٥\٨\٢٠١٦
لە پلانی گرتنەوەی
(موسڵ)دا
دەبێ یەپەگە و یەپەژە
و گەریلاکانی باکوور زۆر بە ئاگابن.

زاھیر باھیر
پیلان و پلانەکانی تورکیا و قەتەر و حکومەتی ھەرێم، دژی ڕۆژاو و
کانتۆنەکانی ، بەردەوامە. ئاشکراکردنی دۆکۆمێنتە نھێنییەکانی نێوانیان
و کۆبونەوە و دیدارەکانیان، لە لایەن ویکیلیکسەوە، لە پلانکردن و
پیلانگێڕاندا، ئیدی گومانی نەھێڵایەوە کە ئەو ٣ لایەنە بەردەوامن لە
کنە کردن لە دژی کوردانی ڕۆژاوا و باکوور و بزوتنەوەکەیان.
ھەر وەکو چۆن داگیرکردنی موسڵ ، بە قازانجی تورکیا و قەتەر و حکومەتی
ھەرێم لە سەرو ھەمووشییەوە بارزانی و دەستوپێوەندەکەی گەڕایەوە ،
گومانی تیادا نییە کە ڕزگارکردنیشی ، گەر ئەو ھێزانەی سەرەوە، بە ئاگا
نەبن ،ھەر ھەمان سەرەنجام بەدەستەوە دەدات.
ئەو ٣ لایەنە لە سەراپای سیاسەتەکانیاندا بۆ ڕوخاندنی کانتۆنەکانی
ڕۆژاوا و ھەرەسھێنان بە بزوتنەوەی جەماوەی ئەوێ ، ھەر لە داگیرکردنی
موسڵ و ھێڕشکردنە سەر کۆبانی ، کردنی کاری تیرۆریستیانە و تێشکان لە
پلانی زۆنی دژەفڕین لە ڕۆژاوا و پلانی ھاوکاری نێوان تورکیا و سعودییە
بۆ ھاتنە ناوەوەی ڕۆژاو و لیدان لە ھێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەناوی
شەڕی دژە تیرۆر ، تێشکان . پلانی ھەنوکە " گرتنەوەی موسڵە"، کە لەم
پلانەدا پیلانێکی دیکەی کوشندە خۆی مەڵاسداوە ، کە ئەویش گێڕانی پیلانی
جەنگێکی خوێناوییە . جەنگێک گەر یەپەگە و یەپەژە و گەریلاکان زۆر بە
وردی بە ئاگا نەبن و تاکتیکی خۆیان نەگۆڕن ، تێوەی دەگلێن و گریمانی
لەدەستدانی ھەموو دەستکەوتەکانی رۆژاوای، تیادا دەکرێت.
چۆنێتی پلانەکە:
ھاتنی پاری سوپای تورکیا بۆ عێراق و نیشتەجێبوونیان لە نزیک موسڵەوە،
ھۆکاری زۆری ھەیە ، یەکێک لەوانە: فشار خستنە سەرعێراقە لە ناکۆکی
دێرینەیدا لەسەر ویلایەتی موسڵ. ھۆکارەکانی دیکە: دوای تێشکانی تورکیا
و داعش لە کۆبانی، تورکیا بە پێویستی زانی کە بەرگری و پارێزگاری لە
ھێزەکانی داعش بکات تاکو گەر لە موسڵ شپرزەکران بە سەلامەتی بگەنەوە
ڕەقە و شوێنەکانی خۆیان، بۆ پاراستنی شاحینەکانی بردنی نەوتی ھەرزانی
کوردستان بۆ تورکیا و داعش ، بۆ فشارخستنە سەر یەپەگە و یەپەژە و
گەریلاکانی کە لەوێ وەکو ھێزێکی کاریگەر بنەی خۆیان ھەڵدابوو، بۆ
یارمەتی و پشتگیری پێشمەرگەکانی پارتی لەکاتی شەڕ لە نێوانی ئەوان و
ھێزەکانی ڕۆژاوا و باکور و ھێزی خودی ئیزیدییەکانیش. ھۆیەکی دیکەی
گرنگتریش ھەیە کە ئەویش لە ھێڕشی گرتنەوەی موسڵدا بتوانرێت ئاکامی
جەنگەکە بە گوێرەی نەخشە و پلانەکانی ئەمان ، بڕوات ، کە ئەویش ڕێگە
خۆشکردنە و ھاوکاری داعشە لە کاتی تێشکانیاندا بە کشانەوەیان بەرەو
جەزیرە نە شوێنێکی دیکە.
بە بۆچونی من ئەمە پلانێکە و ھەر لە مێژە داڕێژراوە کە لە ھێڕشی
گرتنەوەی موسڵدا ھێزەکانی داعش ھیج پەنایەکی دیکەیان نییە جگە لە
پاشەکشەکردنیان ، پاشەکشەکردنیشیان ھەر دەبێت لە سنوری ' ڕبیعە' وە بێت
کە ئێستا زۆربەی زۆری ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پارتیدایە
. لەم حاڵەتەشدا دەرگە کردنەوە بۆیان و کردنیان بە کانتۆنی جەزیرەدا و
ھەڵگیرسانی ئەو شەڕە لەوێ، تاکو پلانە نەخشەکێشراوەکە ، سەربگرێت.
ئەوەشی کە کارئاسایی بۆ ئەو پلانە دەکات ھەبوونی ھێزی سەرەکی' ئەنەکەسە'
یە ، کە سەر بە پارتین و خاوەنی ھێزی چەکداری شاراوەی خۆیانن گەر لە
شانی داعشەوە شەڕ دژی ھێزەکانی ڕۆژاوا و ھاووڵاتیانی جەزیرەش ، نەکەن،
بە دڵنیاییەوە ئەوە لە ھەموو بوارەکاندا ، ھەموو ھاریکارییەکیان،
پێدەکەن.
ھێزەکانی ڕۆژاوا و گەریلەکانی پەکەکە لە باشووردا، لە گرتنەوەی موسڵدا
دەبێت کار بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو تاکتیکەی تورکیا و بارزانی ، بکەن.
باشتر وایە کە ئەوان تەنھا بەشدارییەکی رەمزی بکەن. تاکتیکی سەرەکی
ئەوان دەبێت کۆکردنەوەی ھێزەکانیان، لە پشتەوەی ھێڵی شەڕ بێت و بەرگرتن
بێت لە ھێزەکانی داعش لە کشانەوەیاندا لە موسڵ تاکو بەرەو ڕەبیعە و
لەوێشەوە بۆ جەزیرە، ھەڵنەیەن . لێرەدا گرنگە کە ڕێگا نەدرێت کە داعش
بەرەو جەزیرە ملبنێت ، بەڵکو دەبێت ئەوەندەی بکرێت تەفروتونا بکرێن ،
ئەوەشی کە مایەوە بە دیوی ناوچەکانی عێراق و باشووردا، بشکێنرێنەوە،
تاکو شەڕەکەی ئایندەش بکەوێتە ئەستۆی ئەوان، ھەردوولایان. خولقاندنی
ئەو کارەساتەی کە کوردستان و عێراق، پیایدا تێدەپەڕن و قرانکردنی
ئێزیدییەکان، حکومەتی عێراقی و حکومەتی ھەرێم، بەتایبەتی بارزانی، لێی
بەرپرسن ، کەواتە چۆنیان خولقاندووە با ئاواش چاکیکەن
من بە گرنگی دەزانم ھێزەکانی ڕۆژاوا لە کانتۆنی جەزیرە تووشی ئەو
شەڕەی داعش نەبن تاکو بتوانن پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ڕۆژاوا بکەن
ئەویش بە پوچەڵکردنەوەی ئەو تاکتیکەیە کە لە مێژە دژیان دانراوە.
١\٨\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|