په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١١\٢٠١٣

لە پەرلەمانی نەتەوەگەرایی و ئیسلامگەراییدا چ دەگوزەرێ؟


رۆژ عەزیز       

 

ئەمرۆ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی کوردستاندا ژەهراوی نەتەوەگەرایی و ئیسلامگەرایی هەڵرژا ،رەنگە بۆ هەموومان پرسیاری گەورە بێ؟ ئەرێ بەراست خەڵکی کوردستان دەبێ سروودی ئەی رەقیب کوفرە دەبێ خەڵک تێر بکات دەبێ ئەمە خێروبەرەکەتی بۆ خەڵک چی بێ پاشان فتواچیەکان لە ئاست ئەم سروودەدا کەوتونەتە قسە کردن ودەڵێن ئەمە لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا نایەتەوە..


بەشێک لە ئیسلامییەکان کە مشەخۆرن باکیان بە ئیسلامییشەوە نییە خەریکی شەریکە دەسەڵاتن بۆ ئەوەی نانیان نەبڕدرێ کوفریش دەکەن، بە بروای من سروودی ئەی رەقیب لە روانگەی دینەوە راستە کوفرە، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ ئەو سروودە هەستاون باکیان بە کوفریش نییە گرنگ شەریکە دەسەڵات و شەریکە بەش بن ئەمانە گرنگ ئەوەیە پارەیان پێ بدرێ.


بەشێک لە حیزبە ئیسلامییەکان لە کاتی وتنەوەی سروودی ئەی رەقیب هەستاونەتە سەرپێ و بەشێکیان هەڵنەستاونەتە سەرپێ بۆیە هەندێک لە نەتەوەپەرستەکانیان نیگەران کردوە. بەڵام گۆرانخوازەکان لەبەر خاتری دڵی هاوپەیمانەکەیان کە ئیسلامییەکانە کەوتبونە نێوان دوو رێگەوە یان هەستنە سەرپێ بۆ سروودی ئەی رەقیب یان هەر دابنیشن، لەم بارەیەوە "عەلی حەمە ساڵح" دەڵێ "پەرلەمانتارانی گۆران ئازادن بۆ سروودی ئەی رەقیب هەڵدەستن یاخود هەڵناستن" دیارە ئەم برادەرە دەیەوێ هەم بەرەی دەسەڵاتیان لێ نەرەنجێ و وەهەم خەڵکی نەتەوەپەرستی نێو ریزەکانی خۆشیان لێ نەرەنجێ و هەم برادەرانی ئیسلامییشیان لێ نەرەنجێ بۆیە دەیانەوێ هەردوکیان رازیی بکەن، هەم دەنگی نارازی ناسیونالیستەکان هەم دەنگی نارازیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەر ئەم سروودەدا.


هەر لە یەکەم رۆژی دانیشتنی پەرلەماندا زەنگی بارگرژی ناکۆکیەکان لێ درا کە هیچ پەیوەندیی نییە بەخواستی خەڵکی کوردستانەوە .لەم بارەیەوە فەرهاد سەنگاویش پەروپۆی قانونی کرد و کەوتنە پێشێل کردنی قانونەکەی خۆیان و سوێندی بە کەرکوک خوارد ،خەڵکی کەرکوک باش دەزانن سەرهاد سەنگاویی حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێجگە لە ریاکاری هیچی دیکەیان بۆ ئەم شارە نەکردوە،دەبوایە" فەرهاد سەنگاوی" حیزبەکانی کوردایەتی کەمێک بە چاونەترسییەوە باسی سوێند خواردنی کەرکوکیان بکردایە، لایان پیرۆزە بەس برۆن سەیری خەڵکی ئەم شارە و خزمەتگوزاریەکانی بکەن بزانن چی بۆ کراوە ،بڕۆن سەیری دانیشتوانەکەی بکەن لە چ بارێکدا ژیان دەگوزەرێنن برۆن سەیری ئەو سارە بکەن وبزانن رۆژانە خەڵکی ئەم شارە چۆن دەبنە قوربانی ململانیکانی ئەحزابی ناسیونالیستی و مەزهەبی وتائیفیدا ،ئاخر ئەستەمە خەڵکی ئەم شارە ئاوا ژیان بگوزەرێنن کە شارەکەیان سوێندی پێ دەخورێ، بەڵام دانیشتوانەکەی لە دۆزەخدا.


لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانەکەیان لە مزگەوت دەچێ بە سوێند خواردن بە خوا و، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانەکەیان بەدەست پێکردنی بەئایەتی قورئانی، باسە پەرلەمان خوێندنەی قورئانی بۆ چیە خۆ نە تەعزێخانەیە نە مزگەوت. داخۆ دەبێ خولەکانی دیکەی پەرلەمان لەسایەی ئەم هێزو ئەندام پەرلەمانانە بەرەو کوێ بروات.هەر لەم سوێند خواردنەشیاندا سوێند بە خاکی کوردستان دەخۆن وسوێند دەخۆن پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکەن کەچی ئەم هێزانە دەوڵەتانی ناوجەکە نەبوو پەلکێشی کوردستانی نەکەن ،بە راستی ئەمەیە سوێندخواردن.


هەر لە قسەوباسی سویند خواردن و بێنەوبەردەی ئەم هێزانەدا" فەرهاد سەنگاوی "دەڵێ"ئێمە لەگەڵ پەرلەمانتاری پارتی نەکەوتیونەتە ململانێوە پاشان دەڵیت" دیارە ئەوە سروودی نیشتیمانیی و نەتەوەییە بەشێکە لە کەرامەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی "....دیارە فەرهاد سەنگاوی حیزبەکانی کوردایەتی بەو سروودە بەهەزاران گەنجیان بەکوشت داوە ئەم سروودە ژەهراوی نەتەوەپەرستی رژاندوە بەڵام بۆ فەرهادەکان قازانجی گەورەیان لێ کردون.


لە بەشێکی دیکەی قسەکاندا دەڵێ " ئێمە ئەوە بەشێکە لە مێژووی ئیمە وە ئەوە سەربەزریی ئێمەیە دەلێ" ئەوە مەسەلەیکی نیشتیمانیی و نەتەوەیە هینی لەسەر ناکرێ وە دەڵێ ئەو سروودە سروودێکی زانستیە سروودێکی مێژووییە. فەرهاد سەنگاوی لەوە ناچێ لە مەسەلەی زانستی شارەزا بێ ئەگینا سروودێک سەرتاپا ناسیونالیستی و دواکەوتوانە بێ ئیتر زانستی لەکوێدا هەیە ،بەڵام بۆ مێژوویەکەی راست دەکات چونکە کۆنە.


هەر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کەناڵی روداو لێی دەپرسن .بۆ ئەوان پێێان وا نییە سروودێکی نیشتیمانیی نییە،لە وولامدا دەڵێ" رەنگە ئەوان پێیان وابێ میدیاو کەی خەسرەو کورد نین پاشان دەڵێ "رەنگە ئەوان پێیان وابێ ئەوە کوفر بێ .فەرهاد سەنگاوی دەیەوێ ئیسلامییەکان حاڵی بکات ئەمە کوفر نییە دەیەوێ حاڵیان بکات کە ئەمە کوفر نییە لەکاتێکدا لەروانگەی ئیسلامەوە ئەمە کوفرە بەڵام لای فەرهاد سەنگاوی ئاساییە چونکە لەوە ناچێ باش شارەزایی مەزهەبیشی هەبێ ئەگینا دەیزانی ئەم سروودە کوفرە یان نا ؟ بۆیە دەیەوێ سروودەکە لەگەڵ مەزهەبدا بگونجێنێ بڵێ کوفر نییە هەستنە سەرپێ بەڵام ئیسلامییەکان باش دەزانن ئەمە کوفرە.،بەڵام فەرهاد سەنگاوی دەیەوێ پیرۆزیی نیشتیمانیی و ئاینیی بەیەکەوە گرێ بدات بۆیە وەسفی ئەم سشیعرەوبۆ نیشتمان وەک ئایین بشوبهێنێ.


پاشان مەلا هەورامانی سەر بە کۆمەڵی ئیسلامیی دەڵێ "ئەم سروودە نیشتیمانیی نییە، دیارە ئەم مەلایە سروودەکەی نەخوێندۆتەوە ئەگینا ئەم سروودە هەم نیشتیمانیی و نەتەوەییە. پاشان دەڵێ "ئەم سروودە هەرەشەیەکە لەگەڵ خوا. پاشان دەڵێ "کوردستان دینمان ئاینمان نییە، دەڵێ کوردستان نیشتیمانیی خۆشەویستمانە" دیارە مەلا هەورامان لە روانگەی دینەکەیەوە ئەم سروودە کوفرە بەڵام تێناگەم لە مەزهەبدا کوا سنوور هەیە کوا ئیسلام بروای بە نیشتمان هەیە بەڵام مەلا هەورامان دەیەوێ ئەم وشەی نیشتمانە بە خەڵکی کوردستان بفرۆشێ.


دەڵێ ئامادەین لەسەر کوردستانی خۆشەویستمان خوێنی خۆمان برێژین ،کەچی ئیسلامییەکان و مەلاکان نەک ئامادە نین کوردستان بپارێزن ،بەڵکوئەوانیش خەریکی وێران کردنین سەردەمانێک بوو ئەم جەنابانە هەرچی تیرۆریست و ئینسان کوژ بوو دەیانهینا بۆ سەر ئەم نیشتمانە، کە مەلا هەورامان بەتەمایە خوێنی لەسەر بڕێژێ .من دەڵێم جەنابی مەلا هەورامان خوێنی لەسەر مەرێژە لەسەر نیشتمانەکەت بەڵام تیرۆریستیان بۆ بانگێشت مەکەن وێرانی بکەن.


هەر لە درێژەی قسەکانیدا مەلا هەورامان دەڵێ "ئێمە پرۆژە یاسای سروودێکی نیشتیمانیی خۆمان هەیە دەڵێ لە کاتی خۆیدا پێشکەشی پەرلەمانی دەکەین" دەبێ لەمەیاندا بلێین عوزر لە قەباعەت خراپترە جارێ حاڵمان خۆشە بەدەست نەتەوەییەکانەوە ئینجا نۆرەی سروودی ئیسلامییەکانە.


با لەوانە بگەرێین بێینە سەر برادەرانی گۆران،سەبارەت بە دەنگدانی بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگنەدانی بەشێکی دیکە بۆ رازیبوون لەسەر دیارینەکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی چوارەم، ''یوسف محەمەد'' ئاشکرای کرد، "رێککەوتنێکی پێشوەختەی فراکیسیۆنەکەمان هەبوو سەبارەت بەوەی هەندێکمان دەنگی پێ بدەین و هەندێکی دیکەشمان دەنگی بۆ نەدەین" دیارە ئەم تاکتیکەی بزوتنەوەی گۆران بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە مانای چی بەشێکیان دەنگ دەدەن بەشێکیان دەنگ نادەن ، دەکرێ چەند لایەنی هەبێ ئەم مەسەلەیە.


یەکەم: رەنگە وانیشانی خەڵکی بدەن کە ئێمە بروامان بە ئازادی هەیە چونکە ئەوەتا هەندیکمان دەنگمان بەوە داوە کە دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم دیاری بکرێ هەندیکیشمان دەنگمان نەداوە. دووەم: رەنگە وا نیشان بدەن بڵێن بروامان بە ئازادی هەیە ئەوە نییە پەرلەمانتارەکانمان یەک دەنگ نەبوون لە بریارداندا .پاشان رەنگە هەدەفی ئەوان لەوەدا بووبێ نەکا هەردوحیزبی دەسەلاتداریش دڵیان لێیان برەنجێ. دیارە لەمەشیاندا دڵی هەردو حیزبی دەسەڵاتداریشیان راگرتووە،لە قسەکانیشیدا بە روونی دەردەکەوێ ئەمە جۆرێک بووە لە تاکتیک بۆیە دەڵێ ئەندامانمان دەنگمان داوە، بەڵام من بۆ خۆم دەنگم نەداوە،دیارە ئەمە بەرنامە بۆ دارێژراو بووە.


ئەگینا سەیر نییە سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەنگی نەداوە ئەوانی خوارەوە دەنگیان داوە. پرسیارێکیان ؟لێ کرد سەبارەت بەوەی کە ئایا تۆ هەستاویت بۆ سروودی ئەی رەقیب، لە وڵامدا وتی تۆ بۆ ئەم مەسەلەیە باس دەکەیت " پاشان هەر لەو پرسیارانەدا کە لێی کرا کە گوایە سروودی ئەی رەقیب سروودی نیشتمانییە دەڵێ بەڵێ نیشتمانییە . بەڵام زۆر بە نا بەدڵی ووتی دیارە مەبەستی ئەو نابەدڵیەی ئەوە بوو نەکا دڵی ئیسلامییەکانی لێ برەنجێ.


چونکە ئەم برادەرە خۆی پێشتر لە حیزبی ئیسلامییدا بووە بۆیە ناهەقی نییە وا دڵی بۆ ئایین دەسوتێ بە نابەدڵی قسە لەسەر سروودی ئەی رەقیب دەکات. من دەپرسم؟ ئەمرۆ یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمان بوو ئەمرۆ یەکەم رۆژی دانیشتنی پەرلەمانتارانی نوێ بوو ئەمرۆ یەکەم ململانێ لەم رۆژی یەکەمەدا سەری هەڵدا، لە سایەی ئەم مەلاو فتواچی ئەم حیزبە نەتەوەییانە و هێزە دواکەتوو کۆنەپەرستانەدا. پەرلەمانێک سەرەتای دەستپێکردنی لەسەر سروودی نیشتیمانیی و مەسەلەی کوفرو لەسەر عاقڵیەتی هێزی ئیسلامییدا بێ ،داخۆ دەبێ ئایندەکەی چی بێ.


ئەم حیزبانەو نوێنەرەکانیان لە پەرلەماندا هیج نزیکایەتیەکیان نییە بە خواست وداواکاریەکانی خەڵکەوە ئەم هێزانە هاتوون بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە هاتوون لەداهاتی ئەم کۆمەڵگایە شەریکە بەش دەبن وبۆ خۆیان گیرفان پڕ دەکەن تا ٤ ساڵی دیکە دەیخۆن ٤ ساڵیش بۆ گیرفان پڕ کردن کەم نییە، بۆیە باوەر بوون بەم پەرلەمانە بێجگە لە کات کوشتن وچاوەروانی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێ.


هیچ نزیکایەتیەکی نییە بە ژیانی خەڵکەوە، دەبێ خەڵکی نارازی و ئومێد بە ئایندەیەکی باشتر و ئازادو بەختەوەر خۆیان ئایندەی ئازادو خۆشگوزەران بۆ خۆیان دابین بکەن. تەنها و تەنها خۆیان دەتوانن ئایندەی رۆشن بۆ خۆیان بەدی بهێنن ئەگینا لەسەر دەستی ئەم پەرلەمانە هیچ خۆشگوزەرانیی و ئاسۆیەک نابینین بۆ خۆیان وئازیزەکانیان .ئەویش تەنهاو تەنها بە‌هێزی لەبن نەهاتووی خۆیان دەکرێ دەبێ هێزی نارەزایەتی خۆیان رێکخراو بن بۆ ئایندەیەکی باشتر و خۆشتر...

 


nawzadidalak@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک