له‌ناو ئیسلام‌دا ژن بکرێته پێغه‌مبه‌ریش له ئه‌سڵی دژه‌ژن‌بوونی ناگۆڕێ! (قسه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی بوونی ژنێک به ئه‌ندامی شورای بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی)
حه‌مه‌غه‌فور
به‌پێی هه‌واڵێک که ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕی (کوردستان نیوز) بڵاوی‌کردۆته‌وه، له دواکۆبوونه‌وه‌ی شورای ناوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا (مونیره عه‌لی) کچی مه‌لا عه‌لی عه‌بدلعه‌زیز که سکرتێری ڕێکخراوی "په‌یوه‌ندی ئیسلامی خوشکانه" کراوه‌ته ئه‌ندامی شورای ئه‌و حیزبه. مونیره عه‌لی له‌مباره‌وه ووتوویه‌تی؛ "ئه‌مه هه‌نگاوێکی زۆر باشه بۆ ئه‌وه‌ی کاروباری خوشکان به‌ره‌وپێش‌بچێ". دانانی مونیره له‌و جێگایه‌دا یه‌که‌مین مێینه‌یه که له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌دا پۆستی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ی وه‌رگرتبێت.
به‌داخه‌وه له جیهانی نیفاق‌و دووڕوویی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، له دنیایه‌کدا که هه‌موو باڵه‌کانی بۆرژوازی، هه‌ر له ناسیونالیست‌و خاکپه‌رسته‌وه بگره تا ده‌گا به ئیسلامی سیاسی به هه‌موو ئاراسته‌کانییه‌وه، له‌مسه‌ری ڕۆشنبیرانی نیودیموکرات‌و پۆستمۆدێرنیست‌و لیبراڵییانه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی بیربه‌سته‌ڵه‌کی فاشیست‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ناوچه‌که‌و ده‌وڵه‌ته‌کانیان، هه‌ر هه‌موویان یه‌کده‌فعه‌و ڕاسته‌وخۆ سه‌رقاڵی خۆڵ‌پژاندنن به‌چاوی خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌رداو ڕاستییه‌کانیان لێ چه‌واشه‌ده‌که‌ن! بۆش‌و بلێرو هاوڕێکانیان له‌ژێر درۆی بوونی چه‌کی کۆکوژو به‌رقه‌رارکردنی دیموکراسی‌دا، کۆمه‌ڵگای عێراقیان تلانده ناو دۆزه‌خی جه‌گ‌و کوشتارو ئاواره‌ییه‌وه. ده‌وڵه‌تی فاشیستی ئیسرائیل سه‌روه‌ری "جووله‌که"ی مه‌رهوون نیشانداوه به بێ‌ده‌وڵه‌تی‌و سه‌رگه‌ردانی‌و کوشتاری بێ‌کۆتایی خه‌ڵکی مه‌زڵومی فه‌له‌ستینه‌وه. حیزبوڵڵای لوبنان‌و حه‌ماسی فه‌له‌ستینی عه‌زه‌مه‌تی عه‌ره‌بیان گرێداوه به ته‌حمیقی گه‌نجانی ئه‌و ووڵاتانه‌وه بۆ گه‌رمڕاگرتنی پرۆژه‌ی خۆکوژی له‌دژی ئیسرائیل. ناسیونالیزمی کوردیش شازده ساڵه به په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی قه‌ومپه‌رستییه‌وه فیدراڵییه‌کی پووچ‌و بێ‌بایه‌خ له‌چوارچێوه‌ی عێراق‌دا به باشتر‌و به‌که‌ڵکترو موهمتر له سه‌روه‌ری‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌رخواردی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی ئه‌م ووڵاته ئه‌دات. هه‌ر بۆیه بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و هاوڕێکانیشیان له کۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و یه‌کگرتووی ئیسلامی‌و ته‌نانه‌ت باڵه یاخییه‌کانی له‌جۆری که‌تیبه‌و ده‌سته‌و تاقمه چه‌قۆکێشه‌کانی ئه‌نسار ئیسلام‌و ئه‌لقاعیده‌ش ده‌توانن‌و جورئه‌تده‌که‌ن باس له "جێگا‌و مه‌قامی عالی" ژنان بکه‌ن له‌ناو ئیسلام یا له‌ناو ڕیزه‌کانی ئه‌وان‌دا!
په‌روه‌نده‌ی دزێو‌و دژه ئینسانی‌و دژ به ژنی ئیسلامی سیاسی هێند ڕه‌ش‌و دیار‌و به‌رچاوه، هه‌ر باڵێکی ئیسلامی سیاسی ڕوویه‌کی ئێجگار قایمی ده‌وێ باسی به‌رزکردنه‌وه‌ی ژنێک بکات بۆ سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌ی. ژن له ئایدیاڵی ئیسلام‌داو به‌گوێره‌ی ده‌قی قورعان "شه‌یتانی له‌ناو ڕه‌حمی‌دا هه‌ڵگرتووه بۆ جێبه‌جێکردنی مه‌رامه‌کانی!" بۆیه شایه‌نی ئه‌وه نییه ڕووی ده‌رکه‌وێ‌و هه‌میشه ده‌بێ له‌ژێر ده‌ست‌و چه‌پۆکی نێرینه‌دا بمێنێته‌وه! ژن له ئیسلام‌دا وه‌زیفه‌ی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هه‌وه‌سبازی پیاوانه‌و به‌س. بۆیه ده‌بێ هه‌میشه لاره‌مل‌و گوێڕایه‌ڵ‌و چاوله‌به‌ری پیاوبێ. له چارشێوه‌و جبه‌و مه‌قنه‌عه‌و عه‌باوه پله‌ی نایه‌کسانی ژن له‌گه‌ڵ پیاودا به‌ڕوونی دیاره. ڕه‌شه‌کوژی ژنانی کوردستان‌و سه‌نگسارکردنی ژنانی ئێران له‌لایه‌ن جمهوری کۆنه‌په‌رستی ئیسلامی ئێرانه‌وه به‌ڵگه‌ی بێ‌ئه‌ملاولان بۆ دڕنده‌یی ئیسلامی سیاسی‌و حیزبه‌کانی.
بزووتنه‌وه‌ی تیرۆریستی ئیسلامیش که به ئیفتیخاره‌وه له ئاوایی (خێڵی حه‌مه‌ی شاره‌زوور) 47 پیشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانیان سه‌ربڕی‌و خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌فی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان شاهیدی دڕنده‌یی‌و چه‌په‌ڵی به‌رنامه‌و سیاسه‌ته‌کانیان بوون، ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه خه‌ریک بوو هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان بکاته ئه‌فغانستان‌و کارنامه‌ی تاڵیبانی تیادووباره‌کاته‌وه، ئێستا به‌نیازه به‌م هه‌نگاوه‌ی خه‌ڵکی کوردستان چه‌واشه‌کاو دوای ئه‌وه‌ی حیزبه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌کانی کوردستان ده‌ستیانخستۆته ژێرباڵیان، جارێکی‌تر بێته‌وه مه‌یدانی سیاسی. به‌ڵام ئه‌مجاره به ڕه‌وانه‌کردنی سکرتێری "په‌یوه‌ندی ئیسلامی خوشکان" بۆ ناو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی ئابڕوویه‌ک بۆ خۆی بکڕێته‌وه‌و خۆی بێ‌به‌ری‌کات له کارنامه‌ی ڕه‌شیان له پشتی فتواو چالاکی ڕه‌شه‌کوژی ژنانی کوردستانه‌وه به‌درێژایی ئه‌م شازده ساڵه‌ی ڕابرد! به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان مێژووی پیس‌و کارنامه‌ی دژی ژن‌و دژه ئینسانی‌و دژی هه‌ر ڕه‌نگ‌وبۆیه‌کی شارستانی ئه‌م حیزبه‌یان له‌یاد ناچێ‌و هه‌روا له‌ژێر نه‌فره‌تی جه‌ماوه‌رایان‌دا ڕایان‌ده‌گرن‌و هه‌میشه وه‌کو ڕه‌مزی وه‌حشییه‌ت له‌دژی ژنان ته‌ماشایان ده‌که‌ن.
11/11/2007 hamaxafoer@yahoo.com
|