لە ئۆردوگای جوهرم
بەرەو کابینەی ئاوی ئیرتیوازی.

سەلام عەبدوڵا
داخۆ ئەم خێزانە بە چ ئومێدێکەوە رێگای گەڕانەوەیان لە شاری(جوهرم)ەوە
بۆ وەڵات گرتووەتە بەر؟ چ چیرۆکێکی دڵخۆشکەر بۆ کچەکانیان لەبارەی زێدی
باوباپیرانیان، گێڕاوەتەوە؟
بەدڵنیاییەوە کەریم حەمزە، ویداد سەعدوڵڵا و کچەکانیان(مریەم،
تەمەن5ساڵ و زینە، تەمەن3ساڵ)بەو ئومیدە گەڕاونەتەوە، ژیانێکی باشتر لە
ژیانی ناو ئۆرودۆگای پەنابەران بەسەر ببەن، کەچی لەناو کابینەیەکی ئاوی
ئەرتیوازی خۆیان دۆزیوەتەوە!
کەریم، وتی: (لەبەر ئەوەی کوردی فەیلیم، رژێمی بەعس لە فزێلییە،
زیندانی کردم و پاشان بەزۆرەملی بۆ ئێران دەرکرام)و ویداد
لەتەنیشتییەوە راوەستابوو و قسەی بە هاوسەرەکەی بڕی و رووی دەمی لەمن
کردو وتی: حاڵمان حاڵ سەگەیلە، بەڵکو یارمەتیمان بدەن و لەی غورفە
دەرمان بکەن، ئەقرەو(دووپشک)خواردەمان
منیش ناچاربووم دڵیانبدەمەوەو پێموت: من و کەسوکاریشم لەم ژیانەی ئێوە
خراپترمان بینیوە، نەختێ سەبربکەن، گەرچی هیچ بەدەستم و هەر ئەوەندەم
پێدەکرێ لەبارەی گوزەرانتانەوە بنووسم، بەڵام دڵنیابن لێرە رزگارتان
دەبێ.
خاڵێک کە لە نازیم حیکمەت فێربووم ئەو بوو کە مرۆڤ دەتوانێ درۆی سپی
بکات، بۆ نموونە بۆ زیندانییەکان باسی لێبووردنی گشتی بکرێ، بۆیە بە
سەرەڕای توڕەیی و بێزاریم، بەهێمنییەوە پێموتن(تۆزێ سەبرتان هەبێ، لێرە
رزگارتان دەبێ)، بەڵام چۆن و کەی رزگاریان دەبێ، ئەوە مەگەر گەیمەکەی
خدرزیندە دەمی کیتابیان بۆ بکاتەوە!
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی داخۆ تەنها دوو خێزانن لە جوهرمەوە بۆ
وەڵاتەکەیان، گەڕاونەتەوە، کەریم وتی: نەخێر هەر ئێمە نین،
هەموومان16خێزانین و زۆربەمان لە بەختیاری ماڵیان بە کرێ گرتووە!
لەبەر ئەوەی ئەم خێزانە لە ترسی دووپشک ناتوانن لەسەر ئەردەکە بخەون،
بۆیە داهێنانێکی تایبەتییان کردووە: دەرگایەکی کابینەی بیرە
ئەرتوازییەکەیان لابردووەو لەسەر چەند بلۆکێک دایانناوەو وەک جێگای
نووستن بەکاریدەهێنن و شوێنەکەیشی بە بلۆک پڕ کردووە!
کەریم وەک هاوسێ و ناسیاوە پشت شکاوەکەی نییە کە لە کابینەی بیرە
ئەرتوازییەکەی تەنیشتی جێگیربووە، ئەم هەندێ رۆژ لە کەرتی بیناسازی
کاری دەستدەکەوێت، بەڵام بەشی بژێوی خێزانەکەی ناکات. ئەوەی ئەم دوو
هاوسێیە کۆدەکاتەوە: رەشبینی، پەشیمانی گەڕانەوەیان، بێ ئاوی، بێ
کارەباو بێبەشیان لەگشت خزمەتگوزارییەکان و دووپشک کوشتن.
یەکێک وتی: تۆ بۆچی خۆت ماندوو دەکەی وخەم دەخۆی، ئەم خەڵکە قەت
تێرناخۆن و هەر دەڵێن بابێت، بەڵام نازانن" چارەنووسیان لە رۆژی
لەدایکبوونیانەوە، لە ناوچەوانیاندا نووسراوەو خوا تاقی عەبدی خۆی
دەکاتەوە، ئیدی نازانم لە پای چی ئەم هەموو ناڕەزایەتی و ناشکورییە
دەکەن، هەق وایە بڵێن: خوایە شکور بە بەشت...وا نییە؟!ََ
برادەرێکی حەز لە ئاژاوە نانەوە دەکات، لەم بارەیەوە هاتە قسەو وتی:
دەسەڵات و فکرێکی تایبەت ئەمەی بەسەر بەشەر سەپاندووەو هەرگیز پێشوەخت
چارەنووسێکی وا رەش و تاڵ لە نێوچەوانی هیچ مرۆڤێک نەنووسراوە. ئەم
خێزانانە پێویستیان بە بچووکترین و ساکارترین مافی مرۆڤ هەیە، بەڵام
ماڵی مافی مرۆڤ لە کوێیەو کەی و چۆن فریای ئەم 16خێزانە دەکەون؟!
هەمووتان باسی تیرۆر دەکەن، منیش: ئەمەش تیرۆرە بە هەموو مانای وشەکە!
خانەقین
|