١٠\٤\٢٠١٥
لە مردن بەردەبمەوە.

عەبدولموتەلیب
عەبدوڵا
مردن.
ماوەیەکە زۆر پەستم
دەست بۆ ھەر شتێک دەبەم
دەبێ بە دوورکەوتنەوە لە خۆم
لە ھیچ شوێنێ نیم، لە نێو دێرەکان ھەنگاو دەنێم
لە یەکێک دەگەڕێم لێرە نییە
بەڵام گوێم لێیە لە پشت دێرەکان
بانگم دەکات، بە دوایدا دەڕۆم
دوور دەکەومەوە لە دنیا
گیانم شەڵاڵی ئارەق دەبێ
دەڵێن بڕۆ نەخۆشخانە
دەکەومە نزیک گۆڕستان.
بای مردن.
یەکێک لە کەناڵەکان بە چەند ھیچییەک
ئارامی ماڵ دەشێوێنی
ھەست بە پەستی دەکەم
سەرئێشە دەمباتەوە باوەشی ژنەکەم
جارێکیان لە ئاودەست خەو بردمییەوە
ھیچ نەبوو ھەڵسامەوە
٥/١١/٢٠١٤ بای مردن بردمییەوە کۆڵانەکانی خۆیان
لەوێ یەکێک دەڵێ حەبەکانت نەخواردووە
من لەبەر مردن ناتوانم دەم بکەمەوە
منداڵەکانم ئۆتۆمبێلەکە کار پێدەکەن
وەک با بۆ نەخۆشخانە دەڕۆین
خۆم و عارەبانە
لە پەلکی ھیچ دەخلیسکێین
دکتۆرێک دەبینین بەو کاتە درەنگە
وەک کەناڵەکان ھیچی دووبارە دەکاتەوە
لەسەر عارەبانە بەردەبمەوە.
وێنەکانی مردن.
ھەموو دنیا بە وێنەکانی مردندا تێدەپەڕی
رەنگی سپی دەیبا
سوور دەیگرێتەوە
دنیا بە ئەندازەی چاوەڕوانی پووچە
بە قەد سەرکەوتنی ژیان
سەرھاتەکان دەگێڕمەوە
مردن وەک گەردەلوول بەرەو رووم دەھات، وەک تارمایی
تاریک بوو دنیا
نازانم چۆن ئەو ھەموو چیرۆکە رۆناک کەمەوە
ئەو ھەموو دەنگە لە کوێ کۆتاییان دێ
دنیا تاریک بوو
لە رەنگی سپی نغرۆ دەبم
لە وێنەکانی مردن
بەردەبمەوە.
مردن بۆ ھەمووان.
دنیا تاریک بوو، بە گۆچانی مردن گەڕامەوە باغەکان
لەگەڵ کازیوە دوو کولێرەی گەرم و کاسەیەک پووچیمان
بە چای شیرین کردە بیانووی ھیچ نەگوتن
بڕواناکەم ژیان بگاتە گێڕانەوەکان
مردن بۆ ھەمووان دێ
بەر ھەندێک دەکەوێ چەشنی باران
لە ھەندێک دەکەوێ وەک بیرەوەری
بڕواناکەم ژیان بگاتە ئازادی
مردن بۆ ھەمووان باشترە
با دنیا بڕوا
بیرەوەری ھەبێت ھەموو شتێک لە زیادەیە
ھیچتان پێناڵێم
با دنیا بەڕێوە دەبات، با دنیا بڕوا
مردن روو ناکاتە بیرەوەری
تکایە روو مەکەنە بیابان
بگەڕێنەوە نێو باغ
لە باغدا ھەموو شتێک باش دەبێت
من لە مردن گەڕامەوە
بینیم لە باغدا ھەموو شتێک باشە
ژیان بایی گێڕانەوە ناکا
دەچمەوە بێدەنگی
دەچمەوە سروشت.
شوباتی
٢٠١٥ - ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|