په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٤\٢٠١٣

لە پارەوە ١٤٩ ژن بە ھۆی توندوتیژییەوە ژیانیان لەدەستداوە.

 

ئا: نێرگز قادر


کەرکووک: کەمپینی (نا بۆ کلتووری توندوتیژیی دژ بە ژن) لە کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماری توندوتیژییەکانی ١٥ مانگی رابردووی راگەیاند و ئاشکرای کرد کە ١٤٩ ژن بە ھۆی توندوتیژیییەکانی دژ بە ژنانەوە ژیانیان لەدەستداوە.

کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە رۆژی دووشەممە (٢٢\٤\٢٠١٣)، لە شاری کەرکووک ساز کرا.


لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا راگەیەندرا، لە ساڵی (٢٠١٢)دا (١٢١) ژن بە ھۆکاری جیاجیا ژیانیان لەدەستداوە. بەم شێوەیە:

یەکەم: کوژران بە چەک (٣٣) حاڵەت.
دووەم: خۆسووتاندن (٦٥) حاڵەت.
سێیەم: کێشەی کۆمەڵاتی و کوشتن بەو ھۆەیەوە (١٠) حاڵەت.
چوارەم: کوشتن بە پەت یاخود سەربڕین (١٣) حاڵەت تۆمار کراون.

ھەروەھا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاماری سێ مانگ و ٢٠ رۆژی سەرەتای ئەمساڵ راگەیەندران و کۆی گشتیی حاڵەکان (٢٨) حاڵەت بووە، بەم شێوەیە بوون:

یەکەم: (٨) حاڵەتی کوشتن بە چەک.
دووەم: (١٥) حاڵەتی خۆسووتاندن.
سێیەم: (٥) حاڵەتی کوشتن بە ھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە.

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەوە راگەیاندرا، دیاردەی کوشتنی ژنان بە بەرراود لەگەڵ سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو (٩) حاڵەت زیادیکردووە.

گرووپی کەمپینی (نا بۆ کلتووری توندوتیژیی دژ بە ژن) لە (٢٣) رێکخراو و دەزگای جیاجیای کەرکووک پێکھاتووە و لە ساڵی (٢٠١٠)ەوە ئەو کەمپینە راگەیەندراوە.


لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گرووپەکە تیشکی خستە سەر ھۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژیی و لە راگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە پێشکشەش کرد و تێیدا ھاتبوو: ھەڵبەت ئێمە وەکو گرووپی نا بۆ توندوتیژیی دژ بە ژنان ھۆکاری زیادبوونی دیاردەی کوشتنی ژنان بەناوی شەرەف بۆ ئەم چەند خاڵە دەگەڕێنینەوە:

١- ناھۆشیاریی کۆمەڵگا و بەکارنەھێنانی زمانی گفتۆگۆ لە کاتی روودانی کێشەدا.
٢- زۆربوونی رێژەی ھەڵگرتنی چەک لە نێو ماڵەکاندا.
٣- بەکارنەھێنانی یاسا وەک پێویست بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ھەڵدەستن بەئەنجام دانی ئەو دیاردەیە تاوەکو بە سزای ھەقی خۆیانیان بگەیەنن و کەسانی تریش پەند وەربگرن.
٤- زاڵبونی داب و نەریتی خێڵەکی و عەشیرەتگەرایی لە نێو کۆمەڵگا و خێزاندا.
٥- بەزۆر بەشودانی کچان بەھۆکاری دەستکورتی یان ھەندێ ھۆکاری تر کە دەرئەنجامەکەی بەخۆکوشتن یان کوشتنی ئەو کچە کۆتایی دێت، چونکە ئەو کچەی بەزۆر بەشو دەدرێت تەمەنی کەمە و توانای بەرێوەبردنی خێزانی نییە و ناتوانێ ھاوسەنگی رابگرێت.
٦- خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا بەتایبەت موبایل، لە ھەندێک خێزان ئازادی نادرێت بە کچ تا بەکاریبھێنێت، ئەویش ناچار بە دزییەوە بەکاریدەھێنێت کە پێشی دەزانرێت لەجیاتی گوێگرتن لێی یەکسەر سزای کوشتنی بەسەردا دەسەپێنن و جەستەی خەڵتانی خوێن دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئەو گرووپەی ژنان چارەسەر لە چەند خاڵێکدا دەبینننەوە و لە راگەیەندراوەکەیاندا ھاتووە: وەک گرووپەکەمان ئەم چەند خاڵە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە بە باش دەزانین:

١. کردنەوەی شەلتەر بۆ ئەو ژنانەی کە لەژێر ھەرەشەی کوشتن دان بەزووترین کات.
٢. یاسا سەروەر بێت لە چارەسەرکردنی دیاردەی توندوتیژییدا و رێگە نەدرێت دیاردەی ژن کوژی بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بکرێن.
٣. بەھێزکردنی بەرێوەبەرایەتی توندوتیژیی خێزانی بەمەرجێک کارمەندی ژن ھەبێت تاوەکو بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکەن.
٤. پێویستە سنوور بۆ زۆربوونی چەک لەنێو ماڵەکاندا دابنرێت.
٥. پێویستە راگەیاندنەکان بەرنامەی تایبەت دابنێن بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و خێزان.
٦. پێویستە لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکان لە قوتابخانەکاندا مامۆستایان رۆڵی سەرەکی بگێڕن لەھۆشیار کردنەوەی دایک و باوکاندا، لە مێشکی قوتابیەکانیشدا پەروەردەیەکی تەندروست بجەسپێنن کە دوور بێت لەتوندوتیژیی و شەڕ و کوشتار.
٧. پێویستە مەلا و وتارخوێنی مزگەوتەکان لە خوتبەی رۆژانی ھەینی خۆیاندا دیاردەی توندوتیژی دژ بە ئاینی ئیسلام ناوزەد بکەن و داوابکەن لەپیاوان کە مافی دایک و خوشک و ھاوسەرەکانیان پێشێل نەکەن.

 

 

گرووپی نا بۆ کلتووری توندوتیژیی دژ بە ژنان
٢٢\٤\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک