لەم هەویرە،هەر
ئەبێ چاوەڕێی ئەم نانە بین!
پەرلەمان لە حکومەت حکومەتترە،سەندیکاش موغازەلەیکرد!

فریاد هیرانی
ئەم راستییە روون و ئاشکرایە،کە هەم سەندیکای رۆژنامەنووسانی
کوردستان،هەم پەرلەمانی کوردستانیش،لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار
کۆنتڕۆڵ کراون،مەبەستیش لە کۆنتڕۆڵکردن ئەوەیە:
1- زۆربەی ئەندامانی سەندیکا،کادیروئەندامی هەردوو حزبەکەن و سیاسەتی
حزبەکەیان لە ناو سەندیکا جێبەجێ دەکەن،هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو جۆرە
مۆدێلەپێشکەووتوەی کە لەناو میللەتانی پێشکەوتوو بۆتە نەریت، کە کاری
حزبی لە بارەگای حزب بکرێ و، کاری رێکخراوەیی و سەندیکاییش جیا
بکرێتەوە لە حزب،کە ئەندامی حزب لە کاری پیشەییدا تا سەرئێسقان بەرگری
لە مافی هاوپیشەکانی بکا ،هەر بۆیەش سەندیکا پڕۆژە یاسایەکی وای
پێشکەشی پەرلەمان کرد ،کە ببێتە یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەنووسیی،
نەک لە ئاستی پێویستدا نەبوو، بگرە خۆڕپێشکردن و موغازەلەیەکی زۆریش
بوو بۆ دەسەڵات ! کە بە داخەوە دەبوو پڕۆژە یاسایەک بێت زۆر زیاد لە
پێویستیش مافی رۆژنامەنووسانی لەبەرچاو بگرتایە، بۆ ئەوەی پەرلەمان
ئەگەر نیوەی مافەکانیشی رەتکردەوە هێشتا بەشێکی باش مابایەوە .
2- زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان ، پبَکهاتوون لە سەرکردە و کادیر و
ئەندامانی هەردوو حزبەکە ،لەگەڵ ئەوەی بە دەنگی خەڵک بوونەتە ئەندامی
ئەم پەرلەمانە،بەڵام بە پلەی یەک بە ئاڕاستەی پاراستنی ئیمتیاز
وبەرژەوەندیە شەخسیەکانیان کار دەکەن ،بە پلەی دووەمیش گوێڕایەڵی سەد
دەرسەدی حزبن، هەر بۆیەشە بە درێژایی (15)پانزە ساڵی تەمەنی ئەم
پەرلەمانە ،رۆژێ لە رۆژان نەمانبینی ئەندامێکی ئەم پەرلەمانە،وەک
نوێنەری خەڵک و دوور لە بڕیارە حزبیەکان و سیاسەتی تەسکبینانەی حزب ،هەڵسێتە
سەرپێ و بە دەستلەکارکێشانەوەی لە حزب و پەرلەمان هەڵوێستێکی بە کردەوە
بنوێنێ!
ئەم دووخاڵەی سەرەوە ئەو دەنگە بەڕێزانە ناگرێتەوە چ لە ناو پەرلەمان و
چ لە ناو سەندیکای رۆژنامەنووسان (کەخۆشم ئەندامی کارام تیایدا) کە
ناڕازیبوون و هەر یەک بە شێوەیەک هەڵوێستی نواند بەرامبەر ئەم یاسایە
توند و تۆقێنەرەی کە دژ بە مافی رۆژنامەنووسان پەسەند کرا.بەڵام
زۆرینەوکۆنتڕۆڵی ئەم دوو دەزگایە بە دەستی هەردوو حزبەکەوەیە (بە داوای
لێبووردنەوە) دۆم میش کڵاش بۆ خۆی بچنێ، وای ئەچنێ کە ئەگەر پێ لەسەر
کەللەودڵی خەڵکیش دابنێ ،هیچ دڕکێک لە پێی نەچەقێ!!
ئەمە حەقیقەتە تاڵەکەیە و ، لەم هەویرەشدا هەر ئەبێ چاوەڕوانی ئەم (نانە!!)
بین بۆ رۆژنامەنووسانی کوردستان!
بەڕاستی ئەم یاسایە (خەڵات!)ێکی جوان بوو ، بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی کە
هەر رۆژنامەنووس نەبوون، لە رۆژگارە ناخۆش و سەختەکانیش
پێشمەرگەوگیانلەسەردەستی ئەم گەلەبوون!
ئەم (خەڵاتە!) تۆ بڵێی بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەبێ کە لە کونە شاخ و
ئەشکەوتەکان بە هەزار دەردەسەری و ، بە تابیعەیەکی شڕ و رۆنیۆیەکی
سیکڕاب بڵاوکراوەکانی شۆڕشیان دەردەکرد؟ یان ئەم (خەڵاتە!) بۆ رێزلێنان
و حورمەتی خوێنی ئەو رۆژنامەنووسە شەهیدانەیە ،کە لە پاڵ دوند و
رەوەزەکاندا خوێنیان لەگەڵ خاک ئاوێتە بوو؟ یان هەق و رێزێکە بۆ
ئەوانەی لە زیندانەکانی بەعس داڕزانەوەو جوامێرانەش بەرەو پەتی
سێدارەچوون؟!!
پێویستە ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە دەستیان بۆ ئەم یاسایە بەرزکردەوە
وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە، ناشزانم بلێم چی بۆ ئەوانەی لە سەندیکای
رۆژنامەنووسان سەریان بۆ ئەم یاسایە لەقاندووە !!!
لێرەدا داوا لە جەنابی سەرۆکی هەرێم بەڕێز( کاک مەسعودبارزانی )ئەکەم ،ئەم
یاسایە ئیمزا نەکا،کەتۆزقاڵێک دەرفەتی بۆ ئازادی رۆژنامەنووسی و
رادەربڕین نەهێشتۆتەوە،ئەوانەی کە دەنگیان بۆ ئەم یاسایەداوە پێویستە
بۆ هەموولایەک و بۆ جەنابی سەرۆکیش روونبکەنەوە کە،(یەکەم:ئەمنی قەومی
دووەمیش: دابونەریت) چیە؟ بەبێ روونکردنەوەودیاریکردن و شیکردنەوەی ئەم
دووخاڵە و ووشە بە ووشە و جێگیرکردنی، یاساکە ئەچێتە ریزی یاسای
ئەودەوڵەتە دیکتاتۆرانەی، کە تەنیا دەسەڵاتدار لەلایان
سەروەرەو،مافەکانی مرۆڤ و یاسا هیچ نرخێکیان نیە !
ئەبێ هەموو لایەک ئەوەش بزانین کە ئەم یاسایە تەنیا بۆ ئەوانە نیە کە
ئیستا یاساکە بەم شێوەیە لەبەرژەوەندیان دایە، بە پێچەوانەش تەنیا بۆ
ئەوانەش نیە کە دوور لە عورفی رۆژنامەنووسی هەر خەریکی بوختان و درۆ و
جنێو بڵاوکردنەوەن، جارێ ئەوانە هەر ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی
کوردستانەوە و دوور لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، هەواڵ و شتی نادروست و
سیناریۆی خەیاڵی دوور لە بەهاکان بڵاودەکەنەوە! ئەمانە دوور لە یاسای
رۆژنامەنووسی ئەبێ بە یاسایتر سزابدرێن ،چونکە کارەکەیان ناچێتە خانەی
کاری رۆژنامەنووسی راستەقینە.
ئەم یاسایە ئەبێ بکرێتە یاسایەک لە ناوەڕۆکدا پارێزگاری تەواو لە مافی
ئەو رۆژنامەنووسانە بکا، کە راستگۆیانەوئازایانە لە ناو کوردستان و
دەرەوەی کوردستانیش کاردەکەن ، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هەرێم و
دوارۆژی دیموکراتیەت وئازادی لە کوردستان راستگۆیانە بە گژ سیاسەتی
چەوت و ئیدارەی چەوت و گەندەڵی ودیاردە قێزەونەکاندا ئەچنەوە .
جەنابی سەرۆکی هەرێم دەتوانێ بە ئیمزانەکردنی یاساکەو، تێبینی و رەخنە
و شیکردنەوەکانی خۆی، هاوکێشەی ( لەم هەویرە هەر ئەم نانە دروست ئەبێ)
بگۆڕێ و بەلای ئازادی و دیموکراتیەدا بیشکێنێتەوە.
fhirany@hotmail.com
|