٩\۴\٢٠١٠
له‌ناویه‌کدا.
ئارامی شێخ موحه‌مه‌د
١
شه‌ماڵی گه‌رمه‌سێر
چۆنه
که‌ئه‌تبینم دڵم وایه
نیگات ڕۆحم وائه‌نوێنێ
وه‌ک چۆن منداڵ له خه‌ودایه
بووکی ده‌ریای عه‌شقی من تۆیت
شه‌پۆل ده‌تباتو ده‌تهێنێ
تاله‌ناو جۆلانه‌ی دڵما
سه‌رخه‌وێکت پێئه‌شکێنێ.
٢
گیانم هه‌روه‌ک به‌فری کۆسار
به‌بزه‌ی خۆر هه‌ره‌س بێنێ
دڵم بێته شه‌خته‌ی سه‌هۆڵ
خه‌نده‌ت گوڵی تیا ئه‌ڕوێنێ
نیگای عه‌شقت له‌هه‌رکوێ بێ
وه‌ک گووڵه به‌ڕۆژه ده‌گه‌ڕێم
خۆر به‌کاملاڕێچکه بگرێ
هه‌ر وه‌کو ئه‌و ڕووت لێئه‌نێم
هه‌ستم شه‌پۆلی ده‌ریایه‌و
به‌ره‌و که‌نار ڕێگه‌ئه‌گرێ
تۆش که‌ناری که‌پێتئه‌گه‌م
یاخی بوونم تێدا ئه‌مرێ.
٣
مانگ زه‌رده‌خه‌نه‌ی شه‌وگاره
به‌خه‌نده‌ی ڕۆژ ده‌کوژێته‌وه
خه‌نده‌ی تۆ له‌ڕۆژو شه‌ودا
جێی هه‌ردوکیان ده‌گرێته‌وه
ڕه‌شه‌با پرچت شێوێنێ
به‌برژانگ بۆت ده‌که‌م شانه
گه‌ر بزانم گشت برژانگم
تیایا ده‌شکێ دانه‌دانه
سه‌ر ده‌نێمه نێو باوه‌شت
هه‌تا بشکێنم سه‌رخه‌وێ
خه‌و ده‌بینم به‌و هیوایه‌ی
له نێو دڵما بنوی شه‌وێ.
٤
ڕۆحم ده‌که‌م به‌ساباتت
تاتیشکی خۆر نه‌تسووتێنێ
دڵم ده‌که‌م به‌سه‌رچاوه
تا تینووی لێووت بشکێنێ
تۆ له‌خورپه‌ی دڵم زیاتر
ڕۆح و گیانم ده‌بزوێنی
وه‌ک ڕه‌شه‌بای سلێمانی
پرچی شیعرم ده‌شێوێنی
تۆ باڵداری منیش بێ باڵ
ده‌خشێم له‌دووت وه‌ک سێبه‌رت
تا له جێ‌ژوان ده‌تگرمه‌وه
ده‌بمه تاجه‌گووڵ بۆ سه‌رت.
٥
گه‌ر مه‌یلت کرد، وه‌ک په‌پووله
هه‌ڵبفڕی،بۆت، ده‌بمه دووباڵ
هه‌تا بگه‌یته ئامێزی
گڕی مۆم و چرای نێوماڵ
گه‌ر کۆتر بی ده‌بمه ئاسمان
تاتۆ ئازاد بفڕی تیایا
گه‌ر ئه‌کته‌ربی ده‌بمه شانۆ
تاله‌سه‌رم که‌ی سه‌مایه
گه‌ر شیعر بی ده‌بمه شاعیر
گه‌ر سه‌روا بی ده‌بمه کێشت
هه‌تا خامه‌م هه‌ڵتبه‌ستێ
وه‌ک ملوانکه‌ی خه‌م و ئێشت.
٦
تۆ گۆرانیت، من هه‌ڵبه‌ستم
به‌بێیه‌ک ناووترێینه‌وه
من شمشاڵ بم تۆ نه‌وامی
هه‌ردوو یه‌ک سۆز ده‌ڵێینه‌وه
گه‌ر من مۆم بم تۆش ئاگری
به‌هه‌ردوو تیشک ئه‌ده‌ینه‌وه
به گڕو فرمێسکی یه‌کتر
له نێو یه‌کا ده‌تووێینه‌وه
تۆ هه‌وار بی ئه‌من بارگه‌م
له‌هه‌ر کوێ بی ڕووت لێئه‌نێم
گه‌ر بشچیته سه‌ر دوندی شاخ
پییا هه‌ڵئه‌زنێم، دێم پێت ئه‌گه‌م.
٧
من ئاگر بم تۆ کڵپه‌می
به‌باڵای یه‌کدا ده‌گڕێین
تاده‌بینه خۆڵه‌مێشیش
له یه‌کتری دانابڕێین
تۆ شه‌پۆل بی من ده‌ریاتم
تۆ که‌شتی بی من که‌نارم
تۆ پایز بی من ڕه‌نگی زه‌رد
تۆ نێرگز بی من به‌هارم
تۆ تووڕه‌ییت من ئارامم
وه‌کو دوودژ له‌ناو دیکداین
به‌ڵام له‌گه‌ڵ مۆسیقادا
هه ردووکمان ئالووده‌ی سه‌ماین
ئێمه یه‌کین وه‌ک دووبابه‌ت
له‌ناو یه‌کدا ده‌تووێینه‌وه
گه‌ر بشمرین پێکهاته‌ی نوێ
دیسان دروست ده‌که‌ینه‌وه.
٥\٤\٢٠٠٩
aram.de@googlemail.com
|