له پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرینه‌وه بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین (ئه‌رده‌ڵان ئیسماعیل عارف).
ماڵبه‌کۆڵ
وێڕای سڵاو و رێز له تۆی به‌ڕێز و خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست، هیوادارم که‌سانی تری ویژدانزیندووش به ده‌نگه‌وه بێن...
به‌ڕێزم، به‌نیو دێڕه‌کانی نووسینه‌که‌تدا ڕۆچووم، وشه‌کانت به ناخی یاداوه‌رییه‌کانمدا ڕۆچوون، ئامێته‌ی یه‌ك بووین و ئه‌و خه‌یاڵه‌م لا دروست بوو، ئه‌گه‌ر به‌یه‌که‌وه پیشمه‌رگه نه‌بووبین، به‌دڵنیاییه‌وه ڕۆژێك له ڕۆژانێك به ڕاگوزه‌ر سڵاومان له‌یه‌ك کردووه و سیگارێکمان به‌یه‌ك به‌خشیوه...
به‌ڕێزم، من زۆر یاداوه‌ری و نووسینی سکاڵائامیز و ڕه‌خنه‌گرانه‌م خوێندوونه‌ته‌وه، زۆرجاریش گوێم له دایکی پیشمه‌رگه و خوشکی به ناڕه‌وا کوژراوان له ژووره‌کانی پالتۆکدا بووه... بوونی ئه‌م به‌ڵگانه و بێده‌نگه لێییان، ترسم لا دروست ده‌کات، ترسێك که له ترسی ئه‌نفال گه‌وره‌تره، هه‌ر یه‌که له ئێمه ده‌بێت ئه‌وه بزانێت که هه‌ر ساتێك بۆی هه‌یه دڵمان له لێدا بکه‌وێت و نهێنییه‌کان و به‌ڵگه‌کان له‌ته‌ک خۆماندا به‌رینه ژێر گڵ و تاوانباران ئاسووده بکه‌ین و بواریان بۆ بره‌خسێنین، که وه‌ك شۆڕشگێڕ یاداوه‌رییه‌کانیان بنووسنه‌وه و له سبه‌ینێدا ڕوباری خوێن هه‌ڵسێننه‌وه.
که‌س نییه، ئێستاش هاواره‌کانی فه‌رهاد سه‌نگاوی که له 1983دا ده‌ینه‌ڕاند «با په‌راویزتان پاك بێت» یا له 1985دا ده‌ینه‌ڕاند «بیانکوژن، بیانبڕن، منداڵی ناو بێشکه‌یان بسووتێنن»، که فه‌رمانی نه‌وشیروان موسته‌فا بوو له ئێستگه‌ی ده‌نگی ناگه‌لی کوردستانه‌وه، ده‌یخوێنده‌وه، له گوێیدا نه‌ڕزینگێنه‌وه!
زۆرمان داستانی تیرۆری کۆنه‌پارتییه‌کانی ناو شاری سلێمانی و دواتر ته‌ورپاچی وریا ده‌زانین، داستانی گولله‌بارانی حه‌مه حه‌لاق و پێنج پێشمه‌رگه‌که‌ی حککع و ..تد که هه‌موویان فه‌رمانی نوه‌شیروان بوون. هه‌روه‌ها هۆنراوه ئاگراوییه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س له شه‌ڕی ناوخۆدا، ئێستاش هه‌ر به چاپکراوی ماون. هه‌رواش ده‌زانین ده‌یان لێپرسراو، نووسه‌ر، کادری لایه‌نه‌کان له ئه‌وروپا له‌پاڵ نه‌وشیروان و شیرکۆ بێکه‌س دا، خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌وروپین. که‌چی له که‌س و کاری ئه‌و قوربانیانه‌وه تا من و تۆ، هه‌موومان بێده‌نگه‌مان هه‌ڵبژاردووه، له کاتێکدا که وه‌ك هاووڵاتی ئه‌وروپی هه‌م مافی سکاڵا و هه‌م توانای به‌رزکردنه‌وه‌ی سکالا و هه‌م بوار و هه‌لی سکالا له‌سه‌ر تاوانبارانی وه‌ك نه‌وشیروان موسته‌فا هه‌یه و ده‌توانین هه‌ر ئه‌م نووسینانه‌ی ئێوه و سکاڵای که‌س و کاری که‌سانی وه‌ك ئه‌وانه‌ی تۆ ناوت هێناون و وریا ( ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم هاوسه‌ره‌که‌ی، براکه‌ی، خوشکه‌که‌ی له ئه‌وروپا و که‌نه‌دا ده‌ژین) و سه‌دانی تر، ته‌نانه‌ت که‌سانێك که بێ‌تاوان به تۆمه‌تی به‌عسیبوون کوژران و واش نه‌بوو، که‌سانێك که ڕاونران و 20 تا 30 ساڵێکه له ئه‌وروپا گیرساونه‌ته‌وه، ده‌توانن له دادگه‌ی لاهای وه‌ك تاوانبارانی کۆمه‌ڵکوژی و تیرۆرکردنی نه‌یارانی ڕامیاری به‌تایبه‌ت (حشع)، سکاڵا له‌سه‌ر نه‌وشیروان و نموونه‌کانی تری له‌ناو گشت لایه‌نه‌کانی تر، تۆمار بکه‌ن و به‌شی ئه‌وه‌ش خێرخوا په‌یدا ده‌بن که کۆمه‌كی ئابووریی بکه‌ن و پشتیوانیان لی ده‌کرێت.
به‌رای من، له‌به‌رامبه‌ر قوربانییه‌کاندا هه‌ر تاوانباران به‌رپرسیار نین، به‌ڵکو ئێمه زیندووه‌کان که راستییه‌کان ده‌زانین و بواری ڕه‌خساو بۆ تۆڵه‌و به‌سزاگه‌یاندنی توانباران هه‌یه، به‌رپرسیار ده‌بین، ده‌بێت هه‌ر یه‌که له ئیمه ئه‌وه بزانێت، که دوا ئاواتی هه‌ر یه‌که له قوربانیان ئه‌وه بووه، که خۆزگه‌یان به‌وه خواستووه ڕۆژگارێك په‌رده له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌کانیان لابدرێت و راستی ڕووداوه‌کان ده‌رکه‌وێت و تاوانباران به سزای خۆیان بکه‌ن، هه‌رچۆن دوا ئاواتی هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌کی گیانبه‌ختکردوو، ئه‌وه بووه که ڕۆژگارێك بێت، رژێمی به‌عس راماڵرێت و ئازادیخوازان بێ ترس رأی خۆیان ده‌ربرن و ڕه‌خنه له گه‌نده‌ڵی و سته‌مکاری دسه‌ڵاته‌کان بگرن.
ئه‌گه‌ر ویژدانمان زیندوو مابێت، به‌شی ئه‌وه پارێزه‌ر و یاساناس و که‌سانی زمان‌زان و ته‌نانه‌ت توانادار له ئه‌وروپا هه‌ن، که به ئاماده‌یی که‌سوکاری قوربانیانی شه‌ڕه ناوخۆییه‌کان و تیرۆرکراوان، له لاهای سکاڵا له‌سه‌ر گشت تاوانکاران تۆمار بکه‌ن، من له شوێنی خۆمه‌وه ئه‌م بانگه‌وازه ده‌نووسم و هیمه‌تیش له ویژدان زیندووان و ئازادیخوازان!
ئه‌م نامه‌یه بۆ زۆربه‌ی سایته‌کان ده‌نێرم، هه‌رکه‌سیش ئازاده که بۆ هه‌ر سایتێکی بنێرێت، گرنگ سه‌رکه‌وتنی که‌مپه‌ینی تاوانبارانه، گۆڕانیش لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات!
mallbekoll.biyani@yahoo.com
|