لەنێوان (سلێمانی)
و(کابوڵ) دا!

یەحیا عومەر رێشاوی
ئەبێ جیاوزیەکانی نێوان دیمەنی شەقام وساختمان وئاستى خزمەتگوزاریەکانی
(کابوڵ)ی پایتەختی ئەفغانستان و(سلێمانی) پایتەختى روناکبیرى هەرێمى
کوردستان چی بێت ؟! ،ئەوان بەدەست کوچە وکۆڵانی قوڕاوی وجادەى پر لەچاڵ
وچۆڵەوە دەناڵینن وئێمەش هەمان دیمەن وهەمان سیناریۆ ،وەک لەکەناڵە
ئاسمانیانەکەوە دەیبینین شەقەمەکانی (کابوڵ ) پریەتى لە دەستگێڕ
وعەرەبانەى دەستیی وسواڵکەر وکاڵاى فرێدراوى سەرجادە وماتۆرى سێ تایی
وسەرپێچى کردنى یاسا ،جادەکانی سلێمانیش هەمان ئەو وێنە دزێوانەى (بەشانازیەوە!)
لەخۆ گرتوە و لە(دارەسوتاوەکەوە ) تا دەگاتە شەقامی (کاوە) و(دولار
فرۆشەکان) بستێک جادە نابینى بەئاسانی گورزەرى تێدا بکەى (ئەگەر شتێک
مابێ پێی بوترێ جادە!) .
جاران سلێمانی بە (شارە حەیاتەکە) و (پارێزگا پاک
وخاوێنەکە)دەناسرایەوە ،بەڵام ئێستە بێ دوودڵی دەتوانی نازناوی (گوندە
گەورەکە) و(شارە جەنجاڵەکە)ی لێ بنێیت ،بێزارى دانیشتوانی ئەم شارەش لە
ئاست شپرزی خزمەتگوزاریەکان وقەرەباڵغی سەرجادەکان وچاوەروانی بەردەم
ترەفیکلایتەکان بۆتە باس وخواسی سەردانی شەوانەى خزمان وگەرمکەرى کۆر
وکۆبوونەوەکانى ئاپۆراى کارمەندە بێ ئیشەکان ومانەوەى سێ رۆژەى پرسەکان
!
ئەمرۆ گەنجانی ئەم شارە وەک جاران بەساقە وبەقوربانی (بەردەرکی سەرا)
و(سەهۆڵەکە) وجادەى (تووى مەلیک) نابن و ملی رێ بەرەو هەندەران دەگرن
وئەو سیحرو کەمەندکێشیەى جاران بەبینینى ئەم شارە لەدڵی گەشتیارندا
دروست دەبوو تا دێت کێرڤەکەى بەرەوخواردێت ،وسروشتى دڵرفینى دەورووبەرى
شار نەبوایە دەبوو دەمێک بوو فاتیحە بۆ ئەم شارە وجوانیە ئەفسوناویەکەى
بخوێنین.
ئەوانەى رۆژانە ناچار دەبن گوزەرێک بۆ بەردەم (مزگەوتی گەورە ) وجادەى
(ئۆرزدی) وئەوەى جاران پێى دەوترا شەقامی (مەولەوى) بکەن ،تووشی
سەغڵەتیەکى بێ ئەناز دەبن وتادەگەنەوە لاى پاسەکانیان ئاوات بەژیانێکى
ئاسوودەى گوندێکى دوورە شارەوە دەخوازن ،بەتایبەت غەمی کەمیی ئاو
وپچڕانی بەردەوامى تەزووى کارەبا ومامەڵەى زبرى هەندێک لەبرا بەقاڵ
وفرۆشیارەکان کۆڵەکەت قورستر دەکەن وژیانى رۆژانەت یەک پارچە لێ دەکەنە
ماندووبوونى دەروونی وجەستەیى بێ ئەناز .
هەربۆیە جێى خۆیەتى وەک رەحمێک بەناو ومێژووى (پیرەمێرد ومەولەوى
وگۆران وحەمدی) ناویان لەسەر ئەم شەقامە پر لەچاڵ وچۆل وجەنجاڵانە
بسرینەوە یان بە (هەڵواسراوی ) بمێنینەوە ،ودەکرێت بگۆردرین
بەژمارەکانی (1،2،3،4.....) ،تائەو کاتەى ئەم شارە دۆخی ئاسایی خۆى
وەردەگرێتەوە، وئەوکاتەش کەس بێزارى خۆى لە (مەولەوى) شاعیر
و(پیرەمێردی) رۆژنامەنووس دەرنابرێت ،خۆ ئەگەر زۆر نیگەرانیش بوو با
خەشمى خۆی رووبەرووى ئەو ژمارانە بکاتەوە نەک ئەو کەڵە پیاوانە!
رەنگە ئەوانەى بەئاوەداکردنەوە ورازاندنەوەی ئەم شارەوە سەرقاڵن بێزارى
خۆیان لەم پەیڤانە دەربڕن وبە کەسێکى رەشبین ونەبینى جوانیەکان
تۆمەتبارم بکەن ،بەڵام ئەوە موعاناتی زۆربەى دانیشتوانی ئەم شارەیە ،بەتایبەت
ئەوانەى بەخت یاوەریان بووە وسەردانێکى چەند شارێکى ئیران یاخود
تورکیای دراوسێمانیان کردوە وحیکایەتى خزمەتگوزاریەکانى ئەوێ و وێرانى
ئێرەمان بۆ دەگێرنەوە وهەناسەى قووڵیشى لەگەڵدا هەڵدەکێشن ،ئیدى
ناچارین خۆمان هەر بە (کابوڵ) بشوبهێنین ،ئەگەر خوانەکردە ئەوان
گلەییان نەبێت وسەرۆک شارەوانی (کابوڵ) سکاڵایەکى یاسایی دژبە نووسەرى
ئەم چەند پەیڤە تۆمار نەکات !؟
yreshawy@yahoo.com
|