٢٠\٦\٢٠٢٠
لەم کات و
ساتەدا، بۆچی تەنیا سلێمانی!؟
- سەرنجێکی سەرپێیی لە نووسینێکی د. سەباحی
غالب! -

عەبدوڵا ساڵح
لە سایتی خەندان ، لە بەشی بیرو ڕا ، د. سەباحی غالب نوسینێکی بڵاو
کردۆتەوە بە ناونیشانی ( شار گڕ شار گڕ، شاری بێ ساحێب گڕبۆ شاری
سلێمانی)، باسەکە جۆرێک لە دەردی دڵ و کەمێک ئاخ وحەسرەتە بۆ ئەمڕۆی
کوردستان بەگشتی ، بەڵام بەتایبەتی فۆکۆسی کردۆتە سەر شاری سلێمانی کە
بۆچی وەک جاران نەماوە و تا ڕادەیەک جوانیەکانی وون کردوە . لێرەدا
دەمەوێ تیشک بخەمە سەر دوو لایەنی باسەکە ، بەڵام بەر لەوە پێویستە
بڵێم کە ماوەیەکە دۆستی خۆشەویستم، د. سەباحی غالب قەڵەمەکەی
کەوتۆتەوە کار، کە ئەوەش نیشانەیەکە بۆ باشی تەندروستی ئەو بەتایبەت
ماوەیەک لەمەوبەر ھەندێک ناساغ بوو ، لێرەوە پڕ بردڵ ھیوای لەشی ساغ و
تەن دروستی بۆ دەخوازم . دۆستایەتی من و کاک سەباح دەگەڕێتەوە بۆ نزیک
بە ٥٠ ساڵ لەمەو بەر ، لەو ماوەیەدا ، دوور ونزیک ئاگامان لەیەکتر بووە
و ناو بەناو یەکترمان بەسەر کردۆتەوە ، ھەرچەندە لە دوو جیھانبینی
جیاوازەوە دەڕوانینە دنیا ، بەڵام ھەرگیز ئەو تێڕوانینە نەبۆتە بەربەست
لە نێوان دۆستایەتیماندا ، ڕەنگە نمونەی ئەو پێکەوە ھەڵکردنە بۆ ئەمڕۆی
دنیا کەم بێت، بەڵام بەخۆشحاڵیەوە من و ئەوی لێکدانەبڕاندوە.
یەکەمیان: جوانیەکان کامانەن؟ ئەی ناحەزیەکان چین ؟، جوانی ھەر جێگا
وشوێنێک لەم دنیایە بە جوانی دانیشتوانیەوەیەتی ، بە ھەڵسو کەوت
وڕەفتاریان ، لە زمانی عەرەبیدا قسەیەک ھەیە دەڵێ ( زینە المکان
بالمکین ) واتە جوانی شوێن پەیوەستە بە دانیشتوانەکەیەوە ، مەبەست
کردار و ھەڵسوکەوت وڕەفتاریانە ، ژیانو گوزەرانیانە . کۆمەڵگا
لەگۆڕاندایە ، لە ھەموو بوارەکان ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، سیاسی ،
ڕەوڕەوەی گۆڕانکاری ناوەستێ ، ئەوە حەتمیەتێکی مێژوویە ، مرۆڤەکان
خۆشیان بێ وترشیان بێ دەبێ خۆیان لەگەڵ ئەو ئاڵ وگۆڕانە بگونجێنن ، یا
لانی کەم لەگەڵیان ھەڵکەن وەئەگەر نا خەبات بکەن لە پێناو گۆڕینیدا ،
گەڕانەوە و دەستگرتن بە ڕابردوو، مەلەکردنە بە پێچەوانەی ڕێڕەوی
ڕووبار . ئەم گۆڕانکاریە مێژوویە پێ بەپێ خۆی داب ونەریت وھەڵسو کەوتی
تازە لەگەڵ خۆی دێنێ ، جا بەدڵی ئێمەیە یان نا ئەوەیان باسێکی ترە ،
نزیکترین نمونە ، پەتای کۆرۆنایە کە ڕەنگە تۆقەو باوەش بۆ ھەتا ھەتایە
لەگۆڕ بنێ، یان وەک داب ونەریت زۆر کەمی کاتەوە ، لەبری ئەویش جۆرێکی
تر لە یەکنزیک کردنی مرۆڤەکان بھێنێتە کایەوە.
کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریە ، ئەوەی کاک سەباح ئاواتی
بۆ دەخوازێتەوە دەورانی بەسەرچوە ، ئەوە سیمای جۆرێک لە پەیوەندی
کۆمەڵایەتی بوو کە بناغە ئابوریەکەی ھەڵتەکاوە و تازە نایەتەوە، بۆیە
داب ونەریتەکانیشی لەگەڵ خۆی بردوە . ئێستا دەورانێکە چاوی چەپ لەگەڵ
چاوی ڕاست درۆ دەکا ،ئەمە سیمای سلێمانی نیە بەتەنیا ، بەڵکو باڵی
کێشاوە بەسەر تەواوی کۆمەڵگای بەشەریدا.
جاران لەسلێمانی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان ، کە د.سەباح زوربەیان دەناسێ
وبە ((ڕەسەن )) ناویان دەبا ، بە پەنجەی دەست دەژمێردران ئێستا سەر
بەھەرکونێک دا دەکەی ملیونێرک ھەڵتۆقیوە ،جگە لە ملیاردێر، جاران ھەموو
شار ڕەنگە ھەزار ئوتومبێڵی تێدابووبێ ئێستا ئوتومبێل ئەوەندە زۆربووە
ڕۆژ نیە ھەواڵی دڵتەزێن نەبیستین لەمەڕ کارەساتی ھاتوو چۆ ، جاران من و
کاک سەباح کەھەردووکمان قوتابی خانەی مامۆستایان بوین دەبوو یەکی ١٥
فلسمان پێ بێ تا لەبەرامبەر تەلەفزیۆنەکەی چایخانەی عەلی لالە مین
چایەک بخۆینەوە و سەیری تەلەفزیۆن بکەین، ئێستا تەلەفزیۆن ئەوەندە زۆر
بوە تەنانەت چۆتە گیرفانەوە و کەم کەس ھەیە خاوەنی دانەیەک نەبێ.
ئەم ئاڵ وگۆڕە ، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ خۆیدا گۆڕیوەو
بەئاقارێکی جیاوازیدا بردوە ،ئەگەر بۆ کاک سەباح ھەندێک ناشیرینی لەگەڵ
خۆیدا ھێناوە ، ڕەنگە بۆ بابایەکی وەکو من، لەپاڵ ناشیرینیە زۆرەکان،
جوانیشی تێدا بێ ، بەڵام پێوەرەکان بۆ دەست نیشانکردنیان جیاوازن،
بۆنمونە یەکێک لە جوانیەکان بەلای منەوە، زەردەخەنەی سەر لێوی کچ
وکوڕێکە کە بەیەکەوە لە سەھۆڵەکە پیاسەدەکەن ، خۆ چ جوانتر کە ماچێکیش
بکەن، بەڵام کاک سەباح دەمانباتەوە سەرئەو تەعبیرانەی بۆ ژنی جاران
بەکاردەھێنران لێرەدا دووبارەیان دەکاتەوە : ((کچی سەرتاپێ جوانی و
قەدرداری، ، تۆزی داوێنی پاکی ئافرتان ، دەکرا بە کڵ و بۆن و بەرامە،
حەیای ئەوان)) . ھێمن موکریانی لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێ : ( خەڵکی
داوێنی مانگی ھەڵداوە، تۆش تازە دەڵێی پاکە داوێنم).
ناشیرنیەکانیش ، کەبەداخەوە زۆرترن ، دووبارە پێوەرەکانیان فەرق دەکا ،
بۆ نمونە کاتێک من بە لای حەوزە وشکەکەدا بڕۆم ئەومنداڵە داخ دەکاتە
دڵمەوە کە عەلاگە دەفرۆشێ ، ئەو پیرە پیاوە کە عەرەبانە لێدەخوڕێ ، ئەو
ژنە کە وا خۆی پێچاوەتەوە تەنیا کونی چاوی نەبێ دیارنیە بەبیانوی (
داوێن پاکی ) ،لەھەمانکاتدا مەرگی ھەزاران ژن دێتە بەرچاوم کە بەبیانوی
(( شەرەف پارێزی و بێشەرمی و بێحەیای )) کوژران و ئێستا لە شوێنێکی
تایبەتدا وەک مرۆڤی بێناونیشان خراونە گۆڕەوە وقەبرستانێکی تایبەت
بەخۆیان ھەیە و تەنانەت لەوێشدا بێناونیشانن نەکا لەگۆڕەکانیشیاندا
نەھێڵن ئارام بگرن . خەلکی کوردستان ئەمڕۆ داوێن پیسی و داوێن پاکی لە
گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەیر دەکەن ، ئەوانەی خەڵکیان برسی کرد ، خەڵکیان
بەکوشت دا ، سەروەت سامانیان تاڵان کرد ، درۆیانکرد ، گیرفانیان پڕکرد
....... داوێن پیسن ئەوانەش کە بۆ ژیان و گوزەران داوای مافی خۆیانکرد
، داوایان کرد وەک مرۆڤی ھاوچەرخ بژین لە خۆشیەکانی ژیان بێبەش نەبن ،
ئەوانەی داوای یەکسانی ژن وپیاویان کرد .... ئەوانە داوێن پاکن.
کاک سەباح دەڵێ: ((کە چوومەوە، ھەوڵمدا لەبن سێبەری دارێکی باخی گشتیدا
بە خەیاڵی جاری جاران و کتێب دەورکردنەوەی سەردەمی ناوەندی و دوا
ناوەندی، بە دەم کتێبەکەوە خەو بمباتەوە، ئێ بەڵکو عەلی باپیر ئاغا، یا
مەدھۆش یا کامەران موکری بێنە خەوم، ھاتن بەڵام بە دزییەوە لە سوچێکی
باخەکەدا، وا خۆیان پیشاندا دەسەڵات نەیان ناسێتەوە)).
ئەگەر منیش لە باخی گشتی عەلی باپیراغا ومەدھۆش وکامەران و ئەوانی تر
بێنەخەونم ، کە من تەنیا لەڕێی بەرھەماکانیانەوە دەیانناسم ، ئەوا
خەونەکەی من جیاواز دەبێ ، ئەوان پێم دەڵێن : ھەستە بچۆرە سەر ئەو
جادەی بەردەم باخی گشتی بزانە بۆ ئەو ھەموو گەنجە بێکارن ، ژنان بۆ
خۆیان دەکوژن و دەکوژرێن ، بۆ مزگەوت لە قوتابخانەو خەستەخانە زۆرترە ،
بۆ مامۆستا لەسەر مافی ڕەوای خۆی وەبەر شەق دەدرێ ، بۆ منداڵی شەش حەوت
ساڵە لەژێر سێبەری مەسئولەکاندا لاقە دەکرێ ، سەردەشت عوسمانەکان و
کاوە گەرمیانیەکان بۆ تیرۆر دەکرێن ، بۆچی زۆرینە سک ھەڵدەگوشن لەبرسان
وکەمینەیەکی مشەخۆر لەتێریدا ھەڵامساون، بۆ نەخۆش ناچار دەکرێ بچێتە
تونێلی دکتۆر ودەرمانەوە تا لەوسەری تونێلەکە وەک سڵقی ڕوت بەمردویی یا
نیوە مردوو بێتە دەرێ . بۆچی گەنج ولاوەکان ئالودەی مادەی ھۆشبەرن ، بۆ
فڕۆکە مەرگ چێنەکانی تورکیا بەئازادی ھەتا ناوجەرگەی کوردستان دێن وژن
و منداڵی ئاوارەی ھاوزمانمان دەکوژن، جمھوری ئیسلامی بۆ پەلاماری شار
ودێھاتەکانی کوردستان دەدا ، کێن ئەوانەی ژێر بەژێر لە بەرامبەر ئەو
دەستدرێژیانەدا بێدەنگن بەڵام لەبەرامبەر کپ کردنی ناڕەزایەتیەکانی
خەڵکدا وەک گورگی ھار وان ،کامانەن ئەو خەڵکی شارەی بەلاتەوە ڕەسەنن،
ناڕەسەنەکان کێن .......... لە ڕاستیدا بۆیەکان ئەوەندە زۆرن لە ژمار
نایەن و لە زیندە خەونێکی وادا لەگەڵ ئەو نوسەرانە جێگایان نابێتەوە!!
دووەمیان: ئەم تێروانینەی د سەباح ئەگەرچی لە شکڵ وشێوەدا بەتەنگەوە
بونیەتی بۆ ئەو ئاڵوگۆڕەی لەشاری سلێمانیدا ڕویداوەو بە ویست و ئارەزوی
ئەو نەبووە ، بەڵام ڵە ڕاستیدا ، بیەوێ یا نەیەوێ ، لەپەناوە ڕەخنە لە
ھەڵوێستێکی سیاسی دیاریکراو دەگرێ، کە گوایە چارەنوسی ئەم شارەی بەم
ڕۆژە گەیاندوە ، ئەوەش بۆ ئەم ساتە وەختە ، دووبارە بیەوێ یا نەیەوێ ،
دەڕژێتە خانەی ئەو حەریفانەی کە ئەمڕۆ دوورن لەدەسەڵاتی شاری سلێمانی
وجۆرێکیشە لە ستایشی دەسەڵاتی ئەوان لە شارەکانی تر!
ئەگەر منیش نەیڵێم ، کەم نین ئەوانەی باسەکەی کاک سەباح دەخەنە قاڵبێ
ململانێ سیاسی ھێزە دەسەڵاتداەرکانی ئەمڕۆی کوردستان، بە قازانجی
یەکێکیان و بەدژی ئەوی تریان، لەکاتێکداھەردوکیان، بەوانەی لەسەر
چەمەرلغی لۆریەکەشیانەوە سوار بوون وڕەنگی جیاوازیان بۆ خۆیان
ھەڵبژاردوە، دژی بەرژەوەندی جەماوەرن، ئەوانەشی کە نەکەوتونە بەر
ڕەخنەی تیژی دکتۆر سەباحەوە و زیرەکانە خۆی لێ پاراستون، ئەوا بێشک
لەوکارەساتەی بەسەر ئەم خەڵکە ھاتوە پشکی شێریان بەردەکەوێ.
ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتێکی مافیایی گیریان خواردوە کە نزیک
بە ٢٩ ساڵە بەدەست حوکمڕانی ئەوانەوە دەناڵێنن، ھەر بۆیە ناکرێ تەنیا
تیشک بخرێتە سەر واقعی حاڵی شارێکی وەک سلێمانی و چاوپۆشی لە شارەکانی
دیکەی کوردستان بکرێ کە بە شاھیدی دۆست ودوژمن سلێمانی لەگەڵ ئەو ھەموو
ئەوەی باسمانکرد، کەم تا زۆر، لەوانی دیکە لە ڕووی شارستانیەوە
لەپێشترە، سلێمانی شارێکی مودێرنە بەماناگشتیەکەی ، ئەوە قسەی زۆرێک
لەوانەیە کە من دەیانناسم بۆتەنیا یەک جار سەردانی ئەو شارەیان کردبێ.
لێرەوەش بە کاک سەباح دەڵێم خەمت نەبێ ئەم شارە بێساحیب نیە ونەبوە،
دڵسۆزانی ئەوشارە ئەوەندە زۆرن ، جیا لەو ھەموو سەختی ونەھامەتیەی
توشیان بووە ، وەک کێو وەستاون و لەھەوڵی ھەرچی جوانکردنی جوانیەکانن،
ھەر بۆیەش من و تۆ کەدەچینەوە کوردستان دڵمان بەو شارە جوانە
دەکرێتەوە.
دواقسەم ئەوەیە خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ تینوی قەڵەمێکن پەنجە بخاتە سەر
برینەکانیان و ڕێگا چارەیان نیشان بدا، چاوەڕێی ((ڕۆشنبیرو قەڵەم
بەدەستەکانن)) ھەست بە دەردو ئازار وناڕەحەتیەکانیان بکەن، نەک حەیف
مەخابنیان بێ بۆ ڕابردویەک کە ناگەڕێتەوە.
١٧\٦\٢٠٢٠
a_salih11@hotmail.com
|