په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠١٢

لە مەرگی تاڵەبانییدا!


کازم قادر        


جەلال تاڵەبانیی ئەمڕۆ بێت یان سبەی کۆتایی بە ژیانی دێت.مردنی تاڵەبانیی وەک جەستە بۆ من هیچ مایەی شادیی نییەو بە مەرگی هیچ مرۆڤێکیش شادیی ناچێژم.مەرگ گەمەو فشقیاتی ژیانە،ژیان تەنها یەک گەمە دەزانێت ئەویش مەرگە.بریا ئەو گەمەیەشی هەر نەزانییبایە!

بەڵام ئەوە کە مەرگی تاڵەبانیی و هاوشێوەکانی تاڵەبانیی دەبنە بابەتی قسەلەسەرکردن،جێگەورێگەو کارییگەرییەکانی ئەوانە لە ناو کۆمەڵ و مێژوو و پەیوەندییەکانی ئەوانە بە ژیانی مرۆڤەوە.واتە ئەگەر واتاێک بۆ بابەتی مەرگی ئەوان هەبێت ئەوەیە،چییانکردو چ ئاسەوارو نەرێتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان جێخستووەو جێهێشتووە. بەهای هەر بابەتێکیش لەبارەی ئەو مەرگانەوە پەنجەخستنەسەر ئەو نەرێت و مۆراڵ و فەرهەنگانەیە کە دوای خۆیان جێیدە‌ێڵن،ڕەخنەگرتنێکی تیژوو هەمەلایەنەیە لە کۆی کارنامەو ئەو بەڵاو کارەساتانەی بەسەر خەڵکیاندا هێناوە.هەروەها لەو بارەوە کەسانێکی قەڵەم فرۆش و ویژدان و مۆراڵ فرۆشیش پەیدا دەبن بۆ جوانکردنی ڕۆخساری ناشیرینی ئەو کەسایەتییانەو بۆ بە قارەمانکردن و بە بت کردنیان.مێژوو پڕە لەو بازاڕی قەڵەم فرۆشیی و ویژدان فرۆشییە.

مەرگ و مێژووی تاڵەبانیی بەبۆچوونم جێبایەخەو هەڵدەگرێت ئاوڕی جدیی لێبدرێتەوە.هەڵبەتە نەک لەبەر ئەوە کە تاڵەبانیی کەسایەتییەکی مۆراڵ بەرزو جوانی ناو مێژوو و کایەو بەها مرۆڤایەتییە بەرزەکان بووە،بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە،لەبەر ئەوە تاڵەبانیی کەلەی بزوتنەوەێکی سیاسیی ناشیرین و کۆنەپەرست بووە کە بەناوی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە ناسراوە.مۆراڵ و سیاسەت و فەرهەنگی ئەو بزوتنەوەیە،دیکتاتۆریی،بێڕادە دواکەوتوو،خێڵەکیی و دینیی بووە.تاڵەبانی نووکی ڕمی ئەو نەرێتە سیاسیی و فەرهەنگییە بووە.واتە بۆ تێگەیشتن لە نەرێت و مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتیی بە هەموو ناشیرینیی و شەڕو مرۆڤ کوژیی و ژنکوژیی و گەنەدەڵیی و بێدادییەکانێوە،تاڵەبانیی ئەو پنتە و ئەو کاراکتەرەیە،ئەو کتێبە ترسناک و ئەو خوانە پیس و ناشیرینەیە پێویستە بە وردیی لێیبڕوانین و خەسڵەت و ڕەگەزەکانی بناسین.دەکرێت تاڵەبانیی وەک جەستەو وەک بوونەوەرێکی زیندوو لە ژیان بچێتەدەرەوە،بەڵام تاڵەبانیی وەک نەرێت و فەرهەنگێکی سیاسیی ترسناک و ماکیاڤیڵیی لێرەیە.واتە مۆراڵی سیاسیی تاڵەبانیی ڕەگێکی قووڵ و ڕیشەداری کایەی سیاسییە لە کوردستاندا.بە واتاێکیتر بزوتنەوەی کوردایەتیی بەهەموو خەت و ڕێکخراو و گروپەکانێوە ،ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و ئەوانەش کە لەدەرەوەن،بارگاویین بە مۆراڵ و سیاسەت ومیکانیزمە ترسناکەکانی تاڵەبانیی،کە لەپێناو ئامانجە کەسیی و ڕێکخراوەییکانیادا پەنا بۆ هەموو کارو پەرچەکردارێکی نەشیاو و ترسناک و تۆقێنەر دەبەن و بردوویانە،دەست لەگەڵ هەموو هێزو جڕوجانەوەڕێکی مرۆڤ خۆردا تێکەڵ دەکەن تا بە ئامانجە دژەمرۆڤایەتییەکانی خۆیان بگەن.هەم مێژووی سیاسیی تاڵەبانیی و هەمیش کۆی مێژووی بزوتنەوەی ناسێوناڵ-خێڵەکیی-دینیی کورد،لیوانلێون لەو پرۆسە ترسناکانە کە چ لە بەرامبەر خۆیاندا چ لە بەرامبەر خەڵکی کوردستاندا ئەنجامیانداوە.٣١ ئاب تەنها بەرهەمی ئەقڵی ڕەشۆکیی و دوێخان نشینیی بارزانیی نییە،تەنها لۆژیکی خێڵێک نییە کە دەکرێت وەک تۆڵەسەندنەوە کلکی کەریش ببڕن و بڕیویانە،بەڵکو ئەو کایەو پرۆسە سیاسییە جەنگەڵ ڕەفتارەیە کە تاڵەبانیی لە مێژوویدا هاوشێوەو بە سەدان شێوازیتر ئەنجامیداوەو لە دواجاردا بووەتە نەرێت و ڕێچکەێک،کۆی بزوتنەوەی ناسێوناکیزمی کورد بێباکانە پێیدا بڕۆن.

مەرگی تاڵەبانیی پێویستە هاوکاتی ڕەخنەێکی قووڵ و ڕیشەیی و هەمەلاێن بێت لە ستراکتۆری بزوتنەوەی کورردایەتیی و بە تایبەت لە مۆراڵی هەزار سەرەی سیاسیی تاڵەبانیی.مەرگی تاڵەبانیی وەک چۆن جارێکیتر دەرفەت بە ناسێونال-خێڵەکیی و تەواوی کۆنەپەرستیی و نەتەوەچییەکان دەدات سۆزوخۆشەویستیی خەڵکیی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن،هاوکات زەمیینەو دەرفەتیش بە بەرەی دژی ئەو بزوتنەوە کۆنەپەرست و دواکەوتوو و سەتەمگەرەش دەدات ڕمی خۆیان بهاوێژن.

پرسێکیتر لەمەرگی تاڵەبانییدا ئەوەیە کە ئایە یەکێتیی دوای تاڵەبانیی چی بەسەر دێت،ئەو پرسیارە چ لەبەردەم یەکێتیی و چ کۆمەڵگەش ئاواڵایە.بەڵام ئەو پرسیارە بڕێک سەر لێتێکدەرو چەواشەکاریشە. چوونکە یەکێتیی وەک لاێنێکی دەسەڵات لە کوردستاندا،بە بوونی تاڵەبانییەوەو چ بەبێ تاڵەبانیی، لەلاێک لەبەردەم داڕزان و قەیرانێکی ناوخۆییدا گیری خواردووەو لاێکیش لەبەردەم نەفرەتێکی کۆمەڵایەتیی بەرییندایە.لەبەر ئەوە پێویستە ئەو پرسیارە ئەو ڕاستییانە لێڵ نەکەن.بەڵام لەم نێوەدا،مەرگی تاڵەبانیی،کەلێنێک کە مەرگی تاڵەبانیی دروستی دەکات بێرادە کارییگەرە.وەک پێشتر وتم،تاڵەبانیی وەک کەلەسەری بزوتنەوەی کۆنەپەرستی کوردایەتیی، هاوکات کەلەسەرو مۆتۆڕی یەکێتییش بووە.لەکارکەوتن یان مردنی ئەو مۆتۆڕە کاریگەریی گەورەی لەسەر یەکێتیی دروست دەکات.تاڵەبانیی لە عەشقی دەسەڵاتخوازیی و کوێخایەتیی ڕەهای خۆیدا،جێگەوڕێگەو بەهاێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بۆ هیچ کەسێکیتر لەناو یەکێتییدا نەهێشتۆتەوە. لەبەر ئەوە مردنی ئەو کوێخا سیاسییە-تاڵەبانیی یەکسانە بە سەرگەردانیی و بەرامبەرکێی باڵەکانی ناو یەکێتیی.

هەرچۆنێک بێت،ئێمە خوازیاری هەرچی زیاتری هەلاهەلاو وێران بوونی یەکێتیین،بەڵام ئەوەی لەو پەیوەندییەدا سەرنج ڕاکێشەو نابێت فەرامۆش بکرێت،باڵی دووەمی یەکێتی واتە بزوتنەوەی گۆڕانە.چوونکە مردنی تاڵەبانیی و پەرتەوازەیی یەکێتیی بە ناچاریی دامێنی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەگرێتەوە.ئەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە مەرگی تاڵەبانییدا شایی دەگێڕن یان نا،ئەوەش کە جەلال تاڵەبانیی و نەوشێروان لە دوادیدارەکانیاندا چ سینارێوێکیان ڕیکخستووە(کە بێگومان بەزمی تریان ڕێکخستووە)هەروەها ئەو دوو باڵەی یەکێتیی چۆن لەگەڵ واقیعە ئاڵۆزەدا بەرخورد دەکەن کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە،هەموویان جێی قسەوباسن.بەڵام گرنگتر لەوانە پرس و ئاکامی یەکگرتنەوەی ئەو دوو باڵەی یەکێتیی و ئەو واقیعە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە تازەیەیە کە دێتە ئاراوە.چوونکە یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی ئەگەرێکی گەورەو واقیعییەو ئەو دوو باڵە هەرچەند لە ڕووکەش و بانگەشەدا جیاوازیی بنوێنن،لە واقیعدا بە سەدان پەتی سیاسیی و فەرهەنگیی و ئەخلاقیی و ئابوریی پێکەوە پێچیان خواردووە.یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی،لە هەنگاوی یەکەمداو لە ژیر هەر ناوێکدا بێت دەکاتە ڕزگارکردنی یەکێتیی،بەڵام هەنگاوی دووەمی ئەو یەکگرتنەوەیە بۆ باڵی دووەمی یەکێتیی زۆر قەیران ئامیزو هەروەها قەیرانێکی دووسەرەیە.سەری یەکەمی ئەو قەیرانە هێنانەوە سەر شانۆی دەسەڵات وسیاسیی ئەو پیاوە گەندەڵ و تاڵانچیی و تفەنگ چییانەیە کە کوردستانیان تاڵان کردووەو ئەوانەیە کە گولەیان بە سنگ و دڵی لاوانی شۆڕشگێڕی ١٧ی شوباتەوە دەنا،ئەو دەسەڵاتدارانەن کە چەند ساڵێکە گۆڕان و نەوشێروان مستەفا بە نمونەی دەسەڵاتی بەعس دەیچوواندن.دیوی دووەمی قەیرانەکە ئەو خەڵکانەیە چاوی ئومێدیان لە گۆڕان بڕیی و دەنگیان پێداو هیوای ژیانێکی باشتریان بەو بزوتنەوەیەوە گرێدا.هەرچۆنێک بێت،هەم مەرگی تاڵەبانیی و هەمیش یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی لەبەردەم کێشەو قەیرانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی گەورەدایە.ئەو کێشەو قەیرانانەش لە ئاییندەدا فەزای سیاسیی و کۆمەلایەتیی تازە دێنێتە کایەوە.

تەوەرێکی گرنگیتر لە مەرگی تاڵەبانییدا،واتە کاتێک تاڵەبانی مردووە،بابەت و سینارێوی بە قارەمان کردن و بە سیمبول کردنی تاڵەبانییە.پێدەچێت هەر لە ئێستاوە سیناریستەکان،چ یەکێتیی و چ ئەوانەی گرێدراوی یەکێتیین و ناسێونالیزم بە گشتیی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا،خەریکی خۆسازدان و شانۆگەریی دروستکردن بن،واتە هەڵڕشتنی ژەهڕێکی چەند بەرابەر کە ناسێونالیست-خێڵکیی کوردیی لە مێژووی خۆیدا ڕشتووێتی.ئەوە شانۆگەرییەکە یەکێتیی و کۆی ناسێونالیزم ئاگەییانەو ئامانجدارانە نماییشی دەکەن.ناسێونال-خێڵەکیی کورد،لە سادەبینیی و ناهۆشیاریی کۆمەڵایەتییانەی خەڵکی کوردستاندا،هەمیشە دەستێکی باڵایان پەیدا کردووە لە داتاشینی بت و سیمبول دروست کردن لە گەمژەترین و کۆنەپەرستترین پیاوە خەنجەربازو ژنکوژو تفەنگ چییەکانیاندا.شێخ مەحمود،قازیی موحەمەدو مەلامستەفا کە سێ سیمبولی باڵابەرزی بزوتنەوەی کوردایەتیین،لە سێ پیاوی دواکەوتوو،خێڵکیی و دوێخانزادە ئەولاتر نین.بەڵام ناسێونالیزمی کوردیی وەک جوانترین و شٶڕشگێڕترین پیاوەکانی ناو مێژوو دەیانناسێنن و ناساندویانن.

لەم ڕووەوە بابەتی پڕباێخ بۆ هەموو ئەوانەی کە دەردو ئازارو تراژییدیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتییان چەشتووەو بەهەر جۆرێک ڕەخنەیان لەو بزوتنەوەو فەرهەنگە ترسناکە هەیەو هەبووە،هەروەها بە تایبەت بۆ کۆمۆنیزم،پێویستە زۆر هۆشیارانە لەبەرامبەر ئەگەری ئەو سینارێوسازییەدا کە هیچ گومانی تێدا نییە بەڕێدەخرێت و نماییش دەکرێت،لە روانگەێکی ڕەخنەرانەو مێژووییەوە،کۆی مێژوو و کارنامەی جەلال تاڵەبانیی هەڵبدەنەوە.بت و سیمبولێک کە لە سبەینێی مەرگی تاڵەبانییدا دروست دەکرێت، پێویستە هەر لە ئێستاوە دەست بە شکاندن و ناشیرین کردن و هەلەهەلاکردنی بکرێت.


٢١\١٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک