په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠٢١

لە مەزاتخانەی ھەڵبژاردندا.


زاھیر باھیر       


" نوێنەرەکانی" میللەت ئەمجارەش داوامان لێدەکەن بیانخەینەوە سەر کورسی دەسەڵات ، بیانبەینەوە بەر ناز و نیعمەت ، بیانکەین بە توێژاڵێکی باڵادەستی سەرو خۆمان، بۆ دەستدرێژیکردنە سەرمان و خواردنی مافەکانمان، بۆ خواست و مەبەستی تایبەتی، نەک ئێمە، بەڵکو خۆیان.


ئەمڕۆ مەزاتخانەیەک لە عێراق و کوردستاندا دانراوە، بەڵتەچییەکان، ناشیرترین و فێڵبازترین کەسانی " نیشتمان" لەو مەزاتخانەیەدا خۆیان ھەڕاج دەکەن، بە نرخێکی گەلێک گران ، نەک ھەرزان . نرخێکە کە تۆ ئومێد و توانا و ویژدان و خواستی خۆتی بۆ ٤ ساڵ یاخود زیاتر پێدەفرۆشی، ویژدانی خۆت لەدەستدەدەیت، قسە و متمانەی خۆت لە بەین دەبەیت، دواتریش پەشیمانیت دادت نادات.


ئێمە لە بەرانبەر ئەزموونێکی تێشکاوی نەک ھەر کوردستانیی یاخودی عێراقیی بەڵکو جیھانی شکستخواردووداین ، ئێمە لەبەردەم گەورەترین درۆی مێژووییداین ، درۆیەک کە چەند سەدەیەکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا چەندبارە دەبێتەوە، ھاوکاتیش ئەم پرۆسەیە لە عەوێزەی گۆڕانکارییە لاوەکییەکانیشدا نەھاتووە. لە باری چاککردنی ژیانی خراپی خەڵکیدا نییە، گەندەڵیی، نەبوونی ئازادیی و دادوەری کۆمەڵایەتی و نایەکسانی بنەبڕ ناکات، کێشەی چینایەتی و پلەداریی [ ھیرراشییەتی] نێو کۆمەڵ چارەسەرناکات ، کێشەکانی وەکو بێ خانووبەرەیی، بەتاڵەیی، گرانی پێداویستییەکانی ژیان، زوڵم و زۆر، ھەڵاواردن و جودایی نێوان نەتەوەکان، ڕەگەزەکان دەستکاری ناکات.


لەم پرۆسەیەدا ئێمە نوێنەرانی بزنس و سامانداران و ھەڵدەبژێرین، خزمەتکاران و پارێزەرانی دەوڵەت و سیستەمەکە، ھەڵدەبژێرین، ئەوانەی کە دەستنیشانیان دەکەین تەنھا ئەوانەن کە بەجێھێنەری یاخود جێبەجێکاری فرمانەکانی ھێزە ڕەش و تاریکەکانن، بەجێگەیاندنی ئەجەندە شاراوەکانی کۆمپانیا زەبەڵاحەکان و بانقەکان و ھەرە ساماندارانی جیھانین، " نوێنەر" ەکانی ئێمە تەنھا فرمانە سەپێنراوەکانی ئەوان شەرعیەت پێدەدەن، بۆمان دەکەنە یاسا و یاساکەش دەئاڵێتە گەردنمان و سڕمان دەکات، توانامان دیاریدەکات، ڕوانگە و بیرکردنەوەمان نا کارا دەکات.


گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان لەوێوە و بە ھۆی ئەو " نوێنەرانەمانەوە" ناکرێن گەر ئەوانە بکرانایە ھەر دەمێک بوو ھەڵبژاردن یاساخ کرابوو. ئاخر دەچێتە ئاوەزی کێوە کە خەڵکانی دەستڕۆیشتوو پرۆسەیەک بۆ تۆ ڕەواببینن، کە خۆیان زەرەرمەند بکات؟!!


لە ماوەی ٤ ساڵ یازیاتر ئەوەی کە ئێمە ھەڵیان دەبژێرین تەنھا پەنجە ھەڵبڕین و دەنگدانە بە ھەندێک کێشە و پرسی لاوەکی ، ھەموومان ئەوانەمان بینیوە. ئەوەی کە گرنگە و دێتە پێشەوە لەو ماوەیەدا کە ئەو " نوێنەرانە" متمانەیان پێکراوە، ھیچیێک لەو پرسە سەرکەییانە ناھێرێنە ناو دیوەخانەکە، لە پشتی ئەمانەوە قسەی لەسەر دەکرێت و دەرگای بۆ ئاوەڵا دەکرێت، یاخود ھەر بە ئۆتۆماتیکی پرسەکان خۆیان بەڕێدەچن، زۆریان ڕەنگە لە تەمەنماناد ھەر نەزانیین، چی کراوە و چی بووە.


سەرەڕای ئەوانەش ئەوەی کە دەسەڵاتی فیعلی ھەیە پۆلیسێکە لەسەر شەقام، سەربازێکە ئەمنێکە لە خاڵی چاودێری و پشکنینا، بەڕیوەبەری قوتابخانە ، خەستخانە دائیرەیەکە ، سەرۆکی کۆمپانیا یا بانقێکە، دادگایە، سەرۆکی پۆلیسە ، ئەمنە ، جێنڕاڵێکی نێو سوپایە، سەرۆکی خێزانێکە یا تیرەیەک یا ھۆزێکە. ھەرچی بێتە سەر تەختی فرمانداریی یا ھەر کەس بە " نوێنەرت" ھەڵبژێریت ئەم دەسەڵاتانەی سەرەوە کە بەشێکی زۆر کەمن ناگۆڕێن و بگرە مەترسیدارتریش دەبن.

ئەی جێگرەوە [بەدیل] چییە؟


بەدیل دەنگنەدانە و گەیاندنی پەیامە بە دەسەڵاتداران کە کورد وتەنی " ئەو خورمایەی ئەوان خواردویانە، دەنکەکەی لە گیرفانی ئێمەدایە" . دەنگنەدان پلەی ھۆشیاری سەرەتایی خەڵکە ، ھەنگاوی گرنگی یەکەمە.


ھەنگاوی دووھەم خۆڕێکخستنمانە لە شوێنی خۆێندن و سەرکار و گەڕەک و گوندە. تاوو توێکردنی ئەم ئەزموونە شکستخواردوەیە، دۆزینەوەی ڕێگای نوێیە لە بەرگریکردنی لە خۆمان و لە بەدەستھێنانی ویست و داواکاریەکانمانا، پشتکردنە پارتەکان و بازاڕکردن بۆ شتە ناپێویستییە زیادەکانە، بەگژاچوونەوەی نەریت و خویەکە کە ئێمە ھەموومان پێی نەیارین، بەڵام ناچارکراوین، ئەو خوو نەریتانەی خەسڵەتی جیھانگیرییە . کردنی کۆبوونەوەی فراوان و قسەکردنە لەسەر کێشەکانمان و دانی بڕیارەکانە بە دەستەجەمعی لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە. کە ھەموو کەس مافی دەنگدان و قسەکردن و لێدوانی لەسەر تەواوی پرسەکان و کێشەکان ھەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ڕای تاکە کەسێکیش کە گەنجێکی ١٤ یا ١٥ ساڵ بێت وێرای جیاوازی ڕاو بۆچونی دەکرێت، زۆر بە ھەند وەرگیرێت. کردنی کاری ھەرەوەزییە و کۆمەک و یارمەتی ھەرەوەزیانە ، ژیانی ھەروەزیانەیە. ژینگە دۆستی و پاراستنی و ژیانی ھارمۆنیانە لەگەڵ سروشتدایە، کردنی کۆمەڵە بە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیی.


ئەوەی کە گرنگە لەو کۆبوەنەوە گشتیانەدا ڕەتکردنەوەی ھەموو جۆرە نوێنەرایەتییەکە، واتە ڕەتکردنەوەی بیرۆکراییەت. ئەوەی کە بەڕیوەدەبرێت و دەبێتە سیستەم لەوێدا بوونی ' نێردەرە' یاخود ' ڕاسپێرەر' واتە وەڤد یاخود مەندوب کە ئەرکی ئەمان لە ناردنیانا بۆ ھەر شوێنێک تەنھا گەیاندنی ڕاسپاردەکانە و ھێنانەوەی وەڵامە بۆ کۆبوونەوەکانی خەڵکی، لەمە زیاتر ھیچ مافێکیان نیە بە سازشکردن یا قەبوڵکردنی شتێک، یا خاڵێک لە دەرەوەی ئەوەی کە پێیان وتراوە یا ڕاسپێرراوە.


ئەمانە ڕێگا سەرەتاییەکانن، من دەڵیم راستەکانن لە ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمانا. چارەسەری سەرەکی لەوێوە ھەنگاو دەنرێت بە بڕیار و ڕازیبوونی ھەموان لە کۆبونەوەکانا ، کە خۆیان باشتر لە خەڵکانی دەرەوەی خۆیان، دەیزانن.

 

٦\١٠\٢٠٢١

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک