بە شاری ئەنتاکیا دادەنێن.

کورتەیەک دەربارەی شاری ئەنتاکیا:
شاری ئەنتاکیا دەکەوێتە باکووری سووریای کۆن، بە دیوی تورکیاوە کە ئێستا نزیکەی ١٩ کم لە سنووری سوریا دوورە. ٣٠ کم لە دەریای ناوەڕست دوورە. ئەو شارە ساڵی ٣٠٠ پ.ز لەلایەن سێلێکوس نیکاتۆر* دروستکراوە. سێلێکوس یەک لەو چوار سەرکردەیە بوو، کە دوای مردنی ئەسکەندەری مەزن. لە دابەشکردنی دەستەڵات، ناوچەکانی سووریای بەبەر کەوت. مەبەستی سەرەکی لە دروستکردنی شاری ئەنتاکیا ئەوەبوو ، شوێنەکەی زۆر ستراتیژی بوو بۆ بازرگانی و بەستنەوەی ڕۆژهەڵات بە ئەوڕوپاوە وهەر ئەوەش بوو وایکرد ئەنتاکیا هەر لە سەرەتاوە، ببێتە شارێکی مێترۆپۆلیتان (١٢)

چەند هەڵەیەکی ڕاڤەکاران دەربارەی ئەو چیڕۆکە و شاری ئەنتاکیا:


یەکەم: ناوی (ئەنتاکیا)، لە (ئەنتیۆخوس)** هاتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی بنەماڵەی سێلێکوس. تا ئەو ناوە و بنەماڵەکەیان، بە نەمری بمێنێتەوە. نەک فیرعەون ناوی (أنطیخس کوڕی أنطیخس کوڕی أنطیخس) بووبێ.


دووەم: هیچ کاتێک ئەنتاکیا پایتەختی فیرعەون نەبووە. بە پێچەوانەوە، پایتەختی فیرعەونەکان هەمیشە لە میسر بووە، نەک لە سووریا و ئاسیای بچووک.


سێیەم: ئەو کاتەی ئەنتاکیا دروستکرا، چەند ساڵێک بوو ئەسکەندەری مەزن ٣٣٢ پ.ز کۆتایی بە ڕژیمی فیرعەونەکان هێنابوو. واتە فیرعەونەکان ٣٢ ساڵ بەر لە دروستکردنی ئەنتاکیا، دەستەڵاتیان نەمابوو. کەچی قوتابیەکانی کریست پۆلس و بەرنابا و سیمۆن و. هتد ساڵی ٣٩ - ٤١ زایینی لە ئەنتاکیا بووین و هەر لەوێش دینی کریستانیان (مسیحی) دامەزراندووە. ماوەی نێوان فیرعەونەکان، تا دەگاتە ئەو کاتەی نێردەکان چووین بۆ ئەنتاکیا ، دەکاتە ٣٧١ سال.

چوارەم: لە بەر ئەوەی ئەنتاکیا شارێکی میترۆپۆلیتان و بازرگانی بوو. ئازادی ڕەهای تێدابووە. هەر پاولۆس و بەرنابا خۆیان دان بەوە دادەنێن کە بەئازادی لەوێ دەژیان و بانگهێژی دینەکەیان دەکرد. زۆر لاینگیریان پەیداکردووە.
پەیمانی نوێ - کردەوەی نێردەکان ١١: ٢٢ - ٢٣
(٢٢) ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرنابایان بۆ ئەنتاکیا نارد. (٢٣) کاتێک گەیشت و بڕشتی خودای بینی،
دڵشاد بوو (١٣)

ئەوە یەک لە دەیان ئایەتی ناو قوڕئانە کە دوورە لە ژیانی ڕۆژانەی دیندار. بەڵکوو تەنیا وەک ترسێک بۆ پیشاندانی گەورەیی خودا. تۆقاندنی دیناران و ملکەچیان هاتووە (١٤)


پێنجەم: ئەو سێ نێرەدەی کریست (مسیح) ناوی سادق و سادوق و شەلوم نەبوون، بەڵکوو ژمارەیان زیاتر بوو. ناسراوەکانیان پاولۆس، بەرنابا و سیمۆن و تۆماس و چەند نێردەی تر بوون. ئەوانە لەبەر چەوساندنەوە، لە ئۆڕشێلیمەوە ڕایانکردبووە ئەنتاکیا. لەبەرئەوەی شارێکی ئازاد بوو. هیچ کەس نەیدەچەوساندنەوە. هەڵبەتە یەکەم جار بەرنابا یان نارد بۆ ئەوێ، دوای ساڵێک ئەوسا پاولۆس و ئەوانیتر، گەیشتنەوە ئەو. بۆ گەواهی ئەوەش با چەند بڕگەیەک لە پەیمانی نوێ، بخوينینەوە:

پەیمانی نوێ - کردەوەی نێردەکان ١٣: ١
لە کلێسای ئەنتاکیا، چەند نيردەیەک و مامۆستایەک هەبوون بەرناباس، شیمۆن ناسراو بە ڕەش، کۆلیۆسیۆسی کوڕینی، مەناینی شیربرای هیرۆدسی ئەنتیپاسی پاشا، لەگەڵ شاول (شاول ناوی پاولۆسە پيش بوونی بە کریستیان) (١٥)

بەو لێکدانەوەیە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەگەر ئەو شارە ئەنتاکیا نەبێ، ئەوە چیڕۆکێکی دروستکراوە. ئەگەر ئەنتاکیاش بێ ئەوە هەڵەکانی لەوە گەورەترن، کە وەحی لەسەر داببەزێ. بە هەرلایەک لێکی بدەیتەوە ناتوانێ ببێتە بەشێک لە تێگەیشتنی گوێگر و هەست بەوە بکات کە ئەو ئایەتە باسی ژیان و کۆمەڵگەیەک دەکا، کە کاریگەری لەسەر ئەو هەبێ. ئەوە تەنیا بۆ تۆقاندنی باوەڕدارانە و هیچیتر. (١٦)

جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوانپەیامی ئەو دوو دینەدا هەیە. پەیامی کریستیان لە هەر هەنگاوێکی ڕاست یان هەڵە بەستراوەتە و بە کۆنێکستێک و باوەڕدار هەست بە دیمەنی ڕووداوەکان دەکا و دەتوانێ خۆی تێدا بناسێتەوە، یان هەڵوێستەی لەسەربکا. کەچی لە دینی ئیسلام زۆربەی هەر زۆری ئایەتەکانی قوڕئان بۆ محمد هاتوون، بەبێ ڕەچاوکردنی هەڵومەرج و کولتوور و ژیانی خەڵکی. تا ئەو ئاستەی باوەڕدار نەتوانێ لێی تێبگا و وەڵامی تەنیا (اللە اعلم) بێ.

* Selecus Nicator
** Antiochus

خاڵی دووەم.


وەحی لە نێوان سرووشی پەیامبەر و لەوحی مەحفوز
لە دینی کریستیان دەقەکانی پەرتووکی پیرۆز، بریتین لە سرووشی (إلهام) پەیامبەران. لەگەڵ هەڵومەرجەکان دەگونجێن و ڕێبەرانی دین ڕاڤەی خۆیان بە پێی بەرژەوەندی دین و کۆمەڵگە دەتوانن بیگونجێنن. دەقێک نییە لە لەوحی مەحفوز نووسرابێ و نەتوانرێ مانای تری لێ نەبێتەوە. بەو پێیەش دەقەکانی تەورات و ئینجیل بە پێی کات و شوێن و باری کۆمەڵایەتی گونجاون. و هەمیشە بە سرووش گوزارە لە پەیامی خودا دەکەن. واتە دەقەکانی پەرتووکە پیرۆزەکان، گوزارەی مرۆڤن دوای دیداریان لەگەڵ خودا. دواتر بەپيی تيگەیشتنی خۆیان گوزارە لەو دیدارە دەکەن. ئەوەش دەبيتە هەوێن بۆ ئاڕاستەی دین. دواتر ئەو سرووشە تۆماردەکرێن. و دەبنە ڕێنمایی و فەرمانی خودایی بۆ دینداران.

با لەناو چوار ئینجیلە کانونیەکان سەیرێکی کەسایەتی یەسوی کریست بکەین. و بزانین هەریەکەیان چۆن گوزارە لە یەسو دەکەن و هۆکارەکەشی چییە.


جیاوازی دەربڕینی نێوان ئینجیلەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەریەک لەو نێردانە ڕووی ئینجیلەکەی بۆ شوێنێکی دیاریکراوبووە. شێوەی دەربڕین داڕشتنەکانیش لەگەڵ کۆمەڵگە و پاشخانی کولتووری و مێژوویی ئەو نەتەوەیە گونجێندراوە. ئەوە و سەرەڕای تێگەیشتن و شێوەی دەربڕینی نێردەکە خۆی.

ئینجیلی مەتیاس (مەتی) ڕووی لە یەهودیەکان و بەنی ئیسرائیل کردووە. بۆیە ئەوەندە پێگیری لەسەر دەقەکانی تەورات دەکا. زۆربەی لەسەر پاشاکانی یەهوودی دەنووسێ. لە سەرتاسەری ئینجیلەکەی نزیکەی ٦٠ جار بە شێوەی جیاواز ئاماژە بە پەیمانی کۆن دەکا. (١٧)

پەیمانی نوێ - ئینجیلی مەتیاس ٥: ١٧ - ١٨

(١٧) وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات و نووسراوی پەیامبەران بسڕمەوە. بۆ سڕینەوەیان نەهاتووم. بەڵکوو بۆ تەواوکردنیان هاتووم (١٨) ڕاستیتان پي دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لە ئارادابێ. تیپێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێ. هەتا هەمووی دێتە دی. (١٨)

مارکوس (مرقص) ڕووی ئینجیلەکەی لە ڕۆمانەکانە. شێوەی نووسەینەکەی لەگەڵ ئاوەز و باری کۆمەڵایەتی ڕۆما گونجاندووە. بۆیە شێوەیەکی پوخت و کورت، لە گێڕانەوەکانی دەبینین. هەروەها بچووکترین پەرتووکە لە چوار ئینجیلە کانونیەکان.

مارکوس ١: ١ - ٣
(١) سەرەتای مزگێنی یەسوی مەسیحی کوڕی خودا، لە پەرتووکی ئیشایای پەیامبەر دا نووسراوە (٢): من نێردراوی خۆم لە پێشەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکا، (٣) کەسێک لە چۆلەوانی هاوار دەکا و دەڵێ: ڕێگا بۆ هاتنی خودا ئامادە کەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکخەن.(١٩)

لوکاس (لۆقا) پزیشکێکی یۆنانی بوو و یۆنانیش ووڵاتی ئەفسانە و لانکەی کولتووری چیرۆک و هونەری گێڕانەوەیە. بۆیە لە نووسینی دەقەکاندا شێوەی چیڕۆکی بەکار هێناوە بۆ گەیاندنی مزگێنی.

لوکاس ١٩: ٥ - ١٠
(٥) کە یەسو گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و فەرمووی: زەکا، وەرە خوارەوە. چونکە دەبێ ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە (٦) جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشی پيشوازی ليکرد.


(٧) هەموو بینیان و دەستیان بە بۆڵە بۆڵکرد و گوتیان، چووە بۆتە میوانی گوناهبارێک. (٨) بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە کریستی خاوەن شکۆی گوت: گەورەم ئەوەتا نیوەی سامانەکەم، دەدەمە هەژاران. و ئەگەر بەهەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێ، چوار بەرامبەر دەیدەمەوە. (٩) یەسوش پێی فەرموو: ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەو ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە. (١٠) چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە، بە دوای لەناوچواندا بگەڕێ و ڕزگاریان بکا (٢٠)

بەڵام یۆهانێس (یۆحەنا) هەرچەندە ووشە و ڕاڤەی یەهودی بەکارهێناوە. بەڵام زیاتر هەوڵی داوە، یەسوی کریست بۆ ئاستی خودا بەرزتر کاتەوە. و وەک خودا دەیناسێنێ. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، لە دوای کاولبوونی ئۆرشەلیم، یۆهانێس ئینجیلەکەی خۆی نووسیوە. لەو کاتەدا دینی یەهودی ڕۆڵی نامێنێ، و دژایەتی لەلایەن دینی کریستیانی دەکرێ، کریستیانیش دەبێتە دینێکی بەربڵاو و پەرە سەندوو. (٢١)


پەیمانی نوێ - ئینجیلی یۆهانێس ١: ١ - ٥
(١) لە سەرەتا ووشەکە هەبوو. ووشەکە لەلای خودابوو. ووشەکە خودا خۆی بوو (٢) ئەو لەسەرەتاوە لەلای خودابوو (٣) هەموو شتيک بەو وەدیهاتووە. بەبێ ئەو هیچ شت وەدی نەهاتووە، لەوانەی کە وەدیهاتوون. (٤) ووشەکە سەرچاوەی ژیان بوو. ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو (٥) ڕووناکییەکە لە تاریکی دا دەدرەوشێتەوە و تاریکی بەسەریدا زاڵ نەبووە. (٢٢)

لە هەرچوار ئینجیلەکە ئازادییەک لە دەربڕین دەبینین، کە بەستراوەتەوە بە ئاستی زانینی نێردەکە. لەگەڵ شێوەی گێڕانەوەی و کۆمەڵگەی کە دەبێ مزگێنییەکەی ئاڕاستەبکرێ. هیچ دەقێک لە ناو ئینجیلەکان، چەقبەستوو نییە. مەرجی سەرەکی گەیاندنی پەیامی کریستە بە خەڵکی و بڵاوکردنەوەی دینە کە بتوانێ لەگەڵ ئارەزوو و تێگەیشتنی باوەڕداران بگونجێ.

ئیسلام.
لە دینی ئیسلام بە پێچەوانەوە دەقەکانی قوڕئان لە لەوحی مەحفوز نووسراون. لەلایەن خوداوە نێردراون و نابێ دەستکاری بکرێن. بە نووسرانی دەقەکانی وەحی لە (اللوح المحفوظ). ئەوەش وادەکا کە وەحی بەر لەوەی بۆ کۆمەڵگەبێ و ڕەچاوی ژیان و کولتوور بەتایبەتی دینداران بکا نووسرابێ. و ناتوانرێ بە هیچ شێوەیەک دەسکاری بکرێ. لەبەر ئەوەی دەقێکە لەگەڵ ئەفراندندا نووسراون و لەوێ هەڵگیراون. کە دەبێ تەنیا بووترێنەوە و پەیرەو بکرێن. ئەوەش سەرچاوەی چەقبەستوویی و نە جولانی کۆمەڵگەی ئیسلامی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.

قران الکریم - سورة البروج ٨٥: ٢١- ٢٢
(٢١) بَلْ هُوَ قُرْآنٌ مَجِيدٌ (٢٢) فِي لَوْحٍ مَحْفُوظٍ
ئەو قوڕئانە پایەدارە(٢١) لە لەوحی مەحفوزدایە (پارەزراوە) (٢٢) ( ٢٣)

بە پێی ئایەتەکانی قوڕئان لە ئیسلامدا، وەحی لەلایەن خوداوە، لە ڕێگای جوبڕائیلەوە دێ. مدگە دەستی تێدانییە. بەڵکوو تەنیا بە دەستی دووەم (لەڕێی جوبرائیلەوە) وەریگرتوون. ئەو چمکەش لە دە ئایەتی قوڕئان ڕاستەوخۆ باسی دابەزینی وەحی دەکەن. لێرەدا دوو ئایەت بە نموونە دێنینەوە:

قران الکریم - سورة الشعراء ٢٦: ١٩٢
وَإِنَّهُ لَتَنْزِيلُ رَبِّ الْعَالَمِينَ
ئەوە دابەزێنراوی پەروەردگاری جیهانە (٢٤)

قوران الکریم - سورة الحاقە ٦٩: ٤٣
تَنْزِيلٌ مِنْ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لەلایەن پەروەردگاری جیهان نێردراوەتە خوار (٢٥)

لە ئیسلام وەحی وەک داستانێکی درێژی پڕ ووردەکاری نیە. بەڵکوو بە شێوەی پچڕ پچڕ. ئایەت بە ئایەت، یان چەند ئایەتێک پێکەوە هاتوون. ئەو ئایەتانەش هیچ پەیوەندییەکیان بە کات و شوێن، یان ژیانی ڕۆژانەی باوەڕ دارانەوە نەبووە. (٢٦)

بەپێی ليکدانەوەی ڕاڤەکارانی ئیسلام، پەیامبەر، وەحی بەزمانی خودا داڕشتۆتەوە. واتە چۆن لە جوبرائیل بیستوویە، هەروا دەریبڕیوون. و بە هیچ شێوەیەک نە ڕایەکی هەیە، و نە لە قسەکانی خۆی ئاماژەیان پێدەکا. تەنیا دواتر بە فرموودە تەواوکاری یان ڕاڤەیەک دەردەبڕێ. تەنانەت بۆی نییە مێشکی خۆشی بۆ لەبەرکردن بەکاربێنێ، بەو پێیەی خودا دڵنیایی ئەوەی دەداتێ کە بۆی هەڵدەگرێ. (٢٧)

لەوەش زیاتر، خودا هەردەم ویستبێتی وەحی بۆ محمد ناردووە، هەر کاتێکیش ویستبێتی بڕیویەتی. بەو واتایە محمد وەک پەیامبەر ناتوانێ ئیلهامێک یان بۆچوونێکی ڕاستەوخۆی تێکەڵ بە ووتەکانی خودا بکا. (٢٨)


ئەگەر سەرنجێکی ئەو دەربڕینانەی ناو دەقەکانی قوڕئان بدەین، دەبینین، کە ئایەتەکانی قوڕئان و واتاکانیان، ناتوانرێ بەهیچ شێوەیەک نە ڕاڤەی ئازادانە بکرێن و نە بەپێی کات و شوێن بگەنجێندرێن. ليرەدا کێشەکە سەر هەڵدەدا. کاتێ ئایەتێک لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکیتر ناگونجێ، ئەوە بە ناچاری دەبێ بە ئایەتێکیتر نەسخ بکرێ (لە خاڵی هەشتەم باس دەکرێ). لەگەڵ ئەوەش دا ئایەتە نەسخکراوەکە لاناچێ و سەر لە دینداران دەشیوێنێ. کام ئایەت لەکام هەڵومەرج دەتوانرێ بەکاربێ. بە گشتی دەقەکانی قوڕئان کێشەی سەرەکین، بۆ دیندار و لێکدانەوەیان.

خاڵی سێیەم.


پەیوەندی خودا لەگەڵ نەبیەکانی
دینی کریستیانی
لە دینی کریستیانی و دینی یەهودی دا، خودا هاودەمی نەبییەکانە. ڕاستەوەخۆ ڕاوێژیان لەگەڵ دەکا و دەست لەکارەکانیان وەردەدا، بەشداری دیالۆگیان دەکا و هاوبەشێ خەمیانە. نەبی خودا لە ماڵی خۆی و سەرڕێگاکان دەبینێ. بە ووشە و دەربرنی خۆی دێتە ناو ڕووداوە مێژوویی و چیرۆکەکانی ژیانی کۆمەڵگە. (٢٩)

 
خودا خۆی هەواڵی لەدایکبوونی ئیسحاقی دایە ئیبراهیم، خۆی فەرمانی پێدا ئیسحاق بکاتە بەڵاگێر و هەر خۆشی بەرانێکی پێشکەش کرد تا ئیسحاق سەرنەبڕێ. لە هەر سێ ڕێکەوتیش، خودا ڕاستەوەخۆ قسەی لەگەڵ ئیبراهیم کرد(تەورات ئەفراندن ). هەر خودا خۆی دوو جار لە دەربە دەری، سەردانی هاجەری کرد. موسای پەیامبەر لە ناکاو لە پەنا دەوەنێک، خودای لە چیای هۆریب بینی. و موژدەی پەیامبەری بۆ گەلی ئیسرائیل پێدا.


خودای کریستیان، بە وەحی و شێوەی چاوەڕوانکراو لەگەڵ نەبیەکان دەدوێ. هەروەک هاوسۆز و هاودەمی بێ. خودا ڕاستەوخۆ وەحی نانێرێ، بەڵکوو نەبیەکانن دوای دیدار و ڕووداوەکان سرووشیان (إلهام) بۆ دێ. و بە ئاوەز و هزری خۆیان سەربردەکان دەگێرنەوە. بۆ نموونە، کاتی خودا لەگەڵ نەبی حەزقیێل دەدوێ. دواتر حەزقیێل فەرمانی خودا وەک کەسی سێیەم دەگێڕێتەوە:

تەناخ - حەزقیێل ٣: ٤- ٥
پێی فەرمووم: ئەی کوڕی مرۆڤ! بڕۆ بۆ لای بەنی ئیسڕائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ (٥) بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراوی. بەڵکوو بۆ لای بەنی ئیسڕائیل ( ٣٠)

مرۆڤ لە ڕێگای باوەڕی خودایی، بیر لە کردەوەکانی دەکاتەوە. و لە ڕێگای ئەو کردەوانە ڕاستیەکان بە باشە و بە خراپە ڕوون دەبنەوە. لە ژیانی ڕۆژانە و کردەوەکانیان، و خوداناسیان ڕەنگ دەداتەوە. بۆیە دەکری نەبی و پەیڕەوکارانی دینی کریستیانی هەم لەلایەک بە ئاسانی دەتوانن لە گەڵ پرۆسەکان بن و هەم لێشیان تێبگەن. ئەوە سەرای ئازادی بەرامبەر پیرۆزییەکان و گوزارە لێکردنیان.

ئیسلام.
لە دینی ئیسلام خودا هەرگیز پەیامبەری نەبینیوە. بەڵکو لە ڕێگای فریشتەی جوبرائیل پەیامەکانی دەگەیێنێ. خودا تەنیا وەک دەستەڵات دارێک فەرمان دەدا. و دەقی وەحی بە ئایەت دەنێرێ. ئەوەش وایکردووە، ئایەت و سوورەتەکانی قوڕئان تێکەڵاویان تێبکەوێ پەیرەوکار لە نێوان سێ کەس خودا، جوبرائیل و پەیامبەر، نەزانێ کێ قسەدەکا. با بە چوار نموونە سەرنجی چەند ئایەتێک بدەین:
قرأن الکریم - البقرة ٢: ١٩٩
لە پاشان لەو شوێنە بگەڕێنەوە، کە خەڵکی لێی دەگەڕێنەوە و داوای لێبووردن لە خودا بکەن. (٣١)
لێرەدا کەسی سێیەم قسە دەکا، نەک خودا، فەرمان دەدا داوای لێبووردن لە خودا بکەن. ئەو کەسەکێیە؟

قرأن الکریم الأحزاب ٣٣: ٥٠
ئەی پەیامبەر! ئێمە ئەو ژنانەمان بۆ ڕەوادیوی، کە مارەییت پيداون، ئەوانەش کە لە تاڵان دەستت کەوتوون و خودا کردوونییەتە پشکی تۆ. هەروەها کچە مامەکانت، کچە پوورەکانت، کچانی خوشکی خاڵت، کە لەگەڵ تۆ ئاوارەبوون. بە تۆ دەشێن.(٣٢)
کەچی لەم ئایەتە ڕاستەو خۆ خودا قسەدەکا. و مۆڵەتی مارەیی دەداتە پەیامبەر!!

قرأن الکریم النساء ٤: ١٣٠
خۆ ئەگەر لەیەکیش جیاببنەوە، هەر یەکەیان پێویستی بە بەزەیی خودایە..... (٣٣)
لەو ئایەتەش کەسی سێیەمە. داواکاری خودا دەگەیێنێ!!
قرأن الکریم النساء ٤: ١٣١
بەو خودایەی هەر شتێک لە ئاسمان و زەوەیدا. ئەو کەسانەش کە پێشتر پەرتووکی ئێمەیان بۆ هات، ئێوەشمان ڕاسپاردووە کە دەبێ لە خودا بترسن. (٣٤)
بە هەمان شێوە خودا باسی خۆی بە کەسی سێیەم دەکا.


لەو چەند ئایەتە، خوێنەر نازانێ کێ قسەدەکا، جارێک ڕاستەوخۆ بەناوی خۆی، و جارێک کەسێکی تر بەناوی خواد قسە دەکا، خوداش لەوێ نییە. لە هەمان کاتدا دەزانین پەیامبەر هەرگیز خودای نەبینیووە. کەچی بۆ پرسی ڕەوایی ژنهێنان خۆی، وەک کەسی یەکەم دەدوێ. سەرجەمی ئەو گۆڕانی قسەکەرلە ئایەتەکانی قوڕئان، وامان لێدەکات گومان لەوە بکەین کە کەسێکی ترە بە ناوی خودا قسە دەکا. یان خودا سوێند بە خۆی دەخوا. هەر دوای ئەوە بە کۆ قسە دەکات کە پەرتووکی بۆ کەسانی تریش ناردووە.


لە هەمان کاتدا بە ترس و تۆقاندن فەرمان بە گوێڕایەڵی دەدا. لە قوڕئان مرۆڤ لە خودا دەترسێ و پەیامەکانی زیاتر توند و یەک ڕەهەندین. ئەوەش لە سەرجەمی قوڕئان دووبارە دەبێتەوە. و ڕاستەوخۆ لە ژیان و خوداپەرستی موسوڵمان ڕەنگی داوەتەوە. دیندار تەنیا شتەکانی پێی دەگوترێ دووبارە دەکاتەوە. مافی ئەوەی نییە بیریان لێ بکاتەوە. تاکە وەڵام بۆ هەر پرسیارێک، کە وەڵامی پێویستی بە بیرکردنەوە هەبێ بە (اللە أعلم) وەلام دەدرێتەوە. (٣٥)

خاڵی چوارەم.


وەحی وەک ئاڕاستە بۆ تاک یان کۆمەڵ
کریستیانی
لە کریستیانی وەحی متمانە لەسەر ڕێنمایی و ئامۆژگاری یەک تاکە پەیامبەر ناکا. بەڵکوو لە ماوەی ٢٠ سەدە دا، هەر لەسەردەمی ئیبراهیمەوە تا هاتنی یەسو (یسوع) پەرەی سەندووە. کە لەلایەن چەندین نەبی، یەک لە دوای یەک، دوای دیداری خودا، سرووشیان (إلهام) بۆ هاتووە. پەیامی خودا بە شێوە و فۆرمێک دەگەیێنن کە لەگەڵ مێژوو و باری کۆمەڵایەتی و زمان بگونجێ. ئەوەش وەک پرۆسەیەک هەنگاو بە هەنگاو. تا دەرکەوتنی کریست کە خاوەنی وەحی بنەڕەتییە. هەر بۆیە دەبینین پەرتووکە پیرۆزەکانی یەهودی تا دەگاتە ئینجیل، بریتین لە ٣٩ پەرتووک کە بە پەیمانی کۆن دەناسرێن و (لەدینی یەهودی بە تەناخ ناسراوە). ئەو پەرتووکانە لە سەردەمی جیاجیا. و بۆ کەسی جیاجیا وەک سرووش دوای دیداری خودا گەیێندراون. لەناو ئەو پەرتووکانە جیاوازی کات و شوێن بە ڕاشکاوی دیارە. و یەک لە دوای یەک، بە شێوەی کرۆنۆلۆژی یەکتری تەواودەکەن.


سەبارەت بە سرووش، نموونەیەکی دیار لە دەربڕینی یەسو سەبارەت بەوەی، بۆ قوتابیەکانی یەسو بە ڕۆژوو نابن. لێرەدا دەبینین، یەسوو بە شێوەیەکی ڕەوانبێژی بەرز و هێمای گەنجاو، گوزارە لە ویستی خۆی و جیهانی کریستیانی دەکا. (٣٦)

ئینجیلی مارکوس (مرقص) ٢: ١٨ - ٢٠
(١٨) کاتێ قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بە ڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای یەسو. و لێیان پرسی بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بە ڕۆژوو دەبن. بەڵام قوتابیەکانی تۆ بە ڕۆژوو نابن؟ (١٩) یەسو پێی فەرموون بەشدارانی زەماوەند دەتوانن بە ڕۆژوو نەبن، کاتێ زاوایان لەگەڵ دایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیان دابێ، ناتوانن بە ڕۆژوو بن. زاوایان لی دوورخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەوە، دەبێ بە رۆژوو بن (٣٧)

گەیاندنی پەیامی خودایی لەلای کریستیانی، بەند نییە بە تاکە ئایەتێک لە لەوحی محفوز، بەڵکوو دەربڕینێکی ڕەوانبێژی و پڕ سرووشە. هەم گوزارە لەخواستی نەبی و خوداکەی دەکا. هەمیش بەستراوەتەوە بە پەند و ئیدیۆمی گەلێری، کەگوێگران و پەیڕەوکارانی بە ئاسانی لێی تێدەگەن. بۆیە دەتوانین بڵێین، خودا لە ڕێگەی نەبیەکانی لەگەڵ مرۆڤ بە زمان و شێوەی خۆیان قسە دەکا. لەو کاتانە، خودا لە دەستەڵاتی خۆی دادەبەزێ و لەگەڵ مرۆڤ بە زمانێکی سادە، دەکەوێتە گفتوگۆ. ئەوە خودایە ووتەکانی، بە زمانی مرۆڤ ولەسەر شێوەی مرۆڤ لە ڕێگای نەبیەکانی دەگەیێنێ. (٣٨)


لە ئیسلام دا وەحی تەنیا بۆ یەک کەس (محمد) هاتووە. و بە یەک پەرتووک ئەویش قوڕئانە، بە یەک زمانە کە عەرەبیە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە ٢٣ ساڵی خایاندووە. لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوی عەرەب لە مەککە و مەدینە. ئەوەش لە گشت لایەکەوە سنووری وەحی تەسک دەکاتەوە. ئایەتەکانی قوڕئان تەنیا، بۆ یەک کەسن (محدڵ). نەک گشت مرۆڤایەتی. وەحی تەنیا بۆ محمدە. و تەنیا لە پێناوی بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی ئەو دابەزیون. ڕەنگە خەڵکیتر لە هەندێ شت سوودمەند بووبن. بەڵام هەمیشە ئارەزوو و بەرژەوەندی نەبی لە پێش باوەڕدارانە. بۆیە کێشەی گەورەی وەحی لە ئیسلام، تێگەیشتن و هەست پێکردنی پەیرەوکارانیەتی. یان بە واتایەکیتر هاتنی وەحی وەک دیمانیەکی ئەبستراکت، پەیوەندی بە ژیان و کولتووری خەڵکەوە نیە. پەیامێکە دوورە لە ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئاسایی خەڵکی. جا ئەوەش چ بە زمانی دەربڕین و یان پرۆسەی کردەوەکانی نەبی بەرامبەر پەیڕەوکاران. سەرجەمیشی بەناوی خودا، فەرماندەکا (٣٩)


نموونەیەک لەو ئایەتانەی کە تایبەتە بە بەرژەوەندی محمد. ئەویش سەبارەت بە پەیوەندی خۆی بە زەید و زەینەب:

سورەتی الاحزاب ٣٣: ٣٧ - ٣٨
ئەوە بڵێ (محمد) چیت بە ئەو (زەید) گوت. کە خودا بڕشتی بەسەردا ڕشتبوو. تۆش چاکەت لەگەڵی کرد. ژنەکەت (زەینەب) لای خۆت بهێڵەوە و لە خودا بترسە. لە ترسی خەڵکی شت لە دڵی خۆت دەشاریتەوە، کە خودا ئاشکرای دەکا. سەرەڕای ئەوەی خودا شیاوترە لێی بترسی . ئەوجا کاتی زەید پێویستی پێی (زەینەب) نەما. لێی جیا بووەوە، ئێمەش ئەومان (زەینەب) لە تۆ مارەکرد. بۆ ئەوەی هیچ سەخڵەتی (تاوان) نەبێ. هیچ شتێک باوەڕداران ،لە ژنانی بەکوڕکراوەکانیان (تبنی) ناگرێ. کاتێ پێویستیان پێیان نەما و لێیان جیابوونەوە، فەرمانی خودا دەبێ بێتەجێ. (٣٧) هیچ سەخڵەتی (تاوان) ێک لە سەر پەیامبەر نییە، لە (مارەکردنی زەینەب) کە خودا فەرمانی پێکردبێ. ئەوەش بە پێی سونەتی خودا ڕێگای پێدراوە. لە ناو پەیامبەرانی پێشتریش هەروا بووە. فەرمانی خوداش بڕیارێکی بڕاوەیە (٣٨) (٤٠)

ئەو دوو ئایەتەی سەرەوە لە سوورەتی الاحزاب دەری دەخات. کە دینداران هیچ هەست بەوە ناکەن، ئەو وەحیە پەیوەندییەکی بە ژیان و شارستانییەتی باوی ئەو سەردەمەوە هەبێ. هەر بۆیە هاتن و نەهاتنی بۆ ئەوان هەر یەکە. خەڵکی ئاسایی و یاوەرانی پەیامبەر، بە کەمترین شێوە هەستی پێ ناکەن، و لێشی تێناگەن. تا خۆیانی تێدا بیناسنەوە. بەڵکوو دژایەتی ڕەفتاری محمدن و ئەو ئایەتەش تەنیا بۆمحمد و دژی ئەوان گوتراوە. سەرەڕای ئەوە لە هیچ پەرتووکیتر، یان بۆ هیچ نەبییەکی تر نەهاتووە. کە دەڵێ (ئەوەش بە پێی سونەتی خودا ڕێگای پێدراوە. لە ناو پەیامبەرانی پێشتریش هەروا بووە). ئەوە و چەندین سوورەتی تر، کە دیندار ناتوانێ بە ئاسانی لێی تێبگا و بتوانێ بیکاتە بەشێک لە تێگەیشتنی خۆی. و ڕاڤەکردنێکی خۆماڵی و سادە. ئەو بۆچوونە ڕاڤەکارانی بەناوبانگی ئیسلامیش دەگرێتەوە. سەرەڕای هەڵەی مێژوویی کە گوایە، ئەو ئۆفەرە بۆ پەیامبەرانی تریش هاتبێ!!.

خاڵی پێنجەم.


بەردەوامی مێژوو لە وەحیدا
لە وەحی کریستیانەکان، پەرەسندن قۆناخ بە قۆناخ بێ بڕانەوە بەردەوامە. پەرتووکەکان گشتیان پێکەوە بەستراونەتەوە. کە بە ماوەی زیاتر لە دوو هەزار ساڵ، و بە دەیان و سەدان نەوە لە دوای یەک دا تێپەڕیون. و پەیڕەوکاری هەموو پەرتووکەکان بووین. بەوەش پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ (تەناخ و ئینجیل) دروست بووە.

بەبێ بوون و گەڕانەوە بۆ پەیمانی کۆن، پەیمانی نوێ شرۆڤەی ئەستەمە و بەتاڵ دەمێنێتەوە. پەیمانی کۆنیش بەبێ پەرتووکەکانی پەیمانی نوێ، تەنیا ئەفسانە و یاساکانی خودان و ووشەی مردوون.


بەو پێیەش پەیمانی نوێ هەمیشە لە ژێر ڕۆشنایی پەیمانی کۆن دەخوێندرێتەوە. وەک قسەیەکی کۆنی کریستیانی دەڵێ: ناوەرۆک و مانای پەیمانی نوێ لە ناو پەیمانی کۆندا حەشاردراوە. یانی کۆن لە ڕوخساری نوێ دەدۆزرێتەوە. (٤١)

لە ئیسلام و وەحی دا، دابڕانێکی گەورە لە نێوان قوڕئان و پەرتووکەکانی پێش خۆی هەیە. دان بە تەورات و ئینجیل دادەنرێ، هەروەها دان بە بەنی ئیسرائیلیش دادەنێ. کەچی لە قوڕئان دا بە هیچ شێوەیەک باسی ئەوە ناکا، کە موسوڵمان وەک سەرچاوەیەکی پیرۆز بۆیان بگەڕێتەوە. تەنانەت دژیشیان دەوەستێتەوە. بە کورتی ڕێگایەک نییە کە کاریان پێ بکا. ئەوەش وا دەکا کە قوڕئان تاکە سەرچاوەبێ، بۆ ئەوەی باوەڕی موسوڵمان، سەبارەت بە کاروباری دینی و جیهانی بۆی بگەڕەتەوە. تاکی موسوڵمان نابێ لە هیچ کاروبارێکی دینی یان کۆمەڵایەتی کار بە ئینجیل یان تەورات بکا. بەوەش مەیدانی بیرکردنەوە، بۆ موسوڵمان تەسک دەکاتەوە و لە کولتووری دینی زیاتر لە سێ هەزار ساڵی دادەبڕێ. لە جیاتی ئەوە پاساوی تری وەک ئەو دوو پەرتووکە تەورات و ئینجیل دەستکاری کراون و گۆڕانیان تێداکراوە و جێگای متمانە نین. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نە لە قوڕئان، نە ڕاڤەکارانی ئیسلام باسی ئەو گۆڕینە ناکەن. کە کەی و چۆن کراون. لەکام پەرتووک و چی گۆڕاوە و بەکام بەڵگە؟ بێ ئاگا لەوەی تەنیا پەیمانی نوێی دان پێدانراو بریتییە لە چوار ئینجیل و ٢٣ نامە. هیچیان ڕاستەوخۆ پەرتووکی یەسو نین. هەر چوار ئینجیلەکەش کە لە پەیمانی نوێدان، قوتابیانی یەسو وەک گێرانەوە نووسیویانن. نامەکانیش ١٣ نامە هی پاولۆسن کە نێردەیەک بووە و بەس. ١٠نامەکەی تریش هی نێردەکانی ترن. بۆیە لە بنەڕەتدا گشت ئینجیل هەر لەسەرەتاوە سرووشە (ئیلهام)، نەک وەحی و ئەوە تەوراتیش دەگرێتەوە. ڕێبەرانی ئیسلام نازانن کە تەورات و ئینجیل لە بنەڕەتدا قسەی پەیامبەرانن دەربارەی دیداری خودا. نەک قسەی خودا (٤٢)

خاڵی شەشەم.


جیاوازی پەیوەندی نێوان ووشە و گیان (روح) لە وەحی دا
وەحی کریستیان و پەیمانی نوێ، لەسەر بنەمای ووشە دانەنراوە. بەڵکوو پەیمانی گیانە (روح). هەر ئەوەشە وادەکا، دیندار پابەند بە ووشە بە ووشەی ناو پەرتووک نەبێ، بەڵکوو پابەندی گیانی بە وەحییەوە هەبێ. وەک گیان و ناخی مرۆڤ پێکەوە، یەکتری تەواو بکەن. و دیندار بە دین و پەیامی خوداییەوە دەبەستنەوە.


پەیمانی نوێ - نامەی پاولۆس بۆ خەڵکی رۆما (سەبارەت بەوەی، بۆ کریستیانەکان خەتەنە ناکەن)
پەیمانی نوێ - نامە بۆ خەڵکی ڕۆم ٢ :٢٩
(٢٩) بەڵام ئەوەی لە ناخەوە جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکەیە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها بەگوێرەی یاسای نووسراو ئەنجام بدرێت، ئەوا خەتەنەکردن نییە. بەڵکو خەتەنەکردنی لە ناخەوە، لە ڕێگەی گیانی (ڕۆحی) پیرۆزەوەیە. خەتەنەکردن ڕاستەقینەیە (٤٣) ستایشی لەلای خەڵک نییە، بەڵکو لەلای خودایە

نەبی یەرمیا دیداری خۆی لەگەڵ خودا دەگێڕێتەوە.
پەیمانی کۆن - یەرمیا ٣١: ٣٣
(٣٣) یەزدان دەفەرموێ: ئەمە ئەو پەیمانەیە، کە لەدوای ئەو ڕۆژانە، لەگەڵ بنەماڵەی ئیسڕائیل دەیبەستم. فێرکردنەکەم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و لەسەر دڵیان دەنووسم. من دەبمە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبنە گەلی من. (٤٤)

بۆیە دەبینین لە ناو دینی کریستیانی بنەمایەک دروستبووە بۆ دروستبوونی زانستی خوداناسی (***). مەبەست لەوە زانستی لێکۆڵینەوەیە، بەپێی لۆژیک. کە شرۆڤەیەکی هزری بنەماکانی دین، بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەکا. هەروەها دینی کریستیانی لەگەڵ دینەکانیتر بەراوردکاردەکا. ئەوەش بە مەبەستی لەلایەک دانانی بناخەیەک بۆ بەرگریکردن لە دین و لە لایەکی تریش ڕێگا هەموارکردن، بۆ چاکسازی بەردەوام لە دین و گونجاندنی لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگە. سەرەڕای ئەوەش یارمەتیەکی زۆرگەورەیە بۆ پەیداکردنی شارەزایی لەسەر جیهان و بڵاوکردنەوەی مزگێنی دین. (٤٥)

زانستی خوداناسی دابەشی سەر لقی جیاجیا دەکرێ. بۆ بە دواداچوون و قووڵبوونەوە. وەک خوداناسی باوەڕ، ئەدەب، مێژوو، فەلسەفە و سرووشت و هتد. بەوەش دەتوانێ چەندین ڕەهەند لە بوارەکانی جیهانبینی و پەرەسەندن لەخۆ دەگرێ . (٤٦)

لە ئیسلام جیاوازی لە نێوان ووشە و گیاندا نییە، لە بەر سێ هۆ:
١ . وەحی خودا لە قوڕئان لە مێشکی مرۆڤ و ئەزموونی ژیانیەوە نایە، بەڵکوو وەحی (ووشە و گیان) بەرهەمی خودایە، نەک مرۆڤ. تەنانەت محدب ناتوانێ لێی دەرچێ.
سورة الحجر ١٥: ٩
ئێمە خۆمان ئەو قوڕئانەمان دابەزاندووە و هەر بە خۆشمان دەیپارێزین (٩). (٤٧)

٢ . موسوڵمان شتێک بەناوی پەرجوی (اعجاز) قوڕئان دووبارە دەکەنەوە. ئەوەش مانای وایە پەرجو لە شێوەی دەربڕین و گوزارەکردن و دیمەن و لێکچواندن و یاساکان و. هتد، کە بریتییە لە چۆنییەتی یاریکردن بە ووشە و زمان و تەنیا کاری شێوەی دەربڕینی زمانەوانییە. ئەوەش شێوەیەکە لە بەرابڕکێی زمانەوانی، نەک خوداناسی. تا ئەو ئاستەی کە لەناو دەقی قوڕئان مەیدانخوازی لە مرۆڤ و جنۆکە و شاعیر و کاهین دەکا. بەوەی کە ووشەکانی قوڕئان ووشەکانی گیانن (روح) پەرجوی خودان. باسەیرێکی ئەو دوو ئایەتەی قوڕئان بکەین، چۆن نووسەری قوڕئان وەک بەرابڕکێ لە داڕستنی ئەدەبی مەیدان دەخوازێ:

سورة هود ١١: ١٣
یان دەڵێن خۆی هەڵی بەستووە، ئەگەر ڕاست دەکەن با دە سووڕەتی وەک ئەوە بێنن (٤٨)

سورة یونس ١٠: ٣٨
دەڵێن خۆی هەڵبەستوون، پێیان بڵێ با تاکە سووڕەتێکی وەک ئەوە بێن (٤٩)

دەربڕینی ئەو دوو ئایەتە، دەیسەلمێنێ کە نووسەری قوڕئان، گرنگی هەرە زۆری بە شێوەی ئایەتەکان داوە. و ئەوەندی شانازی بە هۆنینەوەی ئایەتەکان کردووە، چواریەکی ئەوەندە بیری لە ناوەرۆکەکانیان نەکردۆتەوە.

٣. بەڵگەیەکی تر لەسەر پەرجوی ووشە، پەرتووکەکانی ڕاڤەکارانی قوڕئان و سەرجەم موسوڵمانان. هیچیان جیاوازی لە نێوان مەبەستی نووسەر کە خودایە، و شێوەی گوزارە کە ئەویش هەر لە خوداوەیە ناکەن.


دەرئەنجام گیان و ووشە توند لە قوڕئان پێچراون. ئەوەش هەر لە سەرەتاوە موسوڵمانان بە توندی گرتوویانە. کە دەبێ قوڕئان ووشە بە ووشە ئەزبەر بکرێ. تەنانەت نووسینەوەی ووشەکان زۆر بە ووردی دووپاتە بکرێنەوە. لە خوێندنەوەش یاساکانی تجوید بە توندی پەیڕەوبکرێ. و لە سەلەوات لێدان هیچی نەگۆڕێ. تا دەگاتە ئەو ئاستەی ناوەرۆک وەک چەقی دین پشتگوێ بخرێ. لە جیاتی ئەوە شتی لاوەکی وەک چۆن ووشەکان دەردەبڕی. بەبێ ئەوەی بیر لە شێوەی بیرکردنەوە و ئاستی شرۆڤە و گرنگی بۆ کۆمەڵگە. ئەوەش وایکردووە بە درێژایی مێژوو تەنیا خەریکی خۆ دووبارەکردبنەوەبن.


ئەو شێوە بیرکردنەوە و پەیوەندی دیندار. و توندی نێوان ووشە و گیان لە وەحی ئیسلام وایکردووە، کە قوتابخانەی (زانستی کەلام) دروست ببێ. زانستی کەلام لەو بابەتانە دەپێچێتەوە، کە پەیوەندیان بە بنەماکانی دین، بۆ نموونە لێتۆژینەوە لەسەر ئاکار و کردارەکانی خودا. و دەستنیاشان کردنی حەڵاڵ و حەرام، یان ڕۆژی هەڵسانەوە (٥٠)


هەروەها لە پەرەگرافەکانی شەریعە هەر لە هاتنی پەیامبەر و دانانی ئیمام تا دەگاتە پاداشت و سزا. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەر هەموویان ناتوانن لە چوارچێوەی دەقەکانی قوڕئان دەربچن. لە بەرامبەر ئەوە دا لە ئیسلامدا شتێک نییە بە ناوی زانستی خوداناسی. یانی لێکۆڵینەوەی هزری، بۆ قووڵبوونەوە لە ووردەکاری لەسەر کاروباری خودا پەرستی. و بە شێوەیەکی ئازاد بەراوردی ئیسلام لەگەڵ دینەکانیتر بکرێ. کە دەرفەت بۆ پێشکەوتن و فراوانکردنی سرووش (الهام) بدا. هەروەها پەرستنێکی لیتورگی لە ئیسلامدا بوونی نییە، کە بتوانن لەو ڕێگایەوە لە ووشە و تجویدکردن ڕزگاریان ببێ، بەرەو خوداپەرستییەکی ئازادانەتر. بە شێوە و زمانی خۆیان پەرستنی خودا بکەن. هەر بۆیە جەژن و بۆنە دینییەکان تەنیا بیرکردنەوەی قوڕئانن و هیچیتر (٥١)


هەرچەندە ڕێبەرانی موسوڵمان دەڵێن زانستی کەلام لەسەر بنەمای قوڕئان و فەرموودەکانی پەیامبەرە، بەڵام فەرموودەکانی پەیامبەریش ناتوانن لە چوارچێوەی قوڕئان دەربچن. بەڵکوو یان ڕوونکردنەوەن یان پینەکردنن بۆ قوڕئان. زانستی و شێوە و پەرەسەندنی پەیوەندی بە ژینگەی سیاسی کۆمەڵایەتیەوە هەیە. ئەگەر سەرهەڵدان و ناکۆکی لەسەر ئاکارەکانی موسوڵمان و ئیمام، لە سەردەمی عەلی کوڕی ئەبی تاڵب دەستی پیکرد. کە بریتی بوو لە شێوەیەک بۆ بەرەنگاربوونەی خەواریجەکان دەستی پێکرد، کەچی لەسەردەمی عەباسییەکان گەیشتە ترۆپک. ئەوەش لەبەر دەستەلاتی ئەفسانەو ئەدەبیاتی یۆنانی و وەرگێڕانی کە بووە دەستەڵاتێکی جێگای ترس، لەسەر زانستی کەلام. بۆیە خوداناسی و گفتوگۆ لەسەر قوڕئان و خودا، لە ناکاو گۆرا بۆ دیسپلینی ئیسلام. و کاری تەنیا بەرگریکردنە لە قوڕئان و پەیوەندی بەخوداوە. (ئەوە باسێکی درێژە لێرە جێگای نابێتەوە).


*** Christian theology

خاڵی حەوتەم.


جیاوازی کردار و گفتار لە نێوان کریستیان و ئیسلام
لە وەحی کریستیانی پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان کردار وگفتار دا هەیە. هەروەک لە کۆنگرەی دووەمی ڤاتیکان دا ڕوونکراوەتەوە:

وەحی لەسەر بنەمای لەگەڵ یەک گونجانی کردار و گفتار دادەمەزرێ. کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانیان دا هەیە. بە شێوەی کردەوەکانی خودا لە مێژووی ڕزگاری. کە باوەڕە ڕاستەکانی گوزارە لەسەر پشتیوانی گفتارەکان دەکا، لە هەمان کاتدا گفتار دربڕی کردارن. و نهێنیەکانی ناوەرۆکی کردار ڕووندەکەنەوە. (٥٢)

جیاوازی لە نێوان کردار و گفتار یان پەیوەندیان پێکەوە. ئاکارێکی تایبەتی لە کەسایەتی دینداری کریستیان دروستکردووە. بە هۆی پتەوی نێوان کردار و گفتار مرۆڤی کریستیان دەبێ ڕاستگۆ بێ. و شتەکانی لەلا، یەکلاکەرەوەبن لە ژیانیدا. دەبێ دەروون و ڕوخساری لەگەڵ یەک بگونجێن، جا بە نهێنی و ئاشکرا (٥٣)


سەرەڕای ئەوەی لە مێژووی کریستیانیزم دا شەڕ و ئاژاوە بووین و ئەوەش چ لەگەڵ دینەکانیتر یان لەناو ڕێبازەکانی دینی کریستیانی خۆیان. و سەرەڕای ڕاوەدوونانی زانستکار و هونەرمەن و فیلەسووفان. بەڵام نەبوونی پشتگیری لە دەقەکانی ئینجیل نەیان توانیوە بەردەوام بن و پەرەسەندن و ئاشتی و پێکەوە ژیان دەرفەتی بۆ ڕەخساوە. لە دوای ئەوە کۆمەڵگەش وەک لەکەیەک سەیری کردووە. تاکی کریستیان هەمیشە کردارەکانی لەگەڵ ڕەفتاری تا ئاستێکی باش پەیرەوکردووە و هەمیشە گەڕاوەتەوە بۆ ڕاسپێرییەکانی یەسو و ئینجیل بۆ ئاسوودەبوونی دەروونی.

بەڵام لە ئیسلام دا وەحی هیچ دەربارەی پەیوەندی نێوان کردار و گفتار دیارنییە. لەبەر ئەوەی لە ئیسلام، وەحی تەنیا بۆ محمد هاتووە. کەچی تەنانەت لە ڕوانگەی موسوڵمانان خۆیانەوە، کردەوەکانی مدم بێ کاریگەرین. تەنانەت ووتەکانیشی پەیوەندیان بە وەحی نییە. ئەوەش لە قوڕئان بە ووتەکانی خودا (کلام اللە) دەردەبڕدرێن. ووتەکانی خوداش هەتاهەتایین و گوزارە لە کردەوەی کاتێک ناکەن. کە کاریگەری ڕووداوەکانی مێژوویی بە پێی کات و شوێن لەسەربێ. (٥٤)


هەر ئەوەشە وایکردووە کە هیچ ڕەنگدانەوەی داگیرکارییەکان، کاروباری بازرگانی، شەڕ، کۆچ و دوژمنایەتی لەگەڵ قوڕەیش، قڕکردنی بەنی قورەیزە و خێلەکانی تر، تا دەگاتە ڕێککەوتنەکان. گشت ئەوانە کە بە فەرمانی محمد خۆی بووین و دەستێکی ڕەهای تێیاندا هەبووە. زۆربەیان بە درێژایی ١٤٤٠ ساڵە، لە زۆر کاتدا چارەنووس سازن و سونەتی نەبین. کەچی هیچ پەیوەندیان بە وەحییەوە نییە. و لە دەرەوەی قوڕئانن. (٥٥)


لەکاتێکدا موسوڵمان هزری وا بنیات نراوە، کە کردار و گفتار لەیەک جیابکاتەوە. ئەوەش وادەکا جیاوازییەکی تەواو لە نێوان دەروون و ڕوخساریدا دروست ببێ. هەروەها نهێنی و ئاشکرا. جیاوازی لە نێوان گیان و ماتریال. ئەوەش سەرجەمی، دوو کەسایەتی لە یەک کەس دا بنیات ناوە. ئەوەش گرفتێکی گەورەی بۆ موسوڵمانان دروستکردووە. کە شتێک دەکەن بەناوی سونەتی نەبی و شتێکیتر وەحی بەپێی (کلام اللە) و تا مێژوو هەیە دیندار یان ئەوەتە نکۆڵی لێدەکا، ئەگەر نەیتوانی ئەوا شانازی پێوەدەکا. نموونەی ئەو داگیرکاری و کوشتن و بڕینەش، بە ئاشکرا لە کوردستان دەبینرێ. تا ئێستاش دینداری موسوڵمان باوەڕی وایە کورد خۆی بۆتە موسوڵمان. و بە شێوەیەکی دڕوندانە داگیر نەکراوە. ئەوە سەرەڕای سەدان بەڵگە و شووێنەواری دڕوندایەتی لەشکری ئیسلام لە کوردستان (٥٦)

خاڵی هەشتەم.


ناسخ و منسوخ لە وەحی دا
لە دینی کریستیانی ناسخ و منسوخ بوونی نییە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەکەم تەورات لە ماوەی دوو هەزار ساڵ دابەزیووە، کە ئەگەر شتێک بۆ نەبییەک دابەزیبێ. ئەوە دەماودەم هاتووە. کاتی دەوروبەری ساڵی ٤٠٠ پ.ز نووسرایەوە (٥٧) ئەوەش وایکردووە ناسخ بوونیننەبێ. یان ئەگەر هەشبووبێ ئەوا دیار لەکام پەرتووک و هۆکارەکەی چیبووە!! دواتر ئینجیلیش دەقەکانی نووسراوەی تەوراتی وەرگرتووە. دووەم چەندین نەبی دوای یەک بە شێوەی کرۆنۆلۆژی هاتوون. بەردەوام تەواوکەری یەکتری بووین. لەلایەکی تر وەحیەکانیش زیاتر ڕۆڵی مێژوویی و کۆمەڵایەتیان هەیە، کە بە ئازادی ڕاڤە دەکرێن. و چەقبەستوو نین، تا ببنە یاسا. ئەوەش وا دەکا ئازادی تاکی باوەڕدار لە پەیرەکردنیان ڕەچاوبکرێ. ئەوە تەنیا دە فەرمایشتەکانی خودا بۆ موسا ناگرێتەوە، کە گوایە فەرمایشتی خودان. بۆیە نە لە تەورات یان ئینجیل نابینی، دەقێک یان ڕێنمایەک باوەڕدار ناچاری شتێک بکات کە هەستی پێ نەکا و لە دەرەوەی بەرژەوەندی کۆمەڵگەبێ یان بە بیانۆی منسوخ دەقێک یان پەرەگرافێک وەلابنرێ. (٥٨)


سەرەڕای ئەوەی خودا ئەو پەیمانەی بە نەبیەکی دابێ، چەندی بەسەر دا تێبپەڕێ، هەمان بەڵێن دووبارەی دەکاتەوە. بۆ نموونە ئەوکاتەی ئیبراهیم گەیشتە ووڵاتی کەنعان خودا پەیمانی پێدا کە ئەو خاکە دەداتە نەوەکانی ئیبراهیم.

تەورات - ئەفراندن ١٢: ٦ - ٧
(٦) ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون
(٧) یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ. ئەویش لەوێ بەڵاگێڕگایەکی بۆ خودا دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو(٥٩)

دوای نزیکەی پێنج سەد ساڵ، جارێکیتر دوای دەرچوونی موسا لەگەڵ بەنی ئیسرائیل، خودا بۆی دەردەکەوێ و دەفەرموێ، ئەو خاکەی پەیمانی بە ئیبراهیم و نەوەکانی دابوو، ئێستا دەیداتە نەوەکانی ئەو.

تەورات - دەرچوون ٣٣: ١
(١) خودا بە موسای فەرموو: لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەروە. بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرموو دەیدەمە نەتەوەکەت (٦٠)

ئەوەش دەیسەلمێنێ کە دەقەکانی تەورات و ئینجیل نەک تەنیا بە پێی کرۆنۆلۆژیان، بەڵکوو تەواوکەری یەکترین و خودا پەروەردگارێکی دەم دەمی نییە. شتیشی لە بیر ناچێ. لە شەڕو ئاشتی و فەرمانەکانی سەرتاسەرین. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە نەبیەکانن فەرمانەکانی خودا، بە سرووش و مەزەندەی خۆیان دادەڕێژنەوە و بۆ باوەڕدارانی دەگێڕنەوە.

ناسخ و منسوخ لە ئیسلامدا
کەچی ناسخ و منسوخ لە قوڕئان گرفتێکی گەورەیەی بۆ دینی ئیسلام دروستکردووە. ئەوەش بە هۆی بوونی یەک پەرتووک، کە بۆ یەک کەس و لەماوەی ٢٣ ساڵ دا هاتووە. هەرچەندە محمد هەوڵی داوە بە فەرموودە کەلێنی ناکۆکییەکان پڕبکاتەوە، کەچی ناکۆکییەکان ئەوەندە گەورەن. بوتە کێشەیەک بۆ باوەڕدار و ڕێبەرانی دینی ئیسلام. کە بە درێژایی مێژوو بۆ یەکلا بوونەوەی پرسەکانی دینی و کۆمەڵایەتی. بە شێوەیەکی بەردەوام و سیستەماتیک یەخەی گرتوون. لەلایەکیتر بەهۆی بوونی قوڕئان لە لەوحی مەحفووزەوە، ناتوانرێ مەنسوخەکان لاببرێ و لێی دەرباز ببن. لە هەمان پەرتووک (قوڕئان) ناسخ و منسوخ لەسەر یەک کەڵەکە بووین. بۆیە هەمیشە ڕێبەرانی دین و باوەڕداران، لەلایەک بەپێی ئارەزوو شوێنی ناسخ و مەنسووخ دەگۆڕن. لەلایەکیتریش بە پینەو پەڕۆ دەیانەوێ، کەمو کووڕیەکانی قوڕئان پەردەپۆش کەن. ئەوە سەرەڕای دیاربوونی، ئایەت و سورەتەکان بەپێی مێژووی گوتنەوەیان لەلایەن محمدەوە. سەیری ئەو دوو نموونەیە بکە:

سورة الكافرون ١٠٩: ٦ (سوڕەتێکی مەککەیە کە پێش کۆچ بۆ مەدینە هاتووە)
دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆم بۆ خۆم (٦) (٦١)

دواتر هەمان کێشەی دینی و کۆمەڵایەتی:
سورة التوبة ٩: ٥ (سورەتێکی مەدینەیە، دوای کۆچ بۆ مەدینە و بەهێز بوونی ئیسلام هاتووە)
هەر مانگی حرام کۆتایی هات، لە هەر کوێ بێدینتان دۆزینەوە بیانکوژن. کە دۆزیتاننەوە، بیانگرن و بەندیان کەن. بۆیان لە بۆسە دانیشن و دەستیان لێ مەپارێزن. ئەگەر پەشیمان بوونەوە و تۆبەیانکرد. نوێژیان کرد و زەکاتیان دا. وازیان لێبێنن. خودا لێبووردە و دلۆڤانە. (٦٢)

بە هەموو یاسایەک سورەتی دووەم هی یەکەم نەسخ دەکا. لە بەر ئەوەی سورەتەکانی مەدینە دواتر هاتوون. و دەبێ موسوڵمان کار بەوان بکا. کەچی سەبارەت بە کێشەی یەکسانی و پێکەوە ژیان، لە هەر موسوڵمانێک بپرسە. یەکسەر ئەو ئایەتەی سورەتی الکافرون وەک ئایەتێکی ناسخ و کارا، بە نموونە دەیهێنێتەوە. کەچی بەپێی کرۆنۆلۆژیای ناسخ و منسوخ، نابێ کاری پێ بکرێ. هەرچەندە ئەو ئایەتە و دەیان ئایەتی تر بە فەرموودەی (من بدل دينه فاقتلوه) پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەی ڕاڤەکاران ئاماژەی پێدەکەن بۆ نموونە بخاری لە(سحیح بخاری باب حکم الرتد و المرتدە . ژمارە: ٦٩٢٢) هەروەها احمد بە فەرموودەی ژمارە ١٨٧١، الترمذی ژمارە ١٤٥٨، ابو داود ژمارە٤٣٥١ و ابن حاج ژمارە ٢٥٣٥. ئیتر گشت ئاماژەکان ئەوەیە سورەتی التوبە نەسخی سورەتی الکافرونی کردووە. کەچی دیندارەکان هەر پەنا بۆ ئایەتێکی منسوخ دەبەن، بۆ خۆ دەربازکردن.


بەگشتی ناسخ و منسوخ کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئیسلام نە دەتوانێ لێی دەربازببێ ( لەبەر ئەوەی لە لوح المحفوض) نووسراوە و نە دەتوانێ پینەشی کات.. وک خەنجەرێک لە قوڕگی گیر بووە. نە دەتوانێ قووتی دا نە دەشتوانێ دەری بێنێ.

خاڵی نۆیەم.


خودا لە نێوان ڕاوێژ و ئامۆژگاری و فەرماندان لە وەحی دا.

کریستیان
لە دینی کریستیانی خودا ئامۆژگارە و بەردەوام ڕاوێژ دەکا. بەهیچ شێوەیەک مرۆڤی نەکردۆتە بەڵاگيری ئارەزووەکانی خۆی. بەڵکوو لەجیاتی ئەوە خۆی ئامادەیە لە پێناوی ژیان و ئارامبوونیان دوژمنانیان ڕاماڵی یان لەناو ببا.


تەورات دەرچوون ٣٣: ١
(١) خودا بە موسای فەرموو: لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناوتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: دەیدەمە نەوەکەت (٢) فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەموری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم. (٣) بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من نامەوێ بەرەنگارتان ببمەوە، چونکە ئێوە گەليکی سەرسەختن و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم. (٦٣)

خودا دوای دەربازبوونی موسا و گەلەکەی لە میسر و گەیشتنیانە و پەرینەوە لە دەریا. موسا ئامۆژگاری دەکا و هانیان دەدا بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی کەنعان . تەنانەت بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبن، فریشتەیەکیش دەنيري بۆ ڕاماڵینی ئەو هۆزانەی کە گومانیان ليدەکري بەرەنگاریان ببنەوە. لە کۆتایی دەبینین، چۆن خودا خۆی لە شەڕی بەنی ئیسڕائیل دەپارێزێ، کە خۆی هەڵیبژاردوون. ئەوەش بە ڵگەیەکی ڕوونە کە خودا گەلی ئیسڕائیلی خۆشدەوێ. ئەو ڕێزگرتنەش کە خودا بۆ ئەو گەلەی داناوە، لە قوڕئان لە سوڕەتی البقرة بە ڕاشکاوی دەردەبڕێ. و دەڵێ:
قرآن الکریم - سورة البقرة ٢: ٤٧
ئەی بەنی ئیسڕائیل بیر لەو چاکانە بکەنەوە، کە من لەگەڵ ئێوەم کرد. و لە خەڵکی هەموو جیهان زیاتر ڕێزم لە ئێوە نا. (٦٤)

بۆیە خودا تاکە داوای لە گەلی ئیسڕائیل ئەوەیە، یەک بەڵاگێڕی سادە بۆ خودابکەن. ئیتر بەهەشت بەدەست دێنن.


ئەو هەڵوێستەی خودا لە ئینجیلیش بە ئاشکرا دەردەبڕي. یەسو ژیانی خۆی پێشکەشی نەتەوەکەی دەکا و خۆی بەو شوانە دادەنێ کە ژیانی لە پێناویان بەخت دەکا:

ئینجیلی یۆهانێس (یۆحەنا) ١٠: ١١
منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پيناوی مەڕەکانی دادەنێ. (٦٥)

هەروەها خۆی بەو نانە دادەنێ کە لە ئاسمانەوە دابەزیووە، تەنیا بە ئاشنابوون پێی، ژیانی هەتاهەتایی وەدەست دێنێ. ئامادەیە جەستەی خۆی ببەخشێ بۆ ئەوەی باوەڕدارانی بگەنە ئەو ژیانە هەتا هەتاییە.

ئینجیلی یۆهانێس (یۆحەنا) ٦: ٥١
منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیووە. ئەگەر یەکێک لەو نانە بخوا، بۆ هەتا هەتایە دەژی. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم جەستەمە. (٦٦)

لە ئیسلام دا
لە دینی ئیسلام کێشەکە پێچەوانەیە، خودا خاوەنی گیان و سامانی باوەڕدارانە و داوایان لێدەکا. بۆ ئەوەی بگەنە بەهەشت دەبێ شەڕی بۆ بکەن. بێ باوەڕان بکوژن. بەبێ پەردەپۆشی بە باوەڕداران دەڵێ، دەبێ بکوژن و بشکوژرێن. ئەوەش مەرجێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی پاداشت وەربگرن و بەهەشت وەدەست بێنن.

قرآن الکریم - سورة التوبة ٩: ١١١
خودا گیان و سامانی باوەڕدارانی کڕیوە. لە جیاتی ئەوەدا، دەیانباتە بەهەشت. باوەڕدارانیش، ئەوانەن کە لەڕێی خودا شەڕدەکەن، و دەکوژن و دەشکوژرێن. لە تەورات و ئینجیل و قوڕئانیشدا بەڵێنی وەها دراوە. سا کێ بۆ ئەنجامدانی بەڵێن دروستترە. دەسا ئێوە، بەو سەودایە مزگێنی بەیەکتری بدەن، کە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، دەستتان کەوتووە. (٦٧)

ئەوەی لەو ئایەتە، جێگای هەڵوێستەیە، نووسەری قوڕئان نەک تەنیا خۆی بەڵکوو تەورات و ئینجیلیش دێنێتە ناو باس و قسەی هەڵبەستراو بە ناوی ئەوانیش دەکا. لە ڕاستیدا نە لە تەورات و نەلە ئینجیل، خودا داوای لە باوەڕداران نەکردووە، خەڵکی بۆ بکوژن. بە پێچەوانەوە دەقەکان هەمیشە ئاماژە بەوە دەکەن کە خودا ئەو کارەی بۆ ئەوان کردووە. ئەو شەڕ و کوشتارانەی لە ناو دەقەکانی تەورات هەن. هیچیان بۆ خودا نین. بەڵکوو داگیرکارین یان بەرگرین، لە بەنی ئیسرائیل.

خودای قوڕئان باوەڕداران هان دەدا بۆ کوشتن. بە ڕاشکاوی پێیان دەڵي: دەستیان لي مەپارێزن، تا پەشیمان دەبنەوە، و تۆبە دەکەن. هيشتا خودا ليبووردەیە.:
قرآن الکریم - سورة التوبە ٩: ٥
هەر مانگی حرام کۆتایی هات، لە هەر کوێ بێدینتان دۆزینەوە بیانکوژن. کە دۆزیتاننەوە، بیانگرن و بەندیان کەن. بۆیان لە بۆسە دانیشن و دەستیان لێ مەپارێزن. ئەگەر پەشیمان بوونەوە و تۆبەیانکرد. نوێژیان کرد و زەکاتیان دا. وازیان لێبێنن. خودا لێبووردە و دلۆڤانە. (٦٨)

هەرچەندە هەر دوو دینی کریستیانی و ئیسلام دوو دینین، لە یەک ناوچەی جوگرافی و سەردەمێکی زۆر لەیەک نزیک دروست بووین کە تەنیا ٦٠٠ سال نێوانیانە. و لە دایکبووی هەمان سەرچاوەن کە دینە ئیبراهیمییەکانن، کەچی خودا دوو کەسایەتی دژی بە یەکی هەیە. لە دینی کریستیانی ئامادەیە خۆی دابەزێ و بەرگری لە گەلی ئیسڕائیل بکا و بڕشتیان بداتێ تەنانەت بەرگەی گلەو گازاندەشیان دەگرێ. لە سەردەمی یسو و کریستیانی، یەسوو وەک شوانێک دڵسۆزە بۆ مەڕەکانی و گیانی خۆی، لە پيناویان بەخت دەکا. تا ئاسوودەبن و بە ئارامی بژین. بەلام لە هاتنی دینی ئیسلام خودا گۆڕاوە. خودایەکی خۆپەرست، لە پێناوی ئارەزووەکانی خۆی، دیندار بە کوشتن دەدا. ئەو بەهەشتەی کە خۆی بەبێ بەرامبەر و بە دڵخۆشیەوە پێشکەش یەهودی و کریستیانەکانی دەکرد. ئێستا وەک پاداشت بۆ کوشتنی خەڵکی دەیان داتێ. گیانی دینداری کڕیوە. و خۆی چۆنی بییەوێ، وەک کۆیلەیەکی سادە سەودایان لەگەڵ دەکا. بەهەشت دەکاتە پاداشت بەرامبەر کوشتن و کوژران لە پيناوی خودا.

پوختەی باس.


دینەکان بەگشتی بەرهەمی هزری مرۆڤن، لە قۆناخ و شوێنی دیاریکراو. هەر ئەوەشە وا دەکا دیاردە کۆمەڵایەتییە باوەکانی کۆمەڵگە و سرووشتی نەرێت و کولتوور, بە ڕاشکاوی بەسەر داببرێن. ئاکارە باوەکانی کۆمەڵگە، دەبنە بنەما و دیاردەکانی دین. هەر ئەوەشە وا دەکا، دین بە ئاسانی بتوانێ لە چوارچێوەی ناو چەیەکی جوگرافی چەکەرە بکا و ڕەگ دابکوتێ. (٦٩)


کەلەپووری باوی کۆمەڵگە ئەگەر بانگەوازی خوداییش نەبێ، کەچی دەبێتە ڕیشەی خۆ داکوتانی دین. کە دەتوانرێ لە ڕيگەی ڕیتوالەکانی بە کۆمەڵگەیەکی دیرایکراو گرێ بدرێ.


دینی کریستیانی لە هەناوی دینی یەهوودی و گەلی ئیسرائیل لە دایک بووە. هەر لەويشەوە گەشەی سەندووە. کەلەپووری یەهوودی و کۆمەڵگەی بەنی ئیسرائیل، بنەما و ناوەرۆکی کریستیانی پێکدێنن. ئەوەش بەڕاشکاوی دانی پيدانراوە. و هەڵسوکەوتی تاکەکانی کریستیانی لەگەڵ دەقە دینییەکان و ناوچەی جوگرافی دەگونجێن. و ناوچە بە ناوچە دوای تێپەڕبوونی کات، ڕەوتی نوێی دین، بە ڕەنگی کولتووری ناوچەیەکی نوێ دیاردەکەوي. ئەو دیاردەیەش بە ڕاشکاوی لە نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانت لەلایەک. و لەلایەکیتر لە هەر کێشوەرێکی جیهان بە باشی، هەست پيدەکرێ. لە ووڵاتانی باکووری ئەوڕوپا پرۆتستانتەکان نەرمن ، و لەگەڵ کولتوور و کەلەپووری باکووری ئەوڕوپا گونجاون. کەچی کاتۆلیکی ڕێبازێکی توندە. ڕەگی توندییەکەشی لە چەوسانەوە و توندوتیژی ئیمپراتۆری ڕۆم چ لە ئۆرشەلیم و دواتریش لە ڕۆم. دواتر کە کریستیانیزم، بووە بەشيک لە دەستەڵات، ئەو کولتوور و نەرێتە توندانەی وەک خۆی مانەوە. بەشداری کردنی لە داگیرکارییەکانی ڕۆم. لە هەمان کاتدا بە پشتیوانی ئیمپراتۆری ڕۆم قەڵاچۆی، ڕێبازەکانی تری کریستیانی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداکرد. (٧٠)


دینی ئیسلام هەرچەندە دینێکی ئیبراهیمیە. و دەستە خوشکی هەر دوو دینی یەهودی و کریستیانییە. کەچی ئاکار و کولتووری دوورگەی عەرەبی، بۆتە بنەما و بنەڕەتی دین. و ڕەنگدانەوەی شەڕو داگیرکاری و و تاڵان وەک بەشێکی دانەبڕاو، بە درێژایی مێژوو بوونەتە ناوەرۆک. ئەوەش هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی دین لە مەککە چرۆی کردووە. و دواتر لە دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلام لە مەدینە، بوونەتە بنەمای ناو دەقەکانی قوڕئان، وەک فەرمانی خودایی دووبارە دەبنەوە. (٧١)


بە پێی دەقە نووسراوەکانی هەر دینێک، وەحی یان ئیلهامی نەبی، بریتییە لە ئەنجامی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ یان دیداری ڕاستەوخۆی لەگەڵ خودا. ئەو پەیوەندییەش دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی، بۆ ئاراستەی دین و شێوەی پراکتیزەکردنی. جا هەر دینێک بەو شێوەیەی وەحی بۆ دێ، یان بە واتایەکیتر. پەیوەندی خودا بە نێردەی خۆی و شێوەی گەیاندنی پەیامی دین. دەبێتە بناخەی ئاراستەی دین و چۆنییەتی پەیڕەوکردنی. ئەگەر بە ووردی بەراوردێکی ئەو نۆ خاڵەی، پێشتری ناو ئەو باسە بکەین. بۆمان دەردەکەوێ، کە وەحی لە هەر یەک لە دینەکانی کریستیان و ئیسلام. پەیوەندی نێوان ناوەرۆکی وەحی و ئاراستەی دین، شێوەیەکی تایبەت بەخۆی و جیا لە دینەکەیتر هەڵنراوە. ئەو هەڵنانەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی جوگرافی و ژینگە و کولتووری کۆمەڵایەتی دین. کە دەتوانن بناخە و جیهانێکی تایبەتی دینی وەدی بێنن. ڕەنگدانەوەی دیمەنەکانی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و دەروونی بە ڕاشکاوی تێدا هەست پێبکرێ وببینرێ.


بۆیە دەتوانین لە دەلاقەی دەقەکانی وەحی، درک بە نەرمی و زبری فەرمانەکانی خودا بکەین. هەر لەو دەلاقەیەوە دەتوانین تێگەیشتنی خۆمان، سەبارەت بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و ئاستی پێشکەوتنی شارستانی بکەین. تا دەگاتە ئاکارە تایبەتییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە و هەڵسەنگاندن و داڕشتنی بنەماکانی دین، بە پێی کولتوور و کەلەپووری کۆمەڵگە.


لە دینی کریستیانی دا، شێوەی دەربڕینی وەحی ئازادییەکی بەرفراوانی تێدایە. کە دیندار هەست بە بوونی زەمینەی بیرکردنەوەی ئازادانەتر دەکا. چونکە دەزانێ ئەوە نەبییەک قسەکانی خودا دەگێڕێتەوە. و دەتوانرێ هەمان پەیام فۆرمی تر وەربگرێ. تا لەگەڵ شوێن و کولتوور و زمان دا بگونجێ. مەرجی سەرەکی، ئەوەیە کە چوارچێوەی پەیامەکە بتوانێ و بە گونجاوی بگەیێنرێ. ئەوەش دەبێتە هۆی داهێنان و بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵگە.


ناوەرۆکی دەقەکانی پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ، ئەو دیمەنەمان بۆ بەرجەستە دەکەن، کە کۆمەڵگەی بەنی ئیسڕائیل لە سەردەمی سەرهەڵدانی دین و بڵاوبوونەوەی، لە چ ئاستێکی کولتووری و شارستانی دابووە. ئەو کاتەی یەسو بە قوتابیەکانی دەڵێ: (ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم جەستەمە)(٧٢) لەوە تێدەگەین ئەوە یەسو نییە، کە گیانی لێبووردەیی هەیە. بەڵکوو ئەوە کولتوورێکە ڕەنگدانەوەی لەسەر گیانی پەروەردە بوونی یەسو هەبووە.


لە مێژووی پەرەسەندنی دینی کریستیانی چەندین جار سەلمێندراوە. کە توند و تیژی و داگیرکاری لە ماوەیەکی دیاریکراو ڕوویداوە. کەچی دواتر بنەما کۆمەڵایەتییەکانی بەنی ئیسرئیل، بڕیاردەربووین. بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی بەپێی ئینجیل و تەورات.


نموونەی ئەو توند و تیژی و داگیرکاریانەش. شەڕەکانی سولەیمان ،دوای دەربەدەرکردنی ئەبیاتار کاهینی مەزن. دین بووە ئامرازيک بەدەستی دەوڵەتەوە.(٧٣) دواتر لە سەرەتای دینی کریستیانی و تێکەڵ بوونی دین لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم. کە بە کوشتن و دەربەدەرکردنی نەیارانی کاتۆلیکی. و دواتر لە شەڕی خاچپەرستان، لە ئەنجامی دەستەڵاتی دین بەسەر دەوڵەت. و ناچارکردنی میر و پاشاکانی ئەوڕوپا بۆ داگیرکردنی ئۆڕشەلیم. بەڵام هەریەک لەوانە دواتر بە گەڕانەوە بە ئاڕاستەی دین، هێوربوونەوە. ئەو ڕووداوانە وەک پەڵەیەکی چلکن لە مێژووی کریستیانی دەژمێردرێن. و هەر تاکێکی کۆمەڵگەی کریستیانی بە ڕاشکاوی وەک تاوانێک بەرامبەر مرۆڤ و دین سەیریان دەکا.


ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە کە ئەو ڕووداوانە، کردوەی مرۆڤن لەسەردەمێکی دیاریکراووو ڕەنگدانەوەی ناوەرۆکی وەحی کریستیانی نین. لە کۆمەڵگەی دینی کریستیانی، خودا پەرستی ڕاستەوخۆ بە ووشەکانی ناو ئینجیل بەستراونەتەوە و وەک گیانی پیرۆز سەیر دەکرێن. بۆیە دەبینین چ ڕێنیسانس و دواتر بوارەکانی تری زانستی کە ڕێک دژی بۆچوونی کەنیسە بوون، لە هەمان کاتدا لە ناو هەناوی کەنیسە سەریان هەڵدا و پەرەیان سەند. کەرەکتەرە سەرەکیەکانیش، هەر پیاوانی دینی خۆیان بوون. ئەوەش هەر لە کۆپەرنیکۆس، گالیلۆ، دیکارت کە خۆیان پایاوانی دین بووین، لە هەمان کاتدا پەرەیان بە زانست داوە. ئەوانە لەلایەن کەنیسەوە بەرهەڵسی کراون. بەڵام هەرگیز نەبۆتە ڕاوەستانی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی دەقەکانی ئینجیل تێکستی چەقبەستوو نین. هزری زانستی و لێکدانەوەی تا ئاستێکی باش لە ناو پیاوانی دین بوونی هەبووە . واتە هەر کەسێک لە چوارچێوەی دینداری دەیتوانێ بۆچوون و بیروڕای خۆی لە بواری زانستی و ئەدەب و هونەر هەبێ و پەرەی پێبدا.


بەو مانایەش دین دەبێتە باوەڕبوونیی تاک و ناکرێتە دێوجامەیەک بۆ ڕاوکردنی هەرکەسێک دژی دەقە پەرۆزەکان بێ. لە هەمان کاتدا، لە چوارچێوەی سرووشی (إلهام) کەنیسە لەڕێگای زانستی خودا ناسی، لێکۆڵینەوە لەسەر بیروباوەڕ وقووڵبوونەوە لە دینی کریستیانی و بەراوردی لەگەڵ دینەکانیتر. هەر لە سەرەتاوە بووە کرانەوەیەک بەرەو ئازادی تاک بۆ پەرەسەندن و کرانەوەی دەرگاش بەرەو جیهانێکی فراوانتر بۆ گەیاندنی پەیامی دینی کریستیانی بە جیهانی دەرەوە.


ئەوەش ڕەنگە هەر لە سەرەتادا دوای لە خاچدانی یەسو، بڵاوکردنەوەی پەیامی دین بە شەڕ و داگیرکاری نەبوو. بەڵکوو بە شێوەی مزگێنی و دیالۆگ بوو. جا هەر نێردەیەک، بۆ بڵاوکردنەوەی مزگێنی کریستیانی، بەرەو ناوچەیەک کەوتەڕی. ئەو قوتابیانەی یەسوو، هەریەک بە پێی تێگەیشتنی خۆی و کولتوور و ئاستی شارستانی، باوەڕ و کردەوەکانی یەسوی تۆمارکردووە. لەوەش زیاتر نامەکانی پاولۆس کە ژمارەیان ١٣ نامەیە. هەر یەکەیان لە ئاستی هەر یەک لە چوار ئینجیلەکان دان. (٧٤)


بۆیە دەتوانین بە ڕاشکاوی بڵێین. ئاستی شارستانی و کولتووری، ووڵاتانی خاوەن دینی کریستیانی. هەر لە سەرەتاوە لانکەی پێشکەوتن و لێکدانەوەی فراوانتر بووین. ئەوەش لە سادەیی و تێگەیشتنی پەیامی یەسو بۆ ئیسرائیل و چۆنییەتی دووبارە گێڕانەوە و ڕاڤەکردنی لە دەقی ئینجیل، و گونجاندنی لەگەڵ کولتووری ناوچەکەی. دەبینین چۆن هەر یەک لە نێردەکان بانگهێشتی پەیامەکەی، لەگەڵ شوێنی مزگينییەکە گونجاندووە. ئەوەش دەمانگەینيتە ئەو سەرئەنجامەی، پەیامی خودایی لای کریستیان بەشێکە لە کولتوور و کراوەترە لەوەی تۆ وەک نامەیەکی ئاسمانی بیبینی.


بە پێچەوانەوە لە دینی ئیسلام، نەبوونی تێڕامانی ئازادانە. و بەندبوون بە ووشە بە ووشەی دەقەکانی قوڕئان، وای کردووە، ببێتە پەیامێکی ئەبستراکت. و دیندار نەتوانێ خۆی تێدا بناسێتەوە. نەبوونی کۆنێکست لە دەقەکانی وەحی. کە دیندار بتوانێ تێگەیشتنی خۆی لەسەر لە ڕەوتی دینەکەی بنیات بنێ. بەو مانایەش هەڵومەرجی هاتنی هەر ئایەتێک، نەبەستراوەتەوە بە کۆمەڵگە. و ڕەوتی ژیان و پێشکەوتنی مێژوویی، و کۆمەڵایەتی. یان ڕووداوەکان بێجگە لە ترس و تۆقان، ناتوانن کاریگەرییان لەسەر تاکی باوەڕدار هەبێ. بەڵکوو بە پێچەوانەوە شێوەی ئەبستراکت لە ئایەتەکان و ژینگەی کۆمەڵایەتی دین، هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە. تا دیندار خۆی تێدا بناسێتەوە. هەر ئەوەشە وایکردووە دیندار نە تێی دەگا و نە هەستی پێدەکا. بيجگە سووڕانەوە لە ناو بازنەی ترس و خۆخواردنەوە.


دینی ئیسلام هەر لە سەرەتای دروستبوونی بە شەڕ و داگیرکاری و سەپاندن دینی بڵاوکردۆتەوە. ئەوەش بۆتە کولتوورێک کە دینداری موسوڵمان وەک شانازی دەیبینێ. و هەر لە سەرەتادا ئەو دەرفەتەی لێبڕاوە کە بچێتە ناوەرۆکی ئایەتەکان و لێیان تێبگا. لەبەر ئەوەی وا تێگەیێندراوە کە قوڕئان لە (لوح المحفوظ) نووسراوە و کەس بۆی نییە بە چاوی ڕەخنەی تێی بڕوانێ. ئەوەشە وایکردووە، کە لە دینی ئیسلام دەرفەتی بەراوردکردنی دەقەکانی قوڕئان، لە گەڵ پەرتووکی دینەکانی تر، بوونی نەبێ. تا بتوانرێ ببێتە بنەمایەک بۆ هوشیارکردنەوە و پەرەسەندنی دین . ئەوەش گشت دەرفەتەکان لە بەردەم دینداری موسوڵمان دادەخا. ودەبێتە هۆکارێک، کە تەنیا لە ناو چوارچێوەی داخراوی ئایەتەکانی قوڕئان دا بسووڕێتەوە. و نەتوانێ هیچ شتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە ببینێ. و لەگەڵ دەقەکانی قوڕئان بەراوردیان کا. تا بتوانێ باشتر و فراوانتر لە دینەکەی خۆی تێبگا و قووڵبێتەوە و سەرڕاست و بە چاوی ڕەخنەگرانە تێی بڕوانێ. بۆیە یاریکردن بە ووشە و شێوەی خوێندنەوە (تجوید) و چۆنیەتی سەردانی ئاودەست و دەستنوێژگرتن. وەک چەقی دین سەیر دەکرێ.


ئەوەش وایکردووە بە درێژایی مێژوو، دینەکانی تر لەلای موسوڵمان لەجیاتی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ڕێگای لەیەک نزیکبوونەوە. تەنیا نەفرەتیان لێکراوە و کوشتن و سووکایەتی و تالان و داگیرکارییان پێ ڕەوا بینراوە.


سەرەڕای ئەوە کردار و گفتاری موسوڵمانان پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە. بۆیە پراکتیکێکی تر سەری هەڵداوە بە ناوی (سونەتی نەبی). هەر ڕەفتارێکی موسوڵمان، ئەگەر لە چوارچێوەی قوڕئان جێگای نەبێتەوە. ئەوا بە ناوی سونەتی نەبی دادەنێن.

ئەگەر هەردوو پەرتووکی ئینجیل و قوڕئان دوو سەرچاون بۆ خورافاتی دین و بەربەست لەبەردەم زانست. هەروەها ناتوانرێ وەک سەرچاوەیەکی زانستی بکرێنە بەڵگە بۆ ڕەوایی دینێک. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لەو پەرتووکانە ڕەنگدانەوەی هزر و کولتوور و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەیەکی جوگرافین. و دەکرێ بەڕاشکاوی بکرێنە کۆمپاسێک بۆ هەڵسەنگاندنی ژینگەی جوگرافی و کۆمەڵایەتی بۆ دین. و هۆکارەکانی ناوەرۆک و شێوەی دروستبوونی.


لە کۆتاییدا سەرەڕای هەردوو دینەکە پەرتووکەکانیان تەنیا خورافاتن، لەگەڵ ئەوەشدا ئینجیل هەرچەندە ٦٠٠ ساڵ مێژووی بەر لە قوڕئانە. کەچی لە شێوەی دەربڕین و نەرمی و سادەیی بەرامبەر بە قوڕئان، دیاردەکانی پێشکەوتنی شارستانی و کۆمەڵگە بە ئاشکرا دیارە. باسی تەورات هەر ناکرێ لەبەر ئەوەی نزیکەی هەزار هەشت ساڵ پێش قوڕئانە. بەرامبەر بەوە دەبینین قوڕئان کۆمەڵگە و بیری مرۆڤی بۆ سێ هەزار ساڵ پێشتر گەڕاندۆتەوە. بە پێی دەقەکانی هانی کوشتن و داگیرکاری و تاڵان و بە سەبایاکردن دەدا. بەوەش دەکرێ بڵێین ئەفسانەکانی سۆمەری و بابلی زۆر لە قوڕئان لۆژیکترن و پەیوەندیان توندترە بە کۆمەڵگەوە.
__________________________________________
سەرچاوەکان:
١٢ Durkheim, Emile (1995) The Elementary forms of Religious life
٢ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. دار عقل. لبنان ل ١٠
٣ ئینجیلی مەتیاس (مەتی) ٥: ١٧ - ٢٠
٤ دستور عقائد فی الوح الالاهی عدد ٢
( کۆڕی دووەمی ڤاتیکان لە نيوان ساڵانی ١٩٦٢ - ١٩٦٥ بەسترا. کۆڕەکە بریتی بوو لە چوار هەنگاو. و بە گرنگترین ڕووداوی ساڵانی ١٩٠٠ دادەنرێ. لەو کۆڕەدا کەنیسەی کاتۆلیک بەخۆداچوونەوەیەکی مەزن و نوێکردنەوەیەکی بەرفاراونی لە باوەڕ و بۆچوون و ڕێکخستنەکانی کەنیسەی کاتۆلیکی داکرد.) کۆڕی یەکەمی ڤاتیکان لە ٨ - ١٢ - ١٨٦٩ تا ٢٠ - ١٠ - ١٨٧٠ ی خایاند.
٥ تەورات - ئەفراندن
٦ تەورات - دەرچوون
٧ تەناخ - یەشو ١: ١
٨ قران الکریم، سورة یس ٣٦: ١٣ - ١٧
٩ تفسیر القرطبی، تفسیر سورة یس
١٠ ئەنتیخس لە ڕاستیدا ناوی بنەماڵەی سێلیکوس نیکاتۆربوو، هەر ناوی ئەنتاکیاش لەوەوە هاتووە. بروانە سەرچاوەی ١٠
١١ تاریخ الطبری، المجلد الاول صفحة ٣٧٩ - ٣٨٠
١٢ Encycklopedia Britannica, Antakya
١٣ پەیمانی نوێ - کردەوەی نێردەکان ١١: ٢٢ - ٢٣
١٤ الصلیبی، کمال. البحث عن مسیح قراءة جدیدە فی الاناجیل
١٥ پەیمانی نوێ - کردەوەی نێردەکان ١٣: ١
١٦ هەمان سەرچاوە
١٧ یوسف ریاض (٢٠١٢) من تکوین الی الرؤیا الاناجیل الاربع ص ١٤
١٨ پەیمانی نوێ - ئینجیلی مەتی ٥: ١٧ - ١٨
١٩ پەیمانی نوێ - ئینجیلی مارکوس ١: ١ - ٣
٢٠ پەیمانی نوێ - ئینجیلی لوکاس ١٩: ٥ -١٠
٢١ یوسف ڕیاض (٢٠١٢) من تکوین الی الرؤیا الاناجیل الاربع. ل ١٥
٢٢ پەیمانی نوێ - ئینجیلی یۆهانێس ١: ١ - ٤
٢٣ قران الکریم. سورة البرج ٨٥: ٢١ - ٢٢
٢٤ قران الکریم - سورة الشعراء ٢٦: ١٩٢
٢٥ سورة الحاقة ٦٩: ٤٣
٢٦ السیوطی، جلال الدین. الإتقان فی علوم القرأن ج ١، ص ٧٣
٢٧ الشیخ صبحی الصالح. مباحث فی علوم القرأن ص ٣٠، ٣٣
٢٨ هەمان سەرچاوە ص ٣٨
٢٩ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ٢٢
٣٠ تەناخ - حەزقیێل ٣: ٤ - ٥
٣١ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ١٠
٣٢ قرآن الکریم - البقرة ٢: ١٩٩
٣٣ القرآن الکریم - الآحزاب ٣٣: ٥٠
٣٤ القرآن الکریم - النساء ٤: ١٣٠
٣٥ هەمان سەرچاوە ٤: ١٣١
٣٦ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ١٥
٣٧ پەیمانی نوێ - ئینجیلی مارکوس ٢: ١٨ - ٢٠
٣٨ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ١٣
٣٩ هەمان سەرچاوە ل١٤
٤٠ قرأن الکریم، سورة الأحزاب ٣٣: ٣٧ - ٣٨
٤١ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ١٦ ١٧
٤٢ هەمان سەرچاوە ل ١٨
٤٣ پەریووکی پیرۆز - نامە بۆ خەڵکی ڕۆما ٢ :٢٩
٤٤ پەرتووکی پیرۆز- پەیمانی کۆن یەریا ٣١: ٣٣
٤٥ دستور عقائد فی الوح الالاهی عدد ٢
٤٦ Nationalencyklopedin
٤٧ قران الکریم - سورە الحجر ١٥: ٩
٤٨ قران الکریم - سورە هود ١٣
٤٩ قران الکریم - سورة یونس ٣٨
٥٠ زانستی کەلام
٥١ هەمان سەرچاوە
٥٢ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە والاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ٢٠
٥٣ هەمان سەرچاوە ل ٢٠
٥٤ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە والاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ٢٢
٥٥ هەمان سەرچاوە ل ٢٣
٥٦ هەمان سەرچاوە ل ٢٥
٥٧ الصلیبی، کمال (٢٠٠٦) خفایا التوراة و أسرار شعب إسرائیل. الطبعة السادسة
٥٨ قزی، جوزف (٢٠٠٦) بین المسیحیە و الاسلام. دار من اجل المعرفە. لبنان ل ١٠
٥٩ تەورات - ئەفراندن ١٢: ٦ - ٧
٦٠ تەورات - دەرچوون ٣٣: ١
٦١ قران الکریم - سورة الكافرون ١٠٩: ٦
٦٢ قران الکریم - سورة التوبە ٩: ٥
٦٣ تەورات دەرچوون ٣٣: ١
٦٤ قرآن الکریم - سورة البقرة ٢: ٤٧
٦٥ ئینجیلی یۆهانێس (یۆحەنا) ١٠: ١١
٦٦ ئینجیلی یۆهانێس (یۆحەنا) ٦: ٥١
٦٧ قرآن الکریم - سورة التوبة ٩: ١١١
٦٨ قرآن الکریم - سورة التوبە ٩: ٥
٦٩ Durkheim, Emile (1995) The Elementary forms of Religious life
٧٠ الصلیبی، کمال (بدون تاریخ) البحث عن یسوع، قراءة جدیدة فی الآناجیل
٧١ قرآن الکریم- سورة توبة
٧٢ پەیمانی نوێ - ئینجیلی یۆهانێس (یۆحەنا) ٦: ٥
٧٣ الصلیبی، کمال (بدون تاریخ) البحث عن یسوع، قراءة جدیدة فی الآناجیل، ص ١١٨
٧٤ پەیمانی نوێ - نامەکانی پاولۆس

 

ماڵپەڕی سەلاح رێبوار

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک