په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

لەکوردستان دەیان سەنتەرو ناوەندى گەنجان هەیە...

گەنجان ڕوو لە سەنتەرو ناوەندەکانى لاوان ناکەن.

راپۆرت: ستیڤان شەمزینانى

     فۆتۆ : کامەران نەجم    

 

لەکوردستان و شارە سەرەکییەکاندا بەدەیان سەنتەرى گەنجان و لاوان بۆ ڕاهێنان و بوارى جۆر بەجۆرى رۆشنبیریى و هونەریى و وەرزشیى دامەزراون و بەردەوامن لەکارکردن .

 

ئەوە جێى سەرنجە گەنجان بەپێى پێویست ڕوو لەم سەنتەرانە ناکەن و بگرە هەندێکیان ئامادەنین تەنانەت کاتە بەتاڵەکانیان لەو ناوەندانەدا بەسەربەرن چونکە ڕەشبینن بەرامبەریان. گەنجانێکى زۆر هەن بێزارن لە سەنتەرەکان و پێیانوایە مەبەستى سەرەکى لە دروستکردنى ئەو ناوەندانە شەخسى و بەرژەوەندیى تاکە کەسییە، هەندێکى تر وا تەماشاى سەنتەرەکان دەکەن کاریان گێژکردنى گەنج و سەرقاڵ کردنیانە بەهەندێ کارى لابەلاو ناگرنگ سەبارەت بەژیانى گەنج .

 

هەروەک ژمارەیەکى تریش لەستایڵى کارەکانیان رازى نین چونکە خۆى لەچەند چالاکییەکدا دەبینێتەوە کە لەم قۆناغەدا هیچ خزمەتێکى بەرچاو بەتوێژى گەنجان ناگەیەنێت .

 

لەناو ئەو گەنجانەى ئێمە دواندمانن هەن دەڵێن سەربارى ئەوەى ئەو سەنتەرانە هیچ نین بەڵام هەبوونیان باشترە لە نەبوونیان، لەبەرامبەردا بڕێکى تر لە گەنجان هەن کە کارى سەنتەرەکان بەپۆزەتیڤ لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن بەپێى توانا رۆڵى خۆیان گێڕاوە لەسەر ئاستى رۆشنبیریى و دروستکردنی هۆشیاریى گەنجانى کوردستان .

 

لاى خۆیانەوە بەڕێوەبەرانى سەنتەرو ناوەندەکانى گەنج جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بەپێى توانا و ئاستى بودجەکانیان درێغیان نەکردووە لەخزمەتکردنى گەنج و هۆشیارکردنەوەیدا، بەڵکو سەرجەمیان هێمایان کرد بۆ کردنەوەى دەیان خولى وەک زمان و کۆمپیوتەر و وەرزش و مۆسیقاو ئینتەرنێت و بەگردروویى و سەرتاشین و هتد ...

 

هەندێکى تریش لەستافى کارگێڕیى سەنتەرەکان گلەیى ئەوەیان کرد بودجەکانیان کەمەو لەئاستى تموحى ئەواندا نییە چونکە ئەوان پرۆژەى زۆریان هەیە کەپارە پەکیخستووە .

 

شێرزاد عومەر- وتى: ئەو سەنتەرانە هەر یەکێکیان حیزبێک دروستى کردوون بۆ زۆرکردنى ژمارەى ئەندامانیان، دێن بەناوى گەنجەوە قسە دەکەن و هەندێک دەورە دەکەنەوە تا لەو ڕێگەیەوە گەنجەکان کۆبکەنەوە، راستە لەو سەنتەرانەدا نایانکەن بەحیزبى بەڵام ئیشیان لەسەر دەکەن بۆئەوەى دەستەمۆبن و هەموو ڕۆحێکى یاخیانەو ئازادانەیان تێدا دەکوژن، ئەمەش مەبەستى سەرەکى حکومەتە چونکە حکومەتى خەڵک نییە و لەگەنج دەترسێت وریا بێتەوە و سەنگى مەحەکى بۆ دابنێت و نەیەڵێت بەمجۆرەى ئێستا بەرەڵڵا بێت لەهەموو بوارەکاندا.

 

لەنجە ئومێد- وتى: سەنتەرەکانى گەنجان هیچ پێشنەکەوتوون و هەر بەشێوە تەقلیدییەکە کار دەکەن و سەرقاڵى دەورە کردنەوەن، ئیتر شتێک کە هەر دووبارە بێتەوە مرۆڤ تاقەتى لێدەچێت و زەوقى لەسەر نامێنێ، بۆ ئەم مەسەلەیەش هەمان شتە، ئیشەکانیان لە بازنەیەکى چەقبەستوودا دەخولێتەوە، چونکە ژیان واپێشکەوتووە ئەگەر بەخێرایى لەگەڵیدا نەڕۆیت هەر زۆر زوو لەکاروانەکە بەجێدەمێنى .

 

بەرهەم عەزیز – وتى: سەنتەرەکانى گەنجان هەمووى بۆ پارەپەیداکردنە، سێ ساڵ لە سەنتەرێکدا کارم دەکرد، هەموو ئەرکەکە لەسەرشانى ئێمە بوو، جەنابى بەڕێوەبەر لەبەر هەواى فێنک لێى دانیشتبوو، بەڵام کە دەهاتە سەر ئەوەى کەسێک بچێتە دەرەوەی وڵات خۆى دەچوو، وەفدى ئەمەریکى دەهات هەر خۆى لەگەڵیان دادەنیشت پارە هەمووى لاى خۆى بوو، لەگەڵ رێزمدا ئیشى ئەو لە سەنتەرەکەدا بەس مێبازیى بوو، کە دەهاتیشە سەر تەلەفزیۆن دەتوت کوردستان ئەو رزگارى کردووە و خۆى بەپێغەمبەرى گەنجان دەزانى بۆیە من وازم لێهێنا .

 

شنە مەجید – وتى: هەندێک سەنتەر هەن باشن، بەڵام هەندێک سەنتەرى تر هەر نەبن باشترە، هیچ ئیشیان نییە و بودجەیەکى زۆریشیان هەیە، حکومەت سەیرى ئەو دەکات ئیش ناکات بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە بودجە کەم بکاتەوە بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە سەنتەرى تر هەیە کارى زۆر باش ئەنجام دەدات بۆ گەنجان، سەنتەرى وا هەیە لەمانگێکدا 50 چالاکى هەیە بەڵام سەنتەرى وا هەیە دوو چالاکى نییە .

 

ئامانج محەمەد – وتى: گەنج سەرقاڵى کارو کەسابەتە، مەجالى نەماوە هاتوچۆى ئەو سەنتەرانە بکات، من هەفتەى یەک رۆژ پشووم هەیە ئەویش رۆژانى هەینییە بەڵام لەو رۆژەدا هیچ سەنتەرێکى گەنجان نییە پشووى تیا بدەم یان شتێکى تیا فێربم، یان لەگازینۆیەک دادەنیشم یان سەردانى ماڵە خزمێک دەکەم، بەڵام بەزۆرى ئێواران دەچم بۆ پارکى ئازادیى و لەوێ پیاسە دەکەم .

هەقوایە سەنتەرەکان هەموو کاتێک دەوامیان هەبێت، بۆ ئەوەشى چەند متمانەم بەو سەنتەرانەیە تا ڕاددەیەکى کەم چونکە وەک پێویست و بەدڵى گەنجان کار ناکەن .

 

هێرۆ لەتیف – وتى: هەموو سەنتەرەکان فشەن و لەخزمەتى گەنجدا نین، بەدرێژایى ئەم چەند ساڵە یەک سەنتەرم نەدیوە بەدڵسۆزانە بۆ گەنجان کاربکات تەنیا (میدیا) نەبێت کە ئەوکاتە هەبوو و لەلایەن رێکخراوێکى فەرەنسییەوە هاوکاریى دەکرا، من ئەو سەردەمانە شانزە حەڤدە ساڵان بووم رۆژانە یان رۆژ نا رۆژێک دەچووم بۆئەوێ، بەڕاستى جەوەکەى زۆر خۆشبوو، ئیشى تیادەکرا، گەنجانێکى زۆرى تیا کۆببوونەوە، بەڵام جارێک تەقێنرایەوە و دواییش لە ساڵى 2000 داخرا، من بەس ئەو ناوەندەم بینیوە بەو شێوەیە چالاک بێت بەتایبەتى لەو بارودۆخەدا کە کۆمەڵگە زۆر لەئێستا داخراوتر بوو، ئەوان گەنجانى کوڕوکچیان فێرى یەکتر ناسین کرد، هەر ئەوان ئەم سەنتەرو ناوەندو جۆرى کارکردنەیان فێرى سەنتەرەکانى تر کرد کە دوایى دروست بوون. زۆرجار کە بیر لەرۆژانى میدیا دەکەمەوە دڵم پڕ دەبێ و حەز دەکەم جارێکى تر ئەو رۆژانە دووبارە ببنەوە .

 

ڕێبین عوسمان- دەڵێ: تاوەکو ئێستا سەردانى هیچ ناوەند و سەنتەرێکى گەنجانم نەکردووە، بۆیە زۆر بەتەواوى ناتوانم هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەم، بەڵام ئەوەندەى بیستوومانە ئەو ناوەندانە کۆمەڵێک ئیشى تەقلیدیى دەکەن کە بۆ 10-15 ساڵ لەمەوبەر دەشیاو دەستى دەدا، بۆیە کەوتوونەتە دواوە و عەقڵى گەنج پێشکەوتووە، هیچ گەنجێک یان هیچ مرۆڤێک ناچێت بۆ جێگەیەک کە خەون و خواستەکانى ئەوى تیا بچوکبکرێتەوە و عەقڵى بەرەو لاوازیى ببەن، سەنتەرێکى گەنجانم نەبینى 10 کەس بۆ خوێندن بنێرێتە دەرەوە، یان ساڵانە سێ چوار گەشت بۆ گەنجان بکەن بۆ دەرەوەى وڵات یان ئەگەر گەنجێک نەخۆش کەوت دەستى کورت بوو هاوکاریى بکەن لەڕووى مادییەوە تا چارەسەری نەخۆشییەکەى پێ بکات و سواڵ نەکات .

 

تەرزە فایەق – وتى: سوودم وەرگرتووە لەسەنتەرى گەنجانى سلێمانى بەڵام هەستدەکەم کە وردە وردە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، گرفتى هەموو بنکەکان ئەوەیە بۆماوەیەکى کەم و لەسەرەتادا زۆر چالاکن بەڵام دوایى خاودەبنەوە و هیچ کارێکى باشیان پێ ئەنجام نادرێت، بەم هۆیەشەوە گەنجەکان سارد دەبنەوە و حەز لەهاتوچۆى سەنتەرەکان ناکەن، لەهەندێک سەنتەریشدا گەنج ئازاد نییە و ئەگەر کچێک لەگەڵ کوڕێک هاوڕێ بێت و زۆر تێکەڵاویى بکات بەڕێوەبەرى سەنتەرەکە بەڕەسمى لەیەکیان دوور دەخاتەوە، جا ئەگەر لەسەنتەرێکدا ڕێگە لەهاوڕێتى نێوان گەنجان بگیرێت یان باسى ئەخلاق بکرێت و ئەخلاقیش بنووسێنرێت بە لەشى ژنەوە گەنجان چۆن ڕووى تێدەکەن؟ دنیا گۆڕاوە، ئەوە ئینتەرنێتە یان سەتەلایت و زۆر شتى تر کە خەڵک پێش دەخەن چ پێویستمان بەمامۆستایەکى نەزانە رۆژانە ئامۆژگاریمان بکات؟!

 

 

Shamzini79@hotmail.com