لەنێوان ئاکار و
ئاییندا
سەرنجێکی کورت لەسەر پەیوەندى ئاکار بە ئایینەوە.

حەسەن حسێن
یەکێک لەو چەمکانەى کە هزرى ئایین و
نەریتخوازى پێوەى سەرقاڵە، ئاکار و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەیە.
ئەوان بەنیگەرانییەوە و هەندێکجاریش بەتوندى رەخنە لەو گۆڕانانە دەگرن
کەبەسەر ئاکار و رەفتارى تایبەتی تاک و رەفتار و شێوازى مامەڵەکردنی
نێوان کەسەکاندا هاتووە.
لەپاڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا کە بەسەر ستایڵی ژیاندا هاتووە هەر لە
شێوازى پۆشینی جل و بەرگەوە تا تێکەڵاو بوونی کچان و کوڕان لە
ئاستەکانی خوێندن و زیاد بوونی رێژەى کارکردنی ژنان لە بوارە
کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانداو بڵاوبوونەوەى تەکنەلۆژیاى گەیاندن و
راگەیاندن بەشێوەیەکی بەربڵاو لەژیانی رۆژانەدا، رێژەى تاوان و رووداوى
دزێویش لەکۆمەڵگەدا زیادیان کردووە. زۆرجار لە میدیاکانەوە گوێبیستی
رووداو و بەسەرهاتی جۆرا وجۆر دەبین کە ناکۆک و ناجۆرن لەگەڵ سروشت و
مۆراڵی مرۆییدا، بۆیە کاردانەوەى جۆراوجۆریش دەبینین لە هەمبەر ئەو
رووداو و بەسەرهاتانەدا. جۆر و شێوازى کاردانەوەکەش لە باگراوندى فیکرى
و کەلتوورییەوە سەرچاوەى گرتووە. بۆ نمونە هەڵوێست و کاردانەوە،
شیکردنەوە و خستنە رووى چارەسەر، لەلاى دەروونزان، کۆمەڵناس و پیاوێکی
ئایینی وەک یەک نییە. چونکە کێڵگەى کارى دەروونناسی و کۆمەڵناسی پشت بە
زانستە مرۆییەکان دەبەستێت و فرە رەهەندە. بەڵام کاردانەوەى پیاوانی
ئایینی و نەریت پارێزەکان، کە روانینێکی تاکڕەهەندییانەیان بۆ ئەو
دیاردە و کێشانە هەیە، شپرزەیی و دەمارگیریی پێوە دیارە، تا ئەو جێیەى
لەبەرامبەر ئەو رووداو و دیاردە و بەسەرهاتانەدا ناراستەوخۆ پێمان
دەڵێن ئەخلاق و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەچن. ئەوان
هۆکارى پەرەسەندنی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەگێڕنەوە بۆ کاڵ
بوونەوەى ئاکارى ئاینیی و رەوشتی باوباپیران و دەستبەردار بوونی نەریتی
پێشینان. ئەمەش یا لەبێئاگاییەوەیە لەوەى ئاکار بەپێی سەردەمەکان،
کۆمەڵگاکان و لەخودى یەک کۆمەڵگە و بگرە بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی یەک
کەسیش لەگۆڕاندایە (ئاکارى کردارى ـ الاخلاق العملیە). یاخود لە
قیرسچمەیی و جەخت کردنەوەیانە لەسەر پابەند بوون بە ئەخلاقێکی ئایدیال
و تێکەڵ کردنییەتی بە ئاکارى کرداریى، بۆ ئەوەى دواجار نەریت و ئاکار و
بەهایەک بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن کە هەلقوڵاوى ئایدۆلۆژیا و جیهانبییانە.
لێرەوە جەخت کردنەوە لە بەهاى ئایین و رۆڵی ئاکارى ئایینی لە بنبڕکردنی
کێشە و تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لەلاى پیاوانی ئایینی و پەیڕەوکارانی
ئایین دەبێتە پرۆژەیەک بۆ بانگەشەکردن بۆ خودى هزرى ئایینی و
ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەرباز بوون لەوەوى کە پێیدەڵێن فەوزاى ئەخلاقی ئەم
دنیا و مژدەیەکیش بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندى خواوەند و مسۆگەرکردنی
بەهەشت لەو دنیا.
بیرۆکەى ئاکارى ئایینی دەمانباتەوە سەر یەکەمین گوناه ، کە بووە هۆى
سەپاندنی سزایەکی ئەبەدى بەسەر مرۆڤدا، واتە فڕێدرانی لە بەهەشتەوە بۆ
سەر زەوى. ئەمە بە تایبەت لە ئایینەکانی( جولەکە، مەسیحیەت و ئیسلام)دا
بە تۆخی دیارە. بۆیە باس کردن لە ئاکار لە روانگەى ئایینەوە بەبآ باس
کردنی گوناه ناتەواوە. چونکە گوناه، گوناهی گەورە بێت یا بچووک، سەرجەم
ئاکارە خراپەکان دەگرێتەوە. لە باسی گوناهی یەکەمیشدا شەیتان
ئامادەییەکی چارەنووسسازى هەیە. ئەم ئامادەییەى شەیتان لە هزرى
ئاینییدا، بەدەر لەچەمکە ئەفسانەییەکەى، ئاگادارکردنەوەیەکی مرۆڤە
بەوەى ئەگەر پابەندى ئەو ئاکارانە نەبێت کە خواوەند فەرمانی پێداون،
ئەوا دەبێتە شوێنکەوتەى شەیتان و وەبەر توڕەیی و سزاى خواوەند دەکەوێت.
نەک هەر ئەوە بەڵکو ئاکارى شەیتان و شەیتانیی بوون پانتاییەکە
بیرلێکردنەوەى بۆ مرۆڤی دیندارى زۆر سادەش مایەى ئارەق کردنەوە و خەو
لێزڕانە، چ جاى ئەوەى کەسێک، لەلایەن باوەڕدارە سەرسەختەکانی ئایینەوە
بە شوێنکەوتەى شەیتان وەسف بکرێت دەبێت چەند قێزەون بێت لاى خەڵکی سادە.
بۆیە دەبینین ئاکارى خراپ لەهزرى ئایینیدا
جگە لە کڵۆڵی و رەزالەتی دنیایی ، لە دنیاکەى تردا سزاى دۆزەخی بۆ
پەیڕەوکارەکەی داناوە. بەم پێیە ئاکار لە هزرى ئایینیدا مەرجدار دەبێت
بە خواپەرستی و ئاییندارى و بەجێهێنانی ئەرکە ئاینییەکانەوە. تا ئەو
ئاستەى ئیدى ئاکارى ئایینی وەک جۆرێکی ئاکار بەگشتی سەیر ناکرێت، بەڵکو
دەبێتە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەى سنوورەکانی ئەخلاق و بآ ئەخلاقی (هەڵبەتە
خۆى شتێک نییە ناوى چەمکی بآ ئەخلاقی بێت، چونکە ئاکارى ئەو کەسانەش کە
لەگەڵ پێوەرەکانی کۆمەڵگا و عەقڵیەتی باودا ناکۆکە و بەپێی ئەو
پێوەرانە بەبێ ئهخلاق ئەژماردەکرێن، خۆى لەخۆیدا ئاکارە) .کەم نین ئەو
پیاوە ئایینی و کەسانەى کە بە چاوى گومانەوە دەڕواننە مرۆڤی بێ دین و
ئاتەئیست و بگرە بیر و باوەڕەکانیان بەسەرچاوەى بەرەڵایی و بێ ئەخلاقی
دەزانن، لەمەشدا بەتەنها سەرنجیان لەسەر ئەو کردەوانەیە کە ئایین
حەرامی کردووە وەکو سێکس کردن و مەى خواردنەوە. وەک ئەوەى ئەو کەسانەى
باوەڕیان بە میتافیزیک و بیرى ئایینی نییە کەسانێکی غەریزەیی بن و
غەریزەیان زاڵ بێت بەسەر عەقڵیاندا، باوەڕدارانییش بە خودا و ئایین
کەسانێکی فریشتەیی بن. ئەگەر ئەو بۆچوونە راست بووایە، ئەوا دەبوو لە
وڵاتێکی وەک سعودیە و ئێران و ئەفغانستانی ژێردەسەڵاتی تاڵیبان ئەوەى
پێیدەڵێن سێکسی ناشەرعی و سزاى زینا لەئارادا نەبوایە و بگرە خودى
ئایین سزاى شەرعی دانەنابایە بۆ زینا و تاپۆکانی دیکە. یاخود لەناو
قەشە و حاخام و پیاوانی ئایینی ئاینەکانی دیکە، ئەوەى پێی دەڵێن
فەزایحی ئەخلاقی رووینەدایە.
لێرەدا ئیشکالیەتەکە پەیوەندى بە باوەڕداریى و بێ باوەڕیى مرۆڤ بە
ئایینەوە نییە، بەڵکو ئیشکالیەتەکە لەخودى ئەو ناکۆکییەدایە کە هزرى
ئایینی تێیدەکەوێت، کاتێک کە دەیهەوێت مرۆڤ هەڵگرى سیفاتی فریشتەیی بێت
و کۆمەڵگەیەکی فریشتەیی دامەزرێنێت کە ئەمەش بۆ مرۆڤ، باوەڕدار بێت یان
بآ بڕوا، مەیسەر نابێت. چونکە فریشتە و فریشتەیی بوون بەتەنها لەجیهانی
ئایدیاڵدا هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە جیهانی ماددییەوە نیە.
ئیشکالیەتەکە لەو ئاڵ و گۆڕەدایە کە ئایین بەسەر ئاکارى ئایدیاڵ
یاتیۆرییدا، کە بەرهەمی بیر و ئەندێشە قووڵەکانی مرۆڤە بۆ نزیک بوونەوە
لە بەها باڵاکانی، دەیهێنێت و یەکسانی دەکات بە بەجێهێنانی هەندێک
سروتی ئایینی. ئەگەر ئاکارى ئایدیاڵ کۆمەڵێک بەهاى چەسپاو و نەگۆڕبن بۆ
گەیشتن بەبەختەوەری و بەدێهێنانی بوونێکی مرۆییانە کە عەقڵی مرۆڤ پێ
گەیشتبێت، ئەوا ئاکارى کردارى زیاتر بەرهەمی ژیانی ماددى کۆمەڵگا و
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پێدراوەکانییەتی. هەرچەندە ئاکارى کرداری
کارتێکراوە بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا لەکایە ئابوورى و زانستی و
کۆمەڵایەتییەکاندا. بەڵام دیسانەوە عەقڵ بۆ بەرگریکردن و مانەوەى بەها
و پێوەرە مرۆییەکان، لەگەڵ پێشڤەچوونی کۆمەڵگا و پێشهات و
گۆڕانکارییەکاندا، بەها و پێودانگ و مانای نوێ بەرهەم دەهێنێت.
هەڵبەتە تێکەڵکردنی ئاکار لەگەڵ هزر و سرووتی ئایینیەکان و لەگەڵ
سەرهەڵدانی ئاییندا نەهاتووە بەڵکو دەگەڕٍێتەوە بۆ سەردەمێکی درەنگ
وەخت لە سەرهەڵدانی ئایینەکان. هەتا ئێستاش هەندێک لەکۆمەڵگە
زنجییەکانی ئەفریقیا ئاکار وەک مەسەلەیەکی کاروبارى رێکخستنی
کۆمەڵایەتیی سەیر دەکەن، نەک کاروبارى ئایینی. لەکەلتوورى زنجییەکاندا
ئاکاربە ئایینەوە نەبەستراوەتەوە و پشتگیرییەکی یەزدانیی نادرێتێ (1) .ئەرەستۆش
لەکتێبی (ئاکارى نیقۆماخی) و لەداڕشتنی فەلسەفەى ئاکاردا لاى
نەکردۆتەوە بەلاى تێکستە ئایینییەکانی یۆنان.
لە ئاینی کۆنی میسرییەکانیشدا، سەرەتا ئاکارى کۆمەڵایەتی
نەبەسترابووەوە بە چاکە و خراپەى یەزدانییەوە، بەڵکو مەسەلەیەکی
کۆمەڵایەتیی بوو. نەمریى و چوونە بەهەشت مەرجدار نەبوو بە بوونی
پەیوەندی نێوان ئایین و ئاکار، بەڵکو تەنها بۆ فیرعەون و کەسانێکی نێو
دەست و پێوەندەکەى، کە فیرعەون خۆى هەڵیدەبژارد، قۆرخ کرابوو. بەڵام
لەهەزارەى سێیەمی پێش زاییندا لەپاڵ ئەوگۆڕانانەی بەسەر ئاودێریدا هاتن
کە بووە هۆى وشکە ساڵی و بڵاو بوونەوەى هەژارى و نەمانی یاسا لەشوێنە
دوورە دەستەکانی دەسەڵاتی فیرعەونەکاندا، میسۆلۆجیاى خواکانیش گۆڕانیان
بەسەردا هات و پێگە و قودسیەتی فیرعەونەکان لەلاى خەڵکی هاتە خوارەوە.
ئیدى خەڵکی هیوایان بە فیرعەون نەما لەلاى خواوەند کە شەفاعەتیان بۆ
بکات بۆ نەمریى و بۆیان تێبکەوێت بۆ چوونە بەهەشت. بەم جۆرە نەمرى و
بەهەشت بۆکەسانی چاک بووە ئەندێشەیەکی گشتی و لەناو خەڵکیدا پەرەى سەند.
ئیدى خەڵکی بۆ نەمرى و بەختەوەریی دەیانڕوانی ، ژیان لەپاڵ خواوەنددا
بە شادى و دوور لە رەنج و ئازارەکانی ئەم دنیایە. لێرەوە بیرۆکەى
بەهەشتی ئاسمانیی هاتە گۆڕێ، کە دانراوە بۆ چاکەکاران. بەم جۆرە ئاکار
بە ئایینەوە گرێ درا. و ئۆزۆریسی خواوەند بووە تکا کار بۆ مردووەکان و
پەڕینەوەى ئەو مردووانەى کردەوەى چاکەیان هەبوو بێت بۆ دنیاکەى دیکە.
ئەم تێکەڵ بوونەى ئاکار و سرووتی ئایینی دواتر لە ئایینەکانی دیکەى
رۆژهەڵاتدا رەنگ دەداتەوە.
مەسیحیەت و ئیسلام توندتر و راستەوخۆتر ئاکار بە ئایینەوە دەبەستنەوە و
دەیکەنە مەرجێک بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندى خودا و چوونە بەهەشت. لەم
ئایینانەدا، بەتایبەت ئیسلام، چاکە و خراپە لەدەرەوەى مرۆڤدا
بڕاونەتەوە و مرۆڤ ئەوەى لەسەرە ئەویان بکات و ئەمیان نەکات. بەمەش
ئاکارى ئایدیاڵ و چاکە گشتییەکان، کە کۆمەڵێک بەهاى نەگۆڕ و چەسپاون،
دەدەنەوە پاڵ فەرمانی ئیلاهی و ویستی خواوەند بە کردنی چاکە و نەکردنی
خراپە. لێرەوە ئایینەکان سوود لەچەمکی ئاکارى تیۆرى وەردەگرن و لە
رەهەندە فەلسەفییەکەى رووتی دەکەنەوە و دەیخەنە پاڵ خواوەند و لە سیاقی
سروت و خواپەرستیدا دایدەڕێژنەوە.
لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایا چاکە و خراپە خۆیان چین و چۆن دیاریکراون؟
خواوەند چۆن چاکەى هەڵبژاردووە و بۆچی شتێک بەلاى خواوە چاکە و شتێکیش
خراپ؟ واچاکە لێرەدا کێشەى (یۆسپیرۆ)ى ئەفلاتون بەنمونە بهێنینەوە.
ئەفلاتون لەدیالۆگی ( یوسبیرۆ) دا دەڵێت:
[ ئایا خواوەند چاکەى لەبەر چاکێتی چاکە هەڵبژاردوە یا چاکە بۆیە چاکە
چونکە خودا هەڵیبژاردووە؟
لە شێمانەى دووەمدا( چاکە چاکە چونکە خودا هەڵیبژاردووە) بەمەش
جیاکردنەوەى چاکە و خراپە دەبێتە شتێکی ناچارى و نابەدڵی. چونکە لەم
کاتەدا دەکرێت بپرسین ئەى چی رێگرە لە خودا کە بڵێت کوشتن چاکە و
بەزەیی خراپ؟ لەم کاتەشدا ئەگەر چاکە و خراپە ناچارى بن ئیدى هێزى
ئاکاریى خۆیان لەدەست دەدەن.
کەوایە دەبێت شێمانەى یەکەم راست بێت، واتە هەڵبژاردنی چاکە و خراپە
لەلایەن خوداوە بە نابەدڵی نییە و دەستنیشان کردنی چاکە لەلایەن
خواوەندەوە چاکە ناکات بە چاکە، بەڵکو چاکە خۆى چاکە، بۆیە خودا
دەستنیشانی دەکات. ئەمەش ماناى وایە بەرلەوەى خودا چاکە دیاریبکات چاکە
خۆى دیاریکراوە.کەواتە چاکە سەربەخۆیە لە خودا و پەیوەست نییە پێوەى](2)
. واتە ئاکار لەلاى ئەفلاتون و بەرلەویش هیراکلیتس و سوکرات بەرگە
تیۆلۆژییەکەى لێدادەماڵرێت و دەخرێتە نێو چوارچێوەى عەقڵەوە.
بەمانایەکی دیکە ئەخلاقی چاک لە ئاسمانەوە دیاری ناکرێت و ئایین
داهێنەرى نییە. ئایین وەک دیاردەیەکی سۆسیۆلۆجیی مێژووکرد ئەو پێوەر و
بەها باڵایانەى وەرگرتووە، کە مرۆڤایەتی بەگشتی و فەیلەسوفان بەتایبەت
وەک نمونەى باڵا دیاریانکردووە، و خستوونیەتە دەرەوەى کات و شوێنەوە و
لە موتڵەقییەتی ئایینییەوە بۆیان دەڕوانێت و دەیانپێوێت، بەمەش
سیمایەکی یونیڤێرساڵی یاخود سەرو سروشتی وەردەگرن.
ئەوەى جێی سەرنجە رەنگدانەوەى هزرى ئایدیالیستی ئەم فەیلەسوفانەیە
لەسەر بۆچوونەکانیان لە فەلسەفەى ئاکاردا. داڕشتنی بنەماکانی ئاکار
لەلاى ئەوان بۆ سەرجەم مرۆڤایەتییە، واتە بەها چەسپاو و رەهاکانی ئاکار
خۆیان ئامانجن و پێویستە ئاکارى مرۆیی مل کەچیان بێت. چونکە ئەم
بەهایانە لەگەڵ رەهەندە باڵاکانی مرۆڤایەتیدا، کە عەقڵە، هاوبەشن. عەقڵ
دەتوانێت چاک و خراپ دیاربکات و جیایان بکاتەوە و پێوانەى شتەکان بکات
و لەگەڵ نمونەى باڵادا بەراوردیان بکات و ( نمونەى باڵا لە ئاکار بکاتە
پێوەر و ئامانج)(4) . هەڵبەتە ئەمەش ئیشکالیەتی تیا نییە چونکە بەها
باڵاکانی مرۆڤ هەر لەسەرەتاى دەرکەوتنی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە نەگۆڕن.
چەمکی بەختەوەرى، فەزیلەت، خۆشی و شادى و جوانیی، خواست و ویستی هەموو
مرۆڤێکە لە هەموو سەردەمێکدا و لەپێناو گەیشتن بە ئاسوودەیی هەوڵیان بۆ
دەدات. بۆ نمونە ئامانجی چاکە یاخود فەزیلەت، کەرێگەیەکە بۆ
بەدەستهێنانی بەختەوەرى مرۆڤ، مرۆڤایەتییە. بەڵام بەلاى باوەڕدارێکەوە
چاکی خۆى لەخۆیدا بەس نییە بەڵکو بەستراوەتەوە بە خودا پەرستی و
بەجێهێنانی فەرمانەکانی خودا. لێرەدا دەکرێت بپرسین، ئایا جولەکەیەک،
کریستیان، موسڵمان، بوزى و هیدنۆسییەک یەک جۆر تەعالیمیان هەیە و
هەڵگرى یەک فەلسەفەى هاوبەشن بۆ ئاکار؟ ئایا یەک روانگەیان هەیە بۆ
پێناسەى چاکیی و جێبەجێکردنی چاکە؟. ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت کەوایە
ئەم هەموو ئایینە بۆ، ئایا تەنها یەک ئایینی یونیڤێرساڵی بۆ سەرجەم
مرۆڤایەتی بەس نەبوو؟ ئەگەر وەڵامەکەش نەخێر بێت ئەواهیچ پاساوێک
لەبەردەم هیچ ئایینێکدا نییە تا خۆى بکاتە پێوەر و مەرجعی ئەخلاقی بۆ
سەرجەم مرۆڤایەتی کە خۆى بکاتە پێشەنگ بۆ چاکسازى لە ئاکارى مرۆڤدا.
_____________________________________
پەراوێز:
1. (فراس السواح ، الاسطورة و المعنى، دار علاء الدین للنشر2001، ص
220.)
2. (فراس طالیض، اشکالیة الاخلاق فی الفکر الدینی.)
3. هەمان سەرچاوەى پێشوو.
سەرچاوە:
حەمید عەزیز سەرەتایەک لە فەلسەفەى کلاسیکی یۆنان.
(محمد المزوغی، الاخلاق والدین.)
(فراس السواح بذور فکرە الشیطان فی دیانة مصر القدیمة.)
8/11/2009
|