١٩\٧\٢٠١٧
لە نێوان وتە و
کردارەکانماندا.

ناودار زیاد
زۆرینەی خەڵکانی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان سەری ڕەزامەندی بۆ هزری
کراوەو عەقڵیەتیی پێشکەوتووخوازانە دەلەقێنن، ئەشهەدو بیللا بۆ هەر
بیرۆکەیەکی جوان دەکەن، بە زمان لەگەڵ وتەی جوان و دیدی جوان و بۆچوونی
جواندان. کاتێک گوێ ڕادەگریت لە دیدو سەرنجی خەڵک سەرسام دەبیت بەو
ھەموو قسە ڕێک و گونجاوانە، ھەر یەکێک ئەوپەڕی خەمخۆرو دڵسۆزو بێ تاوان
دەکەوێتە بەرچاوان. وەک بڵێی ئەم ھەموو عادەت و نەریت و دیاردە ناشرینە
باوو زەقانەی ناو ئەم کۆمەڵگەیە بەدوور بێت لە وتەو قسەکانی ئەم خەڵکەو،
قەوم و میللەتی کۆمەڵگەیەکی دیکە ئەنجامی بدات.
بەجۆرێک کاتێک دێتە سەر باسی بێ نیزامی، بێ دادی، مێنتەڵێتی تەسکی
خێڵەکیی و حیزبیی، نابەرانبەری ڕەگەزی و گەندەڵی ئەوا سەرپاکی ئەم
خەڵکە خۆیان بێبەری دەکەن و ئەوانی تر خەتابار دەکەن، ھەمووان دەکەونە
سەرکۆنەکردن و ڕەتکردنەوەی هەرچی دزێوی و چەوتیی و خەوشی و نەنگییەک،
ھەر ھەموو دەبن بە ڕەخنەگرو سەرزەنشتکەر. ڕوو بەڕوو لەگەڵ وتەو بیرۆکە
جوانەکانی تۆدان. دەڵێن ئەوەی تۆ دەیڵێی دروستە، ڕەوایە، تەواوە. ئێمەش
سەد دەر سەد لەگەڵ قسەکانتداین. پێیان دەڵێیت واجبە کۆشش بکەین دژی
چەوساندنەوەو سەرکوتکردنی ڕەگەزی، دەڵێن ئەشهەدو. دەڵێیت ئەو جیاوازی و
کەلێنە چینایەتییە قەبەیە دیاردەیەکی نائاسایی و ناسروشتییە، دژی
دیاردەی بەکۆمەڵایەتییبوونە، پێویستە ئێمە نەبینە فاکتەر بۆ دروست
بوونی؟ دەڵێن هەزارو یەکجار. لەھەر کەسێک داوابکەیت و بڵێیت پێویستە
هەر یەکەمان لە ئاستی خۆمانەوە هەوڵ بدەین بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و
ڕێگە بگرین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی وڵات؟ لەوەڵامدا دەڵێت ئەوە
ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکە. بڵێیت دەبێت هەموو تاکێک یەکێک لە ئامانجە
سەرەکی و لەپێشینەکانی بریتی بێت لە خزمەت کردن و بەرەوپێشبردنی
بەرژەوەندی و ئامانج و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەو نەتەوەو نیشتیمان؟ دەڵێت
ئاوها نەبێت کۆمەڵگەو وڵاتمان پێشناکەوێت. پێی دەڵێیت ئەوپەڕی شورەیی و
سەرشۆڕییە بنیادەم پشتگیری چەوسێنەرو زاڵم و زۆردار بکات؟ دەڵێت عەیبەو
نەنگی و ئابڕووچوونە. پێی دەڵێیت هەر یەکەمان دەبێت بەئەمەک و بەوەفاو
دڵسۆز بین بۆ خاک و نیشتیمان و گەل و سروشت و ژینگەکەمان ؟ دەڵێت قسەی
لەسەر نییە، بێ سێ ودوو دەبێت وابین. دەڵێیت دەبێت ئەو وەسیلەو
میکانیزم و ناوەندو ڕایەڵەیەی ئێمە پەنای بۆ دەبەین یاسایی و ئسوڵی و
شەرافەتمەندانە بێت ؟ دەڵێت بەدڵنییاییەوە. بەم شێوەیە هیچ یەکێکمان بە
قسەو بە زمان هیچی نەهێشتۆتەوە، ئەوپەڕی پێرفێکت و موتەکامیلە، لەگەڵ
هەموو بەهاو فەزیڵەت و چاکەخوازییەکدایە، دژی هەموو ناڕێکی، ناعەدالەتی،
پۆخڵەواتی و کەمایەسییەکە. بەڵام ئەمە هەر بە زمان و قسەو گوزارشت و
دەربڕین.
وەلێ مخابن کاتێک دێتەسەر کردارو پراکتیک و واقیع دەبینین قسەو گوفتارو
بیرۆکەکان سەدو هەشتا پلە پێچەوانە دەبنەوە. بەرژەوەندی و خواستە
تایبەتیی و سودە شەخسییەکان پێش هەموو نۆرم و مۆڕال و بەهایەکی
دەستەجەمعی و بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دامەزراوەیی و
دوورمەودا دەکەون. شتێک لەئارادا نامێنێت بەناوی قازانجی گشتی و
بەرژەوەندی گشتی و چاکەی گشتی. ئەوەی هەیە چۆنییەتی دەستەبەرکردنی
خواست و ئارەزووە تایبەتییەکەیە، بەشێوەیەک وایلێھاتووە لای زۆرینەی
ڕەهای تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان هەر میکانیزم و وەسیلەیەک ڕێپێدراوو
ڕەوایە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و خواستە خودی و کەسییەکان. ڕێکەو ڕاست
ئەو قاعیدەیەی ماکیاڤیللی بەسەرماندا جێبەجێ دەبێت کە دەڵێت( بۆ گەیشتن
بە ئامانج ھەر وەسیلەیەک ڕەوایە ).
ئەم دیاردەی دووفاقی و لێکدژیی و پارادۆکسە بووە بە نەریت و کلتوری زاڵ
و باو، هاوکات ڕووبەندو دەمامکێکیشە کە زۆرینەی تەفرەدەرو فێڵبازەکانی
کۆمەڵگە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژێریدا شاردۆتەوە. ئەم دوو ڕوویی و
بێ بارییە زەق و بەرچاوە لەگەڵ خۆیدا بێ متمانەییەکی زۆری لە نێوان
تاکەکاندا بڵاوکردۆتەوە. وایلێهاتووە ئەوەی بانگەشەی هەر بەهاو چاکەو
بەرژەوەندییەکی گشتی کرد گومانی لێ بکەیت، متمانە بە قسەکانی نەکەیت،
پێت وابێت قسەکانی مەرامی تایبەتی لەپشتەوە بێت، نمایشی فریشتە ئاسایی
بێت، لەکاتێکدا بڵاوبوونەوەی دیاردەیەکی لەم جۆرە مەترسییەکی گەورەیە،
بێ ڕێزی و سوکایەتییە، تێکەڵبوونی چاک و خراپە، لەپای ئەم دیاردەیەدا
ئەو کەسانەی کەوا خاوەن بەهان، دڵسۆز، چاک و چاکسازیخوازن لە سەنگ و
بەھای وتەو قسەکانیان کەمبۆتەوەو، تێکۆشان و بەرخۆدان بۆ ئەوان لە
قۆناغێکی سەخت و دژواردایە.
znawdar910@gmail.com
|