په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١٦

لە پێناو رزگارکردنی هەزاران ژنە یەزیدی لە ژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا وەرنە مەیدان.

 


ڕۆژی ٣ی ئاب دووساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هێرشی ڕیکخراوی تیرۆرسیتی داعش بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال و ناوچەکانی دەورو بەری . دووساڵ لەمەبەر کۆمەڵگەی ئیزدی لە باکوری عێراق لە لایەن تیرۆریستانی ئیسلامیەوە جینۆساید کران ، لە ماوەیەکی کەمدا : (٥٠٠٠) پیاو و کەسانی بەتەمەنیان کوژران، (٧٠٠٠) ژن و منداڵیان کران بە کۆیلە ، وە (٤٠٠٠٠٠) کەسیان لێ ئاوارە و دەربەدەر بوون ، لەمانەش ژمارەیەکی زۆریان لە چیای شەنگال لە ئەنجامی گەمارۆی بەردەوامی تیرۆریستانی داعش لە برسا و لە تینوودا گیانیان لەدەست دا . ئەمڕۆ دوای دوو ساڵ ، هیشتا نزیکەی ٣٠٠٠ ژن ومنداڵی ئێزدی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ماون و بە " سەبایا " کراون و کڕین و فرۆشتنیان پیوە دەکرێت بۆ بازرگانی سێكسی. بە سەدان هەزار خێزانی ئێزیدی هێشتا لە کەمپەکانی پەنابەریدا لە بارو دۆخێکی زۆر خراپ و دژواردا دەژین.


ئەم تاوانە گەورەیە و ئەم جینۆسایدە ی کۆمەڵگەی ئیزیدی جگە لەوەی هەنگاوێکی پلان بۆ داڕیکژراو و بەرئەنجامێکی ئەو شەڕە خوێناویەیە کە لە ناوچەکەدا دەستی پێکردوە و تیرۆرسیمی ئیسلامی و دەوڵەتی خەلافەت وەک یەکێ لە هێزەکانی نیو ئەمشەڕە نمایشی خۆی دەکات ، بەڵام ڕەهەندی فکری و ئایدیۆلۆجی خەتەرناکی دینی لە پشتی ئەم هێرشە وا دەکات هێندەی تر زەنگی خەتەرناکی ئەمشەڕە بە ڕووی جیهاندا بدا . کۆمەڵگەی ئیزدی بۆیە جینۆساید کران چونکە بە گروپێکی نەفرەت لێکرا و و " شەیتان پەرست " لە لایەن ئیسلامی سیاسیەوە ناسێنراون . نەک تەنها هیزێکی تیرۆریستی وەک داعش ، بەڵکو بە فراوانی لە نیو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا وەک کۆمەڵگەیەکی نەفرەت لیکراو بە هۆی کەلتووری ئیسلامی دژە جیاوازیەوە مامەڵە کراون.


ناوەندی سیکولار لە کوردستان ، لەم بۆنەیەدا جارێکی تر ئەم تاوانە دژی مرۆڤانەیەی داعش مەحکوم دەکاتەوە هەروەها پشتیوانی لە داواکاریەکانی ئیزدیەکان بۆ ڕزگار کردنی ژن ومنداڵانیان لە دەستی داعش دەکات ، پشتیوانی لە داوای ئێزدیەکان بۆ پاراستنی ژیان و ژینگەکەیان دەکات .هەروەها هوشداری دەدات بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەلاتدارانی هەرێم کە مەترسیەکانی ئایدیۆلۆجیا و فکری داعش تەنها لەسەر سنورەکانی کوردستان نیە و بەڵکو لە نیو کۆمەڵگەی کوردستاندا خەریکی گەرا کردنن و رۆژ بە رۆژ مەترسی کارەساتی لەبابەتی شەنگال و جینۆسایدی کۆمەڵگەی ئیزیدی لەسەر خەڵکی کوردستان زیاد دەکات.


ناوەندی سێکولار لە کوردستان جارێکی تر جەخت دەکات لەسەر ئەوەی کە هێشتا کات ماوە بۆ کەم کردنەوەی مەترسیەکانی ئایدیۆلۆجیای داعش و ئیسلامی توندڕەو لە کوردستان ، بە دانانی دەستورێکی سێکولار و جیاکردنەوەی تەواوی دیین لە سیستەمی دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە . و دابین کردنی مافی هاولاتی بوونی یەکسان بە بێ لەبەرچاو گرەتنی جیاوازی بیر و ڕا و ددین و... هتد.


لە ڕۆژی ٣ی ئابدا پێویستە بۆ جارێکی تر دەنگی هەزاران ژنی یەزیدی و مەسیحی و کورد و عێراقی و سوری کە کەوتنە بەر شاڵاوی ژێندەرسایدی دەوڵەتی ئیسلامی داعش. دەنگێک کە ئازار و ئەشکەنجە و مەرگی دەرونی و جەستەیی ژنانی سایەی کۆیلایەتی سێکسی خەلافەتی داعشی بەدنیا بگەیەنین . ویژدانی مرۆڤایەتی ئەم سەردەمەی ڕاچڵەکێنینتا فریای ئەو هەزاران ژن و پیاو و مناڵەی یەزیدیەکان بکەون کە هێشتا لەژێر هەڕەشەی مەرگ و فەوتاندان. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ ئەم ئینسانانە لەدەست کوشتار و بازاڕی سەبایا و کۆیلایەتی سێکسی داعش ڕزگاربکا و ژیانی ئاشتیانە و ئازادی و مافی ئینسانیان لە کۆمەڵگەدا پارێزراوبن.


پێویستە کارەساتی یەزیدیەکان وەک کارەساتی هەلەبجە و ئەنفالی بەعس ویژدانی خەڵکی کوردستان بهەژێنێت و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی یەزیدی وەک ماف و ئازادی بەشێک لە خەڵکی کوردستان تەماشا بکرێ و لەو پێناوەدا سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی دین و بیروڕا و نەتەوە و کلتورەوە کار بۆ ڕزگارکردنی یەزیدیەکان و گێڕانەوەی ماف و ئازادی و گوزەرانیان بکات.


ڕزگارکردنی ئینسانەکان لەدەست دەسەڵاتی دینی و یاسا دینیەکان و یەکسانی ژن و پیاو لە کوردستاندا یەکێکە لە ئامانجەکانی ناوەندی سێکولار لە کوردستان . هەربۆیە ئێمە بەهەموو توانامانەوە بەشداری هەمو ئەو هەوڵانە دەکەین لە پێناو کۆتایی هێنان بە سیستەمی کۆیلایەتی دینی و دەسەڵاتی داعش و شەڕوکوشتاری دینی.


لەم ڕۆژەدا جارێکی تر بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستاندەکەین بۆ هاتنەمەیدان لە پێناو ڕزگارکردنی ئەو هەزاران ژنانەی یەزیدی و ژنانی تر، کە تائێستا لەژێردەستی دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا کراونەتە کۆیلە و سەبایا.

 


ناوەندی سێکولار لەکوردستان
٢\٨\٢٠١٦

info@kurdistansecular.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک