په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٤

   لە نێوان کۆنکرێت و ئاسماندا.

ئەرسەلان مەحمود

لەم بەرزاییەکانەوە بروانە،
دەبینی کات تەنها وەهمێکە،
دەبینم با دەیبا و دەتوێتەوە،
لەناو چاوی پەنجەرەکاندا.

بەیانی و نیوەڕۆ
دوو درۆی گەورەن،
سێبەری باڵەخانەکان
مانگیان خوارد.

درەختەکان، لێرە...
وەک یادەوەرییەکی دێرین،
هەوڵ دەدەن بمانهێننەوە
بۆ سەرەتای بوون .

لە نێوان کۆنکرێت و ئاسماندا
تەنها ڕێگایەک هەیە ئەویش خەونە،
خەونێک کە پەنجەرەکان دەیبڕن.

سەیری خوارەوە دەکەم
مرۆڤەکان وەک دێڕن لەسەر لاپەڕەیەکی سپی،
کە شار ناوی ناوە ژیان.

چ جیاوازییەک هەیە
لە نێوان من و ئاسانسێرەکە؟
هەردووک هەڵدەکشێین بۆ
بۆشاییەک کە ناوی نییە.

ئێستا تێدەگەم
بەرزایی تەنها ڕوانینە
ڕوانینێک دەمانباتەوە
بۆ ناخی بوون.


پایزی ٢٠٢٤ - سلێمانی
ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک