په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠٢٥

 لە پەراوێزی کارە تیرۆریستییەکەی سیدنی و

بەرتەسککردنەوەی ئازادیی دەربڕین لە ئوسترالیا.

عامر سابیر      


بە دوای کۆمەڵکوژییەکەی تیرۆریزمی ئیسلامی کە ڕۆژی یەکشەمە ١٤/١٢/٢٠٢٥ لە گەرەکی بۆندای شاری سیدنی لە دژی کۆبوونەوەیەیەکی چەژنی جوووەکان، کە لە لایەن باوکێکی بە ڕەچەڵەک هیندی و کوڕەکەیەوە ئەنجام درا. پێش ئەوەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەسەر ڕووداوەکە تەواو بێت و پۆلیس قسەی فەرمی بکات، پێش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەسەر بکات، لە تەلئەبیبەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵکوژێکەی سیدنی ڕاستەوخۆ دەرئەنجامی سیاسەتی دەرەوەی ئوسترالیایە چونکە ئوسترالیا لە دوا کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی بەڕەسمی ناسی! نەتەنیاهۆ وتی ئەم کارەی ئوسترالیا پەرەی بە ئەنتیسیمیتیزم (جوو-بێزی) داوە و ئوسترالیا بەوەی دەوڵەتی فەلەستینی بەڕەسمی ناسی، ئەمە بە مانای کەمکردنەوەی پشتیوانییە لە ئیسرائیل و ڕێگە خۆشکەربووە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جوو-بێزی.

ئوسترالیا لە دوا کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان (ژمارە هەشتا) کە لە ئەیلولی ٢٠٢٥ دا بەسترا لە گەڵ زۆرێک لە ولاتانی ڕۆژئاوادا، لەوانە (بەریتانیا، کەنەدا، بەلجیکا، فەرەنسا، ماڵتا، پورتوگال، لەکسەمبۆرک، پێشتریش نەرویج و ئێرلەندا) بە فەرمی دەوڵەتی فەلەستینیان بە ڕەسمی ناسی، کە تا ئێستا ١٥٧ وڵات لە سەرجەمی ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە).

لە کاتێکدا کە نەتەنیاهۆ، جینۆساید و کۆمەڵکوژی وەحشانەی ڕژێمە فاشیستەکەی خۆی لە دژی خەڵکی غەزە و فەلەستین بە هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەم کارە تیرۆریستیانە نازانێ. بەڵکو بۆ چەواشەکاری هۆکارەکەی ئەیگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئوسترالیا دەوڵەتی فەلەستینی لە کۆبوونەوەی (یو ئێن)دا بەڕەسمی ناسیوە! لە هەمانکاتدا لۆبی ئیسرائیل و ڕێکخراوە زایۆنیستییەکانی ئوسترالیاش (کە پشتیوانی لە جینۆسایدی فەلەستینییەکان ئەکەن) وتیان کە هۆکاری ئەو کارە تیرۆریستییە ئەوەیە کە حکومەت ڕیگەی داوە کە هەفتانە خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی خەڵکی غەزە و فەلەستین بکرێ و تیایدا شیعار لە دژی ئیسرائیل بگوترێتەوە و ئەمەش هانی ئەنتیسیمیتیزم (جوو-بێزی) و کاری تیرۆریستی وای داوە!

سەرۆکی حکومەتی (نیو ساوس ویڵس) لە ڕۆژی دووشەمە ٢٢/١٢/٢٠٢٥ بانگی پەرلەمانی ویلایەتەکەی کردەوە، بۆ بە پەلە دەرکردنی یاسای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و کۆنترۆڵکردنی زیاتری چەک. لە دانیشتنێکی درێژدا کە تا کاتژمێر ٣ی شەوی ٢٤/١٢/٢٠٢٥ی خایاند، یاسای خۆپیشاندانیان گۆڕی و خواستی زایۆنیستەکان و حکومەتی نەتەنیاهۆی فاشیستیان سەپاند، کە مەبەستیان بوو ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە هەموو یەکشەمەیەک لە شارەکانی ئوسترالیدا لە دژی جینۆساید و لە پشتیوانی خەڵکی فەلەستیندا ئەنجام ئەدرا، ڕابگرن و قەدەغەی بکەن.

سەرۆکی حکومەتی ویلایەتی (نیو ساوس وێڵز) کە ناوی (کریس مینس)ە و لە (حیزبی کرێکاران- لەیبە پارتی)یە لە ٦/٥/٢٠٢٥دا خەڵاتی ڕێزلینانی لەلایەن سەرۆکی ئیسرائلەوە پیبەخشرا بەوەی کە دۆستێکی باشی حکومەتەکەی نەتەنیاهۆیە. کە کریس مینس ئەو خەڵاتەی وەرگرت، حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بوو لە جینۆساید و کۆمەڵکوژی و تا ئەو کاتە (٥٥ هەزار و ٦٥٣) کەسی بێتاوانی لە غەزەدا کوشتبوو، وە لە هەمان ڕۆژی وەرگرتنی خەلاتەکەیدا، حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر قوتابخانەیەکی یو ئێن (یو ئێن ئاڕ دبلیو ئەی) کە کرابوو بە پەناگە و ٣٠ کەسی بێتاوانی فەلەستینی کوشت کە تیایدا مناڵی ساوا و ژنی تیادابوو. ئەم بەرگریکارەی حکومەتی فاشیستی نەتەنیاهۆ (کریس مینس) ئاڵای ئیسرائیلی بە تیشکی لێزەر لەسەر ئۆپرا هاوس (کە ئایکۆنیکی شاری سیدنییە) دانا و چەندین شەو گەشایەوە، بەڵام بەتووندی دژی ئەوە بوو کە ئاڵای فەلەستین لە یادی دووساڵەی جینۆسیددا لەهەمان شوێن دابندرێ.

زایۆنیستەکان و لۆبی ئیسرائیل زۆر ناڕەحەتبوون بەو خۆپیشاندانە گەورانەی کە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین هەفتانە لە شارە گەورەکانی ئوسترالیادا بەڕێدەخرا و هەموو هەفتەیەک دەیان و سەدان هەزار کەسی ئینساندۆستی ئوسترالی تیایدا بەشدار بوون، ئەوان پێشتر هەوڵی زۆریان دا و فشاریان بۆ حکومەت و ئەندام پەرلەمانەکان ئەهێنا تا خۆپیشاندانەکان قەدەغە بکەن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر. ئیستا ئەم کارە تیرۆریستییەی لە بۆندای ئەنجام درا، هەلێکی زێرین بوو بۆ لۆبی ئیسرائیل و زایۆنیستەکان و حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ تا ئەو خۆپیشاندانانە قەدەغە بکەن. کە لە ٣/٨/٢٠٢٥دا لە شاری سیدنی زیاتر لە سێسەد هەزار کەس ڕێپێوانیان کرد بەسەر پردی (هابە بریج)دا لە دژی جینۆساید و لە بەرگری خەڵکی فەلەستیندا، کە وێنەکەی بووە تایتڵێ زۆربەی ڕۆژنامە و میدیاکانی جیهان، ئەم ڕێپێوانە لۆبی ئیسرائیل و زایۆنیستەکانی زۆر تووڕە کرد، هەرچەندە پێشتر لەلایەن کریس مینس و (وەزیری پۆلیس)ەوە ویستان قەدەغەی بکەن، بەڵام لە دادگای باڵادا هەوڵەکەیان فەشەلی هێنا و دادگا ڕێگەی دا ئەو ڕێپێوانە بکرێ کە بە ڕێپێوانی (مارچ فۆر هیومانیتی) ناسرابوو.

هیچ شتێک پاساوی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریزمی ئیسلامی نادات کە لە بۆندای ئەنجامیاندا. ئەو تاوانە نەک لە بەرژەوەندی کێشەی ڕەوای خەڵکی فەلەستین و لە دژی جینۆساید نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە دژی کێشەی ڕەوای خەڵکی فەلەستینە و لە قازانجی ڕژێمە فاشیستەکەی نەتەنیاهۆ و زایۆنیزم و لۆبییەکانیدایە.

هەروەک چۆن نەتەنیاهۆی فاشی و ڕژێمەکەی لە ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی هەموو غەزەی کاولکردووە و جینۆسایدی خوڵقاندووە و کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و سەدان هەزاری کوشتووە و بریندار کردووە، کەچی هێشتا خۆی و ڕژێمەکەی بە قوربانی ئەناسێنی و بە پاڵپشتی ئەمریکا ڕەوایەت ئەدات بەو بەربەریەتەی خوڵقاندوویەتی. بە هەمان جۆر لە ئوسترالیاش لۆبی ئیسرائیل و زایۆنیستەکان، سەرەڕای ئەوەی دەعمێکی زۆری مادی ئەکرێن لە لایەن دەوڵەتەوە و هەموو داخوازییەکانی خۆیان سەپاندووە بەسەر حکومەت و دەزگا ڕەسمییەکاندا، کەچی هێشتا بەردەوام خۆیان بە قوربانی ئەناسێنن و خۆیان بە مافخوراو پیشان ئەدەن!

هەرچەندە ئەم یاسایەی حکومەتی نیو ساوس ویڵز لە سەرەتادا هەموو خۆپیشاندانێک بۆ دوو هەفتە قەدەغە ئەکات و پاشان بۆ سێ مانگە و پاساوی درێژبوونەوەیان داڕشتووە، بەڵام بەرەی ئینساندۆستی ئوسترالیا لێی بێدەنگ نییە و هەر دوێنێ خۆپیشاندانێک لە لایەن ئەندامانی لەیبە پارتییەوە کە بە (فرێندس ئۆف پەلەستاین) ناسراون، بە بەشداری سەدان کەس لە شاری سیدنی ئەنجام درا و وتیان کە ئەم یاسایە بۆ پاراستنی ژیانی ئینسانەکان نییە بەڵکو بۆ خامۆشکردنی دەنگی ناڕەزایەتییە لە دژی جینۆساید و مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان، وتیان ئەم یاسایە بۆ خامۆشکردنی دەنگی بەرگرییە لە ژیان و کەرامەتی خەڵکی فەلەستین. وە هەر لەم چەند ڕۆژەدا ڕیکخراوی (پەلەستاین ئەکشن گروپ) کە ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانە لە دژی جینۆساید، لە دادگای باڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە خەریک ئەبن و ئەپلیکەیشن پێشکەش ئەکەن.

زایۆنیزم و لۆبییەکانی وەک شێرپەنجەی ناو جەستەی دیموکراسی ڕۆژئاوایی لێهاتووە و لە ئوسترالیا و ئەمریکا و ڵاتانی تری ڕۆژئاوادا بوونەتە خۆرە و دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بەرتەسک ئەکەنەوە لەم وڵاتانەدا.

حکومەتی ئیسرائیل و لۆبییەکانی هەرگیز هێندەی ئێستا لە ئاستی دنیادا تەریک نەکەوتوونەتەوە. ڕژێمەکەی نەتەنیاهۆ هەرگیز هێندەی ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەیدا بێزراو نەبووە. بەم ڕەفتارەشیان بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادی دەربڕین، خۆیان بێزراوتر و دابڕاوتر ئەکەن.


٢٥\١٢\٢٠٢٥

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک