په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٩

لە پەراوێزی فیلمێکی بەڵگەنامەیی، منداڵ قوربانییە گەورەکەیە!

رێبوار عارف      

 

لەم ڕۆژانەدا کەنالی یەکی تەلفزیونی فینلاند فلیمێکی بەڵگەنامەیی بەناوی(ئەو بەزووی دێتەوە) بلاوکردەوە، کە کارکتەری فلیمەکە باوکی مندالیکی رفینراوبوو بەناوی (هێژا سادق)ەوە. بەدەر لەوەی زۆرێک لە خوێنەرانی ئەم بابەتە فلیمەکەیان نەدیوە، بەلام ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگ کە ئاوریکی لی بدەینەوە خستنە رووی کۆدەکانی پشت ئەم فلیمە و ماف وجیگەوریگەی مندال لە حالەتی لێکترازان و جیابوونەوەی دایک و باوکە، نەک بەدواچوون و تاوتوی کردنی چۆنیەتی فیلیمەکە. بەتایبەت ئەوەی لێرەدا گرنگە ناوەرۆکی فلیمەکە باس ڕووداوێک دەکات کە بەرادەیەکی بەرچاو بەرۆکی بە کۆمەلگای ئێمە گرتووە، بەدیاریکراویش ئەو حالەت و خێزانانەی کە لە ئەوروپا ژیان بەسەردەبەن، بۆیە بە گرنگم زانی لێرەدا قسەیەکی لەسەربکەین.

بە کورتی ئەم فلیمە باس لە داستانێکی واقعی ڕفاندنی مندالێک دەکات لەلایەن دایکیەوە لە فینلاندەوە بۆ کوردستان؛ لەمبارەشەوە باوکی منداڵەکە لەهەوڵی گەڕانەوەی مندالەکەی دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان بەهیوای بەدواچون لەسەر چارەنووسی مندالەکەی. بەلام لە فرۆکەخانەی سلیمانی دەستگیردەکرێ وپاش هەفتەیەک مانەوەی لە زیندان، دواتر نائومیدانە دەگەڕێتەوە فینلاندو هەول دەدات لە ڕێگەی یاسایەوەو بەهۆی بەدواچونەکانی پۆلیسی ئەنترپۆل مندالەکەی بگەڕێنێتەوە. بەلام ئەمە ماوەیەکی زۆری دەویت و رووبە ڕووی کۆمەڵێک ڕێگری دەبێتەوە کە ئەگەری پیکانی ئامانجەکەی دووردەخاتەوە. بۆیە دواتر لەگەل کۆمەلێک دۆست وئاشنایی خۆی دەکەویتە ڕاویژکردن بەمەبەستی هەنگاو نانێکی زیاتر بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بە لایەنە پەیوەندارەکانی ئەم ولاتە، بەهیوای گەرانەوەی مندالەکەی. دواتر بەلەبەرچاوگترنی ئەوەی کەحالەتی مندال ڕفاندنی منداڵ لە فینلاندا رێژەیەکی بەرچاوی لە خۆگرتووە کە سالانە زیاتر لە 40 مندال دەرفینریت بۆیە سەرئەنجام کەمپەینێک بۆ ورووژاندنی کۆی ئەوحالەتانەی کە بەناوی رفاندنی مندالەوە دەناسریتەوەو راگەیەنراو کەسانیکی تریش پێوەی پەیوەست بوون. دەبێت ئاماژەیەک بەوەش بکەین کە بەشێک لەم فلیمە لە جەرگەی کارەکانی ئەم کەمپینەدابوو کە هاوکات بریاردرا کە نووسەری ئەم وتارە بکریتە بەرپرسی ئەو کەمپەینەی کە ماوەی سێ هەفتەی بۆ تەرخان کرابوو، بۆ داکۆکیردن لەمافی ئەو مندالانەو گەرانەوەیان بۆ فینلاند، بەناوی(نا بۆ رفاندن)ەوە دەست بەکاربوو کە لەو ماوەیەدا گرتەو راگەیاندنەکانی، سەدان هەزار کەس بینیان. جیاواز لەوەی کە هەزاران کەس پشگیریان دەکردو کۆمینتیان دەنووسی، هاوکات چەندین کەسی تر لە ولاتانی تری ئەوروپاو استرلیاوە هاتنە سەرخەت بەهۆی ئەوەی کە بەهەمان شێوە ئەوانیش مندالیان ڕفێنرابوو. ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی سەرنج ڕاکێشان بوو تێگەشتن و لێکدانەوەی کۆمەلگای ئێمەیە سەبارەت بە ڕفاندنی مندال و ماف وحورمەتیان، کە بەشێوەیەکی گشتی کەمترین قسەی لەسەرکراوە. تەنانەت زۆریک لەو کەسانەی کە کۆمینیتیان دەنووسی زیاتر جۆریک لە پشگیری یەکیک لە دایک یان باوکان دەکرد، تا بەدواچون لەسەر چارەنووسی مندالەکان. لەو شوینەشدا کە قسە لەسەر مندال دەکرا زیاتر باسەکە دەهاتەوە سەرئەوەی کە ئایا مندال دەبیت لای دایک بیت یان باوک، ئایا دایک زیاتر دلسۆزە بۆ مندال یان باوک... ئیتر ڕەنج وئازارو معاناتەکانی مندال لەپرۆسەی جیابوونەوەی دایک وباوکدا، بەتایبەت لەو حالەتانەدا کە یەکیِکیان مندالەکەیان بە بارمتە دەگرن ودژایەتی بەرامبەرەکەیان پێدەکەن، بەداخەوە کەمترین تیشکی دەخرایەسەرو نەدەبوو جێگەی بەدواچون. بۆیە بەگرنگمزانی لەمبارەوە قسەیەک بکەین!

مندال لە دووڕیانی مرۆڤ و کالادا.

بەداخەوە لە کۆمەلگاکانی خۆرهەلاتی ناوەراستدا کاتیک باسی مندال دەکەین، هێشتا بەو شوێنە نەگەشتووین کە بە دەر لە گرێدانەوەی بە دایک و باوک، وەک مرۆڤێک مافەکانی بە ڕەسیمیەت بناسیریت و چوارچێوەیەک هەبێت کە تیدا بە دەر لە ڕۆلی دایک، باوک، ئاین و نژاد، کچ و کور بوون ماف و بەها ئینسانیەکانی پاریزراوبێت، وەک ئەوەی کە لە ولاتانی ئەوروپادا هەیە. کێشە هەرە گەورەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگا بەرپرسیار نیە لەبەرامبەر و ماف و تەندروستی وئاسایشی ژیانی مندالان. هەربۆیە ئێستەشی لەگەڵدابێ بڕیاردەری دەستپێک و کۆتا لە هەر ڕوویەکەوە دایک و باوک و بەرپرسانی ڕاستەوخۆی مندالان خۆیانن. لێرەشەوەیە بە حوکمی سروشتی گەورەسالاری و کۆنەپەرستی داب و نەریتی کۆمەلایەتی و ئاینی سنورێک بۆ قەڵمڕەوی جوڵەی مندال و ئاراستەکردنی ژیانی دادەنرێت. هەر بۆیە کاتێک کە دەلێن مندالەکەم ئیتر کەسێک هەیە کە بریار لە هەموو مقەدەراتی ژیانی ئەو مندالە دەدات لە دەرەوەی هەر یاساو ڕێسایەک و لە دەرەوەی زۆرێک لە مافە نیودەولەتیەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مندالان. دروست تراژیدیاو بێ مافیە گەورەکە لێرەوە دەست پیدەکات، مادام تۆ باوک یان دایکی ئەو مندلەی ئیتر بەبی هیچ جۆرە کۆنترۆل وچاودیری و لیپرسینەوەیەک، تۆ مافی بریاردانت هەیە لەسەر کۆی ژیان و چارەنووسی مندالەکەت بە چاک و خراپیەوە؛ بەبێ ئەوەی کە هیچ بەهایەک بۆ بەدواچون و داوەریەکی یاسای بۆ مافەکانی مندال دابنێت کە لە دەرەوەی ویست وئارەزوەکانی تۆی دایک وباوکدایە. واتە لێرەدا تیشکی پلاجیکتورەکە بەدەوری بریارەکانی باوک ودایکدا دەسووڕیتەوە ، بەدەر لەوەی کە ئایا ئەو بریارە دەتوانێت چ کاریگەریەکی هەبێت لە ئایندەی ئەو مندالەدا، ئایا ئەو دایک و باوکە چەند شایەنی ئەوەبوون کە بتوانن بریاریکی تەندروستدارو بێکێشە بدەن، ئایا ئەو بریارەی دایک یان باوک دەیدەن چەند لەبەرژەوەندی ئایندەی ئەو مندالەدایەو چەندە توانیویەتی ئەمنیەت وئاسایش و کەرامەتی ئینسانی ئەو مندالە بپاریزیت؟ ئایا ئەو بریارەی کە باوک یان دایک دەیدات چەندە دەوریان هەبووە لە دروستکردنی بالانیسکی تەندروستدار کە تیدا مندال بتوانیت لە خۆشەویستی هەردوولا بەهرەندبێت... چەندە توانیویەتی کە مندال لەهەر جۆرە خەمۆکی و دلەڕاوکەو دابران و ناتەباییەکی باری دەرونی بپارێزرێت. ئەمانەو گەلێک پرسیاری تر دەتوانێت پاشکۆی ئەو بریارانە بێت کە باوک یان دایک دەیدات. بەلام لە ڕاستیدا بەداخەوە زۆربەی زۆری ئەم حالەتانە لە بریارە یەک لایەنەکانی دایک یان باوکدا لەبەرچاو ناگریت و هیچ بەهاو مانایەک پەیدا ناکات، بە پێچەوانەوە ئەوەی کە ئێَمە دەیبین ئەوەیە بە تایبەت لەحالەتی جیابوونەوەی و لیکترازنی خێزاندا ئەوەی مانا پەیدا ناکات، تەندروستی و بەرژوەندی و ئایندەی ئەو منالانەو راگرتنی ئەو بالانسەیە کە بەر لەهەر کەسیک مندال پیوستی پیەتی. ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بەرجەستە دەبێتەوە ئەوەیانە کە مادام تۆ باوکیت یان دایکیت ئیترە چماقەکەت بەدەستەو چۆنی ئاراستە دەکەیت مافی خۆتانەو دەبێت هەروابێت. بەبێ ئەوەی کە تەنیا جاریکش لەخۆمان بپرسین کە ئایا بەراستی هەموو بریارەکانی دایک و باوک دروستە، کە ئایا باوک و دایک هەقیانە کە بەوشیوە بەپێ مەزاج و تێگەشتنی خۆیان بریار بدەن... لەهەموشی گرنگتر بەبی ئەوەی کە بۆ تەنیا جاریکیش لەخۆیان بپرسین کە ئایا ئەو مندالە هیچ مافێکی بەسەر دایک و باوکەوە هەیە؟ ئایا ئەو مندالە ئیجبارە کە لە نیوان دەساری بی رەحمانەی دایک و باوکدا بهاڕدرێت؟؟! وەک ووتمان کێشەکە ئەوەیە لە کۆمەلگای ئێمەدا باوک و دایک مافی خاونداریەتی متلەقیان هەیەو هیچ سنوریک وهیچ یاساوریسایەک وهیچ ناوەندیکی چاودیری کردن و بەدوا چوون و پلانیک نیە بۆ دیاری کردنی ئەو پیداویستیانەی کە دەبیت باوک و دایکیش پی هەلسن لە بەرامبەر بەژیانی جگەرگوشەکەیاندا و جێ بەجێ بکەن. هەڵبەتە لێرەدا نابێت چاو لەو راستیەش بنوقینین کە کێشەیەکی گەورە لەم کۆمەلگایەدا وەک ئەوەی کە هیچ بیمەیەکی بیکاری و پشتیوانەیەکی مادی نیە، تەنانەت زۆریک لە پێداویستی ژیان وگوزەرانی مندالانیش دەکەویتە سەر شانی باوک و دایک کە ئەمەش هێندەی تر کێشەکان ئالوز ترو پڕ بەربەستر دەکاتەوە. دیویکیتری ئەم گرفتانە لەوشوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرباری ئەوەی کە لە ڕووی پەروەردەییەوە ئەم کۆمەلگایە ویران بوونیکی زۆر گەورەی پێوە دیارە کە ئەمەش هەر لەباخچەی مندالانەوە دەگرێتە خۆ تا ئاستی هەموو ئەو قۆناغانەی کە مندالی خوار 18 سال پیدا تیپەر دەبیت، هاوکات زۆریک لە ئورگان وناوەندە هاوکارو ڕێخۆشکەرەکان بێ بەشە، کە منداڵ دەتوانێت لە سایەیاندا ژیانێکی ئینسانی ترو ئەمنتری بەهرەمەندبیت. لە هەر کۆمەلگایەکی شارستانیدا چەندین بنکەو ئورگانی حکومی و نا حکومی هەیە بۆ بەداوچوون ولیپرسینەوە زامنکردنی ئەمنیەت و ئاسوودەی مندال هەر لەو کارمەندە تایبەتیانەی سوسیال، خستەخانە، باخچەی مندالان، قوتابخانە، دەرونانس، تویژەریی کۆمەلایەتی، مندال پاریزان، سەنتەری دژی تووندوتیژی، چەندین ئورگانی تری پەیوەندارو دەیان و بگرە سەدان پرۆژەی پەروەردەکردن وبارهینان و پاراستن و ئاسوودە کردنی ژیانی مندالان لە گۆریدایە. تیکڕای ئەمانە ئەگەر لە یەک دوو پرۆژەو ناوەندا کۆکەینەوە لە کوردستاندا هێشتا ئەوانش لە ئاست ئەم شارو ئەو شاردا کە ئەویش بەجۆریکە زۆربەی زۆری مندالانی ئەم کۆمەلگایە لێ بێبەشن. هەموو ئەمانە لەکاتیکدا کە کۆمەلیک داب و نەریت و ڕێگەو ڕەوشت لەم کۆمەلگایەدا بەرۆکی بە ژیان و چارەنوسی مندالان گرتووە کە چەند بەرامبەر ژیانیان و ئایندەیانی خۆستووتە بەردەم مەترسی یەکجار گەورەوە. یەکیک لەو حالەت و دیاریدە مەترسیدارانە بەکارهینانی مندالە لە نیوان کیشمەکیشەکانی دایک و باوکدا، بەجۆریک وەک بارمتەیەک مندال لە پەیوەندیەکانی نیوان دایک و باوکدا بەکاردەهینرین و دایکەکە باوکەکە بی بەش دەکات لە بینین و دیداری مندالەکەی، یان بە پیچەوانەوە باوکەکە دایکەکە بی بەش دەکات، هەروەها بەهەردوولایانەوە مندالەکەش لە بینی بەرامبەرەکەیان بی بەش دەکات. بالەوەشیان بگەرین کە چۆن لەهەولی میشک شۆردنەوەی مندال و تەلقینکردن و بە دیوەزمەکردنی دایک یان باوک لەلایەن ئەوەییانەوە کە مندالەکەی گرتووەخۆ. بەداخەوە زۆرجار دەبینین کەمندال وەک چەکێکی کارا بەکار دەهێنریت لە شەرەکانی نیوان دایک وباوکدا و بەرامبەرکەی پێ سزا دەدرێت. مادام تۆ دایکێکی بەو شێوە بوویت یان پێچەوانەکەی تۆ باوکیکی ئاوابوویت ئیتر مافی بینین و پەیوەندی کردنت لەگەلەکەدا نابیت. تەنانەت زۆرجاریش هەوڵ دەدرێت کە ئەو ڕق ئەستووری و قین وبیزاریە فێری مندالەکانیش بکەن و ئەوانیشی پی بارگاوی بکریت.

رفاندن مندالەکانمان دووچاری ژیانیکی پرمەترسی دەکاتەوە!

لیرەدا کیشەیەکی تایبەت تر کە بۆ مندالی ئەو دایک و باوکانە دیتە پیشەوە کە پیشتر لە هەندەراندا ژیانیان بەسەربردوە، ئەوەیە کە سەرئەنجامی قول بوونەی کیشەکانی نیو خیزان و جیابونەوەو هەندی جاریش رفاندنی بردنەوەی ئەو مندالە بۆ کوردستان، کەجیاواز لەوەی کە ئەمە شۆک و هەنگاویکی زۆر مەترسیدارە بۆ مندالیِک کە لە ئەمنیەت وئاسایشیکی زۆر بالاتردا ژیانی بەسەربردوە لەپڕ جیگوڕکیەکی گەورەی نەخوازراو بە مندالەکەت دەکەیت، تەنانەت زۆرجار رووبەرووی مەترسی ئەمنی و ئابوری و نائاسودەیەکی زۆری دەکەیتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە تووشی شۆکی دابرن و دوورخستنەوەی دەکەیت لەو جۆرە لە ژیانی ئاسای و جیکەوتوانە لە کۆمەلگایەک کە پَیشتر ژیانی تیدا بەسەربردوە. ئەم بریارە وادەکات کە هەموو بوارەکانی ژیانی ئەو مندالە گۆرانی گەورەی بەسەردابیت. هەر لە باخچەی مندال و قوتاخانە و ژینگەو هاوری و دۆستان و زمان وبەشێک لە کلتوریک کە چووتە ڕۆحی ئەو مندالە بەشیوازی زۆر جیاواز سیستەمی ژیانی بارهیناوەو تۆ لەپر دایدەبریت و دووری دەخەیتەوە. بۆ ئەم ئالوگۆڕە زۆر جار مندال دووچاری باری دەرونی ئالوزو ناتەندروستدار تووڕەی، خەمۆکی، سترێست، نامۆبوون، پەراویز بوون دەکاتەوەو لە پرۆسەیەکیدا جیاواز لە ویست و ئامانجی دایک یان باوک کاتێک کە لە یەکێکیان دوردەخرێتە، کۆی ئەم حالەتانە ئەو مندالە پەلکیشی ئایندەیەکی کارەساتبارو ناجێگیر دەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە هەموو ئەمانە نەک تەنیا پێشلکاریەکی گەوەرەیە لە مافەکانی ئەو مندالە دەکرێت بەلکو هاوکات ستەم و چەوسانەوەیەکی کەم وێنەیە کە هیچ پاساوێکی دایک و باوک ناتوانیت وەلام دەرەوە بێت بەو ناهەقیە. بۆیە دەمەوێت ئەوە بلێم کە پۆلینکردن یا لایەنگیری کردنی دایک یان باوک و مافدان بەوەی کە ئەو مندالە دەبیت لەلای کامیان بمینیتەوە بەلاریدابردن وستەمێکی یەکجار گەورەیە لە ژیان و چارەنووسی ئەو مندالانە دەکرێ، ئەم جۆرە لە لوژیک و پشگیری کردنە ناوشیارانەو نا بەرپرسانە لە یەکێک لەو دوو لایەنە باری گران و ئایندەی ژیانی ئەوخیزانانەو بەتایبەت ئەو مندالانە گرانترو ناجیگیرتر دەکاتەوە.

بۆیە سەرئەنجام لە جیابوونەوەی خیزاندا، ماف وحورمەت وبەهاو ژیانی مندالمان بەلامانەوە پارسەنگی باشی و جوامێری و شایستە بوونی هەلویستی دایک یان باوک بیت. دایک یان باوک چۆن بریار دەدەن لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیان ڕەنگە تەنیا پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبێت وهیچ کەس ولایەنێک بۆی نەبێت دەخالەتی تیدا بکات. بەلام هەموو ئەمانە لەکاتیکدا دەتوانرێت مۆری پشگیری کردن و داد پەروەرانەو بەرپرسیانەی لێبدرێت کە کۆی ئەو مافەنەی کە پەیوەندیان بە ژیانی مندالانەوە هەیە پاریزراوبن. لە چەشنی پەیوەندی و دیدارو سۆزو خۆشەویستی و ئامیزی هەردوولایان، نابێت مندال بەهیچ جۆرێک بکریتە ئارکتەری نیو کیشمەکێشەکانی دایک و باوک و وەک چەکێک بەکاربهێنرێت بۆ تۆلەکردنەوە لە یەک و دژیەتی کردنی یەک. نابیت حەزو ئارەزوەکانمان باڵ بکێشێت بەسەر بریاریکدا کە ئاسایشی مندالەکانمان رووبەرووی مەترسی بکاتەوەو لەسەرو ئایندەیەکی ئینسانی ئەوانەوە هەنگاوبنین!

ئەوەش بلین حالەتیک کە دەبیتە هۆی خۆلقاندنی کارەساتیکی گەورە بۆ کەسایەتی مندال لەکاتی جیابوونەوەی دایک وباوکدا ئەوەیە کە باوک یان دایک بەمافی خۆی بزانن کە مندالەکەی لەگەل خۆیدا بەبی رەزامەندی بەرامبەرەکەیان بەریت بۆ هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەو لە تەواو سۆزو محیبەت و لەئامیزگرتنی یەکیکیان بی بەش بکرێت. ئەم بریارو حالەتگەلە ئەگەر لوتکەی بی دەربەستی نەبیت بە چارەنووسی جگەرگۆشەکەتان؛ ئەوا دەبوو دنیای معاناتی ئەو مندالە دەرفەتی بۆ چاوگیرانەوە بەسەر بریارەکانماندا دروست بکردایە ریگەیەکی تر بەدەر لە رفاندنی مندالەکەمان هەلبژاردایە. چونکە لە راستیدا هەلویستی دروستو شایستە ئەوەیە کە ریگە بەو هۆکارانە بگرێت کە مندالان دەکاتە قوربانی بڕیاری جەوت وجەوێڵی گەورەکان لە قوناغی جیابوونەوەدا؛ چاوەروانیەکە ئەوەیە ئەو مرۆڤانەی کە سالەهای سال یەکتریان خۆشویستووە لە دەورانی جیابوونەوەیاندا، ئەگەر تەنیا لەبەر ئەو بوونەوەرە هاوبەشەی نیوانیشان بوایە بەڕیزەو ئەو دابرانەیان دروست بکردایەو خۆیان لە زەلکاوی رق وقین و تولەکردنەوە بپارستایە وجەگەرگۆشەکەشیان بە هەمان نەخۆشی بارگاوی نەکردایە!

دواجار ئەوەش بلین کە وەلام نەداوەی داواکاریەکانی پۆلییسی ئیتەرپول و نەگەرانەوەی ئەو دەیان وبگرە سەدان مندالە داواکراوانەی لە لایەن حکومەتی هەریمەوە بە هەمان شیوە باریکی یەکجار نەریی هەبووە لەلایەن دەسەلاتدارانی ولاتانی ئەوروپاوە، چونکە هەروەک چۆن کوردستان بووەتە پەناگای پاراستنی ئەوە کەسانەی کە تاوانی نامۆسپەرستی دەکەن و لە ئەوروپاوە دەگەرينەوە لەوي دالدە دەدرين، بەهەمان شیوە وەلام نەگەرانەوەی ئەو مندالانە بۆ ئەم ولاتانە ئاو بەئاشی هەمان پەناگادا دەکات کە کەسانیک لە دەرەوەی یاساویاساکانەوە مندالەکانیان دەرفینەوە بۆ کوردستان، لەوی دەپارێزرین و هیچ بەهایەک بۆ داخوازیەکانی ئەم ولاتانە دانانرێت؛ کەئەمەش هیندەیتر سیمای دەسەلاتداریەتی حکومەتی هەریم ناشیرینتر دەکات، دیوە کۆمیدیاکەی ئەم پیشلکاریانە لەوەدایە هەرکاتیکیش هەر نیهادو لایەنیکی نیودەولەتی رەخنە لە پیشلیکاریەکانی حکومەتی هەریم بگریت دەستبەجی دەکەونە پاکانەو پاکردنەوەی کارنامەی خۆیان، ئەلهەق پاریزگاری کردن لە جارنامەی مافی مرۆڤ هەر لەخۆتان دیت!

 

 

bahaomar94@yahoo.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک