|
٢١\٨\٢٠٢٦
لە ناخی بەردێکەوە.

سۆران محەمەد
لە ناخی بەردێکەوە
ناڵین دێتە گوێ،
زەمانێکە خلۆردبێتەوەو
خلۆر دەبێتەوە،
هەر ناگاتە جێ.
چەند تاریکە
ئەو خەونانەی
لەوێدا دەرکەوێ؟
بەردەوام
بە بەرکەوتنی زەبرا،
دڵ تێکەڵهاتنی ئێوارەو
شکانی سەری سپێدەیا
تێپەڕ دەبێ
*
* *
ئەو خەونانە چەند تاریکن؟
لەبندیوارەکانی مەحاڵا
گرمۆڵە بوون
پڕ لە دێوجامە،
لەو چاوە بێ پێڵوانەی
کە ناتروکێن،
تژی لە بیانوی نەخۆش و
ئێسکی ئەو پەنجانەی
بە ئیسفەنجی کینە
پڕ لە کەفی دڵدۆنگی و
زوخاوی ناگەهانی ناکەسکاریی،
بزە ساویلکەکانی
سەر تەختەڕەشەکانی ژیانی
پێ دەسڕدرێ!
*
* *
سەیرە
شانی چەندە لارە؟
ئەو هەسارە گەڕۆکەی
بە پێوەری ڕێختەری تەوەللا
هاوسەنگی تیادا نابینرێ،
پڕاوپڕ سیزیف و
تاشەبەردی فریوەکان
عەجەب کەوا نغرۆ نابێ؟
*
* *
مسوەدەی ئەم تۆمارە
قولنچکێ بۆشایی نەماوە
تا بە هیوای درۆینە
بسپێردرێ،
کەچی هێشتاش
تەجەللای ئەو روحە شەکەتەیە
یەك، یەك سێرە لە تارماییەکان
ئەگرێ
تا بۆ ساتێكیش بێ
نێرگزەجاڕ لە ئامێزی جیلوەیا
تێر بنوێ
*
* *
چاوێك لەسەر ڕا
ناتروكێ
لە پشت ئاوێنەکانەوە،
لە نێوان درزی پەردەکانەوە،
لەودیو پەنجەرە داخراوەکانەوە،
سەیرەکا
قاقای چرکە ساویلکەکان،
تەپوتۆزی ڕەشبەڵەکی نادانیەکان،
لوشکەی لۆچێکی سەغڵەت....
لە پێچێکا لوشی بێدەنگی خۆی دەدا.
ئەوان کە سەر
پلیکانەکانی ئەکەون و
نایبینن،
لەسەربانەکەی دەنون و
گوێیان لە دەنگی هەناسەکانی نابێ،
ئەو
کە ژیانە و
ئێمەش مەرگ.
|