په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٦\٢٠١٣

لە پاگەندەی (کۆمونیست)بوونەوە بەرەو (پان- ناسیوناسیونال- فێمینیزم).


ھەژێن

- بەشی یەکەم -


خوێنەری ھێژا، ئەم نووسینەی بەردەستتان، ڕەخنەیەکە لە ئایدیۆلۆجیای فێمینیزمی بۆرجوازی، کە چەند ساڵێکە ژنانێک بەناوی ڕزگاری ژنانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخوازن لەنێو بزووتنەوەی یەکسانی و ڕزگاری ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، بەرجەستە و جێکەوتەی بکەن. ھەرچەندە لە ساڵانی ڕابوردوودا بە وەڵامدانەوەی چەند کەسێک لەو ژنانە و تەنانەت پیاوانێکیش، کە وەک ھەوڵی فریوکاریی یا چاولێگەریی لەو بارەدا قۆڵیانلێھەڵماڵیوە، بۆچوونی خۆمم دەربڕیووە، بەڵام لەبەرئەوەی کە بابەتەکەی خاتوو (ھۆزان مەحموود، فۆبیای فێمینیزم لە کوردستان) فرەتر دێوجامەکەی تەنکتر و لیتەی ئایدیۆلۆجیاکەی خەستترکردووەتەوە، بەپێویستمزانی، وەک نۆژەنکردنەوەی بۆچوون و ڕەخنەکانی خۆم و خستنەڕووی ئەو گۆڕانە شێنیییانەی کە لە بیرکردنەوەی خۆشمدا سەریانھەڵداوە، لەتەک نووسەر و خوێنەراندا بکەومە ئاڵووێری بۆچوون و پێگەییشتنە نوێیەکان.

ژنی کورد ساڵانێکی زۆر دوچاری چه‌سانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و جێنده‌ری بوه‌، چ وه‌ک کورد چ وه‌ک ژن.

ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵکی کوردستان ستەمێکی ڕەگەزیی نەبووە و ھۆکارەکەشی ڕەگەزپەستیی داگیرکەر نەبووە، ھەروا کە لەلایەن سەربازان و دەزگە سەرکوتگەرەکانی داگیرکەرانەوە، ژنانی کورد تووشی توندوتیژی بوون، ئاواش لەلایەن ھێزە چەکدارە بەرھەڵستکارە بەناو نەتەوەییەکانەوە ژنان دووچاری توندوتیژی بوون، چونکە ھەردوولا چ داگیرکەران و چ ھێزە بەرھەڵستارەکان لەسەر یەک بنەما و ئایدیای چینایەتی ھاتوونەتەبوون و بۆ پاراستنی پێگەی چینایەتییان، ھەر ھەوڵدانێک کە ویستبێتی لە بازنەی سەروەرییدا دەربچێت، ئەوا لەلایەن لەتەک توندوتیژی ڕووبەڕووبووەتەوە. ھەر ئاوا کە ڕژێمی بەعسی داگیرکەر، ژنانی وەک خاڵی لاوازی بەرھەڵستکاران بەکاردەبرد، ھەرئاواش ھێزە بەرھەڵستکارەکان ژنانیان وەک نامووس و شەرەفی پیاو و نەتەوە ھەژماردەکرد.

بەڵام ئەگەر بەویژدانەوە و دوور لە کەفوکوڵی ڕەگەزپەرستییەوە بەراوردی ستەم و توندوتیژی لە ژنان و پیاوان لە سایەی داگیرکەردا بکەین، ئەوا پیاوان گەورەترین قوربانی بوون و گەورەترین توندوتیژییان بەرامبەرکراوە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەبەر بوونە ڕەگەزیەکەیان (نیرینەبوونیان) نەبووە، بەڵکو لەبەر بەشداری و چالاکی و ئامادەیی خەباتکارانەیان بووە. ھەڵبەتە ژنانیش بەو ڕادەی کە بەشداربووبن، بەھەمان شێوە تووشی توندوتیژی و ئەتک و فشار و ئەشکەنجەی سێکسی بوونەتەوە، بەڵام پیاوانیش لەوە بێبەش نەبوون و کەم نین ئەو پێشمەرگە و زیندانیانەی کە بەھۆی ئەتک و ئەشکەنجە و فشارەوە، توانای سێکسییان لەدەستداوە یا تووشی نەخۆسی دەروونیی بوون.

بێجگە لەوە، ئەوەی کە ژنانی فێمینیستی دەسەڵاتخواز و پیاوانی دیوانەکانی دەسەڵات نایانەوێت، قسەی لەسەر بکەن، ڕیشەی کولتووریی و ئابووریی و ڕامیاریی ستەم و توندوتیژییە چ بەرامبەر ژنان و چ بەرامبەر پیاوان. ستەمی ڕەگەزیی؛ چ لە ژنان بە پلەی یەکەم و چ لە پیاوانی ھاوڕەگەزباز (ھۆمۆسێکسوێل) بە پلەی دووەم و چ لە پیاوان بەگشتی بە پلەی سێیەم، بەشێکی جیانەکراوەیە لە کولتووری خیڵەکی و باشترین بەڵگەش بەبێ ئەوەی بچینە پای توێژینەوەی بنەما ئابووریی و پێکھاتەییەکانی خیڵ و دابەشکردنی دەسەڵات یا چۆنییەتی دەسەڵاتداریی و بەرێوەبەرایەتی خێڵ، ئەوا بەراوردێکی زۆر خێرا و گوزەریی لەنێوان ناوچە خێلەکییەکانی کوردستان و ناوچە ناخێڵەکییەکانی کوردستان، واتە ئەو ناوچانەی خیڵیان ھەیە و ئەوانەی کە خێڵیان نییە، بدەین، ئەوا بە ئاسانی ئاست و ڕادەی ڕەنگدانەوەی تاکایەتی و سەربەستی تاک لە کولتووری ھەردوو ناوچەکەدا دەبینین و ئامارەکانی کوشتنی ژنان چ پێش ڕاپەڕین و چ پاش ڕاپەڕین، ئەوە نیشاندەدەن و ھیچ پێیوست بە بەدواداچوون ناکات، ھەڵبەتە شتێک کە نابێت، فەرامۆشی بکەین، کارایی دیاردەی چەکدارکردنی خەڵکی گوندە ڕاگوازراوەکان و دووبەرەکی پارتەکان و جەنگی نێوخۆیی و ھاندانی پارتە بەرھەڵستکارەکان بۆ چەکھەڵگرتنی سەرۆکخێڵەکان و نۆژەنکردنەوەی خێڵایەتییە لە شێوەی "ئەفواج خەفیفە و سەقیلە"دا، کە پایەگا و لەشکرگەکان، جێگەی گوندە خێڵەکییە ڕاگوازراەکانیان گرتبووەوە، لەسەر تاودانی ستەم لە ژنان، کارایی زۆر ھەبوو.

له‌لایه‌ک ده‌بێته‌ هۆی لێ سە‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لێی، وه‌کو به‌ شێک، له‌ گروپێک ،له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی فاشیستی وه‌کو عێراقدا.

بە بۆچوونی من، ئەوەی کە نووسەر لەم دێڕانەدا بەدوایەوەیە، ئامانجێکی زۆر دوورە لە پرسی ڕەگەزیی و ستەم لە ژنان، چونکە دەوڵەت لە ھیچ سەردەمێکدا نەتەوەیی نەبووە و ناشبێت، لەبەرئەوەی کە خودی نەتەوە بریتی نییە لە پێکھاتەیەکی پێکھاتوو لە کۆمەڵێک ئەندامی ھاوبەرژەوەند و ھاوخەون، ئیدی دەوڵەت چۆن دەتوانێت نوێنەری چون یەکی گشت ئەندامانی وەھا پێکھاتەیەک بێت؟

لەو دەربڕینەی سەرەوەدا نووسەر بیەوێت یا نەیەوێت، خەریکە ئاو بە ئاشی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورددا دەکات و دەیھەوێت بە وێناکردنی وەھا بوونێک "دەوڵەتی نەتەوەیی"، پەیامێکی لەم جۆرە بەگوێی تاکی ستەملێکراوی کورددا بدات، کە " ئەوە نەتەوەی عەرەبە، کە ستەمی لە تۆ کردووە و پێویستە تۆش لە پشت دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆت [بۆرجوازی کورد]ە بوەستیت و سەنگەر لە نەتەوەی بەرامبەر بگریت"!

پاشان، فاشیستبوون، دیاردەیەکی دیاریکراوی جۆرێک لە دەوڵەت نییە، بەڵکو کڕۆکی دەوڵەت پێکدەھێنیت، ئیدی ئەو دەوڵەتە بەناو نەتەوەیی بێت یا بەناو نیشتمانی، پاشایەتی بێت یا پارلەمانی، تاکپارتی بێت یا سەربازیی، ھەر کات، چین و توێژە ژێردەستەکانی ڕاپەڕین، ئەوا وەک دەوڵەتەکەی مۆسۆلۆنی و ھیتلەر و فرانکۆ، دێوجامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی دادەدڕێت و لە پارلەمانەوە بڕیارە فاشیستییەکان پەخشاندەکات!

نووسەر دەیھەوێت، ئەو ڕاستییە ئاوەژووبکاتەوە، کە ژنانی کورد پێش ئەوەی دەسەڵاتی داگیرکەر دەسەڵاتیان لێبسێنێتەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی خێڵەوە وەک کۆیلە ڕاگیراون و خاوەنی دەسەڵات نەبوون، چونکە کوردستان پێش داگیرکردن، کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی نەبووە، تاوەکو ژن وەک تاک و وەک بەشێک لە کۆمەڵگە، خاوەنی دەسەڵات بووبێت. ئەگەر ناسیونالیزمی عەرەب وەک ڕژێم و وەک داگیرکەر، شانازییە شوناسییەکانی لە شانازیی خێڵایەتییەوە وەرگرتبێت، ئەوا ناسیونالیزمی کورد چ وەک سروشت و چ وەک لاساییکردنەوە لە بەرپەرچدانەوەدا، ھەمان پێکھاتەی ھەبووە و ھەیەتی. ئەو سروشتە خێڵەکییەی ڕژێمی داگیرکەر و بزاڤی بەرھەڵستکاریی چەکداری، بۆ سروشت و ڕەچەڵەکی ناسیونالیزم دەگەڕێتەوە، کە بێجگە لە ھەوڵی گەورەکردنەوەی قەوارەی خیڵ لە نەتەوەدا ھیچی دیکە نییە و نەبووە.

هه‌روه‌ها دووچاری جۆرێکی تریش له‌چه‌وسانه‌وه‌ بوه‌و هه‌یه‌. ئه‌ویش (نه‌بوونی شانازیە به‌خودی خۆی)

نەبوونی شانازی ڕەگەزیی بۆ ستەم و نەبوونی دەسەڵات ناگەریتەوە و خودی ڕەگەزپەستی شایانی شانازیی نییە، تاوەکو بەشێک یا بنەمایەک بێت بۆ ئازادی و ڕزگاربوون. نەبوونی شانازی، چەوسانەوە نییە، تا لە دەرەوەی خودەوە بەسەر تاکدا بسەپێنرێت، بەڵکو پەیوەندی بە ڕادەی خۆھوشیاری و ئامادەیی دەروونی خودی تاکەوە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون، ھەیە. کاتێک کە ژن ئامادەیی کۆیلەبوونی لەوە زیاتربێت، کە دەسەڵات و پیاوی پاوانگەر دەیخوازێت، ئیدی شانازییەکان وەک ڕەنگدانەوەی دەرکی ئازادی، دەگۆڕدرێن و شانازی بە سەربەخۆیی خود و ھەبوونی توانانی ھزرین و فیلۆسۆفی ژیان، شانازیکردن بە پێگەی توانانی ئابووریی خاوەنەکەی و بڕی خشڵ و زیڕ و پانوپڕۆی ئۆتۆمەبێلەکەی و مۆدیلگەرایی، جێگەی دەگرێتەوە.

ڕاستە ئەمە پەیوەندی بە کۆی پەیوەندییە کولتوورییەکان و بۆڕەخسانە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەیە، بەڵام بێجگە لە نادەربەستی خودی تاکی کۆیلە [لەم بابەتەدا ژن] ھیچ شتێک نەبووتە ڕێگر لەوەی کە ژنانێک بوار و سەربەستی خوێندن و کارکردن و چوونەدەریان ھەیە، لەجیاتی دەبەنگبوون لە کولتووری بەکاربەرییدا، لەجیاتی ساخکردنەوەی مۆدێلە بێئەژمارەکان، خۆیان بە خۆڕۆشنبیرکردنەوە خەریکبکەن و لەو رێگەوە شانازییە کەسییەکانیان ڕۆبنێن و سەربەخۆییەکی ھزریی و فیلۆسۆفی بەدەستبھێنن.

ھەڵبەتە من مەبەستم شانازی تاکەکەسە بە سەربەخۆبوون و ئەندێشمەندی و کاراکتەری بڕوابەخۆبوو، نەک شانازی ڕەگەزیی، چونکە شانازیی ڕەگەزیی شەرمەزارییە بۆ تاکی ئازادیخواز و ژنانێک، کە شەیدای ئازادی و ڕزگاربوونن، یەکەم ھەنگاو،ھەر ئاوا کە پێویستە بە ھەموو بوونێکیانەوە دژایەتی شانازی ڕەگەزیی نێرینە بکەن، پێویستە ئەو شانازییە ڕەگەزییەی کە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەکان خەریکن لە بیری ژنانی ناڕازیدا دەیچێنن، فرێدەنە تەنەکەی زبڵەکەیانەوە، چونکە مرۆڤی ئازادیخواز پێویستی بە شانازی ڕەگەزیی، نەژادیی، نەتەوەیی، ئایینی، ئایدیۆلۆجی و دەستەبژێریی و سەروەرانە نییە و تا کاتێک ئەو شانازییانەی ژێرپێ نەخستبێت، ئەوا ئازادییەکەی لە خەیاڵەوە نابێتە تان و پۆی کەتواری ژیانی.

شانازیی ڕەگەزیی بەژنبوون یا بە پیاوبوونەوە، وەک بوونێکی کولتووری، شانازی بە کۆیلەبوونەوە دروستدەکات، ھەروەک چۆن لەژێر کارایی پاگەندە و بیرکردنەوەی پارتە کۆمونیستەکاندا شانازی بە کرێکاربوونەوە تا ئێستاش بووەتە ھۆی کۆیلە مانەوەی کرێکاران لەنێو جاڵجڵۆکەی ئایدیۆلۆجیاکاندا، ھەروا ژنبوون و پیابوونیش لە چەمکە کولتووریی و ڕامیارییەکەیاندا، تەنیا شوناسی کۆیلەبوونن لە چوارچێوەی سیستەمی کولتووری و ڕامیارییدا، لەبەرئەوە نەک ناتوانرێت مایەی شانازی بن، بەڵکو پێویستە تاکی ئازادیخواز وەک نەنگییەک وەریانبگرێت!

له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیدا،

دەسەڵاتی خۆماڵی چییە؟ خوێنەری ھێژا، ھیچ مەبەستم گاڵتەپێکردن و لاقرتێکردن نییە، بەڵام من ڕۆن و برنجی خۆماڵێم بیستوون، بەڵام دەسەڵاتی خۆماڵێم نەبیستووە ! ئەوە لە کەیەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی و پیاوسالارانەی ھەرێمی کوردستان، بووە بە دەسەڵاتی خۆماڵی ژنانی ستەمدیدە و کۆمونیستەکان ؟

ھەڵبەتە من دەزانم لەکەیەوە ئەم پووچوێژییە لەنێو خۆبەکۆمونیستزانەکاندا سەریھەڵداوە و سەرچاوەکەی بۆ کامە گۆمی لیخن و لیڵ دەگەرێتەوە، لێرەدا خۆم لەو باسە لادەدەم و ئەگەر پێویستیکرد، لە داھاتوودا پەردە لەسەر ئەم بۆچوونە شەرمنۆکانەیە لادەدەم، کە ناوێرێت بە ئاشکرا کراسە سوورە دێوجامەیەکەی فڕێبدات و ئاڵای دەسەڵاتە خۆماڵییەکە بە شانیدا بدات !

ئەمە کڕۆکی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز (بۆرجوازییە)، ئەگەر مەبەستم لەم ڕەخناندنە، فرەتر ڕاکێشانی ژنانی ناڕازی نەبووایە بۆ وردبوونەوە لە کۆدی پەیام و پشتپەردەی دەستەواژە پێچراوەکانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، کە چەند ساڵێکە دەسەڵاتداران و پارتە ڕامیارەکان ئاو بە ئاشیدا دەکەن، ئەوا ئەوەندە بەس بوو بنووسم "فێمینیزمی بۆرجوازی بەبێ توانج !" .

ئه‌وهه‌وڵانه‌ی تا ئێستا بوون له‌ کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان، ناکرێ به‌ ئاسانی له‌ چوارچێوه‌ی فێمینیزمدا پۆلێنی بکه‌ین. هۆکاره‌کانی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆنه‌بونی ژنان و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوی ژنان له‌منداڵدانی پارتە سیاسیەکان، که‌خۆیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا کڵه‌بێکی( یانە) پیاوانه بوون.


بەداخەوە کات و گرفتاری ڕۆژگار بوارنادات، ئەگیا لێرەدا قسەیەکیشم لە وێرانی زمانی نووسەر دەکرد، تکادەکەم، بۆ خاتری ئەھریمەن، ئەم ڕستەیەت " ئه‌وهه‌وڵانه‌ی تا ئێستا بوون له‌ کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان، " لە کام زمانی نا(ھیند و ئەوروپیەوە) وەرگێڕاوە، کامە ژنی بەدبەخت، کە بەو شێوە قسان دەکات؟


دەکرێت بزانین فێمینیزم چییە و لە کامە پێناسەدا جێگەی دەبێتەوە و دەربڕی خەون و ئاواتی کامە توێژ لە ژنانی کۆمەڵە و ئەو سەربەخۆبوون و ئازادییەی کە پاگەندەی دەکات، لە کوێدا سنوورەکانی دەستپێدەکەن و لە کوێدا کۆتاییاندێت، چ بەستەرگەلێک بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە دەیبەستنەوە و داخوازییە ھاوبەش و ناکۆکەکانی لەتەک بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، کە ژنان وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی تیایاندا ھاوشانی پیاوان، توێژێکیان تێدا پێکدەھێنن، چین؟


ئایا ئەم (پان-فێمینیزم)ە ڕەوتێکی تازەیە و نووسەر داھێنەریەتی یا دێوجامەیەکی دیکەیە لە جۆری دێوجامەکانی دیکەی وەک "ھاونەتەوە" و "ھاونیشتمانی" و "ھاووڵاتی" و "ھاوشاری" ؟


ئایا ئەم فێمیزمە گوتارێکی پێیە، کە قسەگەرانی یەکسانی ھەمەلایەنەی ژن و پیاو دەرکیاننەکردبێت؟ ئایا توانای تێپەڕبوون و برینی سنوورەکانی پێکھاتەی قووچکەیی (ھیرارشیانەی) ڕێکخستنی ڕامیارییانەی کۆمەڵگەی ھەیە؟ ئایا بەتەمایە بەرامبەر دەسەڵاتی کولتووریی، کە ھەمان دەستی شاراوەی دەسەڵاتی ڕامیارییە، ئاڵای جەنگی ڕزگاریی بەشانیدا بدات ؟


لەبەرئەوەی کە نووسەر ھەر لە سەرەتاوە، ئاڵای دەسەڵاتخوازیی بەرزکردووەتەوە، ھیچ کات نایەوێت بە ڕەوتی مێژوویی پێکھاتە سەروەرییەکاندا بچێتە خوار و لە ڕەگەوە ستەم لەنێوبەرێت، بۆیە زۆر ڕواڵەتییانە، گرفتی ناکارایی ڕێکخراوەکانی ژنان لە وابەستەیی پارتەکاندا دەستنیشاندەکات. بەڵام ئەمە بۆ دێوجامەیی فێمینیزمەکەی نووسەر دەگەرێتەوە، کە ھیچ کات نایەوێت ڕەگی ستەم لە ژنان بخاتەڕوو، کە دەسەڵاتی کولتووریی و ڕامیارییین و ئامانجەکەشیان، مسۆگەرکردنی بەرتەریی ئابووریی و سەروەریی کەمینەی مشەخۆرە بەسەر زۆرینەی ڕەنجدەردا.


ئایا ڕێکخراوگەلێک کە نووسەر، دەیەوێت بیانکاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراوەکانی ئێستا، لە ڕووی پێکھاتنی ڕێکخستن و شێوازی کارکردن و چۆنیەتی دابەشکردنی کار و چالاکی و بوار و مافی ئەندامان لە بڕیاردانەوە چ جیاوازییەکیان لەتەک ڕێکخراوەکانی ئیستادا ھەیە؟ ئایا ڕێکخراوەکانی نووسەر ئۆتۆریتەی ڕابەر و سکرتێر و ھەوڵی پاوانگەرانەی کەسانی دەسەڵاتخواز، ڕەتدەکەنەوە؟ ئەگەر نا، چۆن دەتوانن، کۆپیکردنەوەی یانە "کڵەب"ەکانی دەستەمۆکردنەوەی تاکی ناڕازی و ڕۆنانی دەسەڵاتی دەستەبژێر بەسەر ئەندامانی خوارەوەدا نەبن؟


بەبۆچوونی من، گرفتەکە لە بوونی ڕێکخستنی قوچکەیی (باڵا و پایین)، خەباتی ناڕاستەوخۆ یا جێبەجێکاریی فەرمانی دەستەبژێر، نایەکسانی ئەندامان لە بڕیاردان و جێبەجێکردن و بەرپرسیارییەتیدایە، لە تێڕوانین بۆ ئازادی تاک و چۆنیەتی ڕزگاری تاکدایە، لە بوونی زمینە و ئایدیا و ئامانج و شێواز و کارکردنی ئەو ڕێکخراوانەدایە، کە ھیچ جیاوازییەکیان لەتەک پێکھاتە و شێوەی خێزان، فێرگە، کارگە، مزگەوت، پارت، دەوڵەتدا نییە، چ ئەو ڕێکخراوانەی کە تا ھەنووکە بوون و ھەن، چ ئەو ڕێکخراوانەی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ داھاتوو مژدەیاندەبەخشێتەوە !


ھەڵبەتە نەوتراو نەمێنێتەوە، پێویستە ژنانی ناڕازی و ئازادیخواز، دڵخۆشبن بەوەی کە ئەگەر لەو یانە پیاوانانەدا، ژنان جێگەیان نەبووبێتەوە، چونکە ئەرکی پیاوانی ئازادیخوازیش ئەوەیە، کە پیاوانی خۆشباوەڕ و دەستەمۆکراو لەو یانانە (پارتانە)دا دەربکێشن. بەڵام پیاوانەبوونی ئەو پارتانە، بەو ئاراستە و جۆرە نییە، کە فێمینیزمی دەسەڵاتخواز دەیھەوێت، وێنای بکات. نەخێر لەو پارتانەدا پیاوانیش وەک ژنان ژێردەستە و دەستەمۆن، ڕێک بەپێچەوانەوە، کە ھاوبیرانی نووسەر دەیانەوێت لە بەرامبەر دەبەنگبوونی پیاوانی پارتدا، لەشکرێک ژنی دەبەنگراو لە پارتی دیکەدا پەروەردەبکەن، چونکە فێمینیزمی بۆرجوازی، یەکسانی مرۆڤەکان و بەدیاریکراوی ژن و پیاو، بە ھەبوونی ھەمان ماف بۆ ژنان، کە پیاوانی کۆیلە ھەیانن، واتە پۆلیسبوون، سەربازبوون، سیخوڕبوون، ئەشکەنجەدەربوون، بەڕێوەبەربوون، سەرکردەبوون، سەرۆککۆماربوون، چەنەبازبوونی ڕامیارانە، مشەخۆڕبوون؛ بەواتایەکی دیکە، دارابوونی ھەموو مافێکی نەرێنیی نێرینەی ژێردەستە، یەکسان و وێنادەکات!


بێجگە لەمەش، ڕەخنەگرتن لە ھەر بیرکردنەوە و پێکھاتەیەک چ خێزان بێت یا پارت و ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەریی و لە ھەر کولتوورێک، بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵ و ڕابوردووی خۆمان لەناویاندا، ناکرێت بەھەند وەربگیردرێت، ئاخر ڕابوردوو واتە چالاکی و ڕۆڵی کۆمەڵە کەسێک و لە دەرەوەی ڕۆڵی کۆمەڵەکەسەکان، مێژوو بوونی نییە و ھیچ رێکخراوێک ناتوانێت بوونی ھەبێت! ئایا دەکرێت نووسەر ھەر ئاوا وەک ئەوەی لە دەرەوەی ئەو مێژووەوە ھاتبێت، دوو ھێڵی چەپ و ڕاست بەسەر ڕێکخراوانەدا بھێنێت، بەبێ ئەوەی پێداچوونەوەی مێژووی ڕۆڵ و کارکرد و ئەندامبوونی خۆی لەو پێکھاتانەدا لە ساڵی ١٩٩٣تا مانگکێک لەمەربەر، بکات و بیداتە بەر ڕەخنە و لەوێوە وەک ئەزموونگیریی کەسیی خۆی لەتەک ژنانی کەم ئەزمووندا بەشی بکات و بیکاتە کۆمەکێک لە پێگەیینی کردەیی و ڕوانگەیی و ژنان لەوە بیانگێڕێتەوە، کە وەک خودی نووسەر، زیاتر لە دوو دەھە تەمەنیان لەو یانانەدا بەسەر نەبەن، کە پاشکۆی پارتەکان یا دەسەڵاتن !


سه‌رتاپای په‌یڕه‌وو پڕۆگرامی ئه‌م حیزبانه‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ دانراوه‌. که‌واته‌ ژنی کورد به‌هێزنه‌کراوه‌ وڕێگه‌نه‌دراوه‌ له‌ سه‌ر ماف وئازادی یه‌کانی خۆی، ته‌نانه‌ت له‌ حیزبه‌کانیشدا قسه‌ی خۆی هه‌بێت.

ئەوەی کە یەکسانی ژمارەی ژنە-پارلەمانتاران و ڕێژەی داڕێژەرانی پەیڕەوپرۆگرامێک، بە مەرجی بوونی یەکسانی بزانرێت، یەکێکە لە سەرەکیترین و گەورەترین گرفتەکانی تێگەیشتنی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی تاک. ئەگەر بەو پێوەرەبێت، ئەوا ھەموو پارتەکان لە خزمەتی کرێکاران و ھەموو سەندیکا زەردەکان پێشەنگی قسەکەرانی سۆشیالیزم دەبن و ھەموو ژنکوشتنەکان کاری ژنان دەبن! چونکە ئەوەندەی ژنان [دایک، خوشک، ئامۆژن، خاڵۆژن، براژن] پیاوان بۆ پیاوەتی و بۆ زاڵبوون بەسەر ھاوسەرەکانیانیدا ھانیدەدەن، ئەوەندە خودی نێرینەکانی خێزان و بنەماڵە بەو کارە ھەڵناستن، باشترین بەڵگەش ناکۆکی نێوان خەس و بووک و دش و براژنە.

ئایا ھێشتا بوونی ژمارەی زۆری کرێکاران لە پارتێکدا یا لە سەندیکایەکی زەرددا یا بوونی ھەژماری زۆری کرێکاران لە پارلەماندا وەک نوێنەر، دەکاتە ئەوەی کە پارتەکان و سەندیکا زەردەکان و پارلەمانەکان لە خزمەتی کرێکاراندان؟! ئایا ئەمە وایە؟ ئەدی چۆن دەتوانین ناسەربەخۆبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان تەنیا بۆ ئامادەنەبوونی ژنان لە نووسینەوەی پەیڕەووپرۆگرامدا یا لە سەرکردایەتی پارت و رێکخراوەکاندا ببینین؟ ئایا ژنبوونی ژنەشای بریتانی، سەرۆکشالیاریی (ئەنجێلا میرکل)ی ئاڵمانیا یا بەێوەبەربوون و سەرمایەداربوونی ژنانێک، دەکاتە ئەوەی کە لە بریتانیا و ئەڵمانیا ژنان بە تەواوەتی یەکسان و ئازادن؟ ئایا لەو کۆمپانیا و کارخانانەدا کە خاوەنەکانیان ژنانی ملیاردلێر و ملیۆنێرن، ژنان یەکسان و ئازادن؟ تکادەکەم بە دواداچون بکەن، بزانن لە بریتانیا و ئاڵمانیا وەک تۆپ-دێمۆکراتی پارەلەمانی، ژنان ھەمان مووچەی یەکسان بۆ ھەمان کاری یەکسانی وردەگرن؟ بزانن لەو کۆمپانیا و کارخانانەدا کە ژنان خاوەنیانن، ژنان ھەمان ماف و مووچەی یەکسانیان ھەیە؟ ئایا لەو فێرگە و فەرمانگە و کارگێڕییانەدا کە ژنان سەرۆک و بەرێوەبەرن، ژنان لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرۆکەکانەوە باشتر و مرۆڤدۆستانەتر ، ڕەفتاریان لەتەکدا دەکرێت؟

بە بۆچوونی من، گرفتەکە بۆ نەبوونی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی مێژوویی و سەرنجنەدانی ڕەگە سەرەکییەکانی ستەم لە ژان، دەگەرێتەوە، کە وەک ھەر ستەمێکی دیکە بۆ سەروەریی سیستەمی کولتووریی و ھەبوونی سیستەمی ڕامیاریی دەگەرێتەوە، کە تەنیا سەنگەر و ڕێگەچارەی بەرەنگابوونەوەی ستەمی کولتووریی و سیستماتیکی ڕامیاریی، یەکگرتووی خەباتی کۆمەڵایەتییە، خەباتێک کە ئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی پێکھاتە قوچکەیی و سیستەمە ڕامیارییەکانە، کە بە لەنێوبردنی زەمینە کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی مەیسەردەبێت، واتە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. بەڵام تکادەکەم، ئەم بۆچوونە لەبەردەم ئاوێنەی بالانوێنی ئاراستە ڕامیاریی و سۆشیالیزمە دەسەڵاتخوازەکاندا لێکمەدەنەوە، چونکە بە سەرەنجامێکی تەواو ئاوەژوو لە مەبەستەکەی من دەگەن.

من نامەوێت، بڵێم، دەبێت ژنان، نەتەوەکان، کەمینە و چین و توێژە ژێردستەکان، تا لەنێوچوونی کۆمەڵگەی چینایەتی؛ تا سەرکەوتنی یەکجارەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوەستن و چاوەڕێی "بەڵێنی سەرخەرمان" بن. نا و نەخێر و زۆر بە پێچەوانەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی لە تێڕوانینی مندا شۆڕش کردە و چالاکییەکی ھەر ڕۆژەی بەردەوامە و سەنگەرەکانی تەنیا خەباتی سەربەخۆی جەماوەریین، بەدەسەڵاتگەییشتنی پارت و قوتکردنەوەی دەوڵەتێک بەناوی نەتەوە و پڕۆلیتاریا و ...تد بە شۆڕش نازانم و زیاتر لەوەش بە دژەشۆرشی دەزانم، کەواتە خەبات و دەستکەوت و ڕزگاری و کولتوورییکردنەوەی ئازادی و ڕزگاری و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ھەر ئەمڕۆ و ھەر لە شوێنی ژیان و کار و فەرمان و خوێندنی خۆماندا و بە دەستپێشخەریی خودی تاک لە خەباتێکی ڕاستەوخۆ و ڕێکخستنێکی سەربەخۆ و خۆھوشیارییەکی شۆڕشگیرانەدا، تەواو پێچەوانەی بیرکردنەوە و بۆچوون و تێڕامان و ئامانجی پارتەکان و ڕامیاران و دەسەڵاتداران و دەستەبژێران و دەسەڵاتخوازانەوە، کە ھەردەم لە ھەوڵی دەستەمۆکردنەوەی تاکی ناڕازین بۆ سەروەریی و بەرتەریی خۆیان وەک ڕابەر، دەستەبژێر، ھۆشی سەرووخەڵکی، سۆپەرمرۆڤ! ئەمە ئەو ئامانجەیە، کە فێمینیستانی بۆرجوازی ھەوڵی بۆدەدەن، واتە جێگرتنەوەی پیاوانی دەسەڵاتدار، بە ژنانی دەسەڵاتدار، پیاوانی سەرکوتگەر، بە ژنانی سەرکوتگەر، ...تد.

هۆشیاری یه‌کی فێمینیستی لای تاکی کورد به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ دروست بکرێ.

من تێناگەم، نووسەری ئەم دەستەواژانە، چەندە خۆی لە دەربڕینەکان و بۆچوونەکانی خۆی تێدەگات و چەندە بەخۆی لە پارادۆکسی بۆچوونەکانیدا سەردەردەکات؟


کاتێک، کە فێمینیزم، گەڕانەوە بێت بۆ سەر ڕەگەزی مێیینە و دروستکردنی شانازیکردن بە مێینەبوونەوە، ئەگەر ئەو وێنا دژە-ژنییەی پیاو، کە نووسەر و ھاوبۆچوونەکانی بۆ پیاو بەگشتی و پیاوی کورد بەتایبەتی دروستی دەکەن، دروستبێت، ئیدی چۆن دەکرێت، ھوشیاریی فێمینیستی لەلای پیاوان دروستبکرێت ؟!

ئەگەر نووسەر بینووسایە ھوشیاریی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) تاک یا ھوشیاریی ناڕەگەزیی یا یونیسێکسی، ئەوا من ناچار بە ئاراستەکردنی ئەم پرسیارانە نەدەبووم، بۆیە حەزدەکەم بزانم، لە ڕوانگەی نووسەرەوە "ھوشیاریی فێمینیستی" چییە و چ ئامانجێک بە دوای خۆیدا دەھێنیت؟ کامە ئاراستەی فێمینیستی؟ تا چەندێک نووسەر دەتوانێت لەژێر خێوەتی (پان-فێمینیزم)ەکەیدا؛ فێمینیزمی ئیسلامی کە ژن وەک "جوانکاریی و دیارییەکی خودا و زەمینەێک بۆ کێلان و کەرستەیەک بۆ دامرکاندنەوەی ھەوەسی پیاو و دەزگەیەک بۆ خستنەوەی وەچە" بۆ پیاو ڕەتناکاتەوە لەتەک فێمینیزمی ئەنارکیدا کە ھەموو دەسەڵاتێکی سەرووتاک ڕەتدەکاتەوە و ھەموو سەروەرییەک چ سەروەری خوا، چ ھی باوک و ھاوسەر، چ ھی ڕابەر و پارت، چ ھی پارلەمان و دەوڵەت، ڕەتدەکاتەوە، پێکەوە لەسەر خوانی ڕەگەزپەرستیی دابنێت و دەیانکاتە تەواوگەری یەکدی؟

به‌ڵام گرنگه‌ ئێمه‌ ته‌رجومه‌ی ئه‌و باس ودیباته‌ فیکریانه‌ی که‌هه‌یه‌ له‌ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌یدا، له‌ کۆنتێکستی خۆماندا بگونجێنین وگرێکان بکه‌ینه‌وه‌…

یەکێکی دیکە لە گرفتە سەرەکییەکانی فێمینیزمی بۆرجوازی، ئەوەیە، وەک ھەر ھزر و بۆچوون و تیڕوانین و پێکھاتەیەکی سەرووخەڵکی، چارەسەرەکان بۆ وردکردنەوە و لێکدانەوەی ھۆشە باڵاکان و ھۆش بۆ پێش ماددە، دەگێڕیتەوە و ژنانی ئازادیخواز وابەستەی تێڕوانێک دەکات، کە بووەتە مۆدێڵ و نووسەر دەیھەوێت وەک دیاری بیھێنێت و خۆی بەھۆی شارەزایی زمانی سەرچاوەکانی ئەو ئایدیۆلۆجیایەوە، ببێتە پەیامبەری!

ئاخر، ئەگەر فێمینیزم، ھوشیاریی ڕزگاریخوازییە و بەرەنجامی ئەزموونگیری خەبات و پێگەییشتنی تێکۆشەرانی ئەو پێناوەیە، ئیدی چ پێویستییەک بە وەرگێڕانی دەکات، بۆ لە بوونە کۆمەڵایەتییەکەی خەباتی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی کوردستان خۆیاندا بۆی ناگەرێن، بۆچ پێویستی بە ھاوردن و سپاردنی وەستایی موتۆربەکردنی بە کەسانێکی دیکە دەسپێرن؟

ئەگەر ستەم لە ژنان لە کۆمەڵگەیەکدا، بوونێکی ماددی و کەتواریی ھەبێت، ئەوا بنەما ھزرییەکانی و فیلۆسۆفی و شێوازەکانی خەباتی لە کەتوارە ماددییەکەیدا سەرھەڵدەدەن و ھیچ پێویستیان بە قەرزکردن و موتوربەکردن نییە! بەڵام لەبەرئەوەی کە نووسەر بەخۆی دوو دەھەیە، ھەڵگری ئەو ھزریەیە، کە سۆشیالیزم داھێنراوی کەسانێکی دیاریکراوە و کاری تیئۆریی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازییدا کاری ھەموو تاکە بەرکەوتووەکانی سەرکوت و نایەکسانی نییە و ئەوە تەنیا ڕابەرانن، کە توانانی بیرکردنەوە و تێگەییشتنیان لە ھۆکاری ستەم و چۆنیەتی خەبات و شێوازی بەرەنگارییان ھەیە و ئەوانی دیکە، پێویستە وەک کۆیلەکانی بەردەم کلیسا و دەوڵەت، ڕێنوێنییەکانی سەرەوە ئەنجامبدەن، بۆیە لە دەرەوەی بزووتنەوەی ژنانی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ سەرخەتەکانی فێمینزیمەکەی دەگەڕێت.

ھەنگاوی یەکەم، ئەمە پەیامێکە بۆ ژنان کە دەڵێت "ئێوەی ژنانی ژێردەستە، بەخۆتان توانای بیرکردنەوە و ھوشیاربوونەوە و تیئۆریزەی ئەزموونەکان و خۆڕزگارکردنتان نییە، لەبەرئەوە پێویستان بە پەیامبەرانێکی وەک من ھەیە، کە دەستم بە سەرچاوەی ئایەتە پیرۆزەکانی فێمینیزم دەگات"! بەڵێ ئەمە ئەو گاڵتەجارییەیە، کە دەستەبژێری ڕامیار، ڕۆشنبیر و خوێندەوار، دەیکاتە بەردەبازی پەڕینەوە بەرەو بەھەشتی دەوڵەتی باش و کۆمەڵگەی یەکسانی ماتریاکی (ماتەریاشات)!

فێمینیزم چ وه‌ک بزوتنه‌وه‌ و چ وه‌ک تێرم و تیۆرە له‌ ئه‌وروپاوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

ئەگەر منیش بەبێ خوێندنەوەی پاشخانی ئەم بڕیاردان و پێگەیینە، وەڵام بدەمەوە، دەبێت بێژم، کەواتە فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەکی بە ستەم لە ژنان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنانەوە نییە و یەکسانیش ئامانجی نییە! چونکە ئەگەر ئێمە بڕوامان بەوە ھەبێت، کە لە کوێ ستەم ھەبێت، لەوێش بەرھەڵستکاری بەرامبەر ستەم ھەیە و لە کوێش بەرھەڵستکاری ھەبوو، لەوێش ھزر و بۆچوون و ئەزموون و تیئۆری ئازادیخوازانە بوونی ھەیە! لەبەرئەوە، یا ئەوەتا فێمینیزم، ھیچ پەیوەندییەکی بە خەبات و بەرھەڵستکاریی خودی ژنانی ئازادیخوازی کوردستانەوە نییە و ئایدیۆلۆجیاییەکی ھاوردە و چێکراوی دەستەبژێری دەسەڵاتخوازە، کە دەخوازێت لە خەباتی یەکسانیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی ژنانی ستەملێکراودا، کایەی بەدستھێنانی دەسەڵات و پێگەی ئابووریی باڵاتر چێبکات، یان بەلایەنی کەمەوە خۆی لە دەستەبژێری پیاوان بە شیاوتر دەبینێت، لەوەی کە باشتر دەتوانێت چەوسێنەر و سەروەری ژنان بێت، یا ئەوەتا فێمینیزم [بەڵام فمینیزمی دەسەڵاتخواز نا] ئاراستەیەکی ئازادیخوازانەی نێو خودی بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان و کۆمەڵگەکانە و ئیدی لەو بارەدا ھیچ پێویستی بە قەرزکردن و ھاوردن و وەرگیرانی ئایدیۆلۆجییایەک، کە لە نێو ژنانی ڕیفۆرمیست و دەسەڵاتخوازدا سەریھەڵداوە، نییە و خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خودی ژنان، وەڵام بە پێداویستییەکانی خۆی و دەداتەوە!

ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە پێویستمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتان و کیشوەرەکانی دیکە نییە، نا و نەخێر، بەڵکو مەبەستم ڕەتکردنەوەی ھاوردنی فێمینیزمە وەک ئایدۆلۆجیاییەکی پان-ڕەگەزیی دەسەڵاتخواز! ھەروەک چۆن کەسانێک بەناوی نەتەوە و ھاوبەرژەوەندیی ھەموو ئەندامانی نەتەوە و بە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی، توانییان بەدەسەڵاتێک بگەن، کە لە ئەمڕۆدا دووبارە کەسەکان ناچارن خەبات بۆ لەنێوبردنی بکەنەوە، ھەر ئاواش ئەگەر پان-فێمینیزمەکەی نووسەریش، وەک ئایدیلۆجیایەک، کە خزمەت بە بەدەسەڵاتگەییشتنی دەستەبژێرێک لەنێو ژناندا دەکات، بە دەسەڵات بگات، پاشان دووبارە ژنان ناچار بە خەبات بۆ وەڵانان و لەنێوبردنی پێگە و دەسەڵاتیان دەبنەوە!

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک