په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠١٣

لە پەراوێزی وتاری (ئۆپۆزیسیۆن ‌و وەهمی چاکسازیی)دا.


حەمە غەفور       


دوایین بڕگەی نووسینەکەی بەڕێز، عومەری حاجی عینایەت هەڵەبجەیی لەژێر تیتڵی: "ئۆپۆزیسیۆن ‌و وەهمی چاکسازی" وەکو نەتیجەگیریی خۆی لە ووتارەکەی لێرەدا دائەنێمەوە، هەتا ڕایەکی خۆمی لەبارەوە بنووسم: "بۆیه‌ باشتره‌ ئۆپۆزسیۆن یاری‌ به‌ عه‌قڵی‌ خۆی و ئێمه‌ و خه‌ڵکیش نه‌کات و چاوه‌ڕێی هه‌ڵبژاردن بکات و گه‌ر هه‌ڵبژاردنێکی‌ بێ غه‌ل و غه‌ش به‌ڕیوه‌ چوو دیسان گه‌ل ده‌نگی‌ به‌و دوو حیزبه‌ دایه‌وه‌ ئه‌وه‌ پیرۆزباییان لێبکه‌ن و ئاڵای‌ سپی هه‌ڵکه‌ن گه‌ر میلله‌تیش ده‌نگی‌ له‌م دوو حیزبه‌ وه‌رگرته‌وه‌ و دایه‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌کی‌ دیموکراتیانه‌ راده‌ستیانکرا ئه‌وه‌ کارێ بکه‌ن که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی‌ دادپه‌روه‌ر بخولقێنن و لاپه‌ڕه‌یکی‌ نوێ بکه‌نه‌وه‌. گه‌ر باوه‌ریشیان به‌ به‌شداریکردنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وامبن له‌ ئامۆژگاریکردنی‌ ده‌سه‌ڵات و ووتوێژ تا ئه‌و کاته‌ی‌ هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی‌ به‌ ره‌ش په‌یداکراوی‌ به‌رپرسان سپی ده‌که‌نه‌وه‌ و خۆشیان ده‌بنه‌ به‌شێک له‌و پڕۆسه‌یه‌".

من ڕاموایە چەمکی "چاکسازی" خۆی وەستایانەو ئامانجدارانە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بەرزکراوەتەوە. لەم کۆمێنتە کورتەدا ناکرێت بە ووردی باسی لەبارەوە بکرێت. بەڵام بە شێوەیەکی کورت، ئۆپۆزیسیۆن بۆیە ئاڵای چاکسازی هەڵگرتووە، هەتا دەسەڵاتی سیاسی لە فەلەکی ئەم چەند حزبەو لە باشترین حاڵەتیشدا لە فەلەکی چینە داراو دەوڵەمەندەکانی کوردستان نەچێتەدەرەوە! زۆر گرنگ نییە بۆ ئۆپۆزیسیۆن تەنانەت کەی یان چی کاتێک دەسەڵات، یان پارتی‌و یەکێتی دەست بەو شێوەیە لە چاکسازی ئەکەن کە بە دڵی ئۆپۆزیسیۆنە، هەر ئەوەشە ئەو لوغزە وەڵامئەداتەوە کە چۆنە وا ئۆپۆزیسیۆن دوای جوولانەوەی ١٧ی شوبات کە ٦٢ ڕۆژ ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بەردەوام بوو، دوای چەندین بەڵین کە بە خەڵک‌و بە ئۆپۆزیسیۆنیشیان دابوو، هیچی جێبەجێنەکراوەو ئەمان هێشتاش هەر ئەڕۆن دانوستان لەگەڵ دەسەڵات ئەکەن. ئۆپۆزیسیۆن ئەیەوێت بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە بەردەوام ڕای شەقام‌و ناڕەزایەتی خەڵکی ئیحتیوابکات‌و سوکانی ئاراستەکردنەکان لەدەستی خۆیدا ڕابگرێت، هەتا وەکو گوشار لە دانوستانی لەگەڵ دەسەڵاتدا بۆ ئیمتیازاتی زیاتر بەکاری بێنن.

ناکۆکی ڕیشەیی سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆن لێرەدایە کە داوای چاکسازی ئەکەن، بەڵام خەڵکی کوردستان بە ڕۆشنیی لە ١٧ی شوبات‌و ڕۆژانی دواتردا خواستی ڕاماڵینی دەسەڵاتی ئێستاو حوکمڕانیی بنەماڵەییان بەرزکردبۆوە! ئەوە گرێی سەرەکییە لە نێوان دەسەلات‌و ئۆپۆزیسیۆن لەلایەک‌و هەردووکیشیان لەگەڵ جەماوەری خەڵکی کوردستاندا. خەڵکی کوردستان خوازیاری دەسەڵاتێکی سیاسیی هاوچەرخن کە سەرجەمی هاوڵاتیان بێ هیچ جیاکاری‌و هەڵاواردنێک وەکو هاوڵاتیانی یەکسان‌و خاوەن ماف‌و ئەرک تەماشابکرێن، وە ئەمەش بە یاسا جێگیربکرێت. هەروەها دادپەوەرییەکی هەرچی زیاتر لە دابەشکردنی سەروەت‌و سامانی ووڵات‌و لە بەرامبەر یاسادا جێگیر‌و هەمواربکرێت. نەک داوای چاکسازی لە دەسەڵاتێکی بنەماڵەییدا بخرێتە جێگای ناڕەزایەتیی چەندین ساڵەی جەماوەر بەم دەسەڵاتە، کە سەرلەبەری فەسادو گەندەڵی‌و دەسەلاتی حزبی‌و شمولیی بێت، وەکو کاک عومەر خۆشی بە جوانی باسی لێوە کردووە. ئەم دەسەڵاتە چاکسازی هەڵناگرێت. وە چاکسازی تێدا مومکن نییە! چونکە دەسەڵاتێکە نوێنەری مشتێک ملیۆنێرو فیرعەون‌و بەرپرسی حزبین، نوێنەری دەوڵەمەندانی کوردستانن نەک نوێنەری گشت هاوڵاتیان، هەتا ئەگەر بە هەڵبژاردنیش هاتبێتن! بۆچی؟

چونکە خۆشباوەربوون یاخود خۆسەرمەستکردن بە هەڵبژاردنی بێ غەل‌و غەش لەم کۆمەڵگا ژێرچەپۆکەی بنەماڵەو حزب‌و کۆمەڵێک مافیای نەوتدا خۆخەڵەتاندنە. چونکە بە تەزویرو ویژدانکڕین‌و پارەو ئیمتیاز بەخشینەوە مۆڕاڵی کۆمەڵگا ئەتوانن بشێوێنن. مادام کە بە زەبری میلیشیاو حزبەکانیان خۆیانکردۆتە فیرعەونی ووڵات‌و بوونەتە خاوەنی هەست‌و نیستی کۆمەڵگای کوردستان، لە فەزایەکی وەکو ئێستادا ئەتوانن هەر هەڵبژاردنێک ببەنەوە. هاوڵاتیانی کوردستان پێویستە ئەم تەوقی دەسەڵاتە شمولی‌و فیرعەونییە تێپەڕێنن‌، تا بتوانن ماف‌و ڕێزو کەسایەتیی بگەڕێننەوە بۆ هاوڵاتیان‌و تاک تاکی خەڵکی کوردستان. لە یادەوەریی ١٧ی شوباتدا خەڵکی ناڕازی بە دەسەڵاتی دوو حزبی بنەماڵەیی ئەتوانن داخوازییەکانیان دووبارە ڕاگەیەننەوەو بڕژێنەوە شەقام‌و داوای گۆڕینی دەسەڵات بکەن. داوای پێکهێنانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری بکەن!

ئۆپۆزیسیۆن ناکرێت کە خۆی بەشێک بووەو هێشتاش بەشێکە لەم حوکمڕانی‌و لەم ڕەوش‌و هەل‌و مەرجەی کوردستانی تێدایە، هەر بەو بۆنەیەوە کە ناوی خۆی ناوە ئۆپۆزیسیۆن ئیتر مۆری نوێنەری ڕاستەقینەی جەماوەری خەڵکی کوردستانی لێبدرێت. کۆمەڵگای کوردستان ئەگەر بخوازێت ئەم دۆخە دژوارو چەقبەستووەی ئێستا بشکێنێت‌و تێیپەڕێنێت، پێویستە بەر لە هەر شتێک خۆشباوەریی خۆی بە توانای ئۆپۆزیسیۆن لە پێکهێنانی چاکسازیدا لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بخاتەلاوە.


٢٧\١\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک