٢٠\٦\٢٠٢٠
لە پەراوێزی
کۆرۆنادا، شێتی لە پەراوێزی
سەردەمی کورتدا.

سمکۆ محەمەد
نامۆترین دیاردە لەم بەشی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەدا ھاتبێت، جۆرێک
لە شێتی یان خۆ شێت کردن و خۆ بەنامۆ کردنە لەبەرامبەر ئەوانی تر،
لەوەش ترسناکتر ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە بەجەنگی بایلۆژیا ناسراوە،
یان پەتای جیھانی کۆڤید ١٩، ئەم جەنگە لەسەردەمی یۆنان و رۆم و زۆربەی
جەنگەکان ھەبووە، پاشان لەنێوان رۆم و فارس، لەسەردەمی مەگۆل و تاتاریش
لەرێگەی ئاوەوە ئەم جەنگەیان تاقیکردۆتەوە، ھەڵبەت ئەم فەزا ترسناکە کە
زۆربەی دەوڵەتەکانی گرتۆتەوە، ئەوەی تووش بووە تووش بووە، ئەوەش تووش
نەبووە و نابێت بەھۆی جوگرافیا و دوورەپەرێزیان لەو جەنگەی نێوان
ئامریکا و چین و ئێران و ئەوروپا، ئەوە ھیچ نەبێ لەرووی سایکۆلۆژیاوە
ترساوە،ئەم جەنگە تەواوی خەڵکی ترساندووە بەوانەشەوە بەناو رۆشنبیرن و
خۆیان لەخەڵکی تر جودا دەکەنەوە، بەڵام پەراوێخستنەکەی ئەمجارە تەنھا
خەڵکی ھەژار و خوارەوەی کۆمەڵگە ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی دونیای
گرتۆتەوە بەھەردوو چینە کرێکار و سەرمایەدارەکەشەوە، بۆیە لەبری ئەوەی
تێبگات لە دۆخەکە، شێت بوونە کە نازانن چ ئاراستەیەکی گرتووە و بەرەو چ
ئاقارێک دەڕوات، لەباشترین حاڵەتیشدا ئەگەر خۆیان دووربگرن لە شێتی و
پەراوێزخستن قبوڵ نەکەن، ئەوا بەئاراستەی سیاسی خۆیان خۆیان
پەراوێزدەخەن، نموونەش جیاوازی دۆخی تەندروستی ھەردوو زۆنەکەی ئەوروپا
و ئامریکا، یان لە لۆکاڵیدا بۆ کورد عێراق و کوردستان، لەکوردستانیش
ھەردوو زۆنی زەرد و سەوز، ئەم ستایلە لەپەراوێزخستن مانای یاخی بوون
نییە لەبڕیاری حکومەت و دەسەڵات، بەڵکو مانای خۆ رادەستکردنە بۆ
دەسەڵاتی گروپێک بەئاراستەکردنی سیاسیانە.
پێکەوە گرێدانی زەمەنی لەدەستچوو لەگەڵ زەمەنێک کە ھێشتا زەمینە بۆ
ھاتنی خۆش نەکراوە و رەنگە پێی نەگەین، مێژوویەکی قوڵی ھەیە کە داھاتوو
وێنا دەکات و پێشبینی دەکات، ئەم ئەزموونە کە خۆی بەرجەستە نەکرد و
وەکو ریاڵ تەماشا نەکرا، کاریگەری لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا داناوە کە
بەشێکی زۆری خەڵک وەکو شێت مامەڵە لەتەک تەکنۆلۆژیادا دەکەن، بۆیە
ئێستاش "کۆتایی زەمەن و جیھان نییە کە پێمان دەڵێ مرۆڤ بەرادەیەک شێت
بووە کە بەتەنگ کۆتاییەوە نییە، بەڵکو گەشەسەندنی گشتی شێتی و راماڵینی
بێدەنگییە کە ئاماژەن بەوەی جیھان لەکارەساتی کۆتایی خۆی نزیک بۆتەوە،
شێتی مرۆڤ وای کردووە ئەو کۆتاییە پێویست و زەرووری بێت". میشێل فۆکۆ.
مێژووی شێتی لەچەرخی کلاسیکدا. وەرگێڕانی. ئارام ئەمین شوانی.
بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١٤. ل٣١.
ئەم فەزایەی کە ھەموو خەڵکی شێت کردووە، بەپێی میدیا بێت کە جێگەی
باوەڕ نییە، فەزایەکە ھیچ کەسێک ناتوانێ خۆی لێبپارێزێ، چونکە لانیکەم
لەرێگەی خۆدەرخستنەوە تووش دەبێت، ئەم خۆدەرخستنەش لەرێگەی سۆسیال
میدیا و کەناڵە جیاوازەکانی ئینتەرنێتیەوە بووەتە باو، ھەندێکجار بۆ
خۆدەرخستن و شوھرەت پەیداکردنەلەزەمەنێکدا ھەموو قەیرانەکان چەند
سەعاتێک زیاتر نیین تەمەنیان، بۆتە حەزێکی بێ مانا و ئەرکێکی ئەخلاقی و
پیشەیی، ھەندێکجاریش بانگەشەیەکە بۆ زیاتر بێ بەھاکردنی ماناکانی ژیان،
ئەم فەزایە ھۆکارەکەی پەراوێزخستنە لەلایەن گروپێکی دیاری کۆمەڵگە و
لێسەندنەوەی زەمەنی لەدەستچووە کە مانای رابردوو دەکات، بەرامبەر بەو
حەشاماتە خەڵکەی کە سەرمایەداری جیھانی پێی وایە ئینسان زۆربووە دەبێ
کەم بێتەوە، بۆیە زەمەن لەچاو ئەو فەزا خوڵقێنراوەوە کورت خۆی نیشان
دەدات، بەوپێیەی زەمەنی لەدەستچوو خاوەنی تێرمی یادەوەرییە کە دەتوانرێ
وەبەرھێنانی بۆ بکرێت و لە ژانرێکی ئەدەبی قورسی وەکو رۆمان وەزیفە
وەربگرێت، بەڵام زەمەنی ئێستا چوونکە بەتیژتێپەر دەڕوات و ئاساییە
بەیانی ھەمان دیمەن دووبارە ببێتەوە و لەھەمان جوگرافیا و بەھەمان
کارێکتەر و زەمەن، کەواتە لەتێرمی یادەوەریدا جێگەی نابێتەوە، ئەویش
بەھۆی بوونی کەناڵە جیاوازەکانی ئینتەرنێتەوە کە ئینسان بووە بە بووکە
شوشەی ئەو فەزایە و بە ئاشکرا زەمینە بۆ خۆشێتکردن و خۆ پەراوێزخستن
خۆشدەکات، سان سیمۆن لە کتێبی سامانی نەتەوەکاندا دەڵێ " لەداھاتوودا
دەسەڵاتی مرۆڤ بۆ سەر مرۆڤ لەسەر بنچینەی ئیدارەی کاڵاو شمەک دەوەستێت
و ئۆگێست کۆنتیش بەھەمان ئاراستە پێیوایە، زەمەنێک دێت کە ئیدارەی
شتەکان جێگەی ئیدارەی ئینسان دەگرێتەوە.
یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەو فەزا نامۆیەی بەرھەمھاتووە و لەسۆسیال میدیادا
خۆی بەرھەمدێنێتەوە، چێژوەرگرتنە لەو زەمەنەی کە کاتییە وەکو ئەوەی لە
تویتەر و فیسبوک و ھتد ھەیە، ئەویش لەدەستدانی زەمەنی بەھادارە کە
پێشتر بەزەمەنی بێ کۆتا و زەمەنی بەدەستھێنانی حەزەکان بوو، زەمەنێک
بوو کە ئینسان دەیتوانی نۆستالیژیا بەکاربھێنێت بۆ رابردوویەک کە
لەدەستچووە، تاکو چێژ لەو چیرۆکانە وەربگرێ و وەکو کارتێک بۆ بەردەوامی
ژیان بەکاریبھێنێت. بۆیەش نەوەی رابردوو قودرەتی زەمەنی خۆیان نەماوە،
چونکە ئێستا نەوەیەک ھاتووە ھەموو شتێک رەتدەکاتەوە و گاڵتەجاری بە
ھەموو شتێکی رابردوو دەکات، سوکایەتی بە رابردووی ئەو نەوەیە دەکەن کە
باوک، یان کەسە نزیکەکانیانە، بەنەوەی کلاسیکیان ناودەبەن، تەنانەت
گاڵەتە بەم زەمەنی کرۆنایەش دەکەن، لەکاتێکدا ئەوان نازانن زەمەنی
کلاسیک وەکو چەمک و زاراوەی فەلسەفی و فکری ئەدەبی و ھونەرییە. وەکو
کایەی سۆسیۆلۆژیا و سیاسی چییە،بۆیە لەسیاقی زمانی عەوامی رۆژانەدا
جێگەی نابێتەوە و بۆ ھەموو شتێک بەکارنایات، جیاوازییەکانی ھەردوو
نەوەکە کە پێکەوە لە قەیرانی ژیانی ئاسایدان، لەوێوە دەستپێدەکات کە
نۆستالیژیا قیمەتێک بۆ ژیان دەھێڵێتەوە و داھاتوو جوانتر دەکات، ھەرچی
نەوەی ئێستایە کە ھیچ شتێک بە جوانی نابینێت، یەکێک لەرەھەندەکانی
ئەوەیە کە ئەم نەوەیە خۆیان بەشێک نیین لە درووستکەری ئەو فەزایەی کە
زەمەنی ئێستای پێ درووست کراوە، ھەروەھا خۆیان خاوەنی دیاریکردنی
چارەنووسی خۆیان نیین و ئەو ئیرادەیەیان لێسەندراوەتەوە، چونکە ھیچ
ھەوڵێکی ناوێ کەسێک بیھەوێ ببێتە میدیاکار، یان کارمەند یان شۆڕشگێر
یان بیرکەرەوە، یان ھونەرمەند یان کارێکتەرێکی چالاک، ھیچ ھەوڵێکی
قورسی ناوێت کەسێک خەون ببینێ ببیتە خاوەن بڕوانامە، سەفەر بکات، ببێت
بەخاوەنی ماشینی جوان، بەھەر کولوەجێک بێت نامەیەک بگەێنێت بە
برادەرەکەی وەکو چۆن لە رابردوودا قورسترین ئەرک بوو تاکو
پاڵەوانێتییەکە بگێڕیتەوە بۆ کەسێکی نزیکی خۆت، ئێستا ئاسانترین شت
ئەوەیە بەنامە و بە دەنگ و وێنەی ڤیدیۆیی لەگەڵ برادەرێکی کوڕ یان کچێک
قسە بکەیت و ھیچ سانسۆڕێکی لەسەر نییە، چونکە ئەو ئۆفەرەی لە سۆسیال
میدیا پێشکەش کراوە و بە حازری کەوتۆتە بەردەستی گەنج و نەوەی ئێستا،
پێویستی بە توانای مەعریفی نییە، پێویستی بە ئیرادەی نییە وەکو نەوەی
رابردووی بۆ بەدەستھێنانی یەکێک لە حەزو ئارەزووەکانت، تەنھا یەک شت
پێویستە ئەویش مۆبایلێکی باش و ئینتەرنێتێکی ئاکتیڤی بەپەلە، ئەمە
یەکێک لە رەھەندەکانی شێت بوون کە لە ئینستاگرام و تیک تاک و فەیسبوک و
ھتد بەبەردەوامی دەبینرێت چ فەزایەکی سەیر و سەمەرە ھەیە کە دوورە لە
ژیانی واقیعییەوە.
ھایدیگەر لە کتێبی میتافیزیک چیەدا، باسی لە دوو شوێوە زەمەن کردووە کە
لەئایندەدا ئینسان بەخۆیەوە دەیبینێ، ئەویش زەمەنی داماڵینی ماسکە
لەشوێنی بوون، چونکە بە شتبوون کە حاڵەتێکی ناچارکردنە لەنێو تۆڕێکی
تەکنۆلۆژی، مەبەستم لەو تۆڕەیە کە پێی دەگوترێت سۆسیال میدیا، ھەروەک
وەکو ھایدگەر لەوێدا بڕوای بە رابردوو نییە، تاکو چێژی لێببینێ، چونکە
ئەو بوونەوەرەی کەپێی دەگوترێت ئینسان، لە ئێستادا دەژی و ناتوانێ
بگەڕێتەوە بۆ رابردوویەک کە نییەتی تاکو چێژی لێببینێ، ئەمە شێوەیەکی
دیکەی مردنە لەنێو زەمەنی کاتی، چونکە ھەر کارێکتەرێکی سۆسیال میدیایی
کە دیار نامێنێ و چالاکی نابێت، ئیدی بە مردوو حیساب دەکرێت، لەکاتێکدا
ئینسان جگە لەھاتنی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە، چەند لە مردن دەترسێت، کەچی
ھیچ کاتێک پرسیار لەو مردنە ناکاتکە خۆی دەبینێ و ئامادە نییە بەرگری
لەخۆی بکات، ئەمە بەشێکە لە جیاوازی زەمەنی لەدەست چوو کە رابردووە،
زەمەنەکەنی مردوو کە ئێستایە، بەڵام چین بەتوانای خۆی جارێکی تر زەمەنی
بەپەلەخست و بەرانگاری جەنگەکە بووەوە کە ناشتوانێ بانگەوازی دژەکەی
ئاشکرا بکات، باشترین نموونەی بەفەیک ناساندنی ئەم فەزایە، ئەوەیە کە
ھیچ دەوڵەتێک لەوانەی نزیکی روسیان یان ئەوانەی لەنێو ھاوکێشە
سیاسیەکان نیین، نەک دوچاری رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە نەبوونەتەوە،
بگرە ھەواڵێکیش لەبارەی دۆخی ئەوڵاتانەوە نییە.
ھەڵبەت دەبێ ئەوە بزانین کە ئەم حاڵەتەی ئێستا دونیای تەنیووە،
کێشەیەکی ناوچەیی نییە، بەڵکو یونیڤێرساڵە و تەواوی دونیای گرتۆتەوە،
شەپۆلەکە لەشوێنێکی دیکەوە ھاتووە و پاڵەپەستۆی کردۆتە سەر ئەم ناوچە
بێ خاوەنە و کاریگەرییەکی راستەوخۆی کردۆتە سەر نەوەی نوێ، بەتایبەتی
ئەو نەوەیەی کە نامۆیە بەم رووداوو و فەزا سەیرەی خۆی بووەتە کارێکتەری
بەشدار تێیدا، لەبەر ئەوەی وڵاتانی رۆژھەڵات فەزای ئازادی وەھایان
بەخۆیانەوە نەبینیوە کە بەرگری لە نەخۆشی ڤایرۆسی مەترسیدار و نامۆیی
بکەن، بەلایەنی کەمەوە ئەمە بۆ ئەوروپییەکان ئەھوەنترە، چونکە ئەوان
نیوەی زیاتری رێگەکەیان بڕیوە و پێشتر ئازادی تاکیان بەدەستھێناوە،
بەڵام قەیرانێکی تر تووش ھاتوون، ئەویش قەیرانی مەترسی جەنگی بایلۆژی و
نەمانی خۆراکە، بۆیە لە رۆژھەڵات ئەم قەیرانە ھەرز ناکرێت.
یەکەم چونکە رۆژھەڵات ھەمیشە چاوی لەدەستی رۆژئاوایە بۆ ھەموو
ھاوکارییەکی خۆراک و پزیشکی، دووھەم بەتەمەنەکانی رۆژھەڵات ھەر رێگەیەک
دەگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی دیاردەکە، لەنیوەی رێگە شکست دەخۆن، بۆ
سەلماندنی ئەوەی تێگەیشتنی وردمان ھەبێت لەوەی بۆچی وای لێھات دونیا،
یەکێک لە رۆژنامە بەناوبانگەکانی دونیا لەبورای بزنسدا ئاکتیڤە.
ھەڵساوە بە راپرسی لەبارەی نامۆبوونی خەڵک لەبەردەم ترسی ڤایرۆس و ترسی
بەشێت بوون لەبەردەم دیاردە سەیرەکان، رۆژنامەیەک بەناوی(بزنس ئینسایدر)
راپرسییەکی ئەنجامداوە لەسەر ئەو دیاردەیەی کە خەڵک بۆچی خۆیان شێت
دەکەن، یان رەفتاری شێتانە دەکەن، ئایا ئەمە حەزە یان عەبەسییەتە یان
رەتکردنەوەی دونیای تەکنۆلۆژیایە، لەوڵامدا بەشێکی زۆر لە بەشداربووانی
راپرسییەکە، بە شتێکی نامۆی دەزانن.
کەسانێک پەیدابوونەتەنھا بۆ ئەوەی ببن بە ئایکۆنی فەیسبوکی یان
ئینستاگرام و تیک تاک، بابەتی تایبەتی خۆیان بەبێ سانسۆر بەیان دەکەن،
ژیانی ھاوسەرگیری خۆیان نمایش دەکەن، خۆیان وەکو کارێکتەرێکی جیاواز
دەردەخەن، چیرۆکی درۆیینە بۆخۆیان درووست دەکەن و بەرجەستەی دەکەن و
بڵاوی دەکەنەوە، دوور لەوەی بترسن لە نەخۆشی و نامۆبوون، یان ترس لەو
ئەخلاقەی زاڵەی کە ئایین و ترادیسیۆن لەپشتیەوە راوەستاوە و زەمەنی
زێڕینی خۆی لەدەستدەچێ.
شێتی ناوبانگ دەرکردن، یەکێکە لەو دیاردانەی کە ھیچ سەدەیەک و سەردەمێک
فەزای وەھای بەخۆیەوە نەبینیوە، تاکو سۆسیۆلۆژیست و سایکۆلۆژیستەکان
خوێندنەوەی بۆ بکەن، چونکە بانگێشتکردنی ئەو نەوەیە بۆ سەر شاشە و
چاوپێکەوتنیان لەنێو بازاڕ و رێگە دان بە ئازادییەکی بێ سنوور و
قسەکردن لەسەر تەواوی کایەکان و نەھێشتنی ھیچ قودسییەتێک، ھەوڵێک
دراماتیکی یە لەدەرەوەی تێگەیشتنی نەوەی نوێ، بەپێی قسەی دکتۆر (جەمال
فریزور) کە دکتۆرای لە سایکۆلۆژیا ھەیە لە میسر بەرنامەیەکی تایبەتی
ھەیە لەسەر ئەم بابەتە، دەڵێ ئەمە حاڵەتێکی ئاسایی نییە و ستایلێکی
نوێی ھیستریایە، چونکە میدیا زەمینەکەی خۆش کردووە بۆ دەرکەوتن
لەبەردەم کامیرا و شاشەی تەلەفزیۆن، بۆ نموونەئەو فەزای پەراوێزخستنە
کە خەڵکی بەشخوراوی شێت کردووە، ئەوەیە کە رابردوو وەکو پێوەری ئەخلاقی
کاری پێناکرێ کە ئەمە زیاتر بەزمان قیمەتی روشاوە، وەکو چەمکی شۆڕش و
کارێکتەری شۆڕشگێڕ، چەمکی خیانەت و نیشتیمانپەروەر. پاک و پیس و ھتد،
ئەو نەوەیەی ئێستاش چونکە لە رابردوودا ناژی و ئێستاشی زەمەنێکی کورتە
و بەخێرای تێپەڕدەبێت، مەبەستم ئەوەیە کە قەیرانی بەردەوام رێگە لە
نۆستالیژیاکەی و سەرچاوەکەی دەگرێت، ناتوانێ بەو پێوەرە زەمەن کورتە
مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکە سۆسیۆلۆژی و سیاسییانە بکات کە پێشتر
گیانفیدایی بۆ کراوە، مامەڵە ناعەدالەتییەکەش لە ئاستێکی باڵادایە و
لەخوارەوە بووە بە کۆمیدیا، کەوابوو بەھۆی ئەوەی کە دەست نایگاتێ و
چارەسەری نییە، بۆیە بەو ستایلە مامەڵە دەکەن و بەو زمانە بەرخوردی ئەو
پێوەرە دەدەنەوە کە بازاڕی پێوەدەکرێت.
ئەمنت لێ دیارە، مەعاشەکەت جوانە، لەبەینی دوو کەوانە، مەعقول چییە، و
ھتد، کۆمەڵێک ئەدەبیاتی بازاڕین و لەئەنجامی قەیران لەسەر قەیران
بەرھەمھاتووە، بۆیە ھەمووی بەرھەمی زەمەنی ئێستایە کە لەرێگەی سۆسیال
میدیاوە خۆی بەرھەمھێناوەتەوە، بۆ نموونە ناوبانگ پەیداکردنی کاتی کە
پێی دەگوترێت ئەستێرەی شاشە و سۆسیال میدیا، وەکو یەکێک لە ھۆکارەکانی
بەدەستھێنانی شوناسی پاڵەوانی کۆمەڵایەتیی ناسراوە، ئەمەش وایکردووە
خەڵک بەگشتی بەدوای ستایلێکدا بگەڕێن بۆ پەیداکردنی ناوبانگ، ئەوانەی
کە لایڤ دەکەنەوە و لەھەموو بابەتێک قسە دەکەن و ئامۆژگاری دەدەن
بەخەڵک، ھەموو ئەو مەلا و نووسەر و بەناو رۆشنبیر و دکتۆر و ھتدلە
سۆسیال میدیا بەردەوامن لەگەڵ خەڵک بۆ گەنگەشە کردن، کەموکورتییەکیان
ھەیە لە سۆز، ھەست بە پەراوێزخستنی خۆیان دەکەن، بۆیە ھەمیشە کە لایڤ
دەکەن، بەناوی رەخنەگرتنەوە لە حکومەت و سیستم، جنێو دەدەن و خۆیان
بەراورد دەکەن لەگەڵ ئەوانی تر کە ژیانێکی خۆشیان دەستەبەر کردووە،
بۆیە بەزمانێکی بازاڕی قسەدەکەن، چونکە پێیانوایە ئەمە
قەرەبوکردنەوەیەکی لۆژیکیە و وڵامێکی لەبارە بۆ حکومەت و دەزگاکانی
حیزب و ھتد.
نائامادەیی گفتوگۆ و گەنگەشەی لۆژیکی لەنێو کۆمەڵگە، گەشەسەندنی بازاڕ
بە کاڵای بێ بایەخ و زەمەن کورت، ھەروەھا بێ کاری و بۆشایی لەستایلی
پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بوون رووبەرێکی فراوان لەنێوان دەسەڵات و
خەڵکدا، ھۆکارێکی دیکەی ئەم بەرچەکردارەیە کە نەوەی سۆسیال میدیا
کردوویەتی بەئەلتەرناتیڤی ژیان،بۆیە ئەم بەشەی نووسین لەسەر
پەراوێزخراوەکان، بەشێکە بەشێت بوون مۆدی وەرگرتووە، بۆیەشە لە ڤایرۆس
ناترسێت کە جەنگێکی جیھانی نادیارە و تاکە شتێک دەوری تێدا دەبینێ ئەو
سەرمایە و سەرمایەگوزارییە لەئاستێکی باڵادا، ھەروەکو ئەوەی کە لەنێوان
چین و ئامریکا و روسیادا ھەیە و گۆڕەپانی گەمەکەش ئەوروپایە، ھەڵبەت
ئەمە بەشێکی بۆ ئەوەیە کە مێژوو پنتێکی دیکە بەخۆیەوە ببینێ و خۆی مۆد
بکاتەوە لە ستایڵێ:ی دیکەدا، بەڵام ئەمجارەیان گەڕانەوەی دەسەڵاتی
حکومەتی سەنترالییە لەکایەی ئابوریدا و لەبەرامبەریشدا شکستھێنانی
پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ و درۆینەیە و ناو لێنانێکی دیکەی بزنسە لەکایە
جیاجیاکان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ژیانی سیاسیە کە خەریک بوو لە
سەردەمی کورتی لەدەستچوودا ون دەبوو.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|