٢٣\٤\٢٠١٣
لە ماوەی ٤ مانگدا
٣٨ پێشێلکاریی بەرامبەر ٢٧
رۆژنامەنووس تۆمارکراوە.
پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە
رۆژنامەنووسان بەردەوامن.
سلێمانی - ھەرێمی کوردستان: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی
رۆژنامەنووسان ڕایدەگەیەنێت کە لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٨
پێشێلکاریی جۆراوجۆر بەرامبەر بە ٢٧ رۆژنامەنووس لە شار و شارۆچکەکانی
ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، زۆرترین پێشێلکارییەکانیش بریتین لە
ڕێگریکردن لە کاری ڕۆژنامەنووس کە
سەرەتایترین مافی ڕۆژنامەنووسانە بەپێی
یاسای کاری رۆژنامەنووسی لە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن تیمەکانی سەنتەری میترۆ وە تۆمارکراون
لەڕۆژی ١/١/٢٠١٣ تا ڕۆژی ٢٢/٤/٢٠١٣ کە یادی ١١٥ ساڵەی ڕۆژنامەگەری
کوردی یە، ٣٨ پێشێلکاری جۆراوجۆر بەرامبەر ٢٧ رۆژنامەنووس تۆمارکراون
کە بریتین لە : ڕێگری لە کاری رۆژنامەنووسی ٢٧، دەستبەسەراگرتن و
شکاندنی کەرەستەی ڕۆژنامەوانی ٦، ماف خواردنی رۆژنامەنووس لە لایەن
دەزگاکەیەوە ١، ھێرشکردنە سەر کەناڵی راگەیاندن ٢، تەشویش خستنە سەر
کەناڵی راگەیاندن ٢.
ھەر بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میترۆ ساڵی ٢٠١٢ و لەھەمان ماوەدا ٥٠
پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣٤ رۆژنامەنووس تۆمارکرابوون.
سەنتەری میترۆ داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات کە یاسای کاری
رۆژنامەنووسی جێبەجێبکات کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووەو
سەرۆکی ھەرێمیش پەسەندی کردووە، جێًبەجێکردنی ئەو یاسایە تەنھا گەرەنتی
پاراستنی مافی رۆژنامەنووسانە لە ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا داواش لە
پەرلەمانی کوردستان دەکات لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای مافی
بەدەستھێنانی زانیاری، مەوداکانی ئازادی ڕادەبرین لەبەرچاوبگرن و کارێک
نەکەن یاساکە ببێتە بەربەستێکی نوێ لە بەردەم رۆژنامەنووسان.
سەنتەری میترۆ داواش لە سەرجەم دەسەڵاتدار و لایەنەکانی ھەرێمی
کوردستان دەکات یادی ١١٥ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی بکەنە بۆنەیەک بۆ بە
خۆداچونەوەو ڕێزگرتن لە مافی رۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین
لەھەرێمی کوردستاندا.
یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لە سەرجەم میدیاکارانی کورد پیرۆزبێت و
ھیوادارین لە یادی ساڵی داھاتوودا مەوداکانی ئازادی ڕادەربڕین لە
ھەرێمی کوردستان زیاتر فراوان بوبێت و کۆتایش بە پێشێلکاری ھاتبێت.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ڕێکخراوێکی
سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری سلێمانی لە لایەن
کۆمەڵێک رۆژنامەنووسەوە دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنفرانسێکدا لە
شاری ھەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە ھەڵبژێردران.
بۆ پەیوەندییکردن:
رەحمان غەریب - بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ - ٠٧٧٠١٥٢٣٣٠٠
ئاوات عەلی - ڕێکخەری سەنتەری میترۆ - ٠٧٧٠١٤٣٥٨٢٢
نیاز عەبدوڵا - ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە شاری ھەولێر - ٠٧٥٠٤٦١٧٠١٤
سەنتەری میترۆ بۆ
داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان
٢٢\٤\٢٠١٣
|