٢٦\١\٢٠١٣
لە لێدوانی
ئاشتیخوازییەوە بۆ کردەوەی شەڕخوازیی
و رەشەکوژیی.

جەلال محەمەد
هیچ سەردەمێک هێندەی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغان و حکومەتەکەی
ئاکەپە تاوان و فریودان پیادە نەکراوە ، هەر لە کۆمەڵکوژیەوە بگرە تا
پڕکردنی زیندانەکان ، هەر لە هێرشی سەربازیەوە بگرە تا ڕاوەدونانی
پەڕلەمانتار و سیاسەتمەدارە کوردەکان . هەر کاتێکیش ئەم دەسەڵاتە
شوومەی ئاکەپە ئامانجەکانی نەپێکابێت ئەوا هانای بردوە بۆ فریودانی
کوردان لە ڕێگەی چەند گوتەیەکی هەمەڕەنگی وەک (کرانەوە بە ڕووی
کورداندا ، چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد ، کۆتایهێنان بە فرمێسکی
دایکان ، هانابردن بۆ تاوتوێکردنی گرفتەکان لە پەڕلەمان، دواجاریش
درێژەدان بە گوتوبێژ لەگەڵ ئیمراڵی).
لێ بەڵێ؛ هەر کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشی کردبێت و هێرشەکان لە
بەرژەوەندیاندا بووبێت ئەوا هەندێک لایەنی بە ناو کوردیش بێدەنگیان
هەڵبژاردووە، خۆ ئەگەر هێرشەکان بە تێک شکاندنی دەوڵەتی تورک کۆتایی
هاتبێت و ژمارەیەک جەندرمەی تورک کوژرابن ئەوا پەتی بێ دەنگی ئەو
لایەنە کوردیانەش پچڕاوە و بەر لە تورکەکان ئەوان سەرەخۆشیان لە
کەسوکاری جەندرمە کوژراوەکان کردووە و لایەنی کوردیشیان شەرمەزار
کردووە . لە پاش هەر تێک شکاندنێکیش خودی ئەردۆغان هانای بردووە بۆ
فریودان و باسی لە ئاشتی کردووە ، لەگەڵ هەر باسکردنێکی ئاشتیشدا ئەو
لایەنە بەناو کوردیانە شایی و لۆغانیان بۆ گوتە بێ سەروبەرەکانی
ئەردۆغان گرتووە و هەموو ڕاگەیاندنەکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی دەوڵەتی
تورکەوە بۆ بە ئاشتیخواز ناوهێنانی ئەردۆغان و دارودەستەکەی.
لە چەند مانگی ڕابردوودا شاهیدی کۆمەڵە پێشکەوتنێکی کەم وێنەی لایەنی
کوردی بووین لە بەرامبەر سیاسەتە شەڕخوازیەکانی دەوڵەتی تورکدا ، کە
گرنگترینیان بریتی بوون لە سەرکەوتنە سەربازیەکانی هێزی گەریلا لە
ناوچەکانی شەمزینان و مانگرتنە 68 ڕۆژیەکەی زیندانە سیاسیەکانی باکوری
کوردستان و پێشکەوتنە شکۆدارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
هەرچی دەوڵەتی تورک بوو هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ ئاستەنگی سازکردن
لە بەرامبەر ئەم پێشکەوتنانە ، لە لایەکەوە باسیان لەوە دەکرد کە تەنها
یەک کەس مانی لە خواردن گرتووە و لە لایەکی دیکەوە دەیانگوت ئەم
کردەوانە خۆنواندنی پەکەکەیە ، لە لایەکەوە لە ڕێی پارتی دیموکراتی
کوردستانی عێراقەوە سنورەکانیان بە ڕووی ڕۆژئاوادا دەگرت و لە لایەکی
دیکەوە ئارتەشی (ئازاد)ی سوریایان لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا هان دەدا .
کاتێک تەواوی ئەم کردەوانە شکستی خوارد ئەو کات هانایان بۆ فریودانی
کوردان برد بە ناوی کۆتایهێنان بە شەڕ و درێژەدان بە ئاشتی.
چ هانابردنێک بۆ ئاشتی و کام کۆتایهێنان بە شەڕ؟
لە سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێدا "2013"دا جارێکی دیکە ئەردۆغان باسی
لە زمانی دیالۆگ و هانابردن بۆ ئیمراڵی کرد ، هێشتا گوتەکانی ئەردۆغان
کۆتاییان نەهاتبوو کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و لایەنە
ئیسلامیەکان کەوتنە دووبارەکردنەوەی گوتەکانی ئەردۆغان و ئەو مرۆڤە
کوردکوژەیان وەکو ئاشتیخواز پێناسە کرد . هەرچی کردەوە شەڕخوازیەکانی
ئەردۆغانیشە بە هیچ کوردێک نامۆ نییە و هەمیشە باسی لە "یەک دەوڵەت ،
یەک نەتەوە ، یەک ئاڵا" کردووە و تەنانەت زۆر جار ڕوو قایمانە و بێ
شەرم گوتویەتی (ئەگەر لە باشووری ئافریقاش چادرێک هەبێت و ناوی
کوردستانی لەسەر نوسرابێت ئەوا دەچین و دەیسوتێنین).
هەر کاتێک ئەردۆغان و حکومەتەکەی بە گوتە باسیان لە ئاشتی کردبێت ئەوا
بە کردەوە تەواو پێچەوانە جوڵاونەتەوە ، ئەو کردەوەیەش بەرفراوانکردنی
هێرشەکان و زیادکردنی کردەوە تیرۆریستیەکان بووە . ئەم جارەش کاتێک
باسیان لە زمانی دیالۆگ و هانابردن بۆ ئیمراڵی کرد ، یەکسەر بە دوای
ئەم گوتەیەدا کۆمەڵکوژییەک لە شاری پاریس ئەنجام درا و سێ ژنی شۆڕشگێڕی
کورد تیرۆر کران ، یەکێک لەو ژنانە ساکینە جانسز"سارا" بوو کە یەکێک لە
دامەزرێنەرانی پکک بوو ، هێشتا تەرمی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێرە بە خاک
نەسپێردرابوون کە هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر قەندیل و باکووری
کوردستان دەستی پێکرد ، ئەنجامی ئەو هێرشانەش دەیان شەهیدی گەریلای
لێکەوتەوە ، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم هێرشانەشدا دڕندەکانی ئیخوانالموسلمین
و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریایان ئاودیوی شاری "سەرێ کانی" کرد و پشێویەکی
زۆریان نایەوە لە ڕۆژئاوی کوردستاندا.
هێرشەکانی "سەرێ کانی" لە کاتێکدا بوو کە کوردانی ڕۆژئاوا و هێزەکانی
پەیەدە لە ئازادکردنی ناوچەکانی " ڕومێلان و گرزیرۆ "دا بوون لە بن
دەستی ڕژێمە داگیرکەرەکەی بەعسدا ، سەرسوڕمان ئەوەیە کە هەم تورکیا و
هەم ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا باس لە کۆتایهێنانی بەعس و ئازادکردنی
سوریا دەکەن لە دەستی بەشار ئەسەد ، کەچی لە بەرامبەر ئازادکردنی "گرزیرۆ"دا
هەردوو لایەن کەوتنە هاوکاریکردنی بەشار ئەسەد و هێرشی دڕندانەیان کردە
سەر کوردانی ڕۆژئاوا لە " سەرێ کانی ".
لە نێوان "قەندیل" و "سەرێ کانی"دا:
لە ساڵی 2011دا ، کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێکی بەرفرەوانی کردە سەر
کوردان و دەستپێکی هێرشەکەش بۆسەر قەندیل بوو ، لە بەرامبەر ئەو هێرشەی
کۆماری ئیسلامیدا هێزەکانی پژاک و گەریلاکانی "هەرەکە" بەرخۆدانێکی
مەزنیان کرد و پاشەکشەیان بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد . ئەو
هێرشەی کرایە سەر قەندیل لە ڕاستیدا بۆسەر هەموو کوردان بوو بەڵام
ئەوەی لەو کاتەدا "وەک هێزی سیاسی" خاوەن لە کوردان دەرکەوتوو لە
بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بەرخۆدانی کرد تەنها پژاک و گەریلاکانی "هەرەکە"
بوون . هەرچەند لەو هێرشەدا دەیان گەریلای پژاک شەهید بوون کەچی هەندێک
لایەنی ئۆردوگانشین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بەناوی کوردایەتیەوە
کەوتنە هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا چەندەها
گوتەی بێ سەروبەریان بڵاوکردەوە وەک ( تێکدانی ئەمنیەتی کوردستان ،
زیاتر میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵات ، ئەم شەڕە تەنها لە بەرژەوەندی کۆماری
ئیسلامیدایە ، سەرکەوتنی پژاک لە زەرەری کوردە...
هتد).
ئێستاش لە ڕۆژئاوای کوردستان هێرشێکی هاوشێوەی قەندیل بۆ سەر شاری "سەرێ
کانی" دەستی پێکردووە ، لە ڕاستیدا ئەو هێرشە بۆسەر هەموو کوردانە و
سەرەتاکەی لە "سەرێ کانی"یەوە دەستی پێکردووە ، ئەوەی لەم کاتەدا "وەک
هێزی سیاسی" خاوەن لە کوردانی ڕۆژئاوا دەرکەوتووە و بەرخۆدان دەکات
تەنها پەیەدە و گەریلاکانی "یەپەگە"ن ، هەرچەند لە هێرشی "سەرێ کانی"دا
دەیان کەسی سڤیل و گەریلای "یەپەگە" شەهید بوون کەچی هەندێک لایەنی
بەناو کوردیش لەژێر دەمامکی کوردایەتیدا ڕاستەوخۆ بوونەتە چاوساخی
ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا و هەرچی کردەوەی نابەجێیە ئەنجامی دەدەن.
کاتێک لەو لایەنە کوردیانە دەڕوانین کە لە کاتی هێرشەکەی سەر قەندیلدا
ناڕاستەوخۆ کەوتبوونە خزمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە پژاک و
بەراوردیان بکەین بەو لایەنە کوردیانەی کە ئیمڕۆ لە هێرشی"سەرێ کانی"دا
ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە خزمەتی دەوڵەتی تورک و ئارتەشی (ئازاد)ی سوریا دژ
بە پەیەدە ، ئەوا سێ خاڵی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە:
١- سەرجەم ئەو لایەنانە نیشتەجێی باشووری
کوردستانن . ئەمە لە کاتێکدایە کە باشووری کوردستان ئارامترین جێگەیە
بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی تەواوی داگیرکەران و ئەم دەزگا هەواڵگریانەش
زۆر چالاکن لە باشووردا.
٢- سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لە کاتی هێرشی
داگیرکەراندا دەکەونە دژایەتیکردنی پژاک و پەیەدە و پکک بریتین لەو
لایەنانەی کە لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە نزیکن . ئاشکراشە
کە لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆتە پارێزەری هەموو
ئەنفالکەر و کۆنە بەعسییەکان.
٣- سەرجەم ئەو لایەنانە موچە و جیڕە لە
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وەردەگرن . ئەوە لە کاتێکدایە کە
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش لە ڕابردوودا موچە و جیڕەی لە ئێران
و تورکیا وەردەگرت و لە بەرامبەردا شەڕی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکووری
کوردستانی دەکرد.
بەڵام ، بەڵام ، بەڵام:
بەڵام ئەوەی جێگەی گومانە ، لێدوان و کردەوەکانی ئەردۆغانە کە بۆتە
وێردی سەر زاری هەندێک لایەنی کوردی . چونکە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم
پێکرد هەر کاتێک ئەردۆغان باسی لە ئاشتی کردبێت ئەوا بە کردەوە درێژەی
بە هێرش و ڕەشەکوژی داوە . ئەم جارەش کە باسی لە درێژەدان بە
وتووێژەکانی ئیمراڵی کرد یەکسەر بە دوای ئەو باسەدا سێ ژنی تێکۆشەری
کورد شەهید دەکرێن و هێرشەکانی سەر قەندیل و باکووری کوردستان پەرە
دەستێنن و چەتەکانی ئارتەشی (ئازاد)ی سوریاش ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان
و شاری "سەرێ کانی" دەکرێن بۆ کوشتنی کوردان . کەچی ڕێک لە کاتێکی
وەهادا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکەونە
خزمەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک و لایەنە مووچە خۆرەکانیشیان دەبنە
چاوساخی ئیخوان الموسلمین و ڕاستەوخۆ دەکەونە شەڕی کوردان لە "سەرێ
کانی".
وەک چۆن هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر قەندیل و باکووری کوردستان
بە فەرمانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بەڕێوە بران ، بە هەمان شێوە هیچ
گومانێکم لەوەدا نییە کە تیرۆری ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە و هێرشەکانی سەر
ڕۆژئاوای کوردستانیش کردەوەی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکە بە کەمێک
جیاوازیەوە ، ئەو جیاوازیەش ئەوەیە کە هێرشەکانی سەر قەندیل و باکووری
کوردستان تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دران ، بەڵام تیرۆری سێ
ژنی کورد و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوکاری دەزگا
هەواڵگریەکانی جیهانی ئەنجام دراوە و لە سەروی هەمووشیانەوە دەزگا
هەواڵگریەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و فەڕەنسا . مەخابن هەر کاتێک هێرشی
داگیرکەران ئەنجام دەدرێت ، ڕێک لە کاتی هێرشەکەدا هەندێک لایەنیش لە
ژێر ناوی کوردایەتیدا جێگە لەو هێرشەدا دەگرن و تەواوی
ڕاگەیاندنەکانیان دەخەنە خزمەتی داگیرکەران.
تا ئەو کاتەی کورد لە خەبات و بەرخۆداندا بێت ئەوا کەسانێکیش دەبن کە
بکەونە خزمەتی داگیرکەران و لە بەرامبەر بەرخۆدانی نەتەوەکەماندا
بوەستنەوە ، بەڵام مەترسیدارترین ئەو کەسە بەکرێگیراوانە ئەوانەن کە
سوود لە ووشەی " کوردایەتی" وەردەگرن بۆ ڕەوایەتیدان بە کردەوەکانیان .
ئاشکراکردن و لە قاودانی ئەو بەکرێگیراوانەش ئەرکی سەر شانی ڕۆشنبیرانە
، چونکە چەندی جیاوازی فکریش هەبێت ئەوا نابێت ئەو جیاوازیە فکریانە
ببنە هۆی ئەوەی کە داگیرکەر لە لایەنێکی کوردی بە باشتر بزانرێت ،
بەڵام جێگەی داخە کە ئەو لایەنانەی لە پارتی دیموکراتی کوردستانی
عێراقەوە نزیکن هەمیشە داگیرکەریان لە لایەنە کوردیە بیرجیاوازەکانیان
بە باشتر زانیوە.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|