په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠٢٤

    لە پایزێش چرۆدەکەم!

دارا خونچە

        - پێشکەشە بەو ژنانەی شیاو لە نەشیاو چێدەکەن! -

 

سەرمەستیی و بێ دەربەستیی

    هۆردووکیان لە ئەڤینەوە دەڕسکێن ١

             سەربەستییش.. هیچ چار نییە و

                هەر خۆی خودی خۆی ئەڤینە!

    ئێ ئەڤینیش

            هەڵکۆلینی کانیێ زوڵاڵ و پاراوە

               لە رەقترین و پتەوترین بەرد

               - لە نێر.. لە پیاو -

                                  وە دەستی مێ!

''جا خۆ ئەمن

          لە پایزێش چرۆدەکەم..

چون هاوڕێی خۆم.. هەمیشە هەر ٢

      سەوزە دەر و دوڕ دەروونی ٣، ٤

           ساڵ دوازدەی مانگێش لە جەم وی ٥، ٦

                               هەر بوهارە''! ٧

                            (یارۆم وەیگۆت)! ٨

رەنگە نیگەران نەبم لەوەی

           یەکەمین جار

           لە رێی رامووسانەوە ئەڤینم ناسی

لەوەیە شادمان بم بەوەی

   لە دەروازەی هۆزانەوە

            خۆم فجوڕی ٩

                   نێو هامێزی سۆزداریی کرد.. ١٠

   گەر ولۆ نەبا ١١

     نە نەوجەوانیی

               نازدارحەیرانێم ١٢

                            لە خەم دەڕخسا! ١٣

     نە نەونەمامیی

                  درەختی سۆزم

                             ئەوها دەڕسکا!

     نە خۆشم هێندە.. ئازا و چەلەنگ بووم

             یارۆی وەم هەبی ١٤، ١٥

             لە هەر چار وەرزان ١٦

             چرۆ و خونچۆڵان وێکڕا دەربکا! ١٧

   گەر وەنەبا ١٨

     نە برینانم ساڕێژ و

            نە رێیانم سۆزڕێژ و

                         نە حەزانم سەرڕێژ

                                    دەبوون!

ئێ خۆ ئەزیش.. هەنووکانێ

     لە پایزێش چرۆدەکەم؛

     سا لە جستان.. لە هیچ وەرزێ ١٩، ٢٠

        بێ بۆنی گوڵ

           بێ بۆنی دڵ

              بێ بۆنی گڵ

                   دەست ناخەمە ئاو و ئاور! ٢١

________________________________________________

١- هۆردووک: هەردووک، هەرتک، هەردک، هەردوو.

٢- چون: چونکە، چونکو، لەبەرئەوە، ژ بەرهندێ، لەبەرهەندێ (لەبەرهەندێ پتر واتای ''لۆیە، بۆیە'') دەدا.

٣- دەر: دەرێ، دەرڤە، دەرەوە، شێوە، ئاکار.

٤- دوڕ: هندوڕ، ناو، نێو، ناخ، نێوەرۆک، ناواخن.

٥- لە جەم: لە کن، لە لا

٦- وی: ئەو (ئەویش: ئەو کەسە، ئەو تشتە، ئەو یەکە).

٧- بوهار: بوار، بەهار.

٨- وەیگۆت: وەیگوت، وایگوت، وهاگۆت، وایوت، وایکوت.

٩- خۆفجوڕکردن: خۆخستنەنێو وە خێرایی، خۆهاویشتنەنێو وە خێرایی.

١٠- هامێز: ئامێز، هەمێز، همبێز، حەمێز، باوەش، لەخۆگرتن.

١١- ولۆ: ئەوها، ئاوها، ئیوها، ئاوەها، ئاوا،  وەتۆ، وسا، وە، ئەوهالانێ، بەو شێوە، بەو جۆرە.

١٢- نازدارحەیران: خۆشەویست، دەلال، دولبەر، دلبەر. مێینەیەک کە پێت جوان و نازدارە و حەیرانی دەبی.. جۆرە پەیوەندییەکی ئاسایی خۆشەویستییتان لە نێوان هەیە.

١٣- خەم: ‌غەم (هەرتکیان یەک واتای وەک یەکیان هەیە و لە گەردانەکردنیش هیچ کێشەیان نییە، کەواتە ئەو کاتەی یەک زمانی گشتیی کوردی چێدەکرێ باشترە تەنێ یەکیان دەستنیشان بکرێ و بەکارببردرێ.

١٤- وە: ئەوها، ئاوا ولۆ، وەتۆ. (وەم: ئەوهام، ئاوام، ولۆم. وەتۆم). ئەمن پێشنیار دەکەم ''وا'' لە جێی ئەو ''وە''یە بەکارنەبردرێ.. باشترە تەنێ وە واتای ''خەریکە'' لە کاتی رانەبردیی بەکارببردێ.. وەک نموونە ''وا دەڕۆم'' واتە ''ئێستا دەڕۆم یان لە کاتی رۆیشتنم''.

١٥- هەبی: هەبێ، هەبێت، هەبێتن.

١٦- چار: چوار، چەهار، چهار.

١٧- وێکڕا: ڤێکرا، پێکەوە، پێکڤە، بەیەکەوە، بهەڤرا.

١٨- وەنەبا: ئەوها نەبووایێ، ئاوا نەبووایە.

١٩- سا: ئیدی، کەواتە، ئیتر، دەسا، دە، دەی.

٢٠- جستان: زستان.

٢١- ئاور: ئاگر، ئاهر، ئایەر.

 

سەرەتای ئەیلوولی ٢٠٢٤

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک