په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٤\٢٠٢٠

    لە من مەچوو‌‌ !


ره‌وشەن بەلقیس

من دەتانم بێ راڕایی و نیگەرانیی
رازی دڵ و دەرونی خۆم بکەمەوە
ئا دەتوانم.. باکم نییە وە تۆی بێژم؛
لەو رۆژەوە تاکو نووکە
هەرگیز بەو چەشنە.. من نەشێواوم
وە هیچ نیگایێ نەحەپەساوم
هیچ کات بەو تەرزە.. من نەشلەژاوم
وە چەشنێ جیهان لە کنم واڵا بوو
هەر تشت لە مەژییم گەش و گوشاد بوو
ئێستا سەرکز و وێڵ و سەرگەردان
تەنێ یەک دیتن.. یەک دەرکەوتنت
تەزیی وە تێکڕای گیانم دادێنێ!
دەکرێ من نووکە
نوقمی هەر تشت و هەر چییەکت بم
تەنانەت ئەگەر ئەندێشەی هیچ و
ئەفسوونی پووچ بن.. سلیان لێناکەم!
ئەوەی هیوامە و ئامانجمە دوا جار
یەک دەرکەوتنتە.. تەنێ یەک دیدار؛
گرنگ نییە.. چاو هەڵبڕی یا نەیبڕی
نیگا بکەی یا نەتەوێ
بزە بکەی یا هەر نەیکەی
هێندەم بەسە بۆ هەمیشە
لە نیگەرانیی و کێشمەکش دەرمکێشی
لە دوڕ کۆشی فەرامۆشیی دامبپۆشی!
زۆر زۆر پترت لێڕادەبینم چاوانم
ئۆهـ چەند سەیرە؛
دە پێمبێژە ئەتوو چی و لە چی دەچی!؟
لە گورزە رۆشانییەک دەچی ئەی پڕشنگی ئارامیی دڵ؟
لە مانگ دەچی ئەی مژدەبەخشی شەوە قەشەنگەکان؟
لە گیان وەبەرهاتنەوەی
خورتەکی هەرەپاس و بەلەسە دەچی؟
لەوان دەچی.. لە من دەچی؟
نا من شاشم.. رەنگە لەوان نەچی.. لەو بچی؟
یا لە هەردووکیان
لە چی دەچی
لە ژیان.. لە ژین.. لە ژیانەوە.. یا هەرسێکیان؟
نا نا ئەوەی من بیزانم لە هیچ ناچی
ئەتوو تەنێ یەک بوونەوەری تایبەتی
لە پێناوی پەیدۆزکردنی نیگایانم لەدایکبووی..
خۆ وێشدەچی
یەک پەرجوو بی و لەو دیوی بوونەوە هاتبی
یا یەک ئەفسانەی نەنووسراو.. نەبیستراو بی
یا ئێوارەیەکی دڵگیر بی
لە نێوانی من و
قەیرە کیژەکی لێو تەنک و
کەنیزەیەک کە لە خەڵوەتی شەوانە گیان دەبەخشی
سەرئەنجام.. هەر بەرەو باوەشی من بکشێی..
نا دیتمەوە
هەر لە سپێدەی بەهار دەچی
کە عەوداڵی گەرمیی و رۆشانایی تیرۆژە
با رەشەبا و هەورەتریشقە و زریانیشی دەگەڵدا بی
دەی خۆ خۆشت باش دەیزانی
من و بەهار و سپێدە وێکڕا ئاڵوودەی یەک تشتین..
نا.. لە پارووە نانی گەرمی هەژاران دەچی
لە دوا جامی پڕ مەی دەچی
دەگەڵ چرکەی نۆشکردنی وە لووتکەی مەستییت دەسپێری
لە نەریتی نەخوازراوی کۆمەڵێکی بێ زمان دەچی
لە جێژوانی ئەڤین دەچی
لە دینی دیندارەکی بێ دین دەچی!
هاهوووووووووو.. واهوووووووووو
نا لێگەرێ.. لە هیچ ناچی!
ئەتوو لەو دەچی.. ئەمنیش لەوان
نا نازانم.. لە هیچ ناچی.. لە کەس ناچی
لەوان بچوو.. لە من مەچوو
لێ تکایە
تا پێت هەیە لەوان دوور و دوورترکەوە
تا پێت دەکرێ بەرەو لای من وەربگەڕێ
پەنابەرییت وەسەرچاوان
وەرە چیدی دوودڵ مەبە
با تا قووڵایی بنەوەم نوقمت بکەم
دڵنیابە هەرگیز بێ من
نە سەرمەستیی نە سەربەستیی
وە چاوانی خۆت نابینی..
لێ تکایە هەروەک گۆتم:
لە من مەچوو.. لەوان بچوو
لەوان بچوو.. لە من مەچوو...

 

نیسانی ٢٠٢٠ - هەولێر

ماڵپه‌ڕی رەوشەن بەلقیس

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک