په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١١

لە میسرەوە بۆ کوردستان
لە شۆرشەوە بۆ شەری ناوخۆ..!


عادل ئیبراهم


راپەرینی خەڵکی "برسی و تینوی ئازادی" لە میسردا، هەورەگرمەو باو باران و لافاوێکە، واخەریکە وشکایی و چەندین ساڵەی وشکە ساڵی لە سەر تۆپی زەوی ئاورشێن دەکات. لە تەواوی دنیادا چاوەرێن شەپۆلی دەریای تورەیی مەیدانی ئازادی لە میسرەوە وەک شاڵاوی سونامیەک گشت تەختایی و بەرزی و نزمی دنیا بگرێتەوە.


بەش مەینەتانی دنیا بەدوای سەرکەوتنی راپەرینی میسرەوەن، پشتیوانی لێدەکەن، خەمی ماندوبونیان دەخۆن، ورەیان بەرزرادەگرن، گفتوگۆی لەسەر دەکەن، دەڵێن دەبێت میسر سەرکەوێ..


کوردستان کە بۆ خۆی راپەرینێکی تێپەراندووەو لێشیان سەندۆتەوە، خەریکە لە رێگە مەیدانی ئازادی میسرەوە بەرگی ئومێد لەبەر دەکەنەوە، وا پێدەچێ کۆمۆنستەکان و کۆمۆنیزمی کرێکاری و چەپەکان لە چاوەروانی و خۆ ئامادەکردندان و هەوڵ ئەدەن لە ریزی راپەریندا رۆڵی پێشرەوانە بگێرن.


خالێک کە گرنگە زیاتر بیری لێبکرێتەوە، کوردستانی ئێستاکە کوردستانی ساڵی ١٩٩١ نییە، ئێستاکێ هێزە ناسیۆنالست میلیشیاکان داگیریان کردووە و رمبازێن و شەری نێوان خۆیانی تێدا دەکەن، خەڵکیش کەم تا زۆر چەکدارن، مەیدانی ناوەندی شارەکان نابێتە خۆنیشاندان دەبێتە مەیدانی جەنگ، خوێندنەوەی ئەم رواڵتە لە بەیانیەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنست و چەپەکاندا بەداخم کە نابینرێت، بەڵکی نازانم چەندە دروستم تەنیا کەف کوڵی هەڵسان و راپەرین سەرگەرمی کردون. وەها پێ ناچێ خۆیان چەکدار بکەن، داوا دەکەن شورا دامه‌زرێت، میلیشیا هەڵوەشێتەوە..


لە میسردا کە (بەلتەگی) هەوڵ ئەدات ریزی شۆرشگێران بلاوە پێ بکا، لە کوردستان میلیشیاکان بە شەری ناوخۆ دووبارە راپەرین دەسەندنەوەو بڵاوەی پێ دەکەنەوە.


کۆمۆنستەکان تا چەند لە بەرامبەر سیناریۆیەکی وەهادا بەرگەدەگرن؟ با وەلامەکەی لە خۆیان ببیستین.


ئێستاکێ کاتی ئەوەیە گۆمی ئێران بشلەقێ، راپەرین لە ئێراندا مانا پەیدا دەکا، راپەرینی ئێران مەترسی بە ئیسلامی بوونی ئەفریکای باشوور تێده‌پەرێنێ و پاشەکشەیەکی مەزن بە ئیسلامی سیاسی دەکا.


کۆمەنستەکان و کۆمۆنیزمی کرێکاری و چەپەکانی ئێران ئەرکیانە فەزای سەرنگونی رژێمی کۆماری ئیسلامی راپەرێنن، هەلسانی خەڵکی ئێران بە قازانجی گشت ناوچەکە و جیهانە، شۆرش لە میسردا بە بێ شۆرش لە ئێراندا سەرکەوتنی چنگ ناکەوێ. ئاخۆ گشت کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازانی ئێران ئامادەن ئێران بشلەقێنن؟. با وەڵاماکەی لە خۆیان ببیستین.


adil_ebrahim@yahoo.co.uk