٢٢\١٠\٢٠١٦
له نێوان هەق و
ناهەقییدا.

ناودار زیاد
ڕۆژانە باس و خواسێکی زۆر ده‌کرێت دەربارەی حەق و ناحەق. هەمووان خۆیان
بە دادخوازو مافپه‌روه‌ر داده‌نێن. ئەم ده‌ڵێت من لەسەر حەقم، ئەو ده‌ڵێت
من. کەس نابینیتەوە بڵێت من لەسەر حەق نیم، ئەوەی بڵێت لەسەر حەق نیم
ئه‌وا بەو دانپیانانه‌ی حیسابێکی زۆری لەسەر خۆی داناوەو زۆری لەسەر
کەوتووە. ئه‌مه یه‌کێکه له سیما‌و مۆرکه‌کانی کلتوری کۆمه‌ڵگه
داخراو‌و دواکه‌وتووه‌کان.
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی لە هەموو ووتەو کردەیەکدا ڕەهەندی حەق و ناحەق خۆی
حەشارداوە. حەق مەسەلەیەکی ڕێژەیی و کشاوە، هەم به ڕه‌هایی و سەدا سەد
نییە، هەمیش بەپێی مەغزاو شوێن و ژینگەو بارودۆخ و کلتور گۆڕانی
بەسەردا دێت.
خەڵکانێک ئایین ده‌کەنە تەرازوو وەک پێودانگی حەق و خەڵکانێکی دیکه
کلتور، خەڵکانێک مرۆڤایەتی، خەڵکانێک قانون. هەر کەسەو پشت بە
بیروباوەڕێک ده‌بەستێت بۆ پاساودانی حەق و ناحەق. لەکاتێکدا بیرمه‌ندان
و هۆشمه‌ندان و مرۆڤدۆستان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که باشترین شتێک کۆمەک
بە ئینسان بکات بۆ جیاکردنەوەی حەق لە ناحەق ویژدان و ناخی مرۆڤ خۆیەتی.
ئاماژە پەتییەکانی قوڵایی ویژدان و ناخی مرۆڤ زه‌نگ و
ئاگادارکەرەوەیەکی سروشتی و ئاکارییه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه ده‌توانین
بڵێین پێویستت بە زانین و مه‌عریفه نییە بۆ ئەوەی حەق و ناحەق لێک
جیابکەیتەوە، بەڵکو تەنها حه‌وه‌جه‌ت بە گوێڕاگرتنە لە ده‌نگ و ووتەو
داخوازییەکانی ئەو جیهازە مینۆکییه‌ی ناوی ویژدانە.
لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی قیت ده‌کاتەوە ئەی ئەگەر ناحەقیت بەرامبەر کراو
مافت خورا؟ لەو حاڵەتەدا چی؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێم گرنگ ئەوەیە
تۆ ناحەقی نەکەیت و مافی که‌س نه‌خۆیت، ڕێگە بگریت لەوەی ببیتە بکەری
ناحەقی، تۆ نەکەویتە ناو ناحەقییەوە، ناحەقی ئەنجام نەدەیت و، بە
ئاڕاستەی ناحەقیدا هەنگاو نەنێیت. گرنگ ئەوە نییە ناحەقیت بەرامبەر
بکرێت، هەرچەندە مافی ڕێگرتن و بەرگرتن و ڕاوه‌ستانه‌وه لە دژی ناحەقی
و نادادی مافێکی ڕەواو سروشتییە، به‌ڵام ئه‌مه بابه‌تێکی جیاوازه‌و
لێره‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ناکه‌ین، به‌ڵکو ئەوەی جێی سه‌رنجه‌و ته‌وه‌ره‌ی
باسه‌که‌ی ئێمه‌یه ئەوەیە زاتی ئه‌وه نه‌که‌یت ده‌ست درێژی بکه‌یته
سه‌ر ئازادی و ماف و سامانی هیچ که‌سێک، ناحەقی و زوڵم و سته‌م و
نادادی بەرامبەر کەس ئه‌نجام نه‌ده‌یت.
که‌واته ئه‌و ووته‌یه دووپات ده‌که‌ینه‌وه که ده‌ڵێت گرنگ
ئەوەنییە ناحەقیت بەرامبەر بکرێت! تۆ ناتوانی هەموو کاتێک ڕێگە بگریت
لەوەی ناحەقیت بەرامبەر بکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناحەقی فۆڕم و شکڵ و
ڕێگەو میکانیزم و ئامڕازو دەمامک و ڕووبەندی زۆرە. له‌خواره‌وه به
کورتی ئاماژه به هه‌ندێکیان ده‌که‌ین:
• هەندێک جار ناحەقی هەڵخەڵەتێنەرو تەفرەدەرە. چاوبەستۆکێت لێ ده‌کات،
له خشته‌ت ده‌بات، پاشقول ئەدات. کاتێک بەئاگا دێیتەوە کار لە کار
ترازاوە، ناحەقییت بەرامبەر کراوەو، کات و زەمەنێکی بەسەردا تێپەڕیوە.
• هەندێک جاری‌تر ناحەقی ڕووبەندو نیقاب و دەمامکی پۆشیوە. لە تۆوە دیار
نییە. دێت بەرەو ڕووت و نایبینیت. خۆی مه‌ڵاسداوه. لە بۆسەو کەمیندایە.
کتوپڕو لەناکاو پەلامارت ئەدات. هێندە ئەزانی هێرشی بردووەو زەفەری پێت
بردووە.
• جاری‌واش هەیە فۆڕم و شکڵێکی ڕازاوه‌و سیحرئامێزو ئەفسوناوی هەیە. لێت
ئەگۆڕێت، چاوت وەک حەق ئه‌یبینێت، گوێت وەک حەق ئەیژنەفێت، ناحەقییە و
لە تۆ وایە حەقە. ناحەقییەو سەری ڕەزامەندی حەقی بۆ ئەلەقێنیت.
• زۆرجاریش ته‌رزو میکانیزم و ئامڕازەکانی ناحەقی بەهێزو کاریگەرو زۆر‌و
زەوەندن. بەریان پێ ناگیرێت، توانای ئەوەت نییە ڕێیان لێبگریت. وەک
زریان و ڕەشەبا وان، ئەوەی بێتە بەردەمیان ڕایئەماڵن و ئەیدەنە پێش
خۆیان.
له کاتێکدا به تیشک خستنه‌سه‌ر ئه‌و ووته باو‌و زۆر به‌کارهاتووه‌ی
که ده‌ڵێت: ( نێوان هەق و ناهەق تاڵه‌ده‌زوویه‌که ) به‌و ده‌رئه‌نجامه
ده‌گه‌ین که بۆ جیاکردنه‌وه‌ی هەق له ناهەق پێویستیمان به ووردبینی
و ووریایی و هۆشیارییه‌کی زۆره. هه‌روا به سێنایی ناتوانرێت حوکم
بدرێت به‌سه‌ر ووته‌و کرده‌یه‌کدا که ئایا ڕه‌هه‌ندی هەق خۆی تێدا حه‌شارداوه
یان ناهەق. ئاخر ئه‌گه‌ر نێوان هەق و ناهەق له موو باریکتر بێت چۆن ده‌توانرێت
بێ ووردبینی و تێڕامان و سه‌رنجی قوڵ و دوور ئه‌میان له‌ملا دابنێین و
ئه‌ویان له‌ولا، ئه‌مه تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ کردن و به‌سه‌ریه‌کدا شێواندنی
لێ ده‌که‌وێته‌وه، به جۆرێک ئیتر مه‌سه‌له‌که به ناڕوونی و لێڵی و
ناشه‌فافی ده‌مێنێته‌وه‌و له دواجاردا ئاڕاسته‌یه‌کی چه‌وت و نادروست
وه‌رده‌گرێت. که‌واته ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و
ڕاستیانه‌شدا که باسمان کرد که‌چی ڕه‌نج و زه‌حمه‌تیی و هه‌وڵ و
ووریایی و زیتییه‌کی زۆریشمان گه‌ره‌که بۆ جیاکردنه‌وه‌ی هەق له
ناهەق.
له کۆتاییدا ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی ده‌که‌وێته ژێر فه‌رمان و
بڕیار‌و ئیراده‌و خواستی ئێمه‌وه پابه‌ندبوونه به چۆنییه‌تی
ناهەقیی
نه‌کردن، خۆخه‌ریککردن و قاڵبوونه‌وه‌یه له هونه‌ری فێربوونی خۆ به‌دوورگرتن
له سته‌م و نادادی و زوڵم و
ناهەقیی. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاشکرایه که
دادپه‌روه‌ری و مافخوازی ئێمه یه‌کسانه به به‌شداری کردنمان له که‌مکردنه‌وه‌و
نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده ناشرین و دڕندانه‌یه‌ی ناوی
ناهەقیی و زوڵمه.
ئه‌م دیارده‌یه له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه جێی مه‌ترسییه که چه‌ندین ده‌رئه‌نجامی
نه‌رێنی سایکۆلۆجی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌دوای خۆیدا دێنێت له‌وانه
تێکچوون و پشێوی و نائارامی کۆمه‌ڵایه‌تیی و، هه‌ست کردن به نادڵنیایی
وبێ متمانه‌یی و ترس له هه‌مبه‌ر ئه‌وانی دی و، پچڕان و ساردبوونه‌وه‌ی
ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی له نێوان تاکه‌کاندا.
znawdar910@gmail.com
|