په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠٢١

لە پاش سزادانەوەی بەندکراوانی بادینان
پێویستە مەکۆی ''دادوەریی ئازاد'' دابمەزرێندرێ!

دارا خونچە       


جێبەجێکردن و سەروەریی یاسایەکان و دەستوور لە هەموو وڵاتان (هەر یەکەو بە جۆرێک) تەنیا بۆ بەرزەفتکردن و سزادانی چەوساوان و ئازادییخوازانە.. لە وڵاتە بە ناو پێشکەوتووەکانیش هەژموونی سەروەریی یاسایەکان هەر ئەوەیە کە لە سەرەتا و بەر لە هەموو شتێک پارێزەری کارە چەوسێنەرییەکانی دەسەڵات و تاک بە تاکی دەسەلاتداران بێ.. ئەوجا پاشان کەمێک ماف و ئازادیی سادە و سەرەتایی بۆ هاوڵاتییان دابین دەکا بەڵام لە (مەمرە و مەژی) تێناپەڕێ و هاوکاتیش بە دەستکەوتی تێکۆشانی حیزبەکان و دەسەڵاتداران دەیفرۆشنەوە.


بەڵام لە کوردستان لەبەرئەوەی چەند بنەماڵەیەکی خێلەکی-مافیایی دەسەڵاتدارن؛ ئەوە هیچ کە دەستوور نییە و هەر کاتێک تێیاندەگیرێ پەنا دەبەنەوە بەر دەستوور و یاسایەکانی حکومەتی داگیرکەر و رەگەزپەرستیی- دینیی ئێستای ئێراق و سەردەمی سەدامی دیکتاتۆر کە بە شەمەندەفەری رۆژئاواییەکان گەیشتە ئێراق و هەر خۆشیان لەنێویانبرد.. یاسایەکانیشیان هەر لە بنەڕەتەوە کۆمەڵە دەقێکی پلاستیکیی و رووکەش و زۆر دواکەوتووانەن چونکە راستەوخۆ و بە پلەی سەرەکیی بە پێی شەریعەتی دین و خواستی سەرۆک خێلەکان و نێرسالاریی و دابونەریتە داڕزاوەکان داڕێژدراون و هەندێک دامودەزگەی بە ناو داد و دادگە و دادگەریی و کۆمەڵە فەرمانبەرێکی ملکەچ و بەکرێگیراوی کەسانی نێو دەسەڵاتیان بە ناوی دادوەر و پارێزەر و داواکاری گشتیی بۆ دامەزراندوون.


هەر بۆیە ئەو یاسایە پەڕپووتانە نەک هەر ناتوانن هیچ لێپێچینەوەیەک لە دز و گەندەڵکاران و سەرکوتکەرانی ئازادییەکان و ژنکوژان و کەسانی لەو بابەتانە بکەن بەڵکە ئەگەر جاروبارێکیش بۆ لەخشتەبردنی رای گشتیی هەندێک کەسی سووچبار لەوانە بگرن ئەوە هەر زووبەزوو هەندێک لەو دەسەڵاتدارانەی هاوبەش و هاوکارن لە تاوانەکان دێنە سەر هێڵ و زۆر بە ئاسانیی بەرەڵایان دەکەن و دیسان بەرینادەدەنەوە گیانی خەڵک! ئیدی ئێستا زۆر ئاساییە ئەو دەسەڵاتە بە ناو دادەوەرییەی کوردستان دووبارە سزای ٦ ساڵ زیندانیی بەسەر بەندکراوانی بادیناندا بچەسپێنێتەوە و لە داهاتووشدا لەوە خراپتری لێبوەشێتەوە.


ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە پێوستە ئێستا خەڵکی کوردستان تەواو لەوە دڵنیابێتەوە کە سەرجەمی یاسایەکان و دامودەزگە دادوەرییەکان بە تێکڕای دادوەران و فەرمانبەرانی دیکەیانەوە ناوگەلێکی رووکەش و بێ نێوەرۆکن و تەنیا لە پێناو بەرزەفتکردن و سزادانی ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان دەمەزراون، خۆ ئەگەر کۆمەڵێک دادوەر و داواکاری گشتیی و پارێزەر و یاساناسیش هەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ئازادییخوازن و دەیانەوێ دادگە و دادوەریی بێلایەن بێ بەڵام دەسەڵاتداران رێیان پێنادەن ئازادانە کارەکانی خۆیان بکەن.. ئەگەر راستدەکەن با دەست لە کارەکانیان بکێشنەوە و بە هاوکاریی لەگەڵ ئازادییخوازانی دوور لە دەسەڵاتداران لە نووسەران و رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی چین و توێژەکانی کۆمەڵ یەکبگرن و لە دەرەوەی دامودەزگەکانی دەسەڵاتداران مەکۆیەک بۆ (دادوەریی ئازاد) بە نهێنیی یان لە هەندەران دابمەزرێنن و بەرانگژی ئەو نادادیی و پێشێلکارییانەی سەر ماف و ئازادییەکان ببنەوە!


٢٦\٦\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک