٢٤\٣\٢٠٢١
لە پیرۆزیی نەورۆزدا.

نادر
عەبدولحەمید
نەورۆز یەکێک لەو جەژنە دێرینانەیە کە هاوڕای هاتنی ساڵی تازە و وەرزی
بەهار، شادی و مژدەی جیهانێکی بەختەوەری بەخشیوە بە خەڵکی.
لەگەڵ هەموو مۆڕە و خێسەیەکی ئیسلامی سیاسیدا کە چاویان هەڵنایەت خەڵکی
لە سەما و هەڵپەڕین و کەیف و شادیدا ببینن، بەڵام خەڵکی کوردستانی
عێڕاق هاوڕای زۆرێک لە خەڵکی وڵاتانی تر لە ئاسیای ناوەڕاست و
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر لە کیرگستانەوە بیگرە تا تاجیکستان و
ئەفگانستان و ئازەربایجان و ئێران و کوردستانیانی تورکیا و سوریا،
هەموو ساڵێک یادی جەژنی نەورۆز بە ئاهەنگ و مۆسیقای شادی و سەیران و
هەڵپەڕکێ دەکەنەوە.
لە زوربەی ئەو وڵاتانەدا کە جەژنی نەورۆزی تیا بەرپا دەکرێت، بزوتنەوە
ناسیونالیستیەکان لە بەرژەوەندی چینی باڵادەست و دەسەڵاتەکەیان جۆرەها
داستانیان لە پاڵەوانبازی میللەتەکەی خۆیان لێ هەڵبەستووە و
جادووسازیان لێوەڕێخستووە و کردویانەتە بەشێک لە فەرهەنگی نەتەوەپەرستی
خۆیان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەزاران ساڵ لێرەوەپێش، کاتێک نەورۆز
هاتۆتە ئاراوە میللەتان و نەتەوەکان بە مەفهومی سەردەم هێشتا شکڵیان
نەگرتووە.
ئەم جەژنە لە بنەڕەتدا بەرهەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی چینە چەوساوەکانی ئەو
مێژووە دێرینە بووە، لە کۆیلە و جوتیاران و پیشەگەرانی ژێردەستە، دژ بە
دەسەڵاتی چینەدارا و خاوەن کۆیلەکان، کە لەسەر ڕەنجی شان و
چەوساندنەوەی ئەوان و زوڵملێکردنیان دەوڵەتان و ئیمپڕاتۆرەتەکانیان
بەرپا کردوە. هەر بەم بۆنەشەوەیە کە نەورۆز ڕەگێکی قوڵی داکوتاوە لەناو
دڵ و دەرونی خەڵکی سادەی کۆمەڵگەدا.
ناسیونالیزمی کوردیش لەڕێگەی بەهرەبەرداری ستەمێکی نەتەوەیی کە
لە ناوچەکەدا لە ئارادابووە و لە ئارادایە دژ بە خەڵکی کوردستان،
توانیویەتی نەورۆز بکاتە کراسێکی جادوویی بۆ داستانی نەتەوەسازی خۆی،
تا خۆڵ بکاتە چاوی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و بەتایبەتیش لە
باشووری کوردستان دەسەڵاتی گەندەڵی بۆرژوازیانە و زوڵموزۆری زوحاکیانەی
خۆی پێ دابپۆشێت لە خزمەت سەرمایەداران و خاوەنانی کۆمپانیا و خاوەنانی
دۆلارەکان بە ملیۆن و ملیارەها، و خەڵکی زەحمەتکێشیش لە برسیەتی و
بێکاری و بێموچەییدا ڕاگرێت.
گەرچی پەتای کوڕۆنا، پارساڵ و ئەمساڵیش ڕێگر و بەربەستێکی بەرپاکردنی
جەژن و سەیران و کۆڕ و کۆبونەوەکانی نەورۆز بووە، بەڵام بەربەست و
ڕێگری سەرەکی بەردەم شادی و بەختەوەری جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان
ئەم دەسەڵاتەیە، بۆیە نەورۆزی ڕاستەقینەیان ئەو کاتەیە کە سایەی ئەم
دەسەڵاتە نەگریسە لەسەر ژیان و چارەنوسی خۆیان وەلا دەنێن.
بەهیوای ئەو ڕۆژە کە سەرکەوتنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستمەدیدەکان
نەورۆزێکی شادتر و گەورەتر دێنێتەدی.
٢٠\٣\٢٠٢١
ماڵپهڕی
نادر عەبدولحەمید
|